ده‌قی‌ په‌یامه‌كه‌ی‌ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان

0

ده‌قی‌ په‌یامه‌كه‌ی‌ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان

نوچەنێت . خه‌ندان
وه‌ك بڕیاربوو ئه‌مڕۆ 21ى ئازار له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چوونی‌ ئاهه‌نگه‌كانی‌ جه‌ژنی‌ نه‌ورۆز له‌ شاری‌ ئامه‌دی‌ باكوری‌ كوردستان، ده‌قی‌ په‌یامه‌كه‌ی‌ ئۆجه‌لان خوێندرایه‌وه‌.
سری سورەیان ئۆندێری‌ په‌رله‌مانتاری‌ به‌ده‌په‌ له‌به‌رده‌م سه‌دان هه‌زار كه‌س په‌یامه‌كه‌ی‌ ئۆجەلانی بە زمانی تورکی خوێندەوە، رایگه‌یاند: ” بەڕێز ئۆجەلان کۆتایی بە سەردەمی شەڕ دەهێنێت، بەمەستی نوسینی نامەیەک کە تێیدا ئاشتییەکی سەربەرزانە ڕادەگەێنێت، قەڵەمەکی خستەکار و ئێستاش لەگەڵ ئێوە ئەو نامەیە هاوبەشی پێدەکەم”.
ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:
جەژنی نەورۆز و سەربەرزی لە ستەملێکراوان پیرۆز
 سڵاو لەڕۆژی بێداربوونەوە و سڵاو لەو ڕۆژەی کە تێیدا بەشێوەیەکی ئێجگار فراوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاستدا ژیان بەبەری بۆنەیەکی ئاوەهادا دەکرێت.
سڵاو لەو خەڵکەی کە بەشێوازێکی برایانە و جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە و لەژێر سایەی دیموکراتی و لەدایکبوونی سەردەمێکی نوێدا ئەم بۆنەیە پیرۆز دەکەن.
سڵاو لەو کەسانەی کەبوونەتە گەشتیاری ئەم ڕێگە گەورەیەی بەدەستهێنانی مافی دیموکراتی و سەربەرزی و یەکسانی، هەر لە بنارەکانی چیای زاگرۆس و تۆرۆسەوە تا ڕۆخی ڕوباری فوڕات و دیجلەوە کە لە دێرزەمانەوە بوونەتە دایک بۆ کوردان، و سوڵا و لە سەرجەم گوند و شار و شارستانیەت بێت.
ئەمڕۆ ڕۆژی بانگەشەکردنە بۆ تورکیایەکی نوێ،  دنیایەکی نوێ و داهاتوویەکی نوێ ڕادەگەێنین.
ئەوگەنجانەی کە پڕ بەدڵ بەدەم داواکەمەوە هاتن، ئەو ژنانەی کە لە دڵەوە نامەکەمیان وەرگرت، ئەو دۆستانەوە کە تەواوی وتەکانی منیان بە چاو و بەسەر قبوڵکردووە، و ئەوە مرۆڤانەی کە لە گوێبیستبوونی دەنگی من گوێیان هەڵخست.
ئەمڕۆ سەردەمێکی نوێ دەسپێدەکات، لە سەردەمی شەڕی چەکەوە، دەرگا بەڕووی سیاسەتی دیموکراتیدا دەکرێتەوە، سیاسی، سۆسیال و ئابوری واتا سەردەمێک کە تەواو ئەم مافانەی تێدا بەدی بێت، لێک تێگەیشتنێک کە پایەکەی مافە دیموکراتییەکان، سەربەرزی و، یەکسانی هەموو ئەمانە لەخۆ دەگرێت.
ئێمە بەدەیان ساڵ لەپێناوی ئەم خەڵکەدا فیداکاریمان کرد، چەندین باجی قورسمان دا، تەواوی ئەم هەوڵانەی ئێمە هیچیان بەهەدەر نەڕۆیشتن. کوردەکان  ئەسڵیان، ناسنامەیان دووبارە بەدەستهێنایەوە.
