کاک مەسرور لەگەڵ خەم و ئازارەکانی گەلەکەی گەورە بووە
نووسینی : نهزههت حالی
لە سایتی لڤین پرێس خانمێک وتارێکی نوسیوە لەژێر ناوونیشانی (فۆتۆگرافەر یان سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم)، لەوێدا ئاماژەی بەوە کردووە کە کاک مسرور بارزانی لە کاتی سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ ڕوسیا لە شوێنێک بە مۆبایل وێنەی گرتووە.
گوایە کەسێکیش لە کۆمێنتێکدا وتەی ناشرینی بەرامبەر بەم خانمە بەکار هێناوە، گروپی لڤینیش وەکو پیشەی هەمیشەییان بەبێ ڕێزی باسیان لە سەرۆک بارزانی کردووە. لەسەر ئەمە پێم باش بوو بە چەند خاڵێک هەندێک بابەت روون بکەمەوە: هەرکەسێک بێ ڕێزی بکات لە سەنگ و بەهای خۆی کەم دەکاتەوە نەک کەسێکی تر. پەیڕەوانی بارزانیش هەمیشە ئامۆژگاری کراون دەبێت خاوەنی ڕەوشتی بەرز بن و بێ ڕێزی بەرامبەر بە کەس نەکەن. بە تایبەتی سەرۆک بارزانی کە لە لوتکەی ڕەوشت بەرزی و ئەخلاق دایە هەمیشە ئەو ئامۆژگارییەی کردووە کە بە رەوشتەوە هەڵسوکەوت بکرێت. هەم خەباتی، هەم تەمەنی و پلە و پایە و رەوشتی بەرزی وا دەکات کە دەبێت زیاتر ڕێزی لێ بگیرێت.
سەبارەت بە رۆژنامەنووسانیش، ئەو بەڕێزانە ئەرکی گرنگیان لەسەر شانە کە بە پرۆفیشناڵی و پیشەیی کاربکەن، دوور بن لە دەمارگیری و بەبێ لایەنی کار بکەن بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بن لە کارەکانیان، بەڵام بەداخەوە هەندێکیان لەو پیشەیە لایانداوە یاخود نەشارەزان، چونکە نوسین بەرپرسیارێتییە. سەبارەت بە هەندێک گۆڤار و ڕۆژنامەی خۆماڵی گەر سەیری نوسینەکانیان بکەین دەبینین کە بەشی هەرە زۆریان بە تەنها بۆ نوسین لەسەر پارتی و بارزانی تەرخان کراوە، بە تایبەتیش جەنابی سەرۆک بارزانی و کاک مسرور زیاتر لە هەموویان لەسەریان دەنوسرێت. ئێمە لەوە تێدەگەین کە پارتی بەقەد گەورەیی و کاریگەری خۆی، شتێکی سروشتییە خەڵک چاوەڕوانیی لێ هەبێت و ڕەخنەی لێ بگرێت، پارتی نە لە ڕەخنە دەترسێت نە پێی لاواز دەبێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە پێی بەهێز دەبێت، بەڵام هێرشی ناڕەوا خزمەت بە گەلەکەمان ناکات و ڕیزەکانی نەتەوەکەمان لێک دەترازێنێت، کلتوری بێ ڕێزی و شکاندنی یەکتری و پیرۆزییەکانی نەتەوەمان بڵاودەکاتەوە، باوەڕ بەخۆبوونمان لاواز دەکات، کە ئەمانەش تەنها لە خزمەتی نەیاران دایە.
لە کوردستان خاوەن ڕێژەیەکی باشی نووسەری بەتواناین، ئەو خاوەن قەڵەمانە بە گرتنەبەری پرەنسیپەکانی ڕۆژنامەنووسی و پیشەیی بوون دەتوانن هزری نەتەوەیی بەهێز بکەن، دەتوانن شۆڕشێک بکەن بۆ یەکگرتنی نەتەوەیی کە تەنانەت سیاسەتمەدارەکانیش ئاڕاستە بکەن، ڕێگری بکەن لە هەڵەکان، هاوکار بن لە چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان، دڵنیاین بەشی هەرە زۆری لەگەڵ ئەو بۆچوونەدان، بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆیان باش دەرک دەکەن، ئەوان زانا و وریان، بە وریایی و زانست و قەڵەمی خۆیان دوژمنان دەلەرزێنن کە نەتوانن لەسەر بنەمای دووبەرەکی نێوماڵی کورد سیاسەتی خۆیان دابڕێژن.
