عەبدولستار مەجید، ئەندامی م.س كۆمەڵی ئیسلامی: قبوڵناكەین دیموكراسی بە بەدیلی ئاینی ئیسلام دابندرێت

0

abdwlstarعەبدولستار مەجید، ئەندامی م.س كۆمەڵی ئیسلامی:
قبوڵناكەین دیموكراسی بە بەدیلی ئاینی ئیسلام دابندرێت

نوچەنێت . شەقام

خێڵان بەختیار
عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی لەم دیدارەی گۆڤاری (شەقام) باس لەوە دەكات ئەوان وەكو كۆمەڵی ئیسلامی بە پێویستی دەزانن دەستوور كە بە زۆرینە تێپەڕێندراوە، بگەڕێندرێتەوە پەرلەمان، ئێستاش باس لەوە ناكەن كەلە رێگاوە بڵێن دەبێت سیستمی سەرۆكایەتی بۆ پەرلەمانی بگۆڕدرێت، لەبەشێكی دیكەدا رەتیدەكاتەوە كە ئەوان ئەوكاتەی لەناو بزووتنەوەی ئیسلامی بووین خەڵكیان فێری دانانی عبوە ناسیفە كردبێت، بەڵام ناشیشارێتەوە تا ئەوكاتەی وەك كۆمەڵی ئیسلامی خۆیان راگەیاند و جیابوونەوە، مومارەسەی هەموو شتێكی عەسكەریان كردووە، سەبارەت بە هەماهەنگیشیان لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی بەتایبەت بۆ هەڵبژاردنەكان دەڵێت “لەگەڵ برایانی یەكگرتوو لێژنەی هەماهەنگیمان هەیە، لەسەر كارنامەیەكی كاری هاوبەش رێككەوتووین، كە بۆ هەڵبژاردنەكان یەك بۆچوون بین، هاوكات ئەگەر بڕیارماندا بە یەكەوە بەشدار بین، یان نا، بە یەكەوە رایبگەیەنین، بۆ ئەوەی كەسمان مزایەدە بەسەر كەسماندا نەكەین.
خێڵان بەختیار: وەك كۆمەڵی ئیسلامی تا چەند خۆتان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ئامادە كردووە؟
عەبدولستار مەجید: بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان، ئێمە هەر لە دوای كۆتایی هاتنی هەڵبژاردنی پێشوو دەستمان بە خۆئامادەكردن كردووەتەوە، چونكە ئەو حزب و لایەنە سەر دەكەوێت، كە لە هەڵبژاردن تەواو دەبێت، دەست بكاتەوە بە خۆئامادەكردن، وێڕای ئەوەش، وەكو كۆمەڵی ئیسلامی، ناوەندی هەڵبژاردنمان هەیە، بەشی هەڵبژاردنیشمان لە مەڵبەندەكان هەیە، بەرنامەی خۆیانیان داناوە و كۆبوونەوەی خۆیانیان كردووە، داناوە و لە ناوەندی هەڵبژاردن كاری لەسەر دەكرێت، ئێمە ئامادەی هەر هەڵبژاردنێكین بێتە پێشەوە.
خێڵان بەختیار: بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو نەگەیشتوونەتە ئەو بڕیارەی بەرەیەكی ئیسلامی لە هەرسێ حزبەكە درووست بكەن؟
عەبدولستار مەجید: زۆر باس لە درووستكردنی بەرەیەكی ئیسلامی و غێرە ئیسلامیش كراوە، زۆرجار بەپێی یاسای هەڵبژاردن دەگۆڕێت، ئەوەی ئێستا هەیە نیمچە كراوەیە، هەم ئەوەی كاندیدێك كاریگەری خۆی هەیە، هەم لیستەكەش كاریگەری خۆی بۆ كاندیدەكان دەبێت، ئێمە لیستی ئیسلامیمان پێباشە، لە هەمانكاتیشدا گەر لیستی ئیسلامیش نەبێت، بە تەنها هەر لایەنێك دابەزێت، دواتر لە پەرلەمان ئێمە كوتلەیەك پێكبهێنین، جارێ ئەم پرسەش كۆتایی پێنەهێندراوە، ئێمە لەگەڵ برایانی یەكگرتوو لیژنەی هەماهەنگیمان هەیە، لەسەر كارنامەیەكی كاری هاوبەش رێككەوتووین، یەكێ لە بڕگەكانی ئەو كارنامەیەش ئەوەیە بۆ هەڵبژاردنەكان یەك بۆچوون بین، هاوكات ئەگەر بڕیارماندا بە یەكەوە بەشدار بین، یان نا، بە یەكەوە رای بگەیەنین، بۆ ئەوەی كەسمان مزایەدە بەسەر كەسماندا نەكەین.
