خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ “بۆمبه‌كه‌ی” به‌ڕێز عه‌بدالرحمان سدیق
*گۆران سه‌باح
به‌ڕێز عه‌بدالرحمان سدیق، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی پێشووی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان (ی ئ ك) ، به وتاره‌كه‌ی، كه له 16ی ئه‌یلول له ماڵپه‌ڕی گوڵان-میدیادا بڵاوكراوه‌ته‌وه، ته‌واوی هه‌وادارانی خۆی و زۆرینه‌ی رۆشنبیر، رۆژنامه‌نووس، ره‌خنه‌گر و نووسه‌رانی كوردستانی هه‌ژاند و تاساند. وتاره‌كه وه‌ك بۆمبێك وا بوو له‌م ئانوساته‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان. له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش، به‌تایبه‌تی فه‌یسبووك، هه‌رایه‌كی گه‌وره و مقۆمقۆیه‌كی به‌سوێی ناوه‌ته‌وه. زۆرینه كه‌وتوونه‌ته تانه و ته‌شه‌ر و بێزكردنه‌وه له به‌ڕێزیان، له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ كه‌س هیچ رۆژێك له‌و باوه‌ڕه‌دا نه‌بوو كه به‌ڕێزیان به‌م شێوه‌یه رێچكه‌ی فیكری و ره‌خنه‌یی و ویژدانیی بگۆڕێت. هه‌رچه‌نده چه‌ند رۆشنبیرێك دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هه‌ستیان به گۆڕانیی كرد بوو، به‌ڵام له گوماندا بوون. وتاره‌كه گومانی كه‌سی نه‌هێشت.
وتاره‌كه، كه ئه‌مه ناونیشانه‌كه‌یه‌تی “ده‌نگ بده‌ن به‌و كه‌سانه‌ی ده‌بنه هاوكار بۆ سه‌رۆك بارزانی” (هه‌ڵبه‌ت له‌وانه‌یه ناونیشانی تری هه‌بێ له گۆڤاری گوڵان)، ساده و ئاشكرا داوا له خه‌ڵكی كوردستان ده‌كا ده‌نگ بده‌ن به لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان (پ د ك). هه‌مان سیناریۆی دكتۆر فه‌رهادی بیر خه‌ڵك هێنایه‌وه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2009 كاتێ ساده و ئاشكرا بانگه‌شه‌ی بۆ لیستی كوردستانی كرد. به‌ڕێز عه‌بدالرحمان سدیق له‌م وتاره‌دا به‌شێوه‌یه‌ك باس و مه‌دحی سه‌رۆكی هه‌رێم، مه‌سعود بارزانی، ده‌كا تا ئێسته هیچ پارتیێك، لایه‌نگرێكی، هیچ دڵسۆزێكی، ته‌نانه‌ت نزیكترین كه‌سیش له به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی، به‌و شێوه‌یه مه‌دحی بارزانی نه‌كردووه. به‌ڕێزیان به مه‌دحی بارزانی كوڕ ناوه‌ستێ، بگره پارتییانه تا سه‌ر ئێسك مه‌دحی بارزانی باوكیش ده‌كا كاتێ رۆژی هه‌ڵبژاردن گرێ ده‌دا به دامه‌زراندنی یه‌كێتی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی كوردستان له‌سه‌ر ده‌ستی به‌ڕێز مه‌لا موسته‌فا بارزانی له 21ی ئه‌یلوولی 1970.
“ئایا ئه‌مه خه‌ونه، یان راستی! ده‌بێ چۆنیان كڕی بێ؟” ئه‌مه قسه‌ی سه‌ر زاری سه‌رسامان و پرسیاری هاوبیرانی به‌ڕێزیانه. من به دوو شێوه جاڕدان و بانگه‌شه‌كه‌ی به‌ڕێزیان ده‌خوێنمه‌وه.
