کەمال رەئوف: یەکێتی توشی سەرگەردانی و پەرتەوازە بوون بووە، ناتوانێ کێبەرکێی گۆڕان و پارتی بکات
نوچەنێت
سەرنوسەری پێشووی رۆژنامەی هاوڵاتی رایدەگەیەنێت، بەهۆی نەبوونی تاڵەبانیەوە، یەکێتی توشی سەرگەردانی و پەرتەوازە بوون بووە، وەک ئەو دەڵێت” ناتۆانێت بەمحاڵەیەوە كێبەركی لەگەڵ پارتی و گۆران بكات”. و ئەگەری کەرتبونی ئەو حزبە نزیکە.
کەمال رەئوف سەرنوسەری پێشووی رۆژنامەی هاوڵاتی، بۆ نوچەنێت باسی دۆخی ئێستای یەکێتی دەکات و دەڵێت”تاڵەبانی لە قەیرانێكی تەندروستی قورسدایە، برواناكەم جارێكی تر تەمەن و نەخۆشی بواری بدەن لەكایەسیاسییەكاندا رۆڵی خۆی ببینی وەك جاران، بەڵام یەكێتی بەهۆی نەبوونی ئینسجامەوە، دەیانەوێت گەر تاڵەبانی وەك شیخ یاسین لەسەر عەرەبانەش بێت هێشتا دەستبەرداری نەبن وەك سەركردەی خۆیان لەدەوری گردببنەوە، ئەوەش لەئاكامدا ئەوە دەردەخات ئەوە تاڵەبانی نییە پێویستی بە یەكێتی بێت بەڵكو ئەوە یەكێتیە پێویستی بەتاڵەبانیە”.
نەبونی تاڵەبانیش وەک کەمال رەئوف دەڵێت یەکێتی توشی پەرتەوەزەیی کردووە و وای دەبینێت، ئەگەری کەرتبوونی ئەو حزبە نزیکە”یەكێتی بەهۆی نەبوونی پلانی پێشوەختەوە بۆ ئەم لەحزەیە كە تاڵەبانی لێیان دوربێت، توشی سەرگەردانی و پەرتەوازەیی بون، لەیادكردنەوەی راپەرینی ئەمساڵ، لە8 ی مارس، هەروەها لەهەڵوێستیان لەسەر هەڵبژاردن و دانیشتنیان لەگەڵ گۆران، هەروەها بزربوونی رۆڵیان لە بەغداد، ئەوەنیشان دەدەن كەیەكێتی ناتۆانێت بەمحاڵەیەوە كێبەركی لەگەڵ پارتی و گۆران بكات، بۆیە دەبێت خۆی بەلایەكدا ساخ بكاتەوە، خۆ ئەگەر واش نەكات ئەگەری كەرت بوونی یەكێتی نزیك دەبێت”.
لەئەگەری کەرتبوونی یەکێتیش رەئوف پێی وایە”گۆران و پارتی لیناگەرێن بیبەش بن لەو هێزەی كە ئیستا لەدەوری یەكێتییە، بەدڵنیایشەوە بەرژەوەندی شەخسی و پاراستنی بەرژەوەندییە حیزبییەكان رۆڵیان دەبێت لەم كێبەركێیەدا”.