خێڵان بەختیار: چۆنە لەو نێوەندەدا لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی كۆنتاكتان نییە؟
عەبدولستار مەجید: پەیوەندیمان لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی ئاساییە، بەڵام نایشارمەوە پەیوەندیمان لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی نەگەیشتووەتە ئاستی ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ برایانی یەكگرتووی ئیسلامی هەمانە، ئەو قۆناغە نائاساییەی كە پێشتر لەگەڵ بزووتنەوە هەمان بوو نەماوە و ئێستا ئاساییە، بەڵام نەگەیشتووینەتە ئەو ئاستەی كە بیر لە پڕۆژەی هاوبەش بكەینەوە.
خێڵان بەختیار: بەڵام دەوترێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، كۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ پارتی بن، یەكگرتوو و گۆڕان لەگەڵ یەكێتی بن، ئەمە تا چەند راستە؟
عەبدولستار مەجید: ئێمە تا ئێستا یەكلاییمان نەكردووەتەوە كە چۆن بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوو بكەین، بە رای خۆم پێمباشە هەموو لایەنەكان بە لیستی جیا بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن، بە داخەوە ئەو سیستمەی ئێستای یەكێتی و پارتی كاری پێدەكەن لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا، بووەتە هۆی ئەوەی بەشێكی زۆری كوردستان لە نێوان خۆیان دابەش بكەن، بە ناوی هاوپەیمانی كە پارە و دەسەڵات و پلە و پایەیان لە دەست بووە، توانیویانە تەزویریش بكەن، بۆ ئەوەی هەر كەس و لایەنێك بە مافی خۆی دەسەڵات وەربگرێت پێویستە ئەم سیستمە بشكێندرێت، بەڵكو هەموو لایەك بە لیستی خۆی دابەزێت، دوای هەڵبژاردن ئازادن لەگەڵ كێ هاوپەیمانی ببەستن، پێویستیشە ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ دەسەڵات لەسەر دامەزراندنی كۆمسیۆنێكی سەربەخۆ لە كوردستان رێككەوین، بۆ ئەوەی تەعبیر بێت لە دەنگی هەموو لایەك.
خێڵان بەختیار: واتە ئەو كۆمسیۆنەی ئێستا سەربەخۆ نییە؟
عەبدولستار مەجید: نەخێر سەربەخۆ نییە، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقە، بە تەوافق پێكهێندراوە، سەیر لەوەدایە بۆ عێراق ئەو تەوافقە قبوڵە و بۆ هەرێمی كوردستان تا ئێستا قبوڵ نییە، بەڵكو دوو نووسینگەیان داناوە لە هەولێر و سلێمانی، راستەوخۆ پارتی و یەكێتی سەرپەرشتی دەكەن، سەربەخۆ نییە و بە تەوافقی ئەو دوو لایەنە داندراوە، بۆ ئەوەی تا ئەندازەیەكی باش هەڵبژاردن پاك بێت، پێویستە كۆمسیۆنێكی سەربەخۆ دروست بكرێت.
خێڵان بەختیار: لە كۆبوونەوەكانتاندا لەگەڵ دەسەڵات، ئەم بابەتەتان لەگەڵیان باس كردووە؟
عەبدولستار مەجید: لە كۆبوونەوە پێنج قۆڵیەكان پێش ئەوەی رابگیردرێت، بەم دواییەش كە پردێكی گفتوگۆ لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن درووست بووەتەوە، یەكێ لە مەرجەكانی ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەوەی كۆبوونەوەكانمان دەستپێبكرێتەوە، ئەوەیە كە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بە تەوافق لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن پێكبهێندرێت.
خێڵان بەختیار: وەڵامی دەسەڵات چییە؟
عەبدولستار مەجید: تا ئێستا وەڵامیان نەداوینەتەوە، بەڵام بەپێی سەردانەكانی وەفدی یەكێتی و پارتی بۆ لای ئۆپۆزسیۆن، دەڵێن هێڵی سوورمان لەسەر هیچ بڕگەیەك، یا پڕۆژەیەك نییە بۆ گفتوگۆ لەسەر كردن.
