حەوت ساڵ لەنێوان ستێفان لیۆڤێن و نەوشیروان مستەفادا

0

 سۆسیالحەوت ساڵ لەنێوان ستێفان لیۆڤێن و نەوشیروان مستەفادا

رزگار رەزا چوچانی . سوید

دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان وەكو هێزێكی ئۆپۆزسیۆن، یەكێك لە هەرە پێویستیەكانی ژیانی دیموكراسی بوو لەكوردستاندا، راگەیاندنی بزوتنەوەكە هیوایەكی گێڕایەوە بۆ ئەوانەی خەباتیان بۆ ئازادی دەكردو دەیانویست ململانێی و كێبەركێی دیموكراسی لەكوردستاندا نەمرێت، ئەوەش دەكرێت بەیەكێك لەخاڵە هەرەگرنگ و پڕ بایەخەكانی ژیانی سیاسی نەوشیروان موستەفا هەژمار بكرێت، خاڵێك كە بەلای منەوە بەقەد هەموو مێژووی خەباتی ئەو پیاوە جێی شانازییە بۆی.
بەڵام پرسی ئۆپۆزسیۆنبوون لەوێدا تەواو نابێ، بەڵكو لەدوای دامەرزاندن و هەنگاونان، دەبێت پرۆژەكانی ئەو هێزە لای تاك بەتاكی خەڵكی ئەو وڵاتە روون بێت، تا بەردەوام وەڵامی ئەوەی هەبێت، لەئەگەری گرتنەدەستی دەسەڵات چی جیاوازتر لەو دەسەڵاتەی پێیە كە ئەوان لەپێناو گۆڕینیدا دامەزراون و خۆیان راگەیاندووە.
لێ جێگەی داخە، ئەو هێزەش جگە لەو جیابوونەوەی كە رایگەیاند، لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا بەئاراستەیەكدا رۆشت، كە خەریكە، هیچ سەنگێك بۆ ئەو هەنگاوە مەزنەش ناهێڵنەوە، كە بۆ زیندووراگرتنی دیموكراسی هەڵیانگرت، بەشێوەیەك خەریكە ئەو گومانە ببێتە واقیع كە پێی وایە، دروستكردنی ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنە، هێندەی كاردانەوە و پەرچەكرداری رێكخەرەكەی بووە بۆ سەركردەكانی ئەوهێزەی لێی جیابوەوە، یان هێندەی بڕوانەبوونی بووە بەنزیكبوونەوە لەپارتی، هێندە كاركردن نەبووە بۆ دیموكراسیەت.
با دوور نەڕۆین، چەند رۆژ بەر لەچوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئەو بزوتنەوەیە، رێكخەری بزوتنەوەكە، لەجێی بەرچاوخستنی ئەو پرۆژانەی دەیەوێ وڵاتی پێ دەربازبكات لەو قەیرانانەی رووی تێكردووە، حەوت ساڵ بەرەو دواوە گەڕایەوە، دیسان هەموو خاڵە ناكۆكەكانی حەوت ساڵ لەمەوبەری هێنایەوە بەرباس، ئەوەی رێكخەر كردی بۆ خەڵكانێك كە لەڕیزی بزوتنەوەكەیدا نین و هیوایان لەسەر هەڵچنیوەو ئاگایان لەكاری ئۆپۆزسیۆنی وڵاتانی پێشكەوتووە، هیواپڕوكێن بوو، چونكە ئەوان دەیانویست یان هیوادار بوون، گۆڕان گۆڕانكاری لەشێوەی خەباتی بەتاڵ لەفكر بۆ ئایندە و پڕ شانازیی بۆ رابردوو، دروستبكات.
لەماوەی چوار ساڵ خەباتی پەڕلەمانی خۆیدا، ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنە لەكوردستان، نەیتوانی لەقسەی گشتی دەربچێت، پرۆژەی تایبەت بۆ بوارێكی تایبەت پێشكەش بكات، لەكاتێكدا قەیرانی پەروەردە، نیشتەجێبوون، تەندروستی و بێكاریش لەو وڵاتە بوونی هەیە، بەڵام بەپاساوی ئەوەی كە دەسەڵات گوێیان بۆ ناگرێ، هیچ پرۆژەیەكیان پێشكەش نەكرد، ئاخر لەهیچ وڵاتێكی دیموكراسیشدا گرەنتی گوێگرتنی زۆرینە بۆ كەمینە بوونی نییە، بەڵام لەگەڵ گوێنەگرتنی زۆرینەش، كەمینە بێ پرۆژە و قسەی خۆی نابێت تامیللەتەكەی ئاگایی ئەوەی هەبێ، كە ئەگەر گوێی بۆ بگیرایە، ئەو وەكو كەمینە چی پرۆژەیەكی دەبوو، هەر لەپێناو ئەوەشدا بەردەوام پرۆژەكانی راگەیەنراوە، ئەوەی لای ئەو گرنگە، هەستكردنی میللەتە بەچالاكی و خەمخۆری ئەو، نەك گوێگرتنی دەسەڵات، بەڵام ئەمە لەكوردستان تەواو پێچەوانەوەیە.
