کچەکەی یەکێتی و دەروێشەکانی بارزانی

0

کچەکەی یەکێتی و دەروێشەکانی بارزانی

پارتییەک

کە ناوی دەرویش دەهێنم بەمانای بەکەمبینی بروای کەسانێک نییە، بەڵکو لێرەدا بەومانەیە دەیڵێم، کە خەڵکانێک هەن بەهێندەی پەیوەندی نێوان شیخ و دەرویش ئیلتیزامیان بەسەروی خۆیانەوە هەیە، بەو شێوەیەش بەپیرۆزی لە رابەرو سەرکردەکەیان دەروانن.

پیرۆزی و پاکی و دڵسۆزی بنەماڵەی بارزانی بۆ دۆزەکەیان، وایکردووە کە لەناو حزبەکەیاندا بەهەزاران ئەندام هەن بەپیرۆزی و بەدڵسۆزی و بەروانینی دەروێش ئاسا بۆ شێخ و تەریقەتەکەیان، لە حزب و سەرۆکەکەیان دەڕوانن، زۆرن ئاشکراو ناسراویشن ئەوانەی دەروێش ئاسا خەبات دەکەن لەناو پارتیدا.

بەڵام ئەم دڵسۆزییە و ئەم روانینە بۆ پارتی لەناو خەڵکە سادەکەیان هەیەو هەرگیز نەپەڕیوەتەوە ناو راگەیاندکار و کادرو سەرکردەکانی، نەخۆشییەکی خراپە، رەنگە کورسیەکانی پارتی هەڵگری ڤایرۆسەکەی بێت، کە هەرکەس لەسەر کورسییەکی بەرپرسیارەتی پارتی دانیشت، ئیتر لەدڵسۆزی دادەماڵرێت، دەبێتە کۆیلەی بەرژەوەندیەکانی خۆی و گیرفانی و پاسەوانی پاراستنی کورسییەکەی.

ئیتر نە خەم لەدڵسۆزانی پارتەکەی دەخوات و نە بیری دەمێنێ کێیە ئەو خەڵکەی کە ئەو دەبێت بەرپرسیان بێت، لەجێی قۆڵهەڵکردن بۆ خزمەتکردنی ئەندامەکانی خۆی، بۆ شوێنکەوتوانی حزبەکەی، یان هەوڵدان بۆ خزمەتکردنی میللەتەکەی کە شوێنکەوتوانی حزبەکەی بەهۆیەوە سەربەرز بن، دەوکەوێتە راوکردنی شوێنکەوتەی حزبەکانی تر، لەپێناو نیچیرێکیشدا ئامادەیە، کە هەرچی ئیمتیازو مافی دەروێشانی حزبەکەی خۆیشی هەیە، بیکاتە داو بۆ گرتنی نێچیرێکی ئەندام لە حزبێکی تر.

لەم رۆژانەدا بەسودفە بێ مەبەست و بێ بەرنامە، کچە بێژەرێکی یەکێتی قسەیەکی لەدەم دەرچوو، گوتی بارزانی باوکمانە، ئەم وشە دەرپەڕیوە لەزار، بووە هەوێنی نوسین بۆ کادرو قەڵەم بەدەستە پارتییەکان، کردیانە رۆژی خۆیان، ئەوەندەیان لەبارەوە گوت، کە خۆشیان بروایان بەوە کردبوو، کە ئەوەی وتراوە وشەیەکی ئاسایی و لەدەم دەرپەڕیو نەبووە بەڵکو قسەیەکی بەبەرنامەکراوو هەڵقوڵاو لە بڕواوە بووە، لێ نوسینی پارتیەکان نەک هەر پشتیوانی نەبوو بۆ قسە دەپەڕێوەکە، بەڵکو بووە هۆی ئەوەی هەرچی یەکێتی هەیە لەسەر ئەم کچە بهێننە قسە و دوور مەڕۆ سبەی لەکارەکەشی دووری بخەنەوە.

من گرفتم لەگەڵ قسە دەرپەڕیو و بێ مەبەستەکە نییە، قسەیەک بوو کرا، قسەش دەرچوو لەزار ئیتر ناگەڕێتەوە، ئەگەرنا سەد جار ئەو خانمە دەیگێڕایەوە، بەڵام کێشەم لەگەڵ عەقڵیەتی پارتی و ئەو پارتیانە هەیە، کە پێیان وایە وتنی ئەم قسەیە بۆ ئەوان سەرکەوتنی مەزنە، بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە ئەو پشتیوانی و هاتوهاوارەی ئەوان بچوککردنەوەی خودی ئەو سەرۆکەشە کە ئەوان ئێستا بەناوی دڵسۆزییەوە بۆ ئەو ئەم پشتیوانی و هاتوهاوارەیان لێ بەرزبوەتەوە، وەک بڵێی سەرۆکەکەیان تەنها چاوەڕێی ئەم داپێدانانە بوبێت، ئاخر خۆ لەناو پارتیدا هەزاران دەروێش هەن کەنەک دەڵێن بارزانی باوکمانە، بەڵکو دەڵێن خواشمانە، بەڵام رۆژێک نەک ئەو دەرویشییەیان بۆ بارزانی نەبووە ئەوەی بەرپرس و کادرێکی پارتی، رێزیان بگرێت، ستایشیان بکات و لەبارەیانەوە بنوسێت، بەڵکو بەردەوام بێ مافکراون و مافیان ژێر پێنراوە.

ئەوەی ئەمرۆ پارتیەکان دەیکەن، جگە لەنەزانی و خۆ بچوکردنەوە شتێکی تر نییە، جگە لە کەم بایەخپێشاندانی ئەوانەی کە شەو رۆژ یائەڵا حەی ئەڵا بۆ سەرۆکەکەیان دەکەن شتێکی تر نییە، ئەوەی ئەوان دەیکەن پەیامێکە بۆ دەروێشەکانی پارتی، کە ساڵەهای ساڵی زکری ئێوە بۆ بارزانی، ناکاتە سڵاوێکی ئەوانە لەبارزانی کە هەرگیز لەناخەوە بروایان بەسڵاوەکەشیان نییە.

بۆیە ئیتر کاتیەتی دەروێشەکانی پارتی پرسیار بکەن، بەڕاست ئەو کەمبینیەی کادرو راگەیاندنکاران و قەڵەم بەدەستانی پارتی بۆ زکرەکانی ئەوان و ئەو بایەخدانە بە سڵاوێکی ئەوانی تر لە سەرۆکەکایان، تێگەشتن و روانینی سەرۆکەکەیانە بۆ زکرەکانی ئەوان؟ یان نەخێر ئەوە خۆ بەکەمزانی و خەڵکی خۆ بەکەمزانی کادرەکانی ئەو حزبەیە ئەوەی خولقاندووە.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com