 ئێستا گەیشتینە ئەو خاڵەی کە با چیتر –چەکەکان بێدەنگ ببن و بیرۆکەکان بکەونە قسە، چیتر ئایدیای نەزانی تێکشکا و لەگەڵ خاکا بوون بەیەک.
ئەو خوێنەی کە ڕژاوە، بێئەوەی ڕەچاوی کورد و غەیرە کورد بکات تەواو ئەم ژینگەیەی لەخوێنا غەرقکرد، من بە گەواهی ملیۆنان کەس دەڵێم چیتر سەردەمێکی نوێ دەستپێدەکات، چەک نا بەڵکو سیاسەت دەچێتە پێشەوە، دووبارە دەمەوێ بڵێم کاتی ئەوە هاتووە کە هێزە چەکدارەکانمان لە سنورەکان بکشێنەوە، بڕواشم وایە هەموو ئەوانەی بڕوایەن بەم پڕۆسەیە هەیە تەواو بە چاوێکی هەستیارەوە لێی دەڕوانن و، ئەمەش کۆتایی نییە بەڵکو تەنها دەستپێکێکە، ئەمە واتای دەستپیکی گفتوگۆیەکی تەواو جیاوەز دەگەێنێت”
“هاوشێوەی مێژوی کوردستان و ئەنادۆڵ، لەپێناو پێکەوەژیانی سەرجەم خەڵکی و کلتورەکاندا بەشێوەیەکی ئاشتی و یەکسان، بێگومان لێپرسراوییەکی قورس دەکەوێتە سەرشانی ئێمە.
هەروەها داوادەکەم کە ئەرمەنییەکان و تورکومان و ئاشورییەکانیش لە بەرزبوونەوەی بڵێسەی ئەم ئاگرە سودمەند بن و سەربەرزانە ڕوناکیی خۆیان بەربکەوێت.
خەڵکی ڕێزداری تورکیا، پێویستە بزانن کە لەگەڵ کوردەکاندا نزیکەی هەزار ساڵ پێکەوە وەک برا ژیاون و ئەو ڕاستیەش ئاشکرایە، لەم برایەتیەشدا هیچ ناڕەزاییەک، دژایەتییەک بوونی نییە و ناشبی هەبێت”.
“ئێستا سەردەمی پێکدادان و چاو مۆڕکردنەوە لە یەکتری نییە، بەڵکو سەردەمی باوەش بەیەکداکردن و یەکتری قوبوڵکردنە. ڕابردووی هاوبەشمان ئەم دۆخەی بۆ هێناینە ئاراوە کە ئێستا تێیدا دەژین و، پێویستە داهاتوشمان پێکەوە بنیات بنێین، هەروەک چۆن لەساڵی ١٩٢٠دا پێکەوە پەرلەمانمان دروستکرد.
سەرجەم هاوڵاتییانی ماف خوارو، نوێنەری چین و کلتورەکان، چینی ئافرەتان کە کۆنترین چینی زوڵم لێکراو و چەوساوەن، مەزهەبە کپکراوەکان و تەریقەت و سەرجەم چینە کلتورییەکانی دیکە و نوێنەری کرێکاران و هەموو ئەوانەی کە لە سیستەمی حوکومڕانیدا مافیان خوراوە، داوادەکەم کە لە سیستەمی نوێی دیموکراتی و تازەگەریدا بە زووترین کات ڕۆڵ و بوونیەتیان بۆدابین بکرێت.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا بەدوای سیستەمێکی تازەگەری و دیموکراتیدا دەگەڕێ کە لەگەڵ مێژووەکەیدا هاوتا بێت و ئەو پێداویستییانەی تێیدا بۆ دابین بکرێن کە هاوشێوەی ئاو و نان گرنگن بۆ مرۆڤەکان و، ئەو کلتورە پێویستە جارێکی دی لەسەرجەم ئەنادۆڵ و مێزۆپۆتامیادا بنیاتبنرێتەوە.