لەسەروبەندی بەرەو كۆتاهاتنی یەك خولی كاری پەڕلەمانی ئۆپۆزسیۆن”گۆڕان” لەكوردستاندا، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ ململانێی سیاسی نەك پرۆژەیەك بۆ ئەو قەیرانانە ناخاتە بەرچاو، بەڵكو حەوت ساڵ دەگەڕێتە دواوە، ئەو گەڕانەوەی رێكخەری بزوتنەوەی گۆڕان بۆ حەوت ساڵ لەمەو بەر، هاوكات یان نزیك لە”* هەفتەی سیاسەت، ئەلمێدالن” بوو لەوڵاتێكی دیموكراسی وەكو سوید، لەو هەفتەیەدا هەموو هێزە سیاسیەكانی سوید باسیان لەپرۆژەكانی خۆیان كرد، باسیان لەو ئامانجانە كرد كە بۆ داهاتووی وڵاتەكەیان هەیانە، لەنێویاندا سەرۆكی گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆنی سوید، رێك بەپێچەوانەی حەوت ساڵ گەڕانەوەی سەرۆكی گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆن لەكوردستان، حەوت ساڵی ئایندەی بۆ خەڵكی وڵاتەكەی باسكرد، پێی وتن لەدوای حەوت ساڵ چی پێشكەشی ئەم وڵاتە ئەكات، نەك حەوت ساڵ لەمەوبەر چیكردووەو چی وتووە.
بڕوانە قسەی سیاسیەكانی سوید لەهەفتەی سیاسەتدا، بەراودی بكە بەقسەی ئۆپۆزسیۆن لەكوردستان و گەڕانەوەیان بۆ هەڵدانەوەی كێشەكانی حەوت ساڵ لەمەوبەر، كە هاوكاتی یەكن، ئەوكات ئەزانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتی ئێمە خەریكە بەئاراستەیەكدا دەڕوات كە هیوای خەڵكە هۆشمەندەكان بە ئەو مایە پوچ ببن، لەهەفتەی سیاسەت لەسوید، سەرۆكی پارتی چەپی سوید،”یوناس خێۆستێت” كە پارتێكی ئۆپۆزسیۆنە، جگە لەباسی كێشەكان، بەتەركیزەوە لەگرفتی قوتابخانەكان و چاودێری تەندروستی دوا، ئەو پێی وایە لەداهاتوو دەبێت بەیاسا رێگا لەكۆكردنەوەی قازانجی كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتەكان بگیرێت، لەبواری خزمەتگوزارییەكانی خوێندنگا و تەندروستی و چاودێری بەساڵاچوان، ئەبێ پارەی زەریبەی سوید بۆ قوتابخانەكان و نەخۆشخانەكان خەرج بكرێت، نابێ ئەو پارەیە ببێتە قازانج بۆ ئەو سەرمایەدارانەی كە دەبنە خاوەنی قوتابخانەكان. دەشڵێت پارتەكەی هەوڵ دەدات، وابكات ئاسان نەبێ، بۆ ئەنجومەنی شارەكانباخچەكانی ساوایان و قوتابخانەو نەخۆشخانەكان، بدەنە كەرتی تایبەت، چونكە ئەو شتانەی كە هەموومان پێكەوە خاوەنینی نابێ فرۆشتنیان بۆ ئەوان ئاسان بێ.
پارتی دژەبیانی‌ “سڤارییەدیموكراتەكا‌ن” كە هیچ كام لەبەرەی دەسەڵات بەدەست و ئۆپۆزسیۆن، نەك كاری لەگەڵ ناكەن، ئامادەنین گوێشی بۆبگرن و بەردەوام قسەی توندی لەدژ ئەكەن، لێ ئەو وەكو ئۆپۆزسیۆنی وڵاتی خۆمان، لەوڵاتەكەیدا لەبەرانبەر ئەو گوێنەگرتنە، ئاڵۆزی ناخولقێنێ، گوێنەگرتنی دەسەڵاتیش بۆ ئەو ناكاتە پاساو بۆ ئەوەی پرۆژەی نەبێ، بەڵكو پشت لەگوێ نەگرتنی دەسەڵات، روو لەخەڵكی وڵاتەكەی قسەی بۆ ئایندە پێیە، سەرۆكی ئەو پارتە “یمیی ئۆكێسۆن” لەگەڵ داكۆكیكردن لەوەی كە دەیەوێ كۆمەڵگا بەیەكگرتوویی رابگرێت، لەهەفتەی سیاسەتدا ئاشكرای كرد، كە پارتەكەی خوازیارە، لەداهاتوو پارەی زیاتر بۆ خولقاندنی كاری زیاتر لەسەنتەری چاودێری تەندروستی تەرخانبكرێت، گوتیشی بۆ چاكردنی ئەو لایەنە، دەبێت ئەوانەی كە لەو جێگایانە كار دەكەن، كارەكانیان وەكو نیوە دەوام نەبێ، بەڵكو مافی ئەوەیان هەبێ كاتی تەواوكار بكەن، خوازیاری ئەوەش بوو حكومەت گوێیان بۆ بگرێت و گفتوگۆیان لەگەڵ بكات.
