موفیدە خالید: هەندێ خێزانی كورد لەسوید بۆ دەستگرتن بەنەریتەكانیان منداڵەكانیشیان سەرگێژ كردوون

0

mufida-xalidموفیدە خالید: هەندێ خێزانی كورد لەسوید بۆ دەستگرتن بەنەریتەكانیان منداڵەكانیشیان سەرگێژ كردوون

رزگار رەزا چوچانی/ سوید

موفیدە خالید ئەو ژنە هەولێرییەی ئێستا لەیەكێك لەشارەكانی سوید بەڕێوەبەری پرۆژەیەكە، هیواو دەردەفەتێك دەدات بەو پەنابەرانەی بێ هیوابوون و سودیان لەدەرفەتەكانی چوونە ناو كۆمەڵگەی سوید و خۆگونجاندنیان لەگەڵ كۆمەڵگەیەكی نوێ و جیاواز لەوڵاتەكانی خۆیان نەبینیوە، بۆ “سڤیل” باس لەوە دەكات، بەشێكی زۆر لەو پەنابەرانەی روو لەسوید دەكەن، ناتوانن وەك پێویست خۆیان لەگەڵ كۆمەڵگەی سویدی بگونجێنن، بۆیە منداڵەكانیشیان توشی لادان و خۆشیان توشی گرفتی رۆحی دەبن.
موفیدە باس لەگوزەرانی كوردانی ئەو وڵاتە دەكات و دەڵێت “هەندێ لەپەنابەران كاتێك هاتونەتە سوید خاوەنی بڕوانامە نەبوون و هیچ پێشینەیەكی خوێندنیان نەبووە، بەڵام بەهاوكاری سیستەمی ئەم وڵاتە، توانیویانە ببنە خاوەنی بڕوانامەی بەرز و دواتر لەدەزگا هەرەبەرز و باشەكانی سوید جێگای خۆیان كردووەتەوە”. بەڵام ئەوەی نەشاردەوە، كە “بەشێكی دیكەی پەنابەران لەوڵاتی خۆیان ئاستی خوێندنیان باش نەبووە، یاخود ئاستی خوێندنیشیان هەبووە، بەڵام تووشی گرفتێك بوون، كە لێرەش كاریگەری بەسەر لایەنی رۆحییانەوە هەبووە، نەیانتوانیوە سود لەوكاتە ببینن، كە حكومەتی سوید بۆ فێربوونی زمان پێیان دەبەخشێت و نەیانتوانیوە زمانیان بگەیەننە ئەو ئاستەی خۆیانی پێ بەڕێوە ببەن و لەڕێگەیەوە كارێك بۆ خۆیان پەیدا بكەن”.
ئەو كە بەیەكێك لەژنە خەمخۆرەكانی كوردانی تاراوگە دادەنرێت، جەخت لەوە دەكاتەوە، كە ئەوان لەپڕۆژەكەیاندا هەوڵ لەگەڵ ئەو جۆرە كەسانە دەدەن، تاكو فێری زمان بن و دواتر هەوڵی دۆزینەوەی دەرفەتی كاریان لەگەڵ دەدەن و بەپێی وتەی خۆی تا ئێستا لەكارەكەیان سەركەوتوو بوون.
موفیدە هیوای خواست كە بتوانن هیوا بۆ ئەو كەسانەش بگەڕێننەوە، كە بێهێوابوون و لەبێهیوابوون نزیك دەبنەوەو گوتی “من لەگەڵیان دادەنیشم تاكو بزانم حەزیان لەچ كارێكە و چییان پێدەكرێت و دواتر رێنمایی پێویستیان پێدەدەین و هاوكارییان دەكەین”.
لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا ئەوان بە چ سیستمێك كار دەكەن و چۆن یارمەتی ئەو كەسانە دەدەن؟ ناوبراو ئاماژەی بەوەدا كە لەگەڵ شێوە و سیستەمی كاری سوید پشت بەئەزمونی خۆیان دەبەستن و دووپاتیكردەوە “ئێمەش كە سەرەتا هاتووین بەهەمان رێگای ئەواندا رۆشتووین و ئەزمونێكمان هەیە لەوەی چۆن لەسەرەتاوە دەستمان پێكردووەتەوەو چۆن خۆمان لەگەڵ ژیانێكی نوێ راهێناوە و ئێستا هەوڵ دەدەین ئەو ئەزمونەی خۆشمان كاردانەوەی بەسەر هەوڵی بەكارخستنی ئەوانەوە هەبێ تا بەو قۆناغانەدا نەڕۆن، كە لەو كاتەدا رێگاكانی ئێمەیان درێژكردەوە”.
