ئەگەر پارتی پەلە نەکات، ئاوای لێدێ سلێمانی

0

rzgariئەگەر پارتی پەلە نەکات

رزگار رەزا چوچانی – سوید

پارتی پێی خۆش بێت یان ناخۆش، بەخۆشی بێ یان ناخۆشی، بەپیلان بێت یان راستی، ترساندن بێت، یان بێزران، فەشەلی سەركردەكانی بێ لەوێ، یان دووری لەمێژنەی ئەو لەو دەڤەرە، هەرگیز ئەو هێز و قورسیەتەی نییە، لەئەمڕۆدا بكەوێتە ململانێی گۆڕان و یەكێتی بۆ بردنەوەی گۆڕەپانی سلێمانی. لێ ئەگەر پارتی پەلە نەكات لەپشتیوانی و تەرەفگیری نێوانیان، ئەگەر وەك خۆی دەڵێ خەمی تێكچوونی دۆخی كوردستان وازلێبێنێت، لێگەڕێ تا خەڵكی كوردستان خۆیان راستیەكان ببینن، ئەوە لەنزیكترین كاتدا، لیستی جیاوازی یەكێتی لەپارتی، هەوڵی بەخاوەنبوونی سلێمانی لەنێوان هاوسەنگەرەكانی دوێنێ و مونافسەكانی ئەمڕۆ، بوونی پارتی لەو شارە دەكاتەوە زەرورەت.
بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی ئەگەر ئەمڕۆیەكی جیاوازیان هەیە، ئەوە یەك مێژووی هاوبەشیان هەیە، ئەوان كۆمەڵێك سیاسی و سەركردە و فەرماندەی سیاسی بوون، كە چوارچێوەیەك كۆی كردبوونەوەو ناوی یەكێتی بوو، لەناو ئەوبازنەی یەكێتیبوونەدا بۆ گرتنە دەستی سەرۆكایەتی بازنەكە، كێشەو ململانێیەك هەبووە پڕاوپڕ بووە “لەیەكتر نەویستن، یەكتر تۆمەتباركردن، یەكتر كوشتن و چاڵ بۆیەكتر هەڵكەندن*”.
ئەگەر سەیری مێژووی ئەو دوو هێزەی سلێمانی بكەیت، پڕە لەجەنگ، جەنگ لەگەڵ بەعس، جەنگ لەگەڵ شیوعی، جەنگ لەگەڵ حسك، جەنگ لەگەڵ پاسۆك، جەنگ لەگەڵ پارتی، كە زۆر لەچاودێرانی ئەودەم و ئێستایش پێیان وابوو، پاڵنەر و هێزی پشت هەموو ئەو جەنگانەش، تەحویلكردنی كێشەكانی ناو بازنەكەبووە، بۆ دەرەوەی خۆیان، بەڵام وێڕای هەموو ئەو جەنگانەش نەكراوە و نەتوانراوە، كێشەكانی ناوخۆیان، ململانێكانی ناوخۆیان بخەنە سەر سكەیەكی دروستی ململانێ، بۆیە سەركردەیەك نییە، ئەگەر پێچەوانەی چینی باڵادەست بووبێ، لێی نەدرابێ، زیندان نەكرابێ، هەتا گەشتۆتە ئەوەی وەك یەكێك لەو سەركردانەی ئەوكات، بۆ منی باسكرد، تەنها بەهۆی رای جیاوازەوە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەركراوە.
بەر لەراپەڕین، ئەوەی بەدەست شۆرشی كوردەوە بوو شاخ و چۆڵ و چۆڵەوانیەكانی سەرسنور بوو، ئەو هاوڵاتیانەی ئەوان حكومیان دەكردن، كۆمەڵە خەڵكێكی هەژاری گوندنشین بوون، بەڵام وەك كتێبی یادەوەری سەركردەكان باسی دەكەن، سەرۆكایەتیكردنی ئەو گرد و شاخ و تەپۆڵەو گوندە هەژارنشینانە، شەڕێكی لەپێناودا كراوە، كە كەمتر نەبووە لەو شەڕەی لەدژی بەعس دەكرا، دەی گرتن و زیندانكردن و تەقەلێكردن و بڕیاری لەسێدارەدەركردن، لەدژی یەك، هەمان ئەو رێكارانەن كە لەدژی بەعس گیراوەتەوەبەر.
دوای راپەڕین هاتنە شار، باسكردن لە پرۆسەی دیموكراسی و هەڵبژاردن، تا ئاستێك یەكلابوونەوەی دەسەڵاتی ناویەكێتی بۆ بەرەیەك و كپكردنەوەی بەرەكانی دیكەی ناو یەكێتی و حەلكردنی باڵەكانی دیكە، دواتر دیسان هەڵایسانەوەی شەڕی ناوخۆ لەكوردستان، وایكرد كێشەكانی ناوخۆی یەكێتی، بەچارەسەرنەكراوی لەسەر رەفەی سیاسییەكان هەڵبگیرێت، بۆ كاتی خۆی، هەر بۆیەش لەدوای كۆتاهاتنی شەڕی ناوخۆ، لەدوای دروستبونەوەی یەك ئیدارەیی كوردی و نەمانی ئەو كێڵگەیەی كە تۆوی كێشەكانی خۆیانی بۆ بنێرن و لێی بچێنن، كە شەڕی ناوخۆ بوو، دیسان باڵەكان زیندووبوونەوەو كەوتنەوە ململانێ، تا