رزگار رەزا چوچانی: شوباتی ناڕەزایی و بەردەوامی گەمەكان

0

chuchaniشوباتی ناڕەزایی و بەردەوامی گەمەكان

رزگار رەزا چوچانی – سوید

لەکوردستان سیاسەت و کاری سیاسی، لەگەڵ شەڕدا دەقی بەستووە، شەڕێک کەشەڕکەرەکانی کردە سیاسی زەرورەو ئیدارەوانی شارەزا، بۆیەش رەخنە بۆتە جنێو، کێبەرکێی حزبی بۆتە یەکتر رەتکردنەوە، بەرهەمی سیاسیە زەروەرەکانیش خەڵکی کردۆتە هاوڕێی ناڕەزایی و خۆپیشاندان، خۆپیشاندانیش دەکاتە راپەڕین و پەلاماردان، لەو نێوانەشدا میللەت ماڵوێران و پێشکەوتنیش لەناو بازنەیەکدا سەرگێژی خولاوەنەی خۆیەتی.

شوباتی ٢٠١١ مانگی بەدەنگهاتنی خەڵك بوو، ئاگاداركردنەوەی دەسەڵاتی كوردستان بوو كە بەڵێ خەڵك ناڕازییە، ناڕەزاییەكەش هێندەیە، بۆتە گۆڕەپانێكی گەورە كە گەمەچی باشی سیاسەت، پیلانگێڕی وریای دژ بەكورد، بەئاسانی دەتوانێ گەمەی خۆی تێدا بكات و گرەوی گەمەكەشی بباتەوە.
هەروەك ئەوەی لەیەكەم رۆژی دەستپێكردنی ناڕەزاییەكانەوە لەسلێمانی گەمەچییەكانی سیاسەت، توانیان جڵەوی ئەو ناڕەزاییە بگرن و بیبەنە بەردەرگای ئەو حزبەی، بەرپرس نییە لەوەی لەسلێمانیدا گوزەرابوو و دەگوزەرا، تا پەردەیەك بدەن بەسەر سیمای هۆكارەكانی ناڕازیی خەڵكداو لەڕێیەوە خۆیان بكەنە هاوهاواری خەڵك و هاوئامانجیان، لەكاتێكدا ئەوەی لەوێ بەرپرسبوو لەئیدارەكردنی خراپی شار، یان هەر شتێك كە خەڵكی ناڕازیی كردبێت، ئەوەندەی یەكێتی بوو وەك حزبی دەسەڵات بەدەستی ئەوێندەر، ئەوەندەی بزوتنەوەی گۆڕان بوو كە تا چەند رۆژ یان چەند هەفتەیەك بەرلەوە، والی شار سەركردەی ئەوبوو و تا ئێستاش بەشی زۆری ئەنجومەنی شار سەر بەئەون، ئەوەندە حزبی دەرگاپێگیراو،”پارتی” نەبوو.
تێكەڵبوونی گەمە سیاسییە ناڕەواكان بەخۆپیشاندانی رەوای خەڵكی سلێمانی، وایكرد دوای یەك مانگ لەتوندوتیژی، نە خۆپیشاندان گەیشتە ئەنجام و نە بەپیرەوەچوونی ناڕەزاییەكان بەدیهات، ئەوەی لەو نێوانەشدا ماندووبوون و جەرگسوتان و ماڵوێرانی بۆ مایەوە، خەڵكی شار بوو، ئەوەی زەربەی بەركەوت وەكو حزب، پارتی بوو، ئەوەی لاقەكرا، ئازادی و دیموكراسی بوو، ئەوەشی بەپێوەرەكانی خۆی سودی بینی، گەمەچییەكانی سیاسەت و دژەكانی پارتی و ئەوانە بوون كە یاری بەداهاتی وڵاتێك دەكەن و فەزایەكیان لەگەندەڵی خولقاندووە، لەناو دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدا.
