ئایا لەم دۆخە هەستیارەدا، بارزانی مەلەفەکە تەسلیم بە موجامەلاتی سیاسی ناوخۆ دەكات؟

0

mesud-barzaniبەڵێ یاساییەو دەكرێ بارزانی بببێتەوە بەسەرۆك

رزگار رەزا چوچانی – سوید

هەرگیز لەگەڵ شەخسپەرستی نیم، بەڵام دەبەنگییە كاتێك زەرورەتی هەبوونی كەسێك دەبینین، دەبینین وڵات پێویستی بەكەسایەتی و قورسیەت و توانا و دڵسۆزی كەسێكە رابەرایەتی بكات، بۆ ئەوەی پێمان نەڵێن شەخسپەرستە، باسی نەكەین و نەیخەینەڕوو، یان مادام كێشەمان لەگەڵ حزبی ئەو كەسایەتیە هەبێت، چاوپۆشی لەزەرورەتی هەبوونی ئەو بكەین و نەیخەینە بەرباس.
ئێستا باسی رۆژ لەكوردستان باسی هەڵبژاردنەكانە، هەڵبژاردنی پەڕلەمان، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم، لەو نێوانەدا ئەوەی جێی مشتومڕە، خۆ كاندیدكردنەوەی بەڕێز “مەسعود بارزانی”ە بۆ سەرۆكایەتی وڵات، كە بەپێی یاسایەكی ئیلهام وەرگرتوو لەڕەشنوسی دەستوری كوردستان، ماوەی سەرۆكایەتی بۆ دوو خول دیاریكراوە.
لەرەشنوسی دەستوری كوردستاندا و لەمادەی ٦٤ دا هاتووە، كە ماوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان چوار ساڵە، لەرۆژی سوێند خواردنی دەستورییەوە دەست پێ دەكات، دەكرێ بۆ ویلایەتی دووەمیش هەڵبژێردرێتەوە، لەڕۆژی كارپێكردنی ئەم دەستورەوە.
بەپێی ئەم مادە دەستورییە، ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم و لەو رۆژەوە دیاری دەكرێت، كە دەستور كاری پێكرا، هەر ئەم دەستورەو ئەو ماوەی كە بۆ سەرۆكایەتی لەدەستوردا دیاریكراوە، كراوەتە بنەما بۆ یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، چونكە ناكرێ یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بەشێوەیەك سیاغە بكرێت، كە ناكۆك بێ لەگەڵ دەستور، یان لەدەستوردا ماوەی سەرۆكایەتی یەك خول بێت و لەیاساكەدا دوو خول بێت، كەوایە ئەوەی لێرەدا بۆمان رووندەبێتەوە لەیاسای سەرۆكایەتیدا پشت بەمادەی 64 ی رەشنوسی دەستور دەبەسترێت، بۆ دیاریكردنی ماوەی سەرۆكایەتی. بەڵام ئایا تا ئێستا دەستوری كوردستان كاریپێكراوە؟، رەنگە بەشكڵی كاری پێكرابێت، بەڵام بەپێی یاساو لەڕووی یاساییەوە، دەستوری كوردستان مشتومڕی لەسەرە، رەشنوسە تا ئێستاو نەخراوەتە راپرسییەوە، بۆیە بەهۆی ئەوەی ئێستا ئەو دەستورەی كە ماوەی سەرۆكایەتی دیاریدەكات كاری پێنەكراوە، كوردستان بەوڵاتێكی بێ دەستور هەژمار دەكرێت، كەوایە ئەوەی كاری پێ دەكرێت یاسای سەرۆكایەتیە نەك دەستور، چونكە ئۆپۆزسیۆن دەستوریان قبوڵ نییەو نەخراوەتە راپرسی، بۆیە دەكرێت و لەگەڵ بنەماكانی دیموكراسیدا گونجاوە، كە ئەو یاساش وابەستەی دەستور بكرێت، كە مادام دەستور نەخراوەتە بەر راپرسی، هێشتا ناكرێ بكرێتە بنەما بۆ یاساكان.
یان گریمان نەخێر دەكرێت كار بەیاساكە بكرێت، لەوكاتیش زەرورەتی بوونەوەی بارزانی بەسەرۆك و پێویستی دۆخی كوردستان بەسەرۆكایەتی بارزانی، دەكرێت یاساكە هەموار بكاتەوە یان ئەو بڕگەیەی دەسكاری بكرێت، كە ماوەكە دیاری دەكات، بێگومان گۆرینی یاساش ئەگەر پارتی و یەكێتی بیانەوێت، ئاسانە و زۆرینە و كەمینە دەیگۆڕێت، لەدنیای دیموكراسیشدا هەروایە، یاسا پێویستی بەتەوافق نییە، ئەگەر نەگەنە بڕیار، بەڵكو زۆرینەو كەمینە بڕیار دەدەن، ئاخر خۆ یاسا دەستور نییە تا بڵێین بنەمای یاساكانەو تەوافقی دەوێ، خۆ ئەگەر گۆڕینی هەریاساك وا قبوڵبكرێت كە پێویستی بەتەوافقە، ئەوە هیچ مانایەك بۆ دیموكراسی و مافی زۆرینە ناهێڵدرێتەوە.
