سەیران سەڵاح: چی لە بینای جوان و ڤێلاو باڵە خانەو تەلاری بەرز بکەم؟ کە مناڵان لەبەردەمیاندا قۆنەرە بۆیاخ دەکەن

0

sbسەیران سەڵاح سەرۆکی رێکخراوی ئەستێرەی منداڵان و فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی منداڵان:

چی لە بینای جوان و ڤێلاو باڵە خانەو تەلاری بەرز بکەم؟ کە مناڵان لەبەردەمیاندا قۆنەرە بۆیاخ دەکەن
ئەگەر پرسی مناڵ بە شتێکی سادەو ساکار و وەکو سادەیی و بچوکی مناڵان، بچوک سەیر بکرێت، ئایندەیەکی باش نابینم بۆ مناڵی کورد

نوچەنێت

زیاتر لەوەی وەک چالاکوانێک لە پرسەکانی مناڵدا دەربکەوێت، روویەکی دایکانەی هەیە بۆ مناڵ، لە زۆربەی بۆنەکاندا، ئەو لەناو پۆلێک مناڵدایە، جیاواز لە هاوڕێکانی لە بۆنە خۆشیەکانیشدا، دەستی کۆمەڵێک مناڵی بەدەستەوەیە بۆ هاوکاری و دڵنەوایی و خزمەتکردنیان، کاتێک لەکارو چالاکیەکانی دەڕوانی، هەست دەکەیت زیاتر لەوەی لەچالاکیگەلێکی رێکخراو بچن، لە کارێکی پڕ لەدڵسۆزی دایک دەچن بۆ مناڵ، رەنگە هەر ئەمەش نهێنی سەرکەوتنی کارەکانی بێت، ئەو ناوی “سەیران سەلاح” ە کە خانمێکی ناسراو و چالاکی کوردە و ساڵانێکە لەبواری پرسەکانی مناڵ قاڵبۆتەوە، لەم دیمانەیەکدا لەگەڵ نوچەنێت، رەخنە لە حکومەت و ئۆپۆزسیۆن دەگرێت، کە پرسی مناڵ نەبووە بەخەم و ئامانجیان، پێی وایە بەرزکردنەوەی باڵەخانەکان لەکوردستان، مانای پێشکەوتنی وڵات نادەن، ئەوکاتی کە دەبینی مناڵێک لەبەردەمیاندا چاوەڕوانی بۆیاخکردنی قۆنەرەی ئەوانەیە کەسەردانی باڵەخانە بەرزەکان دەکەن.

سەیران سەڵاح بەرپرسی رێکخراوی ئەستێرەی مناڵانە، کە رێکخراوێکی خێرخوازی ناحکومی (NGO ) ناسیاسی قازانج نەویستە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی منداڵان کار دەکات لە ناوەوەو دەرەوەی کوردستان و سەرۆکی فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی منداڵانە لەکوردستان، لەم دیمانەی نوچەنێت دا باسی پێشکەوتنەکانی کوردستان دەکات پێی وایە ئەو وڵاتە لەزۆر روەوە پێشکەوتن و ئاوەدانی بەخۆوە بینیەوە کە وەک خۆی دەڵێت “جێی دڵخۆشی کوردە لەهەر کوێ بن، ئەگەر باسی پرسەکانی ( بەرەو مەدەنیەت – پرسی گەنج – پرسی (ئافرەت یا ژن ) پرسی سیاسەت،  بکەین، بە گشتی هەموو ئەو شتانە کاریان بۆ کراوە و دەکرێت، بۆیە دەبێت لەم نێوەندەدا پرسین کوا پرسی مناڵ لە کوردستان و ئەو پرسە گرنگە بە کوێ گەیشتوە”.

