پەیامەکەی ئوجالان، خۆبەدەستەوەدانە
حەمەڕەشید هەرەس
هەرچەند لەو نامەیەی بەڕێز ئوجالان رادەمێنم، بە پێچەوانەی هەمو ئەو بەڕێزانەی بە هەنگاوێکی پیرۆزی ئەزانن چاوی لێ دەکەم. بە هەر لایەکدا سەر دەبەم و سەر دەهێنم، ئەو پەیامەم پێ ئەزبەر ناکرێت و هزرم بۆ هیچ ئەرێنیەك ناکشێت.
زۆر بە راشکاوی ئەڵێم ئەو پەیامە لە پەیامی کوردێك ناچیت، کە لە وادەی هاتنی تورکەوە بۆ ئەم دەڤەرە لە خوێنڕشتن و ئاوەکی کردنی کورد زیاتر هیچی لێ چاوەڕوان نەکراوە و ناکرێت.
ئاخر چۆن کەسێکی زیندانی رێگا بە خۆی ئەدات، داوای کۆتایی هێنانی شۆڕشێك بکات کە هیوای پەنجا ملیۆن کوردی چەوساوە و بێ وڵاتە، ئاخر چۆن؟
ئەم پەیامە ئەگەر لەزاری سەرکردەیەکی تورکیا، بۆ نمونە ئۆردوگانەوە بهاتایە، ئەبوایە کەسێکی وەك وەك بەڕێز ئۆجالان بە سنگێکی فراوانەوە پێشوازی لێ بکردایە و، لە هەمان کاتدا داوای متمانەی نێودەوڵەتی بکردایە بۆ جێبەجێ کردنی ناوەرۆکی پەیامەکە، نەك ئەو بەڕێزە هەر لە خۆیەوە پەیامی کۆتایی هێنان بەو شۆڕشە بنێرێت و کاربەدەستانی تورکیش بیدەن بە گوێی نەتەوەکەما، بڵێن: ئەوە سەرۆکەکەتان کۆتایی بە شۆڕشی چەکداری هێناو فەرمو بە قسەی بکەن!!!!! ئەی ئێوە ئەڵێن چی سەرکردەی تورك؟ ئەی ئێوەش وەك نیازپاکی و وەك لە سیاسەتدا باوە، بەرامبەر ئەم هەنگاوە چ کاردانەوەکتان بۆ نەتەوەیەك ئەبیت، کە لەوەتی مێژو بڕ بکات بە جۆرەها شێوە جینۆسایدی ئەکەن؟ تەنانەت یەکجاریش لە هیچ تورکێکی کاربەدەستەوە داوای لێبوردنێکی درۆش نەکراوە. ئەی من بەچی باوەڕ بکەم کە مێژو یەخەی گرتوم و ئەڵێت رەگەزبەرست هەر رەگەزپەرستە؟
بەڕێز ئۆجاڵان ئەفەرموێت: لەدژی ئەوانەی دەیانەوێت ئێمە پەرتەوازە ببین و شەڕ بکەین، ئێمە یەک دەگرین، هەروەها دژی ئەوانەی خوازیارن ئێمە جیا ببینەوە، ئێمە دەبینە یەک.
زۆر جوانە بەڵام لەگەڵ کێ دەبیتە یەك؟ لەگەڵ رەگەزپەرسێکی سەرسەخت، کە تا ئێستاش تۆ بە تورکی شاخاوی ئەناسێت؟
لە کاتێکدا ئەو خاوەنی دەوڵەتی ناسیونالی خۆیەتی و ئەڵێت تورکیا لە تورك بەولاوە هیچ نەتەوەیەکی تری تیانیە؟
ئایا لەم بۆچونە پەشیمان بونەتەوە؟ ئەی چۆن خۆم بدەم بە دەستەوە و هەمو کاتێك روی چەکەکانیان لە منی بێ چەک بکەن؟
ئەو کاتەی دژی ستەم و چەوساندنەوەی نەتەوەیی شۆڕشت هەڵگیرسان و جاڕی سەربەخۆیی کوردستانتان دا بە گوێی هەمو جیهاندا، ئەی باشە ئێستا هیچ ئاماژەیەك بۆ گۆڕینی ئەو رەوشە بەرە و چاکە هاتۆتە ئاراوە؟
باشە بۆ ئەوان بەو هەمو هێرشەوە بۆ سەر کوردستان و بە بەکارهێنانی جۆرەها چەکی کوشندە دیموکراتی بن، ئەی بۆ من تا بەرگری بکەم تێڕۆریست و شەڕخوازم، ئەی منی شەڕخواز کە چەکم دانا کێ زامنی ژیانمە، کێ زامنی دیموکراتیە، خۆ تورك تا ئێستا نقەی لێوە نەهاتوە. بەرهەمی نیازخراپیشیان هێشتا کوشتنی سێ خانمە چالاکوانەکەی پەکەکە لە فەرەنسا چلەی نەچوە!
ئەبێت لەژێر چاودێری لێژنەیەکی پزیشکی بێلان دا توێژینەوە بکرێت ئایا ئەم خۆبەدەستەوە دانە، لە کەسێکی ئاساییەوە هاتوە؟
یان لە ژێر کاریگەری حەبێك، یان شرنقەیەکدا ئەم پەیامەی ناردوە؟ یان زۆر بە راشکاوی ئەڵێم لە پێناوی ئازاد کردنی خۆیدا نەتەوەیەك بەرەو هەڵدێر ئەبات.
وەڵامەکەی بەڕێز قەرەیلان زۆر دیپلۆماسی و زیرەکانەیە، ( ئەگەر ئەویش هەر وا بمێنێتەوە). بۆ ئەوەی دوبەرەکی و پێکدادان رو نەدا زۆر ژیرانە ئەڵێت: ئێمە بە پێی پەیامەکەی سەرۆك ئەجوڵێینەوە و ئاگربەست رادەگەیەنین. بەڵام ناڵێت خۆمان بە دەستەوە ئەدەین، چونکە هیچ بیانویەکی بۆ ئەو خۆ بە دەستەوەدانە پێ نیە.
ئەبێت بڵێم بە هیوای ئەوەی بۆچونەکانم هەڵەبێت و چاکە و ئاسایش رو لەم کوردە بکات؟ نایڵێم و خۆم بە هەڵەش نازانم ئاخر مێژوی کورد وای فێرکردوم. لە داهاتودا زیاتری لەسەر ئەڕۆم.
٢٥/٣/١٣