عەدنان عوسمان: بۆ کاندید نەبوینەوە؟ وەک رێزێک لە فراکسیۆن دەبوایە لە رێگای‌ رێکخەری‌ گشتی‌کۆبونەوەیەکی‌ تایبەت بکرایە

0

ADNANبۆ کاندید نەبوینەوە؟ چۆن کاندید نەبوینەوە؟

عەدنان عوسمان

لەسەر کاندید نەبونەوەی‌ ئەندامانی‌ ئێستای‌ فراکسیۆنی‌ گۆڕان زۆر جار پرسیارمان لێدەکرێت هۆکارەکەی‌ چیە؟ خۆتان نەتانویست یا بزوتنەوەکە نەیویست یا هۆکاری‌ تر هەبوو؟ خوشک و برایانی‌ رۆژنامەنوس و لایەنە سیاسیە رکابەرەکانیش ناو بەناو ئەم مەسەلەیە ئەوروژێنن. لێرەدا بە پێویستی‌ ئەزانم لەم بارەوە ئەم رونکردنەوەیە بدەم بە تایبەت کە ئیتر پرۆسەی کاندید کردن تەواو بوە:
یەکەم: لەچەند بۆنەیەکدا وتراوە کەوا فراکسیۆنی‌ گۆڕان لە کۆبونەوەیەکدا، بە کۆی‌ دەنگ بڕیاریان داوە خۆیان کاندید نەکەنەوە، بێ ئەوەی‌ ئاماژە بە هۆکارەکەشی‌ بدرێت. لێرەدا پێم باشە ئەوە رونبکەمەوە کە هیچ کاتێک نە کۆبونەوەی‌ وا کراوەو نە بڕیاری‌ واش دراوە. لە هیچ کۆبونەوەیەکی‌ فراکسیۆندا باس لە کاندید بون یا نەبون نەکراوە، لەوانەیە لا بەلا لەو بارەوە قسە کرابێت بەڵام لە کۆبونەوەی‌ رەسمیدا هیچ قسەو باسێک لەسەر ئەوە نەکراوە.