لەگەڵ باسکردنی پێشکەوتنەکانی کوردستان،سەیران دەشپرسێت”من چی لە بینای جوان و ڤێلاو باڵە خانەو تەلاری بەرز بکەم، کە مناڵ لە ترافیکەکانی شار دەست فرۆشی دەکات ؟ من چی لەو سوپەرمارکێت مۆڵە گەورانە بکەم، کە مناڵانی کورد هێشتا لە بەردەرگاکانیاندا چاوەروانی رێبوارانن، تا لە کاتی چونە ژورو هاتنە دەرەوەیان، تکایان لێ بکەن، پێڵاوەکانیان بۆیەو پاک بکەنەوە، باسی یاریگاو پارکە جوانەکان ناکەم، کە لەوێشدا منداڵە هەژارەکان بۆ ئەوە نەهاتوون تا چێژ لە یاریەکانیان بکەن و ئارەزووە جوانەکانیان لە وێدا بهێننە دێ، بەڵکو لەوێن تا ئاوی سارد و دەبدەبەو بوکۆڵە بە خەڵکی بفرۆشنەوە، بۆ پەیداکردنی پاروی ئەورۆژەی سەرجەم خانەوادەکانیان” .

ئەو ژنە چالاکەی کورد، بۆ نوچەنێت دەشڵێت”لە بواری پەروەردەی مناڵدا کەموکوڕی زۆر لە قوتابخانەکان هەیە، لە بواری تەندروستی کار کراوە، بەڵام خۆزگە هەمو ئەو مناڵە نەخۆشانەی چارەسەریان نیە و بە پارەیەکی زۆر چارە سەر دەکرێن بە تایبەتی مناڵە هەژارەکان، چارەسەر دەکران و هاوکاری دەکران بەپێی پێویستی چارەسەرەکانیان”.

سەیران، رەخنە لە بنکەکانی چاکسازی نەوجەوانانیش دەگرێت و رایدەگەیەنێت”وەزارەتی کار تاکو ئیستا پلانێکی بۆ جیاکردنەوەی کەسیەکان نەبووە، لە بنکەی چاکسازی نەوجەوانان هەموو کەیسەکان تێکەڵ بەیەک کراون، ئەوە وایکردووە، ئەو مناڵانەی کە توشی کێشەی یاسایی دەبنەوەو و دەخرێنە چاکسازی بۆ ئەوەی چاک بکرێن، بۆ نمونە وەک مناڵێک شتێکی بچوکی دزیوە یا گەورەیەک ئیستیغلالی کردوە بۆ کاری بەدرەوشتی، یانیش مناڵێک تەحریز کراوە کەسێکی نزیکی خۆی بە بیانوی شەرەف یانیش…. نابێ ئەمانە تێکەڵ بەیەک بکرێن، چونکە هەریەک لەم مناڵانە جۆرە ئاکارێکی توش بوە، وە پێویستە چاودێری بکرێن و بەپێی کێشەکانیان هاوکاری بکرێن، و مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، زۆر منداڵ هەن چەندین جار دەستگیر دەکرێنەوە دوبارە دەخرێنەوە ئەوێ !!  کەوایە کوا چاکسازی  و کوا چاککردنی مناڵ، کاریگەری ئەو ماوە چیی بووە کە لەچاکسازی بووە؟ راستە ئیدارەیان هەیەو فەرمانبەر و چاودێر و توێژەری کۆمەڵایەتیان هەیە و بەردەوام کاری خۆیان دەکەن، بەڵام ئەم شوێنە کاری زیاتری دەوێت، بەدواداچونی زیاتری دەوێ بۆ ئەو منداڵانەی کە دوای مانەوەیان لە بنکەکە و دواتر هاتنەوەیان بۆ ناو کۆمەڵ، کێشەیەکی تریان روو بەڕو دەبێتەوە، وەک ئەوەی کە خەڵک هەمیشە پێیان دەڵێت ئەمانە لە سجن بونە، بێ گومان ئەمە کاریگەری خراپ بەسەر دەرونی ئەو کەسانەوە دەبێت و دوبارە هانیان دەداتەوە کە هانا ببەنە بەر تاوانی تر”.

