دەسەڵاتیکى بێ ئاگاو سنوورێکى سوتێنراو !
* ڤیان عەبدولڕەحیم
وەک هاتنى چوار وەرزەکەى ساڵ ، ئاواش دەبێت چاوەرى هاتنى فڕۆکە جەنگیەکانى ووڵاتانى تورکیاو ئێران بین، بێ خەمى و بێ ئاگاى دەسەڵاتدارانى هەرێمێش لە لایەکى تر . سەرۆکى هەرێم چۆن تامەزرۆى بینینى جێ نزرگەی باوکى بوو لە ووڵاتى ڕووسیا، با ئاواش جارێک تامەزرۆى بینینى گوند نشینان و سنوورە سووتاو گرگرتوەکانى هەرێمەکەى خۆیشى بێت و بزانیت چى دەگوزەرێت. ئەم تۆپبارانانە ماوەى ساڵانێکە بەردەوامى هەیە. ژمارەیەکى زۆرى گوندانى سەر سنوور ڕووبەڕووى تۆپبارانى فڕۆکە جەنگیەکان دەبنەوە و
دانیشتوانەکەى ساڵانە ئاوارە دەبن و لە گوزەرانێکى سەختدا لە ژێر چادرگەدا، کەلەدۆخیکى ناتەندروست وبێ بەشن لە سەرەتایترین مافەکانی ژیانیان.
ئەمە جگە لە شەهیدو برینداربوونى چەندان هاووڵاتى و کوشتنى مەڕوو ماڵاتى گوندنشینان و ڕووخانى خانوو سووتانى ڕەزوو باخ و بێستانەکانیان و تێکدانى تۆڕى ئاوى خواردنەوەو بێ بەشبوونى منداڵەکانیان لە خوێندن کە زیانى تەواوى بە ژیرخانى ئابوورى ئەو گوندانە گەیاندوە. جگە لەوەى کە هەرێم ناتوانێ پارێزگارى لەسنوورەکانىبکات، حکومەتى مەرکەزیش بێ باکە لەکاتێکدا ئێمە بە پێى دەستوورى دائیمى عێراق
هەرێمێک و بەشێکین لە عێراق، وە بە شێوەیەکى گشتى عێراق تائێستا لە ژێر بەندى 7 نەتەوە یەکگرتووەکاندایە،کەپاراستنى زەوى و ئاوو ئاسمانى عێراق لە ئەستۆى هێزەکانى ئەمریکایە بەهاوکارى هێزەکانى عێراقى، بەڵام ئەوانیش پشکى کەمتەرخە میان بەردەکەوێت لەو ئاستەدا، واتە دەگەینە ئەودەرئەنجامەى کە بەرژەوەندى سیاسى دەکەوێتە پێش بەرژەوەندى پاراستنى گیانى هاووڵاتیان و سنوورو خاک ئاوو ئاسمان !
* ئەندامی پەڕلەمانی کوردستان ، لەفراکسیۆنی گۆڕان