سەبارەت بە کاک مسرور بارزانیش هەندێک ڕاستی هەن کە دەبێ بگوترێن. کاک مسرور لەگەڵ خەم و ئازارەکانی گەلەکەی گەورە بووە، ئاوارە بووە، لە بواری سیاسی و دیبلۆماسی و پرۆتۆکۆلیشدا شارەزایە، زۆر بە باشی دەزانێت لە کوێ دەبێت چی بکات، وێنە گرتنیش کارێکی هەڵە نییە بە تایبەت کە ئەو مێژوویەکی لەگەڵ هەیە و هەر لە شاخ زۆر وێنە و فیلمی خەبات و قارەمانییەکانی پێشمەرگەی گرتووە و تۆمار کردووە، لەو کاتەدا دەیزانی بە بەڵگەکردنی خەباتی پێشمەرگە چەند گرنگە، لەو ڕێگایەوە خزمەتی زۆری پێشمەرگەی کردووە و نەوەکانیانی پێ ئاشنا کردوون. کاک مسرور دەرچوویەکی سەرکەوتووی زانکۆیەکی بەناوبانگی ئەمریکایە، لەهەمووش زیاتر دەرچووی قوتابخانەی قوربانیدان و خزمەت کردنی نەتەوەکەی خۆیەتی کە قوتابخانەی بارزانییە. مسرور بارزانی، بەداخەوە لەبەر سروشتی کارەکەی، بەباشی نەناسراوە. سیاسەتمەدارێکی خاوەن هزر و بیری قوڵی ڕۆشنبیری و سیاسی و ستراتیژییە کە لە نەوەی نوێی سیاسەتمەدارانی کورد بێ هاوتایە، کەسێکی دڵسۆز بۆ نەتەوە و نیشتیمانەکەی، وەفادار بۆ پێشمەرگە و بنەماڵەی شەهیدان و ئەوانەی قوربانییان داوە، کەسێکی هێمن و لەسەرخۆ و گوێگرێکی باشە، ڕێز لە بەرامبەری خۆی دەگرێت، لە ئەرک و کارەکانیشی بۆ دابین کردنی ئاسایش لە هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بووە، جگە لەمانەش کاک مسرور دەستی هونەری هەیە و نیگارکێشێکی باشە.
ئەم وتانەم بەو مەبەستە نووسین، کە جگە لە ئەرکێکی سەرشانم بۆ وتنی ڕاستییەکان، بۆ ئەوە بوو بە خۆمان کەسە باشەکانی خۆمان نەشکێنین، کە هەست دەکەین پیلانێکی بەرنامە داڕێژکراو بۆ شکاندنی پیرۆزییەکانی نەتەوەکەمان و کەسایەتییەکان لە ئارادا هەیە، ئەمانە دەتوانن خزمەتی زیاتر پێشکەش بکەن، ئەزموونەکانیان دەرئەنجامی کاری ساڵانێکی زۆرە. لەگەڵ ئەوەشدام کە ڕەخنەی دروست و بونیادنەر لە سەرکردەکانمان بگیرێت بەڵام هەوڵی شکاندنی کەسایەتییان نەدریت، گومان لەوە نییە ئەوانەی زۆرترین کاردەکەن ڕەخنەیان ئاڕاستە دەکرێت و ئەوانەی سەرکەوتووترن زۆرترین هێرشیان دەکرێتە سەر.
لە کۆتاییدا باوەڕی پتەوم هەیە کە ئاسۆیەکی ڕوونمان لەپێشە، ئێمە ناتوانین ڕابردوو بگۆڕین بەڵام دەتوانین پێکەوە داهاتووی گەش بۆ نەتەوەکەمان دەستەبەر بکەین. بۆ ڕاستکردنەوەی وتارەکەی ئەم خانمەش ئەنجومەنی ئاسایش سەرۆکی نییە بەڵکو ڕاوێژکاری هەیە.
..
نوچەنێت
ئەم وتارە وەڵامی وتارێکی رۆژنامەنوس ژیار محەمەدە لە ماڵپەڕی لڤین پرێس
کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی بابەتەکە …