یه‌كه‌م
به‌ڕێز عه‌بدالرحمان سدیق ناسراوه به مرۆیێكی راستگۆ، ده‌ستپاك، بیرتیژ، ره‌وانبێژ. به كورتی: پیاوێكی ئه‌قڵانییه. مرۆی خاوه‌ن تێڕامان و ئه‌قڵ (ئاقڵ) وه‌ها ئاسان بڕیار نادا و رێچكه ناگۆڕێ. زۆر كه‌س ئێسته به ناپاك سه‌یری ده‌كه‌ن، زۆر كه‌س بێزی لێ ده‌كه‌نه‌وه، زۆر كه‌س ئه‌ژنۆیان شكا، زۆر كه‌س متمانه‌یان به بیرمه‌ندانی كوردستان له‌ده‌ست دا، زۆر كه‌سیش ئافه‌رینیان پێشكه‌شی زانایی و لێهاتوویی (پ د ك) كرد له كڕینی. ده‌پرسم: ده‌بێ به‌ڕێز عه‌بدالرحمان سدیق هێنده ساده و منداڵانه و سه‌ره‌ڕۆیانه ئه‌و بڕیاره‌ی دا بێ. بێگومان نه‌خێر، بۆم نییه ئه‌سڵه‌ن ئه‌م وشانه به‌كار بهێنم له ئاست به‌ڕێزیان. به‌ڕای من به‌ڕێزیان فه‌لسه‌فه و تێڕوانینێكی قووڵی هه‌یه له‌ودیو ئه‌و بڕیاره كتوپڕ و چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌ی كه به‌چاوی زۆربه منداڵانه و ئاستدابه‌زاندن دێته پێش چاو. به‌ڕێزیان له‌وه‌ته‌ی وازهێنانی له (ی ئ ك) و دڵشكاندنی هاوكارانی، به قووڵی بیری كردووه‌ته‌وه و له‌به‌ر خۆیدا گوتویه‌تی: ده‌سه‌ڵات (لێره‌دا پ د ك) به هێزێكی وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان (ب گ) نایه‌ته گۆڕین. ده‌سه‌ڵات وه‌ك شانه‌ی زه‌رگه‌ته وایه، چه‌ند تاوی بۆ بێنی خراپتر پێته‌وه ده‌دا. ده‌سه‌ڵات گه‌وره‌یه و به‌و هێزه، كه له هه‌ناوی میلله‌ت له‌دایك نه‌بووه، له‌ناو ناچێ. ده‌سه‌ڵات كاتێ ده‌گۆڕێ كه پێنج شه‌ش كه‌سی وه‌ك من بچێته ناوی و گۆڕان بكا. ده‌سه‌ڵات ناتوانێ و فێری ئه‌وه نابێ و ئه‌سڵه‌ت قه‌بوڵیشی نییه كه‌س پێبگه‌یه‌نێت و خزمه‌تی نیشتمان بكا. باشه ده‌سه‌ڵات (پ د ك و ی ن ك)، (ب گ) و حزبه‌كانی تر خزمه‌ت نه‌كه‌ن، من نه‌یكه‌م و ئه‌و نه‌یكا، ئه‌ی كێ بیكا. خه‌م خه‌می گه‌وره‌ی كوردستانه، من به‌رپرسیارم له‌و دۆخه‌ی كوردستان، ده‌بێ شتێك بكه‌م. وا باشتره بچمه ناو (پ د ك) له‌وێوه خزمه‌ت بكه‌م. ئه‌ی خه‌ڵك؟ خه‌ڵكی چیم پێ ده‌ڵێن؟ نا، خه‌ڵك قسه هه‌ر ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر په‌نجه‌یه‌كی خۆت ببڕی و لێكه‌یته‌وه و پێشانی خه‌ڵكی بده‌ی، هه‌ندێك ده‌ڵێن “ئۆو، زۆر باشت كردووه، ئافه‌رین!” هه‌ندێكیش ده‌ڵێن “زۆر گه‌مژانه‌یه، كه‌ست بینیوه په‌نجه‌ی خۆی لێكاته‌وه!” نا، خه‌می كوردستان زۆر له‌وه گه‌وره‌تره من له ناو و ده‌نگی خۆم بترسم. با من ببمه قوربانی، خزمه‌ت هه‌ر خزمه‌ته جا چ له ناو (پ د ك) بێ، چ سه‌ربه‌خۆ بێ، چ له ناو (ی ئ ك) بێ. هه‌ڵبه‌ت ده‌سه‌ڵات (پ د ك) پێگه‌كه‌ی به‌هێزتره، كه‌واته باشتر ده‌توانم خزمه‌تی كوردستان بكه‌م. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر من له‌سه‌ر لیستی (پ د ك) پۆستێكی گه‌وره وه‌رگرم، بۆ نموونه سه‌رۆكی په‌رله‌مان، یان سه‌رۆك وه‌زیران، یان وه‌زیرێك (بۆ نموونه په‌روه‌رده) باشتره له‌وه‌ی پارتیێكی كه‌م ئه‌زموون ئه‌و كاره بكا كه دیسان خزمه‌تی حزب و تاكه كه‌س ده‌كا. نا من ده‌چمه ناو پارتی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و رێچكه‌یه بگۆڕم. من ده‌چمه ناویان و خزمه‌تی گه‌ل و نیشتمان ده‌كه‌م، هه‌ر كاتێك ویستیان بمكه‌ن به خزمه‌تكاری خۆیان، ئه‌وا سه‌ربه‌رزانه رووبه‌ڕوویان ده‌وه‌ستمه‌وه. من ده‌توانم ئه‌و كاره بكه‌م.
