نمونەیەکی نوێ و سەردەمیانەی خۆ بەکەمزانی کورد

0
mniنمونەیەکی نوێ و سەردەمیانەی خۆ بەکەمزانی کورد
رزگار رەزا چوچانی . سوید
لەکوردستان پارەیەکی زۆر خەرج دەکرێت بۆ پرۆژەکانی نیشتەجێ بوون، بەڵام لەناونانی هەموو ئەو جێگایانەدا بۆ سەرەنج راکێشانی کڕیار خۆ بەکەمزانی کورد نمایش دەکرێت و رادەگەیەنرێت.
پرۆژەیەک بەپارەی کورد، بەناوی گوندی ئینگلیزی، یەکی تر بەناوی ئیتالی ئەوی تر بەناوی ئەڵمانی، یەکی تر بەناوی شاری دوبەی، دوبەی سیتی، ئەوی تر و ئەوی تر و ئەوی تر.
ئەم ناوانە لە پرۆژە گەلێک دەنرێن کە بەپارەی وڵاتێک و لە سەر زەوی وڵاتی کورد دروست دەکرێن، کە لە بنەمادا ئەم پرۆسەی ناوە نوێیانەش هیچ جیاوازییەکی نییە لە پرۆسەکانی تەعریب و تەتریک و تەفریس کردن.
چما هەموو گوندە ئینگلیزیەکان لەوڵاتی خۆیان کە ئێستا ئێمە بەناوی ئەوانەوە پرۆژە ناو دەنێین لە کوردستان، بەخانووی قورینە دەستی پێنەکردووە، چما دوبەی بەخانوی زەل و لەناو تۆزی بیابان دەستی پێنەکردووە، ئەی بۆ دەبێ کورد هەر لەم سەرەتای ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەی ناوەکانی بەناوی وڵاتی خۆیەوە نەبێت، بۆچی ئەم ناوانە لە پرۆژەکانی ئەو وڵاتە ئەنێن.
باشە ئێستا ئەو بڕیار بەدەستە بەڕێزانە بیر لەوە ناکەنەوە ئەی ئەگەر سبەی کەسێک بێتە کوردستان، کام تەسمیمی تازە لەهەولێر ببینێ، تا بیر لەوە بکاتەوە شتێک لەشیوەی ئەوە لای خۆی بنیات بنێ، ئەی ئەوە شتێکی زەحەمەتە بەو کۆمپانیانە بڵێن وەرن سەرمایە گوزاری بکەن لەم وڵاتە، هاوکاری و ئاسانکاریتان بۆ دەکەین، بەڵام دەبێت داهێنانێک بکەن لە نەخشەکانتان کە تایبەت بەو پرۆژەیە بێت لە کوردستان دەیکەن، نەک کۆپی پێستی نەخشەکان؟ بەڵێ دەکرێ.
بەڵام ئەوەی کە نایکەن سەمەرەی بەرپرسانە، لەوەش سەمەرە تر ئەوەیە هەموو رۆشنبیران یەخەی سەرتاشێک دەگرن، بۆچی نوسیویەتی حەلاق، یەخەی چێشتخانەیەک دەگرن بۆچی نوسیویەتی مطعم، لۆمەی دایک و باوکێک دەکەن، بۆچی ناوی مناڵەکەیان کوردی نییە، بەڵام باسی ئەو هەموو پرۆژە گەورەیە ناکەن، کە دەکرێ ببنە ناوبانگی وڵاتێک.
من پێموایە، ناونانی پرۆژەکان بەو ناوانە هیچ نییە جگە لە خۆ بەکەمزانینی کورد و بەرپرسانی ئەو بوارە، قسە نەکردنیش لەسەر ئەوە چ نییە جگە لە تێنەگەشتن و کورتبینی قسەکەران.
Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com