“بەشی پێنجەمی كوردستان” داوای وەزارەتێك دەكەن

0

bashi-penjami“بەشی پێنجەمی كوردستان” داوای وەزارەتێك دەكەن

رزگار رەزا چوچانی: سوید

كوردانی دیاسپۆرا خۆیان بە بەشی پێنجەمی كوردستان دەزانن و داوای دامەزراندنی دەزگایەكی حكومی تایبەت دەكەن بۆ گرنگیدان بەپرسە جیاوازەكانیان و حكومەتی هەرێمیش تا ئێستا وەڵامی پێشنیارەكەیانی نەداوەتەوە.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە بەشێك لەئەكادیمییە كوردەكانی دەرەوەی وڵات بەمەبەستی گرنگیدان بەو پرسانەی پەیوەستن بەژیان و گوزەرانیان و پێكهێنانی وەزارەتێك یاخود فەرمانگەیەكی حكومی بۆ ئەم مەبەستە، پڕۆژەیەكیان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشنیار كردووەو فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێمیش ئاگاداری پڕۆژەیەكی لەو جۆرە نییە.
خالید خەیاتی، یەكێكە لەو كەسانەی پڕۆژەكەیان پێشنیار كردووە، جەخت لەوە دەكاتەوە، كە ئەوان وەك كوردانی دیاسپۆرا بەشی پێنجەمی كوردستانن و پڕۆژەی جۆربەجۆریان هەیە بۆ خزمەتكردنی نیشتیمانەكەیان و چاوەڕوانی هاوكاری حكومەتی هەرێمن.
خالید بۆ (سڤیل) گوتی “لەگەڵ هەبوونی ئەو هەموو كوردە ئەكادیمی و خاوەن زانستە تاكو ئێستاش وەزارەتێك یاخود دەزگایەك یاخود فەرمانگەیەكی تایبەت بەكوردی دیاسپۆرا لەحكومەتی هەرێمی كوردستاندا بوونی نییە”.
پڕۆژەكەی كوردانی دیاسپۆرا لە 24/1/2013 ئاڕاستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوەو بەپێی وتەی داڕێژەرانی پڕۆژەكەش ئێستا پڕۆژەكەیان لەسەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمە، بەڵام “دوای چەند جارێك بەبیرهێنانەوە تا ئێستا بەرپرسانی هەرێم بە بەڵێ یاخود نەخێر وەڵامی پڕۆژەكەیان نەداوەتەوە”.
لەسەدەی رابردوو و سەرەتاكانی ئەم سەدەیە بە هەزاران هاوڵاتی كوردی پارچە جیاجیاكانی كوردستان بەهۆكاری جیاجیا ئاوارەی وڵاتانی دەرەوە بوونەو مافی پەنابەرێتییان لەو وڵاتانە وەرگرتووەو لەئێستاشدا پەنابەرانی كورد یەكێكن لەكاراترین و سیاسەتمەدارترین دیاسپۆراكانی جیهان.
كوردانی تاراوگە توانیویانە پێگە و قورسایی خۆیان لەكۆمەڵگە جیهانییەكان بسەلمێنن و بەشێكیان پۆستی سیاسی و ئیداری باڵایان پێبەخشراوە.
خالید دەڵێ “ئێستا حەوت هاوڵاتی كورد ئەندامی پەرلەمانی سویدن، كە ئەمەش دەستكەوتێكی گەورەیەو هیچ پێكهاتەیەكی ناو سوید نەیتوانیوە ئەو دەستكەوتە بەدەستبهێنێت تەنیا گەلی سوید نەبێ”.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ ئاماژە دەكات بەوەی لەزانكۆكاندا دەیان و سەدان كورد هەن، كە خەریكی لێكۆڵینەوەی زانستین و كەسانێكی زۆریش لەنەخۆشخانەكان و لەئاستە تەكنیكییە بەرزەكان كاردەكەن و بەشێكی زۆری لاوانیش خەریكە دەست بەكار دەكەن و جێگە و پێگەیەك بۆخۆیان دروست دەكەن”.
كوردانی دیاسپۆرا لەپڕۆژەكەیاندا كە پێشكەشی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كردووە، پشتیان بە ئەزموونی چەند وڵاتێكی جیهان بەستووە، كە فەرمانگە و دەزگای حكومی تایبەتیان هەیە بۆ ئاسانكاریكردن لەڕاییكردنی كاروباری رەوەندی وڵاتەكانیان و هەوڵدان بۆ دروستكردنی پەیوەندی هەمەچەشن و هەمەلایەن و سوودوەرگرتن لەتوانای زانستی هاوڵاتییەكانیان كە لەوڵاتانی دەرەوە نیشتەجێن.
