خالید رەنجدەر: ئەو زەنگەی دوێنێ مەلا بەختیار بۆ وریاكردنەوەی حكومەتی لێیدا

0

xalidئایا مەلا بەختیار دەتوانێ شەڕی گەندەڵەكان بكات و لە كوێیەوە دەست پێدەكات؟

خالید رەنجدەر

ئەو زەنگەی دوێنێ مەلا بەختیار لە سەروتاری ڕۆژنامەی “چاودێر”دا بۆ وریاكردنەوەی حكومەتی لێیدا نیشانەی لە كۆنترۆڵ دەرچونی گەندەڵاكانە، بەڵام ئایا مەلا بەختیار ئەگەر بەنیازبێ بەرەنگاری گەندەڵەكان ببێتەوە ھیچی پێدەكرێ؟ ئێمە دڵنیاین خودی مەلا بەختیار پێش ھەمو كەسێك دەزانێ ھۆكاری نەبونی پارە لە بانكەكانی سلێمانی و پڕكردنی ژێرزەمینەكان لە دۆلار چییە. ھۆكارەكە ناردنی پارە نییە بۆ بانكەكانی سلێمانی، بەڵكو ھۆكارەكەی نەبونی ئاسایشی پاراستنی پارەی خەڵكی و بەڵێندەرەكانە لەو بانكانەدا. ئایا مەلا بەختیار لە خۆی پرسیوە كێ تەخشان و پەخشان بە پارەی بانكەكانەوە دەكات؟
ئێمە پێمان وایە حاكم قادر كە ناراستەوخۆ وەڵامی مەلا بەختیاری داوەتەوە ڕاستیەكەی پێكاوە، ھەرچەندە خۆشی بەدور نییە لەو قەیرانە. حاكم قادر لە پەیجی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایتی فەیسبوك دەڵێ: “نەهێشتنی دیاردەی گەندەڵی ‌و بنبركردنی تەنیا بەقسەی ناو هۆڵ‌ و رۆژنامەكان ‌و كەناڵەكانی راگەیاندن نابێت، دەبێت بەكردەوە گەندەڵ ‌و گەندەڵكاران لەهەر پلە و پایەكدابن رووبەڕووی یاسا بكرێنەوە”.
ڕی ئێمە ئەوەیە كە ئەگەر مەلا بەختیار مەبەستی ئەوە بێ كە گەندەڵی و گەندەڵەكان تەنھا لە ھەولێر ھەن، دەبێ بە زانیاریەكانی خۆیدا بچێتەوە، چونكە وەڵامدانەوەی حاكم قادر ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە گەندەلی و گەندەڵەكان لە سلێمانیش ھەن و بگرە لە بن دەستی مەلا بەختیاریشەوەن.
لە ساڵی شەستەكانی سەدەی رابوردودا خرۆشۆفی سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتەی ڕوسیا ھەوڵی داڕشتنی سیاسەتێكی كراوەی لە گەڵ وڵاتانی دەرەوە دا و، لە ناویشەوە بەرامبەر بە قۆناغی ستالینی وەستایەوە و ڕەخنەی قورسی لە لینین و ستالین گرت، بەڵام چاكسازییەكانی لە گەڵ پاسەوانە كۆنەكانی حیزب و دەوڵەت تێكگیران و لە كۆتاییدا بە لابردنی خۆی لە ھەمو پلە و پایە حیزبی و دەوڵەتیەكانی كۆتایی ھات.
ئێمە ناڵێین مەلا بەختیار خرۆشۆفە و ئەزمونی خرۆشۆف دوبارە دەكاتەوە، بەڵام دەتوانێ ڕۆڵ ببینێ ئەگەر سەرەتای ئەو ھەوڵەی بە ئاشكراكردنی شەفافانەی سامانەكەی خۆی دەست پێبكات. گومانی تێدا نییە ئەگەر ھاتو ئەو بڕیارەی دا و دەست بەكار بو دەبێ دوای تاڵەبانی خۆی بۆ لافاوێك ھێرشی ناوخۆی حیزبەكەی ئامادە بكات چونكە یەكێتی پڕە لە كوتلە و كوتلەكاری و دوای نەمانی تاڵەبانی ململانێی نێوان ئاشكرا دەبێ. بەڵام ئێمە گومانمان ھەیە لەوەی مەلا بەختیار بتوانێ بەرەنگاری گەندەڵەكان ببێتەوە.
Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com