ئەو ژنە كوردە تا ئێستا هیوای بۆ زۆر خێزانی پەنابەر گێڕاوەتەوە، كە بەهۆی كێشەكانی ژیانی ئاوارەییەوە گرفتار بوون، كە بەبڕوای ئەو، “ئەو كێشانە رێگا لەبەرەو پێشچوونی ئەو پەنابەرانە دەگرێت”، موفیدە باسی كێشەی ژنانی پەنابەر دەكات و دەڵێ “هەندێ پیاو قبوڵ ناكەن كە لێرە ژن و پیاو لەمافدا یەكسانن و فیكریان رۆشن ناكەنەوەو نایانەوێ شت فێر ببن”. هۆكاری ئەوەش بە بۆچوونی موفیدە بۆ بێكاری پیاوان دەگەڕێنێتەوە، چونكە “گەر پیاوی بێكار بەردەوام لەماڵەوە بێ و ژنەكەی لەكار بێت، یاخود لەخوێندن، بۆ ئەو دەبێتە كێشە، یاخود لەرۆحی خۆیدا دەیكاتە كێشەو وا بیر دەكاتەوە كە ناكرێ ئەو لەماڵ بێت و ژنەكەی لەدەرەوە و دارایی ماڵ هەڵبسوڕێنێت”.
موفیدە خالید باسی ئەوەش دەكات كە خێزانە پەنابەرەكان بەهۆی نەگۆڕینی بیر و تێگەیشتنیانەوە لەو ژیانە نوێ و وڵاتە نوێیەی لێی دەژین منداڵەكانیشیان ناچار بەلادان دەكەن “هەژار لێرە بوونی نییە، بەڵكو ئەوانەی حكومەت یارمەتیان دەدات بۆ ژیان ئەو كەسانەن، كە خۆیان توانای هیچ كارێكیان نییە، یاخود ئەو كەسانەن، كە تازە دێنە ئەم وڵاتە و حكومەت یارمەتیان دەدات، تا دێنە ناو ئەم كۆمەڵگەیە و كارێك دەدۆزنەوە”.
گەرچی ئەو بڕەپارەیەی حكومەتی سوید دەیدات بەهاوڵاتیان بڕێكی رەمزییە، بەڵام موفیدە دەڵێت “بەداخەوە هەندێ پەنابەر هەن بەو پارەیە رازین و بەدوای كار و ژیانی باشتردا ناگەڕێن و بیر لەوە ناكەنەوە كە لەداهاتوو منداڵەكانیان گەورە دەبن و زیاتر لەوەیان دەوێ كە ئێستا بۆیان خەرج دەكرێت”.
ئەو جەخت لەو یەكسانییە دەكاتەوە كە لەنێوان منداڵانی سویدی و منداڵانی پەناهەندە هەیەو دەڵێ “راستە لەم وڵاتەدا هاوكاری منداڵی سویدی و پەناهەندە وەكو یەكە، كاریان هەبێ و كاریان نەبێ منداڵەكانیان وەكو یەك پارەی هاوكاری وەردەگرن، بەڵام بەداخەوە هەندێ هەن لەپەنابەران پارەكەیان سەرف ناكەن بۆ منداڵەكانیان و كۆی دەكەنەوەو پەنابەری كورد هەیە، لێرە پارەی منداڵەكانیشی كۆ دەكاتەوەو دەیەوێ لەكوردستان بینای پێ دروست بكات”.
بەوتەی موفیدە منداڵی زۆر لەو كەسانە توشی لادان دەبێت و بەرەو كاری خراپ دەچێت و تەنانەت باس لەوەش دەكات، كە هەندێ لەخێزانەكان “موعەقەد” بوون و توند دەستیان گرتووە بەنەریتی خۆیانەوەو هەوڵ دەدەن كە منداڵەكانیان توند دەستی پێوەبگرن بەشێوەیەك كە منداڵەكانیشیان سەرگێژ كردووە.
لەو بارەیەوە دەڵێ “منداڵەكانیان دەچنە قوتابخانە كلتورێكی دیكە دەبینن و كە دێنەوە ماڵەوەش بەحەساسی باسی كلتوری ئێرە دەكرێت، بۆیە سەریان لێدەشێوێت و نازانن ئایا سویدین یاخود كوردن و هاوكارێكیان نییە رێیان پێشان بدات، تا بزانن چ كارێك باشە ئەنجامی بدەن”.