ئێستا دوای دوو ساڵ لەماڵوێرانی میللەت و بەرفراوانبوونەوەی مەیدانی گەندەڵی ئەوانەی ببون و دەبنە هۆی ناڕەزایی خەڵك، ئەوەی لەمانشێتەكانی راگەیاندن دەبینرێت، لەقسەی سیاسیەكانی ئەو وڵاتە دەبیسترێت، لەگوتاری ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات رادەگەیەنرێت. “بەرژەوەندی خەڵك و بەرپاكردنی چاكسازییە”، بەڵام هێشتاش، راگەیاندن خۆی دنیایەكە لەگەندەڵی چەواشە، سیاسی دزی گوندەیەو دەسەڵات لوتبەرز و بێ باك لەخەڵك و ئۆپۆزسیۆنیش خەریكی هەڵدانی قولاپی خۆیەتی بۆ گرتنی مەساڵحی خۆی لەناو خەمەكانی خەڵكدا، میللەتیش بەدەر لەوتنەوەی شیعاری سیاسیەكان، نە هیچ بۆكراو نەهیچ كارەیە.
دوای دوو ساڵ لەئیستغلالكردنی ناڕەزاییەكانی خەڵكی سلێمانی، دوای دوو ساڵ بەسەر بێبایەخكردنی خۆپیشاندان و تێكەڵكردنی خەمی خەڵك بەشەڕی سیاسی، دوای بەكوشتدانی مناڵی خەڵك، لەباربردن و كەمبایەخكردنی بەدەنگهاتنی خەڵك، لاقەكردنی ئاشتی و پێكەوەژیان و یەكتر قبوڵكردن، دەبینی گەمەچییەكانی سیاسەت، هێشتاش بێباكانە خۆیان بەدڵسۆزی خەڵك نمایش دەكەن و وەك پارێزەری مافەكانیان قسە دەكەن، هێشتاش هەمان گەمەی سیاسی ئەوكات درێژە پێدەدەن، هێشتاش بۆ بەردەوامیدان و بەكاربردنی ناڕەزایی خەڵك لەشەڕی حزبیدا، ١٧ی شوبات وەك ناسنامەی مانگێكی پڕلەتوندتیژی، مانگێكی پڕ لەتەعدای سیاسی و لاقەكردنی ئازادی و پێكەوەژیان و دیموكراسیەت ناو دەبەن، هێشتاش بەسەدان خۆپیشاندانی ئەو مانگە دەڵێن خۆپیشاندانی ١٧ی شوبات، چونكە لەو رۆژەدا ئەوەی ویستیان كردیان، زیرەكانە خۆیان لەتوڕەبوی خەڵك لەخودی خۆیان دورخستەوە و پارتیان هێنایە ناو باسەكە، ئێستا ئەوان بۆ هێشتنەوەی ئەم ناوە، رێكخراو، فیلم، راگەیاندن، ناودەنێن ١٧ی شوبات، كەمپەین بەو ناوە دەكەن و رێكخراو وا گاز دەكەن، هاكا مناڵەكانیشیان ناونا ١٧ی شوبات، نەك بۆ دڵسۆزی بۆ قوربانیانی ئەو رۆژە، بەڵكو تەنها لەپێناو بەردەوامیدان بەو ناسناوەو دروستكردنی رۆژێكی دیكە لەمێژوودا بۆ لێدان لەپارتی كە ئەوان وەك دژ دەیبینن، لەهزری خەڵكی بێهزردا.
لەبەرانبەریشدا ئەگەرچی١٧ی شوبات، رۆژی تەعداكردنی سیاسی بوو لەپارتی بەچەكی ناڕەزایی خەڵك، رۆژی لاقەكردنی ئاشتی و نابوتكردنی دیموكراسی بوو، رۆژی بەكوشتدانی كوڕی خەڵك و بەسوتەمەنیكردنی ناڕەزاییەكان بوو، رۆژی هۆشیاری بەرانبەرەكانی پارتی بوو كە تێیدا توانیان ناڕەزایی خەڵكی سلێمانی لەدەسەڵاتی برابەشی گۆڕان و یەكێتی لەو شارە، ئاراستەبكەن بۆ دەرگاكانی پارتی، هێشتاش میللەت بەم ئاوازە ناسازەی ئەوان شایی