لە نزیکترین کاتدا و لەچوارچێوەی ڕێکەوتنی نەتەوەیی (میساقی میللی)دا تورک و کورد لەژێر سایەی جەنگی ئازادی نەتەوەیدا بەشێوەیەکی زیاتر واقیعیانە ،تێکەڵوییەکی زیاتر و ژیانێکی قوڵتر پێکەوە ئەژین .

سەرەڕای هەموو ئەو زوڵم و هەڵە و ناتەواویانەی لە ٩٠ ساڵی ڕابردوودا بەرامبەرمان کراوە، جارێکی دی سەرجەم ئەو خەڵکەی کە لە تەنیشتامان وەستاوە و مەغدوور بووە و وێرانکاری گەورەی چەشتووە، بە ڕەچاوکردنی چین و توێژ و کلتورەکانییەوە هەوڵە ئەدەین دووبارە بنیادیان بنێینەوە و، داوا دەکەم تەواوی ئەم بەشانە بە یەکسانی و سەربەرزی و لەژێر سایەی ئازادی و دیموکراتیدا یەکبخرێن و بهێنرێنە ئاراوە.

داوا دەکەم، کوردەکان و تورکومان و ئاشوری عەرەب کە ئێستا بەهۆی شکاندنی ڕێکەوتنی نەتەوەیی (میساقی میللی)یەوە و لەنێو جمهوریەتی عەرەبی عێراق و سوریادا ژیانیان لێ قەدەغەکراوە، پێکەوە –کۆنفرانسێکی پاڵپشتی کردن و ئاشتی- ببەستن لەسەر بنامای تاوتوێکردنی ڕاستیەکانی خۆیان و، گۆڕینەوی زانیاری و بڕیاردان.
لە مێژوی ئەم خاکەدا  پەرە بە فراوانکردنی چەمکی (ئێمە) دراوە و، کۆتایی بە چەمکی بەرتەسک و بیرۆکەی تاکڕەوەی (من) هێنراوە. بۆیە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە بە ڕۆحی پێشینانەوە چەمکی (ئێمە) زیندوبکەینەوە و بیخەینە بواری پراکتیکەوە.

لەدژی ئەوانەی دەیانەوێت ئێمە پەرتەوازە ببین و شەڕ بکەین، ئێمە یەک دەگرین، هەروەها دژی ئەوانەی خوازیارن  ئێمە جیا ببینەوە، ئێمە دەبینە یەک.

ئەوانەی ڕۆحی سەردەم ناخوێننەوە، دەچنە نێو سەبەتەی خۆڵی مێژووەوە، ئەوانەی ڕێ لە ڕۆیشتنی ئاو دەگرن، بەرەو لێواری نەمان ڕادەکێشرێن.

هاوڵاتیانی ناوچەکە شایەتی هەڵهاتنی شەبەقێکی نوێ دەدەن. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە چیتر لە شەرکردن و پێکدادان و پەرتەوازەبوون ماندووبوون، ئێستا لەڕەگەوە جارێکی تر لەدایک دەبنەوە، شان بەشانی یەکتر دەیانەوە هەڵبسنەوە سەرپێ.

ئەم نەورۆزە موژدەیەکی نوێیە بۆ هەموومان.
ڕاستی نامەکانی حەزرەتی موسا و حەزرەتی عیسا و حەزرەتی موحەممەد، ئەمڕۆ بە مزگێنی نوێوە دەچنەوە نێو ژیان، مرۆڤایەتی دەیەوێت لەدەستچووەکانی دووبارە بەدەتبێنێتەوە.

بەکۆمەڵ ئینکاری لە ڕۆڵی ڕۆژئاوا ناکەین بۆ هێنانەدی شارستانیەتی نوێ.

چاوڕونییەکانی بەردەممان، یەکسانی و سەربەرزی و بەهاکانی دیموکراتی دەهێنین و تێکەڵی  بەهاکانی خۆمان، لەگەڵ ئەو شێواز جیهانییەی خۆمان بۆ بەڕێوەچوونی ژیانی دەیکەین بەیەک و دووبارە دەیان ژیێنینەوە.

ژێرخانی گفتوگۆ نوێیەکەمان بیرۆکە و ئایدیا و سیاسەتی دیموکراسییە و، حەملەیەکی گەورەی دیموکراتی لە دەسبەکاربووندایە.

سڵاوتان لێبێت ئەوانەی کە هێز دەبەخشنە ئەم پڕۆسەیە، ئەوانەی هاوکاری چارەسەری دیموکراتی-ئاشتی دەکەن.

سڵاو لە برایەتی هاوڵاتیان، لەوانەی لەپێناو یەکسانی و سەربەرزی دیموکراتیدا بەرپرسیارێتییان گرتۆتە ئەستۆ.

بژی نەورۆز، بژی برایەتی هاوڵاتیان.

گرتوخانەی ئیمڕالی ٢١ی ئازاری ٢٠١٣
عەبدوڵا ئۆجەلان

لە تورکییەوە هاوڕێ فەریق

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com