هەر لەهەفتەی سیاسەت سەرۆكی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن، سۆسیال دیموكراتەكان ستێفان لیۆڤێن، لەگەڵ قسەكردن لەسەر كۆی كێشەكانی سوید، رەخنەی لەسیاسەتی حكومەتی وڵاتەكەی گرت، بۆ قوتابخانەكان و ئەو رێژە زۆرە بێكاریەی خستە بەرباس كە رووی لەوڵاتەكەی كردووە، لەگەڵ سەركۆنەی سیاسەتی حكومەتی وڵاتەكەی بۆ پەروەردە “قوتابخانەكان” سەرۆكی ئەم پارتە، روو لەئایندە دەڵێت “پارتەكەم ئەیەوێ سێ ملیار كرۆن تەرخانبكرێت بۆ باشتركردنی قوتابخانەكان”. رێژەی زۆری بێكاریش دەكاتە رەخنە لەحكومەتی وڵاتەكەی، بەڵام تەواو پێچەوانەی ئۆپۆزسیۆن لەكوردستان، حەوت ساڵ ناگەڕێتە دواوە، بەڵكو بەبڕوابەخۆبونەوە باسی حەوت ساڵی ئایندە دەكات، بەڵێنی حەوت ساڵی ئایندە دەدات، كە ئەگەر ئەوان هەڵبژاردنی ساڵی ئایندە ببەنەوە، هەتا ساڵی2020 وڵاتەكەی نزمترین رێژەی بێكاریی دەبێت، لەسەر ئاستی هەموو ئەوروپا.
هەڵسەگاندن لای من وایە كە باس لەناڕەزایی و سیستەمی خراپ دەكرێت لەكوردستاندا، دەبێت سەیری وڵاتانی پێشكەتوو بكەین، كە ئاخۆ چیان زیاترە لەئێمە، چیمان كەمترە لەئەوان، هەروەك دەبێت سەیری حزبەكانی هەمان ئەو وڵاتانەش بكەین، كە چییان پێیە بۆ وڵاتی خۆیان، هەمان بەراوردی حزبەكانی خۆمانی بكەین، چونكە ئەوە حزبە وڵات دەگرێتە دەست و وڵات دەباتبەڕێوە، كە ئێمە حزبەكانمان تەنها لەبازنەی هەڵدانەوەی رابردوویەكی ناشیرن بخولێنەوە، هیچ هیواو قسەو پرۆژەیەكیان بۆ ئایندە پێ نەبێ، ئەوە بێگومان هیچ ئایندەیەكی باشیش چاوەڕێی ئەو وڵاتە ناكات لەسەر دەستیان.
بۆیە كاتك من دەبینم سەرۆكی گەورەترین ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكەم”نەوشیروان مستەفا” دوای چوار ساڵ خەباتی پەڕلەمانی و لەجێی هەبوونی پرۆژەیەك كەلەرێیەوە لەو حزبانەی جیابكەینەوە كە ئەو ناڕازییە لێیان، دەگەڕێتەوە بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی ناكۆكی حەوت ساڵ لەمەوبەر، لەهەمانكاتدا سەرۆكی حزبێكی ئۆپۆزسیۆنی سوید”ستێفان لیۆڤێن” دەبینم، كە بەبەڵینەوە پرۆژەی حەوت ساڵی ئایندەی پێیە بۆ وڵاتەكەی، بێهیوا دەبم لەئایندەی ئەو ئۆپۆزسیۆنەی لەمەڕ خۆمان، دڵنیادەبم هەرگیز بۆ وڵات ئایندەیەكی باشتریان پێ نابێ لەوەی كە حزبە دەسەڵاتدارەكان پێیانە.
*هەفتەی سیاسەت لەسوید، نەریتێكی كۆنی سیاسیە لەم وڵاتە، ساڵانە لەمانگی تەموز لەپاركی “ئەلمێدالن” لەڤیسبی پارێزگای گۆتلەند پارت و رێكخراوەكانی سوید كۆ دەبنەوە، بۆ خستنەڕووی راو پرۆژەی سیاسی خۆیان. ئەو نەریتەش لەدوای ئەوە دروست بوو، كە ساڵانی شەست ئۆلۆف پالمێ سەرۆكوەزیری پێشووی سوید، لەوێدا وتاری هاوینەی خۆی دەدا.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com