دووه‌م
به‌ڕێز عه‌بدالرحمان سدیق له‌وانه‌یه به‌م شێوه‌یه بیری كردبێته‌وه: (پ د ك) پارتێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و خاوه‌ن به‌هێزترین پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاته، هه‌ر هیچ نه‌بێ زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده. دوای وازهێنانم له (ی ئ ك) چه‌ندان جار تخونم كه‌وتوون و پۆستی زۆر باشیان پێداوم. ئه‌مجاره‌ش له كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن هاتنه‌وه گژم و پێیان گوتم “كاكه هه‌ر چیێكت ده‌وێ ئێمه له خزمه‌تتداین، به‌س تۆ رازی به كار بۆ ئێمه بكه.” باشه بۆ نه‌یكه‌م. بۆ خۆم پارووم ده‌كه‌وێته ناو روونی و تا هه‌تایه لێیان ده‌خۆم، جار جاریش راوێژكاریێك یان رایه‌كیان بۆ ده‌نووسم، ئه‌گه‌ر لێیان وه‌رگرتم مه‌منوونم، لێشیان وه‌رنه‌گرتم هه‌ر مه‌منوونم. بۆ نا، ده‌یكه‌م.
هیوادارم به‌ڕێز عه‌بدالرحمان سدیق له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌مم ئه‌م بڕیاره گه‌وره‌ی دابێت. پیاوێكی هێنده زانا، وه‌ك *سه‌رۆك وه‌زیرانی ژاپۆن گوته‌نی “سه‌یره پیاوێكی له‌م جۆره له عێراق هه‌ڵكه‌وتووه!”
به‌كورتی: ئه‌وه زیره‌كیی (پ د ك) نییه له رازیكردنی بیرمه‌ندان، نووسه‌ران، ره‌خنه‌گران، رۆشنبیران، خه‌مخۆران، دڵسۆزان و ئاقڵانی ئه‌م وڵاته و قه‌ناعه‌تیان پێ بكا كار بۆ ئه‌و دروشم و رێبازه بكه‌ن كه ته‌واوی ته‌مه‌نیان له‌گه‌ڵ دژایه‌تیكردنی گه‌وره بوونه. بگره یه‌كێك له‌م هۆكارانه‌یه: خه‌ڵه‌فان و خۆله‌بیرچوونی بیرمه‌ندان، ته‌ماع و چڵێسی، نه‌خۆشیی ده‌سه‌ڵات و پۆست، یانیش خه‌می كوردستانه كه له خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌مدا باسم كردووه.
• گۆران سه‌باح: نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس. نووسه‌ری رۆمانی “دووی سوور”، “ترس و رق” و “شاخوێنبه‌ری سه‌ركرده”. ئێستا مامۆستا و قوتابی دكتۆرایه له زانكۆی كانزه‌س، ئه‌مریكا له بواری رۆژنامه‌وانی.
• ئه‌و ده‌مه‌ی وه‌زیری ژینگه‌ی عێراقی بوو، به‌ڕێز عه‌بدالرحمان سدیق ده‌چێته ژاپۆن و چاوی به سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و ده‌می ئه‌و وڵاته ده‌كه‌وێ. پاش گفتوگۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ژاپۆن سه‌رسامی خۆی به‌رامبه‌ر به زیره‌كی و كارامه‌یی و لێهاتووییی به‌ڕێزیان ده‌رده‌بڕێ.