دەكات و بەو بڵندگۆ پڕ لەنیازەی ئەوان شیعار دەدات لەدژی پارتی، لەبەرانبەردا پارتی سەرمەست بەدەسەڵاتەوەو شەرمن لەباسكردنی ئەو رۆژەی تەعدای سیاسی لەئەو و متمانەی خەڵك بەو ئەوكرا، بێ دەنگ لەبەرانبەر هەموو ئەو بەدیكۆمێنتكردن و بەمێژووكردنەی رۆژی وەڵامی ئەو بۆ تەعدای سیاسی ئەوانی دیكە، بەخراپەكاری ئەو، راوەستاوەو لوتبەرزانەش لەكاریگەری ئەم گەمە چەواشەكاریە دەڕوانێت.
دوو ساڵ تێدەپەڕێت، بەڵام تاكو ئێستاش قوربانیدان و بەقوربانیكردن بەردەوامە، تا ئێستاش جگە لەموجامەلاتی سیاسی حزبەكان، یەك هەنگاو نەنراوە بۆچاككردن، هێشتاش كەسوكاری قوربانیەكان برینەكانیان بەكراوەیی ماوەتەوەو نەگەشتونەتە مافی خۆیان، هاندەرانی ئاراستەگۆڕینی خۆپیشاندانەكان نادیارن، تەقەكەران ئازادن، داخوازی و ناڕەزاییەكانی خەڵك بەردەوامە، هەر وەكو یەكەم رۆژی دەستپێكردنی ناڕەزاییەكان، بۆ درێژكردنەوەی ئاڵۆزی ناوخۆیی، دەرگا بەپارتی دەگیرێت و پارتی دەخرێتە بەرانبەر هەموو ئەو توندوتیژیانەی لەو مانگە پڕ لەتوندوتیژییەدا روویداوە، وەك ئەوەی پارتی چوبێت لەسەرا تەقەی لەخەڵك كردبێت، هێشتاش پارتی دەكرێتە قوربانی گەمەكانی سیاسەت و هاندەدرێت بۆ رەدفعلی توند بەرانبەر راگەیاندنێكی توند و چەواشە لەئاستی.
ئەوەی لێرەدا دەبێت بوترێت و قسەی لەسەر بكرێت، وەك خۆیان دەڵێن ئەو گەوجاندنەیە، كە لەلایەن دژەكانی پارتیەوە لەگەڵ میللەت دەكرێت، تاكو ئەمڕۆش لەجێی قسەكردن لەسەر كەمكردنەوەی هۆكارەكانی ناڕەزایی خەڵك، كار دەكرێت كە چۆن ناڕەزاییەكان فراوانبكرێت و بەئالیەت بكرێت، لەكێشە كۆنە حزبیەكان و بەچەك بكرێت بۆ تەسویەی ئەو شەڕە مێژووییە كە لەنێوان حزبەكان هەبووە و نەگەیشتۆتە هیچ ئەجامێكیش.
ئەو هەست بەخەتەرنەكردنەی پارتیە، لەختوكەدانی میللەت بۆ دژایەتی ئەو و بینینی پارتی وەك میللەتكوژ و دیكتاتۆر، ئەو خۆ گێلكردنەی دەسەڵات و حكومەتە، كە پێیان وایە دەتوانن بە موجامەلاتی ئۆپۆزسیۆن و دەمچەوركردنی چالاكوانە مەدەنییەكان و راگەیاندنەكان، بۆ دیسان نەجوڵاندنی خەڵك و كاركردن بەهەمان شێوازی بێدەنگكردنی خەڵك وەكو بەر لەمانگی شوباتی ٢٠١١، كۆتایی بەتوڕەبوونی خەڵك دەهێنن، بێ ئاگا لەوەی جێهێشتنی ناڕەزایی خەڵك بەو شێوەیە، دیسان پەنگ بە ناڕەزاییەكان دەخواتەوەو لەدەرفەتێكی دیكەدا رەنگە كاریگەرتر لەوكات بتەقنەوە.

ئەم وتارە لە گۆڤاری سڤیل چاپکراوە

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com