خێڵان بەختیار: باست لە تەزویركردن كرد لەلایەن دەسەڵاتەوە، بەلام ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت تۆمەتی تەزویر فیشەكی تەقیوی لایەنە دۆڕاوەكانە؟
عەبدولستار مەجید: لە كاتی خۆی هەموو بەڵگەكانمان خستەروو و چەندین سكاڵاشمان تۆماركرد، بەڵام هیچ ئاكامێكی نەبوو، هەر كۆمسیۆنەكانی خۆیان لە چەند شوێنی كوردستان سندوقەكانی دەنگدانی هەڵوەشاندەوە، بەپێی سەرژمێری رێژەی دەنگ لە دەنگدەری ناوچەكان زیاتر بوون، بە سندوقی رەشیان دانان، بە دەر لە هەڕەشەو چاوسووركردنەوە و سوتاندنی دەنگی ئێمەش.
خێڵان بەختیار: ئەگەر باس لەپەیوەندیەكانی ئەمیری كۆمەڵ بكەین، باس لە نزیكی عەلی باپیر لە پارتی دەكرێت، هۆكارەكەی بۆچی دەگەڕێتەوە؟
عەبدولستار مەجید: ئێمە لە یەك ئاستدا بەرامبەر پارتی و یەكێتی راوەستاوین، ئەگەر لەگەڵ برادەرانی یەكێتی پەیوەندیمان لەسەدا شەست بێت، لەگەڵ برادەرانی پارتیش هەمان شێوە، بارودۆخی ئێستای كوردستان وادەخوازێت، رەنگە جارجاریش وا پێویست بووبێت، لەگەڵ برادەرانی یەكێتی باشتر بووبێت، لەگەڵ برادەرانی پارتی لاواز بووبێت، یان بە پێچەوانەوە، رەنگە جاری واش بووە لەگەڵ هەردوولا لاواز بووبێت، بۆ ئێستاش پێمانباشە لەگەڵ هەردوولا پەیوەندیمان ئاسایی بێت، ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیشە، سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیشە، لە كاتێكدا بۆ پرسە سیاسی و ئیدارییەكان دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەو دوو كەسەدا بكرێت، هۆكاریش ئەوەیە، نەك شتیتر.
خێڵان بەختیار: تا چەند لەگەڵ گەڕانەوەی دەستووردان، بەتایبەت لە ئێستادا باس لەوە دەكرێت سیستمی سەرۆكایەتی بكرێتە سیستمی پەرلەمانیی لە حوكمڕانی هەرێمدا؟
عەبدولستار مەجید: بە پێویستی دەزانین دەستوور كە بە زۆرینە تێپەڕێندراوە بگەڕێندرێتەوە پەرلەمان، ئێستا باس لەوە ناكەین لە رێگاوە بڵێین دەبێت سیستمی سەرۆكایەتی بۆ پەرلەمانیی بگۆڕدرێت، یان هەر بڕگە و ماددەیەكی تری دەستوور.
خێڵان بەختیار: واتە تا ئێستا خۆتان یەكلایی نەكردۆتەوە؟
عەبدولستار مەجید: لە كاتی خۆیدا قسەی خۆمان دەكەین، پڕۆژەی ئۆپۆزسیۆنیش بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور دیارە چۆنەو پێمانباشە چۆن بێت، چونكە دواجار دەبێت بە تەوافق بێت، نابێت مەرجی هیچ لایەك بەسەر ئەوی تردا بسەپێندرێت.
خێڵان بەختیار: نەمانی سۆران عومەر لە راوێژكاری ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی، بۆ روونكردنەوەكەی ئاری هەرسین دەگەڕێتەوە لەسەر نووسینەكەی سۆران؟
عەبدولستار مەجید: نەخێر، ئەمانە دوو بابەتی لێكجیان، لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵ، پێش ئەوەی كاك سۆران ئەو بابەتە بنووسێت، بڕیاری ئەوەمان دابوو كە كاك سۆران عومەر بكرێتە ئەندامی ستافی كەناڵی پەیام، ئەوەش یەكێكبوو لەو گۆڕانكارییانەی كە لە ئۆرگانەكاندا كران.