دیارە ئەم تێگەشتنە لای سەركردایەتی پارتی و یەكێتیش دروست بووە، بۆیە لەكۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی سكرتێرانی مەكتەبی سیاسی هەردوو حزب، مەلابەختیار گوتی، “كاندیدی ئێمە هەر كاك مەسعودە”، خۆ ئەگەر ئەوەیان لەبەرچاو نەگرتبێ و ئەوانیش وەكو ئۆپۆزسیۆن بڵێن یاساكە نەگۆڕە، ئەوە مەلابەختیاریش یاساكەی لەبەرچاو دەبوو.
بۆیە ئا بەم رێگا یاساییە دەكرێ بارزانی خۆی كاندید بكاتەوە، مافی یاسایشی دەبێت تا دەستور دەخرێتە بەر راپرسی و پەسەندكردن، هەركات دەستور پەسەند كرا، بەپێی ئەو دەستورە شێوازی سەرۆكایەتی و ماوەكەشی دەكرێ دیاریكراو بێت.
كەوایە ئۆپۆزسیۆن خۆی بەهەڵەدا دەبات، یان رەنگە پێی وابێ بەم شێوەیە دەتوانێ بڕوا بەخەڵك بهێنێ دەسەڵات كاری نایاسایی دەكات، ئەگەر بیەوێ ماوەی سەرۆكایەتی بارزانی درێژبكرێتەوە یان دەسكاری ئەو بڕگەی یاساكە بكرێت، بێ ئەوەی بزانێ خەڵك دەزانن تا ئەمڕۆش ئۆپۆزسیۆن دەستور دایكی یاساكانیان قبوڵ نییە، ئەوان هەموو ئەو شێوازی سەرۆكایەتییەی كوردستان كە لەدەستوردا هەیە رەتدەكەنەوە، ئەی چ عەجەب ئەیانەوێ بەرانبەر مادەی ٦٤ دەستوریان قبوڵ بێت؟ یان ئەو مادەیە كە لەیاساكەی دیكەدا هاتبێ پەسەند بێت و بكرێتە بنەما بۆ كار و خەباتیان.
لەهەموو دنیای دیموكراتیشدا وایە، كاتێك دەسەڵات ویستی دەسكاری یاسایەك بكرێت، یان دابڕێژرێتەوە لەپەڕلەمان كاری بۆ دەكات، سەرەتا هەوڵی رازیكردنی لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵاتیش دەدات، كە رازی بن و بڕوا بەزەرورەتی ئەو كارە بهێنن، ئەگەر نەكرا، ئەوە مافی رەوای زۆرینە بوون بەكاردەبات و پرۆژەكەی خۆی پەسەند دەكات، پارتی و یەكێتیش هەمان شتیان كردووە، بۆ مانەوەی بارزانی هەوڵی جدیان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن داوە، بەرلەوەی ئۆپۆزسیۆنیش وەڵام بدات، بەڕێزەوە لەكۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی هەردوو مەكتەبی سیاسی پێیان وترا، كە بارزانی تاكە كاندیدی ئەوانە، دەتوانن بەیاسا و بەبنەما دیموكراسیەكانیش ئەوە بكەن. ئێستا دەكرێ بڵێین بەڵێ بارزانی دەتوانێت ببێتەوە كاندیدی سەرۆكایەتی و دەكرێت بشبێتەوە بەسەرۆك ئەگەر زۆرینەی پەڕلەمان ئەوەیان بوێت.
رای شەخسی منیش وایە كە كوردستان لەدۆخی ئەمرۆیدا پێویستی بەبارزانی هەیە، پێویستی بەكەسایەتی و قورسیەتی ئەو پیاوە هەیە رابەرایەتی بكات، رەنگە بۆخۆی ئەم خۆ كاندیدكردنەوەیە رەتبكاتەوە، بەڵام لەوكات دەبێت بارزانی ئاگای لەوە هەبێت كە لەدۆخە هەرە هەستیارەكەدا پرسی نەتەوەو وڵاتەكەی جێهێشتووە، كۆتا پرسیاریش لەو بارەیەوە ئەوەیە، ئایا تەنها بۆ رۆتیناتی یاسا، بارزانی چاوپۆشی لەمافەكانی زۆرینەبوون دەكات؟ ئایا بارزانی لەم دۆخە هەستیارەدا پرسی نەتەوەكەی جێ دەهێڵێت و مەلەف تەسلیمی موجامەلاتی سیاسی ناوخۆ دەكات؟ بێگومان زەمەن وەڵاممان دەداتەوە.

ئەم بابەتە لە سڤیل چاپکراوە

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com