پەڕلەمانتارێکی یەکێتی لەبارەی نەوتەوە، نامەیەکی تەنز ئامێز ئاراستەی عیماد ئەحمەد ئەکات
نوچەنێت
دوای ئەوەی عیماد ئەحمەد لەدیمانەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەد لەسەد ئاگاداری گرێبەستە نەوتیەکان و داهاتی نەوتی کوردستانە، لەلایەن لایەنگرانی یەکێتییەوە لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رەخنەباران کرا، هەندێکیان پێیان وابوو، ئەوەی ئەحمەد وتویەتی موجامەلاتە، چونکە”پێشتر یەکێتی رایگەیاندووە ئاگاداری مەسەلەی نەوت نییە. هەر لەو بارەوە ئەندام پەڕلەمانێکی یەکێتی لە پەڕلەمانی کوردستان، نامەیەکی تەنز ئامێز، ئاراستەی عیماد ئەحمەد دەکات و داوای لێدەکات، داهاتی نەوت ئاشکرا بکات، بەڵێنەکانی لیستی کوردستانی بەجێبهێنێ، کە بەڵێنیان دابوو بەشەفافی پەرە بەچالاکیەکانی بواری نەوت بدەن.
..
دەقی نامەکە
بەڕێز كاك عیماد ئەحمەد
داوای لێبوردنت لێدەكەم
د.سەروەر عەبدولرەحمان/ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
ماو یەكی زۆر بوو سەبارەت بە داهاتی نەوت لە هەرێمی كوردستاندا، ئێمە چەند پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستاندا قسەمان لەسەر ئەوە دەكرد كە پێویستە و دەبێت سەرچاوەكانی داهات و بەتایبەت تر نەوت دیار و شەفاف بێت، پێمان وابوو كە حكومەت و پەرلەمان (وەك موئەسسەسە) ئاگادار نین، پێمانوابوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی (وەك مەكتەبی سیاسی) ئاگاداری وردەكارییەكانی گرێبەستەكان نین، بەلام سوپاس بۆ بەڕێزتان و شوكر بۆ خوا لەم چەند رۆژەدا بەڕێزتان ئەوەتان دەربڕی كە ئاگاداری سەدا سەدی گرێبەستەكان و وردەكارییەكانیانن، من لای خۆمەوە داوای لێبوردن لە بەڕێزتان دەكەم كە لەسەر ئەو بابەتە قسەم كردبێت و (جەماعەت وتەنی) ئێمە ئەندام پەرلەمانی سەرەڕۆ بوین. بەلام توخواكەی مادام بەڕێزت لەسەدا سەد ئاگاداریت، هەقە چۆنیەتی ئەو گرێبەستانە بۆ كۆمەلانی خەلكیش باس بكەیت، هیچنا بۆ كادیران و ئەندامانی حزبەكەی خۆمان، چونكە كاتێك ئێمە وەك كاندیدانی لیستی كوردستانی لە تەمموزی 2009 دا خەریكی بانگەشەی هەلبژاردن بووین، لە كارنامەكەماندا كە باسی نەوتمان كردبوو وەك دەسكەوتێكی مەزنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری ئابوریدا، بەلێنمان دابوو كە:”گرنگی بە بواری سامانە سروشتیەكان دەدەین و پالاوگە دابین دەكەین و بە روونی و شەفافی پەرە بە چالاكیەكانی بواری سامانە سروشتییەكان دەدەین”. تكایە ئەو بەلێنە جێبەجێ بكە، تكایە مادام سەداسەد ئاگاداری وردەكارییەكانی گرێبەستەكانی نەوتیت، بە سەرۆكی حكومەتی پێشووش بلێ، بە وەزیری دارایی پێشوو و ئێستاش بڵێ، بە دیوانی چاودێری و كادیرەكانی تری خۆشمان بڵێ، كە داهاتی نەوت چەند بووە و چەندە، با بەلێنەكەی خۆمان بەجێ بگەیەنین كەوەك لیستی كوردستانی(یەكێتی و پارتی) دابوومان كە بە شەفافی پەرە بە چالاكیەكانی بواری نەوت دەدەین. تكایە ئەم شتانە روون بكەرەوە بۆ كۆمەلانی خەلك، بۆ ئەوەی هیچیتر ئێمەش قسە نەكەین و وەك ئەوەی ناویان نابووین (سەرەڕۆ)، دوو بارە داوای لێبوردن ئەكەم بۆ ئەو زانیاریانەی لای بەڕێزتانەو ئێمە وەك ئەندامانی پەرلەمان، لێی بێئاگا بووین!!!!!