سەرۆکی رێکخراوی ئەستێرەی منداڵان و فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی منداڵان، روانینی خۆی بۆ سیستەمی پەروەردە لەکوردستان دەخاتەڕوو دەڵێت”کە لە زۆر لایەنەوە پرسی مناڵ فەرامۆش کراوە، پێموایە کاتێک سیستەمی سویدی بریاری لە سەردرا، کە لە قوتابخانەکان پەیرەو بکرێت بریارێکی پەلەبوو، چونکە دەبوایە بەر لەم بریارە بە دەیان وۆرک شۆب و کۆنفراس ئەنجام بدرابوایە لە کوردستان، سەبارەت بەم سیستەمە. کە ئایا تاچەند گونجاوە  بۆ منالانی کوردستان، تاچەند فەڕاغ و دژ بەیەک دروست دەکات لەنێوان پەروەردەی ماڵەوەی مناڵ و پەروەردەی قوتابخانەکان، چۆن هەماهەنگیان لەنێواندا دروست دەکرێت؟ من ناڵێم سیستەمی سویدی خەتەرە بەڵام ئایا  تاچەند قوتابیەکان دەتوانن هەماهەنگ بن لە گەڵ ئەو سیستەمەدا ، مامۆستایان تا چەند دەتوانن ئەم سیستەمە پەیرەو بکەن و لێ ی تێ بگەن، جیاوازی وڵات و کۆمەڵگای سویدی و کوردستانی چییە، تاچەند کاریگەر دەبن بەسەر سیستەمەکەوە، دەبوو بەر لە بەکارخستنی ئەو سیستەمە وەڵامی ئەو پرسانە بدرایەتەوە”  بەهۆی ئەوەش کە لە سیاسەتی حکومەت و پەروەردەدا بایەخی تەواو بە پرسی مناڵ نادرێت، هەربۆیە ئەگەر پرسی مناڵ وەکو ئێستا بە شتێکی سادەو ساکار و وەکو سادەیی و بچوکی مناڵان، بچوک سەیر بکرێ ئەوە تئایندەیەکی باش نابینم بۆ مناڵی کورد” بۆیە پێشنیار دەکات” ئەگەر حکومەت و رێکخراوەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەیانەوێ ، ئەگەر حکومەت ئامانجیتی وڵاتێکی پێشکەوتووبین، با گرنگی زیاتر بە منداڵ بدرێت، ئەگەر دەیانەوێت توندوو تیژی ئافرەت نەهێڵن، با لە مناڵەوە دەست پێ بکەن، چونکە ئەستەمە بە ئاسانی بتوانرێت هەموو مێشکەکان تێ بگەینی و هۆشیاریان بکەیتەوە، بۆیە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەیەک کە کوشتنی ژن بە بیانوی شەرەف تێدا کێشەیەکی بەرچاو گەورەیە، دەبێت لە مناڵەوە دەستپێبکرێت و هۆشیار بکرێنەوە لەو مەترسیە خەتەرناکە لە رێگای بابەتەکانی خوێندن لە قوتابخانەکان و مناڵ فێری ئایندەیەکی دوور لەتوندو تیژی بکرێت”.

سەیران سەڵاح چالاکوان لەپرسەکانی مناڵ رەخنەی ئەوەش لە حکومەتی کوردستان دەگرێت کە”پرس بە رێکخراوەکانی بواری پرسی منداڵ ناکرێت، بۆ نمونە کە باسی بودجە کرا لە پەرلەمان کەسێکی تایبەتمەندمان لەبوارەکانی منداڵ نەبینی، بڵێت بۆچی لە بودجەی ئەمسال ئەوەندە بۆ منداڵ تەرخان کراوە، یان چی لەم بودجەدا هەیە گرنگی بە پرسی مناڵ بدات، بۆیە بە پێویستی دەزانم حکومەت هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ رێکخراوەکانی مناڵ بکات و  گرنگی بە ئەودامودەزگایانە بدات کە خزمەت بە مناڵ دەکەن، رۆڵی ئەو کەسایەتیانە بەرز بنرخێت، کە خۆیان بۆ خزمەتی مناڵ تەرخان کردوە لە هەموو بوارەکان ( بواری ئەدەبی، رۆشنبیری، تەندروستی کۆمەڵایەتی پەروەردەیی تا دێ )، پێشنیار دەکەم چۆن لە هەموو کابینەکانی حکومەتدا لە دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، بۆردی راوێژکاری بۆ لاوان و ژنان دامەزراوە، وەک هەیە با بوردێک لەسەر ئاستی کوردستان دابمەزرێت بۆ راوێژکاری بەمەبەستی گرنگی دان بەدواداچونی رەوشی منداڵ لە کوردستان، کە پێکهاتبن لە کەسایەتی خاوەن ئەزمون لە بوارە جیا جیاکاندا کە خزمەتیان بە مناڵ کردوە”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com