خێڵان بەختیار: ئێوە تا چەند لەگەڵ بیر و بۆچوون و نووسینەكەی ئەو كەسە بوون؟
عەبدولستار مەجید: كاتی خۆیشی رامانگەیاندووە، كە كاك سۆران عومەر لە هەندێ شت پەلەی كردووە، لە هەمان كاتیشدا كاك ئاری هەرسینیش پەلەی كردبوو كە شتێكی بەسەر كۆمەڵی ئیسلامیدا ساغكردبوەوە، كە لێی بێ ئاگابووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە گۆڕانكاری و چاكسازی بە پێویست دەزانین بۆ هەرێم، لەگەڵ ئاڵۆزكردنی ئەم بارودۆخە نین، ئەوەش دەڵێین، تا سەر بەم شێوەیە بەڕێوەناچێت، ئەو داواكاریی و پڕۆژانەی ئێمەش كە رەنگدانەوەی داواكاری جەماوەرە جێبەجێنەكرێت، هەرێم بەرەو ئاڵۆز بوون هەنگاو دەنێت.
خێڵان بەختیار: دەنگۆی ئەوە هەیە دەست لەكاركێشانەوەی هەندێ كادیری كۆمەڵی ئیسلامی لە ناو كەناڵی پەیام بۆ بوونی كوتلە و كوتلەكاری دەگەڕێتەوە؟
عەبدولستار مەجید: ئاگادار نیم كەس دەستی لەكار كێشابێتەوە، ئێمە راشمانگەیاندووە ئەو بەڕێزانەی لە كەناڵەكانمان كار دەكەن، دەبێت پابەند بن بەو چوارچێوەی پەیڕەوی كۆمەڵی ئیسلامی، چونكە كە بووە كادیری كۆمەڵی ئیسلامی دەبێت هەموو پابەند بین پێوەی.
خێڵان بەختیار: كەوایە چۆن سۆران عومەر لەو چوارچێوەی كۆمەڵی ئیسلامی دەردەچێت، یان ئەوە رەنگدانەوەی هەڵوێستی كۆمەڵی ئیسلامییە، كە داوای هەڵتەكاندن و نەهێشتنی بارەگایەكی حزبێكی دیاریكراو دەكات؟
عەبدولستار مەجید: بەم شێوە داواینەكردووە، وتوویەتی ئەگەر ئەوە ببێت، با گلەیی لەكەس نەكەن، مەبەستی ئەوەیە خەڵك ناڕازییە، دواتر كاك سۆران عومەر روونكردنەوەی داوە، دیارە ئەویش لەو بۆچوونەی خۆی پەشیمان بووەتەوە، ئێمە پێشمان وتووە، كە نەدەبوو پەلە بكەیت و ئەو بڕیارە بدەیت.
خێڵان بەختیار: وەكو كۆمەڵی ئیسلامی تا چەند لەگەڵ بۆچوونەكانی دڵشاد گەرمیانین؟
عەبدولستار مەجید: كاك دڵشاد ئەندامی مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامیە، پابەندە بە هێڵە گشتی و سیاسەتەكانی كۆمەڵی ئیسلامی، هاوكات پابەندیشە بە بڕیارەكان، لە هیچ شوێنێكیش پێچەوانەی بڕیارەكانی كۆمەڵی ئیسلامی كاری نەكردووە، بۆیە ئێمەو كاك دڵشاد هیچ كێشەیەكمان نییە، بەڵام هەندێ مەسائیلی فیقهی جیاوازی هەیە، ئەوەش ئاساییە، بەڵام بۆ مەسائیلە سیاسییەكان هەمووپابەندین بەو بڕیارەی بە زۆرینە دراوە.
خێڵان بەختیار: هۆكار چییە كە ناهێڵن مەلا سەلمان دیداری رۆژنامەوانی، یان لێدوانی رۆژنامەوانی بدات؟
عەبدولستار مەجید: كاك مەلا سەلمان هیچ كارێكی وای نییە كە پێویست بكات لێدوانی رۆژنامەوانی بدات، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی چاودێری كۆمەڵی ئیسلامییە، كە پەیوەندی بە ناوخۆی كۆمەڵی ئیسلامییەوە هەیە، نەك دەرەوەی حزب، ئێمەش بە رەسمی پێمان نەوتووە لێدوان و چاوپێكەوتن نەكات، لێدوان تەنها وتەبێژ دەیدات، چاوپێكەوتنیش دەبێت بابەتەكە پەیوەندیدار بێت بە كەسەكەوە، گەرنا مامۆستا سەلمان مامۆستای زۆربەمان بووە و كەسێكی بەڕێز و خۆشەویستە.