موفیدە لای وایە جیاوازی لەنێوان كلتورەكان نییەو خراپەكاری لەهەرجێیەك بێ هەر خراپەكارییەو باشەش هەر باشەیە “راستە من كوردم و نابمە سویدی، بەڵام ئەوە بەمانای ئەوە نییە منداڵەكانیشم موعەقەد بكەم، كە نەتوانن سود لەشتە جوانەكانی ئێرە وەربگرن”.
دووپاتیدەكاتەوە كە ئەم جۆرە مامەڵەیە لەگەڵ منداڵان كێشەی بۆ رێژەیەكی زۆری منداڵانی پەنابەر دروست كردووەو ئەو كێشانەش توشی رێگای خراپیان دەكات وەكو جێهێشتنی قوتابخانە و هێنان و بردنی هەندێ مادەی نایاسایی و باس لەوەش دەكات، كە هەندێك خێزان بەهۆی هەڵە و نەزانییانەوە لەپەروەردەی منداڵەكانیان حكومەتی ئەم وڵاتەیان ناچاركردووە لەرێی سۆسیالەوە دەست بگرێت بەسەر منداڵەكانیانداو منداڵەكانیان بگوازێتەوە جێیەكی دیكە كە بەئاسانی رێگا بەدایك و باوكیشیان نەدرێ بیانبینێت.
ئەو ژنە كوردە، رەخنە لەوانەش دەگرێت كە بەبێ هۆ و لەسەر بنەمای بە هەڵە خوێندنەوەی بارودۆخی دەرەوە روو لە هەندەران دەكەن و دەڵێ “زۆر هەڵەیە ئەو كەسەی كە كێشەیەكی گەورەی نەبێ روو بكاتە ئەوروپا و پێی وابێ ژیان لێرە بێ كێشەیە، بەڵكو لەئەوروپا دەبێت ئینسان بەدەستی خۆی ژیانی خۆی دروست بكات”.
هاوكات رەخنە لەو پەنابەرە كوردانەش دەگرێت كە دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان و هەوڵ نادەن شتە باشەكانی ئەم وڵاتە لەگەڵ خۆیاندا بگوازنەوە و دەڵێ “خەڵكانێك هەن ساڵانێكی زۆرە لەوڵاتی سوید دەژین هەموو كارێكی باش ئەنجامدەدەن بەتایبەت لەبواری پاراستنی ژینگە و پاك راگرتنی شار، بەڵام كاتێك دەچنەوە ئەو بابەتە ڕەچاو ناكەن”.
ئەو لەدوا دێڕەكانیدا بەراوردێكی كردو گوتی “تاك بۆی نییە پاكەتی جگەرەكەی یاخود قوتوی بیبسی و ئاوخواردنەوەكەی فڕێ بداتە سەر زەوی، بەڵام من كەسانێكم بینیوە كاتێك چووەتەوە كوردستان پاكەتی جگەرەكەی و دەبەی ئاوەكەی بێباكانە فڕێ داوەتە سەر زەوی و كە لێی دەپرسی بۆچی ئەوە دەكەیت؟ وەڵامت دەداتەوەو دەڵێت خۆ ئێرە سوید نییە”.
ئەو ژنە كوردە پرسیارێك لەو كەسانە دەكات، كە ئەو كارانە دەكەن “باشە سوید چۆن دروست دەبێت و چۆن كوردستان دەبێتە سوید كە تۆ لەوڵاتێكی پێشكەوتووەوە بڕۆیتەوەو نەتوانی ئەم شتە سادەیەی ئێرە لەكوردستان جێبەجێبكەیت؟”.
داوای لەكوردانی ئەوروپا كرد “ئەگەر ناتوانین پرۆژە و پێشكەوتنێكی گەورەش لەگەڵ خۆمان ببەینەوە بۆ وڵاتەكەی خۆمان با هیچ نەبێ لەمامەڵەی رۆژانەماندا شتێك لەپێشكەوتنی ئێرە بگوازینەوە وڵاتەكەمان و ئەوەندە بێباك نەبین”.

ئەم بابەتە لە گۆڤاری سڤیل چاپکراوە

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com