رزگار رەزا چوچانی: سەرکردە هینەکانی کوردستان

0

RZGARسەرکردە هینەکانی کوردستان

رزگار رەزا چوچانی
لای ئەوان بارزانی  سەرۆکی حزبە، خەمی وڵاتی نییە، بەڵام بەپێچەوانەوە لەرابردووی نزیکدا نمونەی نیشتیمانپەرەوەری بوو، تاکە سەرکردەی کورد بوو، کاتێک مالیکی بەڵێنەکانی نەهێنا جێ بەرانبەر کورد و پێی بەرەو مافەکانی کورد دەکێشا، پێی وت رابوەستە ئەحمەق، بەس ئەو بوو بێ حسابکردن بۆ هیچ کام لەهەرەشەکانی تەنانەت ئەمریکاش، پێشمەرگەی ناردە بەرانبەر سوپا نوێکراوەو بەوەکالەت ئێرانییەکەی عەرەبی عێراق، سەلماندیشی تاکە سەرکردەیە، کە مەسەلەی خاک و پرسی نەتەوەو نیشتیمان لای ئەو هێڵی هەرە سورەو موجامەلەو موزایەدە دوورە لێی.
لای ئەوان مام جەلال کورسی پەرستەو عێراقی، نە کوردستانییەو نەخەمی کوردستانی هەیە، بەڵام بە عەکسەوە مام تەنها سەکردەیە کە لەکوردستان ئاشتی راگرتبوو و راگرتووە، ئەو پاسپۆرتی پارتیەکانە لەسلێمانی و یەکێتی و گۆڕانەکانە لە هەولێر و دهۆک، خۆ ئەگەر مام دەستی بەڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی یەوە نەگرتایە، زۆرێک لەسەرکردەکانی سلێمانی نەیاندەهێشت پارتی لەسلێمانی بوونی هەبێت، بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە ئەودەم ئەوانیش دەبوو لە هەولێر و دهۆک نەبن.
لای ئەوان نەوشیروان مستەفا تێکدەرە، بەڵام نەخێر ئەو پیاوە نەبوایە بەهۆی رێکەوتنی برا بەشکردنی ستراتیژییەوە، دیموکراسی و کێبەرکێی دیموکراسیانە لەکوردستان مردار ببوەوە،  ئەو پیاوە نەبوایە نە پەرلەمان هەیبەتی مابوو نە دیموکراسی مانا، دەی لەوجێگاش کە دیموکراسی مانای نەما تێکدەری لەدایک دەبێت، نەک لەو دنیای کە ئەم پیاوە زیندووی کردەوە.
لای ئەوان سەلاحەدین بەهائەدین کە دەکرێ بۆ محەمەد فەرەجیش هەمان شت بڵێین، بەکرێگیراوی دەرەوەن، بەڵام بەعەسکەوە هەرە خەباتگێڕە دڵسۆز و مۆدێرنخەباتەکانی کوردبوون، یەکگرتوو یەکەم حزب بوو لەمێژووی کورددا کلتوری لێبوردنی بارهێنا لەوڵاتە،خوێن لە بارەگاکانی بادینانیان دەچۆڕا، ئەوان بانگەشەی لێبوردن و پاراستنی ئارامییان دەکرد.
لای ئەوان عەلی باپیر لەئێرانەوە هاتووە ، بەڵام نەخێر ئەو نمونەی جوامێری و کوردپەرەوەی بوو، کاتێک لەدوای ئەوەی بەپیلانی لایەنێکی کوردی بەتیرۆرست بە ئەمریکا ناسێنران، بەموشەک و بەناهەق بەدەیانیان لێ کوشتن، دیسان لەسەر زانیاری و شکاتی هەڵەی لایەنێکی کوردی بەناهەق زیندانکرا لەلایەن ئەمریکیەکانەوە، بەڵام لەپێناو ئارامی کوردستان دژی بانگەشەی جیهاد و توندوتیژی و تۆلەکردنەوە وەستا ، لەنزیکی تەقینەوەی کێشەکانی نێوان دوو برا مێژووییەکە مام و کاک نەوشیروان، یان لەکاتی سوتاندنی بارەگاکانی یەکگرتوو لەبادینان، قۆڵی هەڵماڵی و بەسەر هەموو لەخۆبایی بوونی حزبەکانی ئەو وڵاتەدا هەنگاوی نا، دەستی بۆ ئاشتی درێژکرد، تاکە سەرکردە بوو، بەنەخوێنی سیاسیانەی خۆی نەکردبوەوە تا بزانێ لەنێوان یەکێتی و گۆڕان، یەکگرتوو و پارتی کێ دەکەوێت و ئەم هینی سیاسی خۆی بکات، لەکاتێکدا هەموو حزبە سیاسی و سەرکردەکانیان، بەنەخوێنی سیاسی خۆیان کردبوەوە، و تەماشاکار بوون و حەکەم بوون، بەو مەرجەی هەرکەس کەوت، وەک ئەوی مەلا مەشهور هینێک بدات بە حەکەم.

لای منیش ئەوان سەرکردەن، پرن لەسەروەری، پڕن لەکەمتەرخەمی بەرانبەر ئەرکەکانیان، لای من ئەوان مێژوو و ناسنامەی بوونی وڵاتێکن، بەڵام رەمزی کەمتەرخەمی و لەیادکردنی خەمەکانی خەڵکیشن، لای من ئەوان کوڕی ئەم میللەتەن و ناکرێ نەخۆیان و نە شوێنکەوتووەکانیان وەکو بەشێک لەم میللەتە نەبینرێن، قبوڵ نەکرێن، دان بەرەوایەتی مافی کارو خەبات و تێکۆشانیاندا نەنرێت، بەڵام دەشزانم هەندێ لە ئەوان بۆخۆیان تەنها لەکاتی هەڵبژاردن و لەکاتی پێویست بیریان دەکەوێتەوە کە بەڵێ کوڕی میللەتن، یان بۆخۆیان بەشدارن لە کەمبایەخپێشاندانی خەباتی ئەوانی تر لەناو شوێنکەوتوانی خۆیاندا، بەڵام لەگەڵ ئەوەش لای من هیچیان زەربی هیچ نین و لەگەڵ خراپەکانیان باشیەکانیش نادیدەناگرم.
….
تێ بینی..
ئەمە پێداهەڵدان نییە بەڵکو بەلایەنگری هەموولاکان دەڵێم شتە باشەکانیش ببینن.
یان، دەبێت مامۆستا باپیر ببورێت، کە مەسەلەکەی مەلا مەشهورم باسکردووە، چونکە ئەوکات هەموو حزبەکان رێک مەلا مەشهور بوون، تەنها ئەو نەبێ.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com