خێڵان بەختیار: بەپێی وتەی وەزیری پێشمەرگە 12 لیوای یەكگرتوو دامەزرێندراون، كۆمەڵی ئیسلامی تا چەند لەو لیوایانە بەشداری پێكراوە؟
عەبدولستار مەجید: یەك كەسمان بەشدار نەبووە و پێشیان نەوتووین، ئێمە داواشمان كردووە، یەكێ لە كێشەكان ئەوەیە هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس سەربەخۆ نین، ئێمە وەكو ئۆپۆزسیۆن پڕۆژەشمان بۆ چۆنیەتی بە سەربەخۆكردنی ئەو دەزگایانە هەیە، كە بە داخەوە تاكو ئێستاش هێزی پێشمەرگە هێزێك نییە بۆ هەموو لایەك، بەڵكو هێزی پارتی و یەكێتین، هەرچەندە كەسمان لەو لیوایانەدا نییە، بەڵام هێزی پێشمەرگە هەر بە هی خۆمان دەزانین، ئەوەندەی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن داكۆكی لە پێشمەرگە كردووە بۆ زیادكردنی مووچەكانیان، دەسەڵات پێی نارەحەتبوون، لە كاتێكدا دەسەڵات خاوەنی ئەو هێزانەن، پێمانباشە با وەزارەتی پێشمەرگە بە سیستمێكی رێكوپێك سەرپەرشتی هێزی پێشمەرگە بكات، پێشمەرگەش لە جەماوەری كوردستان و بەپێی پێوەرێك وەربگیردرێت.
خێڵان بەختیار: لە كۆبوونەوەیەكتاندا باستان لەوە كردووە، ئەگەر كۆمەڵی ئیسلامی باسی دیموكراسیەت بكات، با پاشگری ئیسلامی لابەن؟
عەبدولستار مەجید: نازانم لە چ كۆبوونەوەیەك باسكراوە، سیاسەتی كۆمەڵی ئیسلامی ئەوەیە، كە دیموكراسی بە بەدیلی ئاینی نازانین، دیموكراسیەت بوەتە میكانیزمێك لە كوردستان بە حیساب دەستا و دەستكردنی دەسەڵات، كە تا ئێستا بوونی نییە، ئێمە قبوڵ ناكەین دیموكراسی بە بەدیلی ئاینی ئیسلام دابندرێت و پێی رازی نین، بەڵام هەموومان بە شێوەیەكی گشتی بۆ هەڵبژاردن تەعامول بە پێی ئەوسیستمە رازین.
خێڵان بەختیار: دەگوترێت تۆ وەك عەبدولستار مەجید لە ناو بزووتنەوەی ئیسلامیدا بوون، خەڵكتان فێری تەقینەوە و عبوە ناسیفە كردووە؟
عەبدولستار مەجید: ئێمە كاتێك لەناو بزووتنەوەی ئیسلامیدا بووین، هێزێكی بەرچاو بووین لە پێش راپەرین و دوای راپەرین، مەكتەبی عەسكەریمان هەبووە، هەر شتێك پەیوەندی بە مەسائیلی عەسكەرییەوە بووبێت، ئێمە هەمانبووە، تا ئەوكاتەی وەك كۆمەڵی ئیسلامی خۆمان راگەیاند و جیابووینەوە، مومارەسەی هەموو شتێكی عەسكەریمان كردووە، چونكە هێزێكی چەكدار بووین، تا دواتر وەك كۆمەڵی ئیسلامی مەكتەبی عەسكەریمان هەڵوەشاندوەتەوە، بڕوا ناكەم یەك عبوە ناسیفەمان دانابێت، بەڵام هەموو چەكێكمان هەبووە و تاقیشمان كردۆەتەوە، كە پێویستی كردبێت، ناكرێت هێزێكی چەكدار چەكی جیاوازی نەبێت، چۆن لەسەرمان بووە كادیر و پێشمەرگەمان لەسەر پەروەردەیەكی پاك و ئیسلام پێ بگەیەنین، ئاواش لەسەرمان بووە لە رووی سەربازییەوە پەروەردەیان بكەین.

ئەم دیمانەیە تایبەت بەگۆڤاری شەقام سازکراوەو لەو گۆڤارە چاپکراوە

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com