بەرپرسی مەڵبەندی دهۆكی یەكێتی: پارێزگاری دهۆك كەسایەتییەكی راست و دروستە, بەڵێنی داوە پارێزگاری هەموو خەڵكی دهۆك بێ

0

 

بەرپرسی مەڵبەندی دهۆكی یەكێتی: لەدهۆك دەنگی زیاتر لەهەڵبژاردنی رابردوو بەدەست دەهێنین

پارێزگاری دهۆك كەسایەتییەكی راست و دروستە, بەڵێنی داوە پارێزگاری هەموو خەڵكی دهۆك بێ

رزگار رەزا چوچانی

نوچەنێت . سڤیل

بەرپرسی مەڵبەندی دهۆكی یەكێتی، رایدەگەیەنێت، پارێزگاری دهۆك بەڵێنی پێداون پارێزگاری هەموو لایەنەكان بێت، دەشڵێت پارێزگاری ئەو شارە “كەسایەتییەكی راست و دروستە”. پێشی وایە هەڵبژاردنی داهاتوو نەخشەی سیاسی هەرێمی كوردستان دەگۆڕێت و یەكێتی دەنگی زیاتر لەهەڵبژاردنەكانی پێشوو بەدەست دەهێنێت.
هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی دهۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لەبارەی كێشەكانی یەكێتی لەبادینان، كە بەشێك لەسەركردەكانیان و وتەبێژی فەرمی حزبەكەشی وایان خستۆتەڕوو لەو دەڤەرانە حزبەكەیان بێ بەشە لەبڕیار و پۆستەكان، بۆ (سڤیل) گوتی “ئەو بێ بەشكردنە تەنها دهۆك ناگرێتەوە، بەڵكو ئەوە سیاسەتێك بووە دوای شەڕی ناوخۆ هاتۆتە ئاراوە، دوای ئەوە دابەشبوونی ئیدارە هاتە ئاراو تا ئێستاش مۆرك و سیمای دوو ئیدارەی بەكار و چالاكی ئۆرگانەكانی حكومەتەوە هەیە، لەهەولێر تا دەگاتە دهۆك هەموو قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان پارتین، لەسلێمانیش هەموو قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان یەكێتین، ئەوەش رەنگدانەوەیەكی تەندروستی نابێ چ لەسەر هاوپەیمانێتیەكە، چ لەسەر متمانەی خەڵك بەوەی كە ئیدارەكان یەكیانگرتۆتەوە. بەڵام ئەوە واقیعێكە زیانی بەهەردوولامان گەیاندووە، راستیەك هەیە شەڕی ناوخۆ زیانێكی گەورەی بەنەتەوەكەمان گەیاند، ئێستاش كاریگەری نێگەتیڤی لەتبوونی و دووبەشبوونی كوردستانی هەیە، هیوادارین لەداهاتویەكی نزیك ئەم كێشانەش چارەسەر بكرێت”.
بەرپرسی مەڵبەندی دهۆكی یەكێتی، بۆ (سڤیل) ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە پارێزگاری دهۆك لەدانیشتنی لەگەڵ یەكێتیدا بەڵێنی بێ لایەنی لەكارەكانیدا داوە، “ئەوەی دەیبینم ئێستا پەیوەندیەكانمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، كە هەم رێككەوتنی ستراتیژیمان هەیە، هەم دوو پارتی هاوپەیمانین لەحكومەت، پەیوەندییەكی باشمان هەیە، بەتایبەتی بەڕێز پارێزگاری دهۆك هەم لەسەردانی بۆ لای ئێمە و هەم لەسەردانەكانی ئێمە بۆ ئەوێ، وایخستۆتەڕوو كە پارێزگاری هەموو خەڵكی دهۆكە بەهەموو پارتە سیاسیەكانەوە، ئەوەی بەشەخسی خۆشم لەبەڕێز كاك تەمەر دەیبینم، كەسایەتییەكی راست و دروستە، خزمەتێكی زۆری بەشاری دهۆك گەیاندووە، هیوا دەخوازین لەئایندە ئەو بەڵێنانەی بەڕێز پارێزگار زیاتر ببێتە پراكتیك”.
هەرێمی كەمال ئاغا بڕوای وایە لەداهاتوودا یەكێتی دەنگی زیاتر بەدەست دەهێنێت، “چونكە جیا لەوەی رۆژ بەڕۆژ ژمارەی دانیشتوان زیاد دەبێت، هەموو لایەنێكیش بەپێی بەرنامەو كاری خۆی دەنگەكانی روو لەزیادبوون دەكات، لەهەڵبژاردنەكانی رابردوو یەكێتی نیشتیمانی هەندێ هەڵەی تەكنیكی هەبووە، كە كاریگەری هەبووە لەسەری، بێگومان ئەو هەڵانەش دووبارە نابێتەوە، ئەوەش رەنگدانەوەی باشی دەبێت بەسەر دەنگەكانی یەكێتییەوە، خۆشم بەپێی تەجروبەی خۆم لەموسڵ تەجروبەیەكی باشم هەیە، لەسەر ئاستی گشتیش هەڵەكان دووبارە نابێتەوە، بەپێی واقیعەكەش جەماوەری یەكێتی و جەماوەری پارتیش وابەباش دەزانن هەرلایەنەو بەلیستی جیا بەشداری هەڵبژاردن بكات، ئەمەش بەلای یەكێتییەوە رەنگدانەوەی باشی دەبێت، من وای دەبینم لەئایندە یەكێتی دەنگی راستەقینەی خۆی بەدەست دەهێنێت، كە دەنگێكی گەشەسەندوو دەبێت، دەتوانم بڵێم یەكێتی لەدهۆك دەنگی زیاتر لەهەڵبژاردنی رابردوو بەدەست دەهێنین”.
ئەو ئەندام سەركردایەتیەی یەكێتی گوتیشی “نەخشەی سیاسی لەداهاتوودا گۆڕانی بەسەردا دێت و وەكو ئێستا نامێنێ، رێككەوتنەكانیش گۆڕانی بەسەردا دێت، رەنگە رێككەوتنی ستراتیژی پێداچونەوەی پێدا بكرێت، هەندێ خاڵ كە جێبەجێكراوە باشتر بكرێت، یان هەندێ خاڵ لابدرێت، یان رەنگە بەرفرەوان بكرێت بۆ ئەوەی لایەنی دیكەیش بەشداربن، چونكە هەڵبژاردن سەنگی مەحەكە بۆ ئەوەی هەرهێزێك سەنگی راستی خۆی بزانێت”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com