دووەم: نە بە رەسمی‌ و نە لابەلاش رای‌ فراکسیۆن لەسەر پرۆسەی‌ هەڵبژاردن و هەنگاوەکان و شێوازی‌ دیاریکردنی‌ کاندیدەکان وەرنەگیراوە. ئێمە ئاگامان لە هەنگاوەکان و لە شێوازی‌ دانانی‌ کاندیدەکانیش نەبوە، بەڵکو وەک هەر خەڵکێکی‌ ئاسایی‌ تر لە رێگای‌ کەناڵەکانی‌ راگەیاندنەوە ئاگاداری‌ وردەکاری‌ و ناوەکان بوین. بە کورتی‌ ئێمە بەشێک نەبوین لە بڕیارەکان لەسەر ئەو پرۆسەیە. رەنگە پێویستیش نەبوبێت بەشێک بین لە بڕیارەکان، بەڵام دەکرا تێبینی‌ و سەرنجی‌ فراکسیۆن وەربگیرێت لەسەر هەندێک وردەکاری‌ وەیا ئەو کەسایەتیانەی‌ پێویستن بۆ کاری‌ پەرلەمانی‌ بە حوکمی‌ شارەزای‌ی‌ رابردوی‌ چوار ساڵەمان لە پەرلەماندا.
سێیەم: دیارە وەک کارێکی‌ ئسوڵی‌ و بەشێک لە میكانیزمەكانی‌ کارکردنی‌ دەستەجەمعی‌، دەبوایە سەرکردەکانی‌ بزوتنەوەکە( جڤاتە یا هەر لایەنێکی‌ ترە) کۆبونەوەیەکیان لەگەڵ فراکسیۆن بکردایە، وە لەوێدا قسەو باس لەسەر کاندید بون یا نەبونی‌ پەرلەمانتارانی‌ ئێستا بکرایە، باشی‌ و خراپی‌ ئەو بابەتە لێکبدرایەتەوە: یان دەگەیشتینە ئەوەی‌ کە خولی‌ داهاتوو پێویستی‌ بە کاراکتەری‌ تازەو جیاوازە بۆیە وا بە باشتر ئەزانرێت هیچ ئەندامێک خۆی‌ کاندید نەکاتەوە، وەیا دەوترا گرنگە چەند ئەندامێک کاندیدبکرێتەوە. ئەم هەنگاوە نەنراو فراکسیۆن بە تەواوەتی‌ فەرامۆش کرا، حیکمەتەکەی‌ چیە نازانم، بەڵام دواتر لە رێگەی‌ سەرۆکی‌ فراکسیۆنەوە ئاگادار کراینەوە کە ئێمەش وەک هەر هاوڵاتیەکی‌ تر ئازادین لە پڕ کردنەوەی‌ فۆرمی‌ خۆ کاندید کردن. دیارە ئەمەش دوای‌ ئەوە هات کە قسەو باسێک هەبوو گوایە بەشێک لە برادەرانی‌ گردەکە پێیان باش نیە هیچ ئەندامێک خۆی‌ کاندید بکاتەوەو تەنانەت داواش لە هەندێک شوێن کرابوو رێگری‌ لە خۆکاندیدکردنیان بكه‌ن. کە هیوادارم ئەم قسانە راست نەبن. من پێم باش بوو ئەم هەنگاوە لە رێگای‌ رێکخەری‌ گشتی‌ و لە کۆبونەوەیەکی‌ تایبەتدا بوایە هەم وەک رێزێک لە هەوڵ و ماندوو بونی‌ فراکسیۆن لە ماوەی‌ رابردودا و هەمیش دەبوە بەشێک لە نەریتێکی‌ سیاسی‌ پێشکەوتوو لە بڕیاری‌ هاوبەش و بەرپرسانە.
چوارەم: بەشێکی‌ زۆری‌ کاندیدی‌ لایەنەکان و بە تایبەتیش گۆڕان، لە هەمان تەرز و نمونەی‌ ئەندامانی‌ ئێستایە. واتە جیاوازیەکی‌ ئەوتۆ نە فیزیکی‌( لە روی‌ تەمەنەوە) وە نە لە روی‌ تواناو بەهرەو تەخەسوسەوە لە هەردوو نەوەدا نابینین، ئیتر ئەبێت حیکمەت چیبێت هەوڵ نەدرێت بەشێک لەو ئەندامانە کە گەنج و توانای‌ کارکردنیان هەیە و شارەزاییەکیان پەیدا کردوە، کاندید نەکرێنەوە؟ ترسێکی‌ گەورەم هەیە کە تێڕوانینی‌ گۆڕانیش بۆ پەرلەمان و مەوقعییەتی‌ پەرلەمان لە ژیانی‌ کۆمەڵگاو، نەقشی‌ ئەندامەکان، هەمان تێگەیشتنی‌ لایەنە تەقلیدیەکانی‌ تری‌ کوردستان بێت.
پێم وایە لانی‌ کەم چەند ئەندامێک شایستەی‌ ئەوە بون نەک هەر داوایان لێبکرێت خۆیان کاندید بکەنەوە بەڵکو ناچار بە خۆکاندید کردن بکرێن، چونکە هەم لەو ماوەیەدا دڵسۆزانەو خەمخۆرانە کارەکانی‌ خۆیان ئەنجام دەدا و هەمیش تۆڕێکی‌ بەهێزی‌ پەیوەندی‌ سیاسیی‌ و کۆمەڵایەتیان دروست کردبو، وە شارەزاییەکی‌ باشیان لە کاری‌ پەرلەمان و لیژنەکانی‌ و وردەکاریەکانی‌ تر وەرگرتبو. .بەش بە حاڵی خۆم زۆر هەوڵم دا هەندێک لەو ئازیزانە خۆیان کاندید بکەنەوە. کاندید بونی‌ ئەو چەند ئەندامە هێزێکی‌ گەورەی‌ بە لیستەکە لە روی‌ جەماوەریەوە دەبەخشی‌ و فراکسیۆنی‌ داهاتوی‌ بەهێزتر دەکردەوە.
پێنجەم: ئەوەی‌ پەیوەست بێت بە خۆمەوەو بۆ ئەوەی‌ هیچ بەرێزێک هەست بەوە نەکات لەم قسانەدا مەبەستم لە خۆمە: من نزیک بە دوو ساڵ دەبێت بڕیاری‌ کۆتایی‌ خۆمم دابوو لە خۆکاندید نەکردن و زۆربەی‌ هاوڕێکانم ئاگاداری‌ ئەو بڕیارەن. هۆکارەکەشی‌ زۆرتر پەیوەست بوو بەوەی‌ هەستم دەکرد گەر ساڵانێکی‌ زیاتریش لە پەرلەمان بم ئەوا هیچ شتێکی‌ تازەم پێ ناکرێت و هیچ هەنگاوێکی‌ نوێ نانێم کە پێشتر نەمکردبێت، واتە خۆکاندید کردنەکە تەنها کورسی‌ داگیرکردن دەبوو و رێگە گرتن دەبوو لە وزەی‌ نوێ و توانای‌ تازە. سەرباری‌ ئەوەش پێم وایە خۆکاندید کردنی‌ ئەندامی‌ پەرلەمان لە سایەی‌ لیستی‌ نیمچە کراوەو کراوەدا جۆرێک لە ناعەدالەتی‌ تێدایە بە قازانجی‌ پەرلەمانتار، چونکە ماوەی‌ چوار ساڵ تیشکی‌ راگەیاندن و رای‌ گشتی‌ و جەماوەر لەسەر ئەندامی‌ پەرلەمانەو، تا ئاستێک وەک کەسایەتیەکی‌ ناسراوی‌ لێهاتوە. بۆیە کێبڕکێی‌ پەرلەمانتار لە گەڵ کاندیدێکی‌ نوێدا کە لەوانەیە کەمتر ناسراوبێت، جۆرێکە لە کەمپینێکی‌ نابەرامبەر.
سەرباری‌ ئەو تێبینیانە، کە بە هیچ شێوەیەک مەبەست لە خوشک و برایانی‌ کاندیدم نیە، بەدڵنیاییەوە لیستی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان کۆمەڵێک کەسایەتی‌ تێدایە کە شایانی‌ پشتیوانی و پشتگیرین و دڵنیام رۆڵێکی‌ باشیان دەبێت لەبەردەوام بون لە بەرگری‌ کردن لەداخوازیەکانی‌ جەماوەر و وەڵامدانەوەی‌ ئەرکەکانی‌ قۆناغی‌ داهاتو. بۆیە بەش بە حاڵی‌ خۆم بە ئەوپەڕی‌ تواناوە هەم پشتگیریان ئەکەم و هەمیش بەشداریەکی‌ چالاکانەی‌ کەمپینی‌ هەڵبژاردن دەکەم و هەر لە ئێستاوە بە هیوام ببینە خاوەنی‌ فراکسیۆنێکی‌ گەورەتر و بەهێزتر و کاراتر و بزوتنەوەی‌ گۆڕانخوازی‌ ببەینە قۆناغێکی‌ ترەوە.
هیوادارم ئەم رونکردنەوەیە کۆتایی هێنان بێت لەو پرسیارە بەردەوامەی لێم دەکرێت، کە دڵنیام نیشانەی خۆشەویستیەو جیگەی شانازیە بۆ من و هاورێکانم لە فراکسیۆن.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com