گەشتە ئەوەی بەشێكی زۆر لەوان جیاببنەوەو بزوتنەوەیەك دروست بكەن بەناوی بزوتنەوەی گۆڕان، بۆیە ئەگەر لەدۆخی بەر لەدروستكردنی بزوتنەوەی گۆڕان، بەرژەوەندی و مەترسی هاوبەش وایكردبێت، كێشە لەمێژینەكانی یەكێتی تۆز بیانگرێت و ببن بەژێر تۆزەوە، ئەوە جیابوونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان، كە بەشێك لەچاودێران تاكو ئەمڕۆش وەك بەشێك لەتاكتیكی درێژخایەنی نەوشیروان موستەفاو تاڵەبانی لێیان دەڕوانی، وەكو لێزمەباران، تۆزی سەر هەموو كێشەكانی لادا و دیسان ئەپدەیتی كردنەوە، هێنانیەوە دۆخی دەستپێك.
ئێستا یەكێتی جاران دوو حزبە بەدوو دەستەی رابەرایەتی پڕ لەكینەی لەمێژنە لەیەك، بەڵام گۆڕەپانی كاریان تاكو ئەمرۆش یەك گۆڕەپانە، كە سلێمانیە، بۆیە ئەگەر پارتی لێگەڕێ، لەسەر ئەساسی بچوككردنەوەی ئەوی دیكە، پشتیوانی لایەكیان نەكات، ئەوە یان كەفوكوڵی ئەو شەڕەی ئێستا یەخەی كوردی گرتووە دادەمركێتەوە، یان دۆخێك روو دەكاتە سلێمانی، كە هەرگیز ئەو شارە مێژووی وا خراپی بەخۆوە نەدیبێ، ئەودەمیش هێز بۆ راگرتنی ئاڵۆزییەكان، یان بۆ نێوانگیری دەبێتە زەورەت.
ئەو دوو حزبەش كە هەردووك خۆیان بەخاوەنی سلێمانی دەزانن، ئەو راستیەیان لەلاڕوونە، هەربۆیەش هەوڵی جدیان ئەوەیە كە لەسەر ئەساسی لێدان لەپارتی و وروژاندنی مانشێتی دژ بەپارتی ئامادەیی بۆ هەڵبژاردنەكان بكەن، رووكردنە پارتیش لەم كاتەدا بێ بەرنامە نییە، بەڵكو بەرنامەیەكە كە كۆتایی رێگەكەی راكێشانی پارتییە بۆ ناو ئەو یەكتر رەتكردنەوەو ئەو ئاڵۆزییەی كە لەسلێمانیدا چاوەڕوانكراوە رووبدات، كاركردنە لەسەر لەباركردنی ئەو زەمینەیەی لیستی جیاوازی یەكێتی و كێبەركێی ئەو حزبە لەگەڵ گۆڕان، میانگیری پارتی دەكاتە زەرورەت.
ئەگەر پارتی چاوەڕوانبێت و پشوودرێژ بێت، ئەگەر پارتی چیدی لەسەر ئەساسی قوربانیدان بەمافی خۆی، قوربانیدان بەناشیرینكردنی رەمزەكانی خۆی، تەداخولی كێشەكانی ئەوو دولایەنە نەكات و رێگەیان بدات خۆیان بڕیاری خۆیان بدەن، بێ دەنگی هەڵبژێرێ لەو نێوانەدا. زۆری نەماوەو هەوڵەكانی یەكلاكردنەوەی خاوەندارێتی سلێمانی، تەدەخولی پارتی و میانگیری پارتی و وجودی پارتی بكاتە زەرورەت. ئاخر رابردووی نزیك ئەو راستیەمان پێ دەڵێ، ئەوان لەهەر شت لەدژی پارتیبوونیان بۆچوبێتەسەر و كێشەكانیان تەحویلی گۆڕەپانی پارتی كردبێ، ئەوە ئەگەر پارتی هاوكاریان نەبێ ناتوانن و نەگونجاوە بۆیان، كێشەكانی خاوەندارێتی سلێمانی و گەرمیان تەحویلی گۆڕەپانی پارتی بكەن. ئاخر ئەودەم كە ئەوان نەیان دەتوانی لەكۆمەڵە گوندێكی هەژارنشینی كوردستان، لەكۆمەڵێ چیای رووتەڵ و بێ بەرهەم، پێكەوە بژین و شەڕی خاوەندارێتی حزبەكەیان دەكرد. ئێستا لۆژیك نییە چاوەڕێی ئەوە بكرێت، لایەكیان بەئاسانی واز لەسلێمانی بهێنێ بۆ ئەوی دیكە. یان كە نەیانتوانی سەروەری و رابەرایەتیكردنی مێژووە هاوبەشەكەیان كە یەكێتییە. ئاشتیانە و دیموكراسیانە برابەش بكەن، نا عەقڵانییە چاوەڕێ بكرێ بەئاسانی خاوەندارێتی سلێمانی برابەش دەكەن و دیسان پێكەوە كار بۆ ئاراستەكردنی كێشەكان دەكەن بەئاراستەی پارتیدا.
* قسەی من نییە، كتێبی یادەوەری سەكردەكانیان باسی دەكات.

ئەم بابەتە لە رۆژی شەممە 6/7/2013 لە ژمارە ١٨٩ی گۆڤاری سڤیل چاپکراوە

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com