کێ ژیانی لەخەتەردا نیە؟ دەست هەڵبڕێت

0

zmnakoکێ ژیانی لەخەتەردا نیە؟ دەست هەڵبڕێت

رزگار رەزا چوچانی . سوید
کوردستان وڵاتێکە هەر دەڵێی خوا غەزەبی لێگرتووە، رۆژ دوای رۆژ لەوێندەر سیستەم دادەڕزێت، عەقڵ کۆچ دەکات و کۆمەڵگە کرمۆڵتر دەبێت، کەسێک نییە خەتەر لەسەر ژیانی نەبینێت.
لەو وڵاتەی لەمەڕ خۆمان ئەگەر جەماوەردار و خاوەن پێگەیەک بیت کە خەتەر بۆ جەماوەرداری حزبی چەکدار دروست بکەیت، ئەتکوژن، بێ شەرمانەش دەڵێن کێشەی کۆمەڵایەتی هەبوو بەو هۆیەوە کوژراوە.

لەوێندەر ئەگەر بەرپرسیارەتی وەربگریت، نەبیتە شاهیدی سپیکردنەوەی دزییەکان، هەڵت ئەواسن و دەڵێن خۆی خنکاند.

ئەگەر لە حزبا بیت و نەبیتە کرێگرتەی گەندەڵەکان، راپۆرتت لەسەر ئەدەن، تەخوینت ئەکەن و مەمنون بە نەشتکەنە تیرۆرست.

ئەگەر لەو وڵاتەی لەمەڕ خۆمان، شاعیر بیت و نەبیتە شاعیری دەربار، بەدوو پۆلیسی بەردەم هۆتێلێک مێشکت ئەپژێنن و ئەڵێن سەرخۆش بوو، خۆی بەلادا هات و کەوت.

ئەگەر بەمامۆستای زانکۆ بیت، کارت شانامە خوێندنەوە نەبێ بەباڵای حزبدا و تەنها عیلم و فەلسەفە بەکاری خۆت بزانی، نەک هەر نان بڕاوت دەکەن، بە تۆوە سوکایەتی بە فەلسەفەی خوێندن و ژیان و ئینسانیشەوە دەکرێت، لەگەڵ تۆ عیلمیش فەسڵ دەکرێت.
گەر خوانەکردە لەوێندەر لەدەمت دەرچێت نارەزایی لە حزبێک دەربڕیت، رەخنە بکەیت، لە راگەیاندنێک بڵێی سەرنوسەر خراپە، لە دائیرە بڵێی مودیر ناباشە، دەرت ئەکەن و بەتۆوە نانی ماڵ و مناڵیشت ئەبڕن، لەبرسا وشکیان ئەکەنەوە.
منالەكەت ئەنێرییە قوتابخانە، یان لەرێگا لافاو دەیبات و دەخنکێ، یان دیواری قوتابخانەیەک دەروخێت بەسەریدا، و دەیکوژێت.

لەوێندەر هەرچەند سایەق بیت، نا سایەقێک بەرەورووت دێ و ماڵت وێران دەکات.
دوژمندارنەبیت، هاوڕێی چەک نەبیت، کارت کرێکاری بێت و هاوڕێت بەتەنها چەکوش و پاچ و خاکەناز بێت، دەبێت کرێکاری کرێکاری بۆ بەرپرسێک بکەیت، یان بۆ کەسێکی هاوڕێی چەک بکەیت، دووژمنەکانی ئەو دێن تۆش بە ئەوەوە دەکوژن، وەک ئەوەی لەکاتی تیرۆرکردنی شێخ خالید خولەسور روویدا، کرێکارێکی قوربەسەریش کوژرا لەگەڵی.
کرێکاریش ناکەیت، دەچیت دەخوێنی لە بەشە ناوخۆییەکی بێ سیستەمدا گڕ دەگری و دەبیت بەقەرەبروت تیا ئەچیت.
بەسەردان دەچیتە شارێکی تری وڵاتەکەت، لە هۆتێلەکەدا کابرا مەست ئەبێ، جگەرەیەک فڕێ ئەدات، هۆتێلێک دەسوتێ و تۆش لە دوکەڵدا دەخنكێی.
دەچیتە لای پزیشکێک دەرزییەک لەخۆت ئەدەیت، بەهۆی نەزانی یان بەسەرچوو و خراپی موادی دەرزیەکەوە ئەتکوژێت.
بە داماوی و بە ئارەقی خۆت سامانێک بەیەکەوە دەنێی، خزمێکت دێت خۆت و ماڵ و مناڵت سەردەبڕێت بۆ پارەکەت، وەک ئەوەی لەکەرکوک کردیان.
ئاخر هەر بەڕاست پێم بڵێن، لەو وڵاتەی لەمەڕ خۆمان کێ ژیانی خەتەردا نییە با دەست هەڵبڕێت.

رەنگە بەهۆی ئەوەی لەناو جەرگەی هەراو هۆسەی وڵاتدا بن، یان سەرگێژ بووبن بەژاوە ژاوی فەوزاکانی ئەوێندە ر، خەڵکانێک هەبن دەست هەڵبڕن و بڵێن ژیانی من لەخەتەردا نییە.

بەڵام ئەگەر لەدووری وڵاتەوە تۆزێک لەدەرەوەی فەوزاکە لەوێندەر بڕوانیت، زۆر باش هەست بەوە دەکەیت کە کەسێک نییە ژیانی بەناو خەتەردا گوزەر نەکات، و ئینسانێک نییە هەست بە ئەمنیەتی ئینسان بوونی خۆی بکات…

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com