خالید خەیاتی بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەو بۆچوونەی سەرەوە ئاماژە بەناوی چەند وڵاتێكی وەك بۆسنە و هرزەگۆڤین، مەقدۆنیا، ئیسرائیل، چین، ئەرمەنستان، گورجستان، سربستان، یۆنان، توركیا و كۆسۆڤۆ دەكات.
بەپێی پڕۆژەكەی “كوردانی دیاسپۆرا” پێویستە حكومەت دەزگایەكی حكومی تایبەت دابمەزرێنێت بۆ كاروباری كوردانی دیاسپۆرا، كە وەك داڕێژەرانی پڕۆژەكە دەڵێن گرنگ نییە حكومەت ناوی وەزارەت یاخود فەرمانگە یاخود هەر ناوێكی دیكە لەو دەزگایە دەنێت، بەڵام پڕۆژەكە پێی وایە بەرپرسی دەزگای ناوبراو كوردانی دیاسپۆرا بێت یاخود هەر هیچ نەبێ چەند ساڵێكی ژیانی لەدیاسپۆرا بردبێتە سەر و شارەزایی لەژیانی دیاسپۆرا هەبێت.
خالید گوتیشی “دەتوانرێ لەڕێگەی ئەو دەزگایەوە كوردانی دیاسپۆرا بنێردرێنەوە بۆ كوردستان و لەدامەزراوە گشتی و تایبەتەكان كاربكەن و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت و دامودەزگاكانی دیكەی حكومەت دروست بكرێت، بەمەبەستی داڕشتنی پلانی ئاوەدانكردنەوەی كوردستان و سوودوەرگرتن لەئەزموونی وڵاتانی دەرەوە.
پڕۆژەكە بەگرنگی دەزانێت ئەو دەزگایە نوسینگەی نوێنەرایەتی خۆی لەو وڵاتانە بكاتەوە، كە رێژەیەكی زۆر كوردی دیاسپۆرایان تێدایە.
ئەندامەكەی دەستەی داڕێژەری پێشنیارەكە پێی وایە كە وەڵامنەدانەوەی پڕۆژەكەیان بەهۆی سەرقاڵی سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بێت بەكۆمەڵێك پرسی دیكەی وەكو كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و كێشەكانی كوردانی سوریا و پڕۆسەی ئاشتی لەتوركیا و هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی هەرێم.
لەگەڵ ئەوەشدا خالید نەیشاردەوە، كە پڕۆژەكەیان بایەخی تایبەتی هەیەو گرنگی كەمتر نییە لەگرنگی و بایەخی ئەو پرسانە و جەختیشی كردەوە، كە ئەوان چاوەڕوانی وەڵامی حكومەتی هەرێمن بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكەو دەستبەكاربوونی دەزگاكە.
گەرچی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم بێئاگایی خۆی نیشاندا لەپێشكەكردنی پڕۆژەیەكی لەوجۆرە لەلایەن كوردانی دیاسپۆراوە، بەڵام دامەزراندنی دەزگایەكی هاوشێوە بەكارێكی گرنگ دەزانێت.
فەلاح مستەفا بۆ (سڤیل) گوتی “ئێمە دوو ساڵ پێش ئێستا لەكۆنفرانسی نوێنەرایەتییەكانی حكومەتی هەرێم پێشنیارمان كرد، دەستەیەك بۆ دروستكردنی هەماهەنگی نێوان حكومەتی هەرێم و كوردانی دیاسپۆرا دابمەزرێت و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانیش قەناعەتی بەبایەخی پڕۆژەكە هەیەو لەهەوڵی بەردەوامدان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەك بەمەبەستی سوودوەرگرتن لەتوانای كوردانی دەرەوە، بەڵام دامەزراندنی وەزارەتێك یاخود فەرمانگەیەكی تایبەت پەیوەستە بەكاتەوەو كات بڕیاری لەسەر دەدات”.
خالید خەیاتی باس لەوە دەكات، كە ئەو نوێنەرایەتییە جیاوازە لەنوێنەرایەتییەكانی دیكەی حكومەتی هەرێم و بەو پێیەی ئەم نوێنەرایەتییە چالاكی سیاسی ئەنجام نادات، بەڵكو ئەركی رێكخستنی پەیوەندییەكانی حكومەتە لەگەڵ كوردانی دیاسپۆرا.
هاوكات بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم جەختی لەوە كردەوە، كە نوێنەرایەتییەكانی حكومەتی هەرێم دەتوانن رۆڵی خۆیان بگێڕن لەدروستكردنی ئەو هەماهەنگییەدا، بەڵام بوونی دەستەیەكی تایبەت خزمەتی باشتر بەپرسەكە دەكات.

ئەم بابەتە لە گۆڤاری سڤیل چاپکراوە

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com