هه‌ندێ قسه‌ی هه‌له‌ق‌و مه‌له‌ق بۆ مامۆستاكانی پۆلی یه‌كه‌می سه‌ره‌تاییم تاوه‌كو شه‌شه‌می ئاماده‌یی !!
بارزان عەلی حەمە
بۆ به‌ڕێز مامۆستای فیزیای پۆلی دووه‌می ناوه‌ندیم… پۆلی سێیه‌می ناوه‌ندیم… پۆلی چوارمی ئاماده‌ییم…
قوربان مامۆستای به‌ڕێزو خراپم… من هیوادارم ئێستا مووچه‌كه‌ت به‌رزتر بووبێته‌وه. پڕ به‌دڵ پێم خۆشه خاڵه‌كانت زیادی كردبن‌و ده‌وڵه‌ت پارچه‌یه‌ك عه‌رزه‌یان پێ دابیت. به‌ڵام مامۆستا گیان، حه‌زده‌كه‌م ئه‌وه‌ت پێ بڵێم كه: من ئێستا یه‌ك وشه‌ی تۆم بیر نه‌ماوه كه له‌پۆلدا بۆت باس كردووم. ئێستا نازانم ساده‌ترین هاوكێشه‌ت بۆ شیكار بكه‌م. به‌خودای بانی سه‌رم، ئێستا یه‌ك ڕسته… كوره ته‌نانه‌ت ناوه‌كه‌شتانم بیر نه‌ماوه!!
ئه‌و كاته‌ی تۆ باسی ڕه‌وڕه‌وت بۆ ده‌كردم، من پاڵم به‌عه‌ره‌بانه‌وه ده‌نا… ده‌مزانی قسه‌كانی تۆ هیچ سودێكی نیه بۆم… ته‌نها یه‌ك شت كه‌ده‌مویست فێری ببم، ئه‌وه بوو كه چۆن پێنج دینار بكه‌م به ده‌دینار به‌بێ ئه‌وه‌ی پاڵ به عه‌ره‌بانه‌یه‌كی تایه مقاشییه‌وه بنێم كه وه‌ك ئێستری له‌ڕ ڕه‌تاندبوومی!!!
بۆ به‌ڕێز مامۆستای كیمیای پۆلی دووه‌می ناوه‌ندیم… پۆلی سێیه‌می ناوه‌ندییم… پۆلی چواره‌می ئاماده‌ییم…
قوربان مامۆستای زۆربه‌ڕێز‌و بێ سودم… تۆبه‌درێژایی ئه‌و هه‌موو ڕۆژه نه‌توانی ته‌نها بۆ یه‌ك جار گۆگردم پیشان بده‌یت… نه‌توانی كلۆر‌و كاربۆنم پیشان بده‌یت، نه‌توانی هه‌ر هیچ نه‌بێت ڕۆژێك له‌گه‌ڵ ده‌ستدا سه‌ری قابله‌مه‌یه‌ك‌و پارچه‌یه‌ك وایه‌ری ئوتووه شكاوه‌كه‌تان بێنیته پۆله‌كه‌وه‌و بڵێیت ئه‌مه‌یان فافۆنه‌و ئه‌مه‌شیان مس… بۆیه مامۆستاگیان خه‌جاڵه‌تی تۆم كه‌ناتوانم درۆت له‌گه‌ڵ بكه‌م. به‌خودا ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر زه‌میندا تاكه كه‌سێك هه‌بێت كه هیچ یادگارییه‌كم له‌گه‌ڵیدا نه‌بێت، دڵنیابه تۆی !!!
بۆ به‌ڕێز مامۆستای بیركاریم له‌سه‌رده‌می قوچه‌ك‌و خشته‌كه‌وه بۆ سه‌رده‌می سین‌و صاد‌و بیسه‌لمێنه…
مامۆستای زۆربه‌ڕێز‌و ترسناكم… من ئێستا جگه له‌ژماره جووته‌كان‌و ژماره پێنج… جه‌دولی زه‌ربی هیچ ژماره‌یه‌كی ترم له‌به‌ر نیه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش په‌كم نه‌كه‌وتووه، چونكه دوو موبایلم پێیه، هه‌ردووكیان حاسیبه‌یان تێدایه‌و به‌ئاسانی ئه‌نجامه‌كه‌م پێ ده‌ڵێن… مامۆستای به‌ڕێز… من ئێستا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانم بیسه‌لمێنم كه بۆچی سین‌و صاد ئه‌و هه‌موو سه‌رئێشه‌یه‌ی تێدابوو كه‌چی له‌ولاشه‌وه گریمان عه‌ین ژماره حه‌ڤده‌یه‌و نه‌تیجه‌كه‌شی وه‌كو بوجه‌ی هه‌رێم ناڕوون بوو!!! قوربان من له‌و هه‌موو قسه بێ سوودانه‌ی كه تۆ بۆت ده‌كردم، ئێستا ته‌نها ده‌توانم یه‌ك شت بسه‌لمێنم، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سودم له‌و قسانه‌ی تۆ نه‌كرد كه‌به‌درێژایی ڕۆژه‌كانی ئه‌و هه‌موو ساڵه بۆت كردم. ئه‌گه‌ر له‌بیرتان بێت، من هه‌ر ئه‌و كاته ئه‌م قسانه‌ی ئێستام پێ وتیت، به‌ڵام تۆ ده‌توت ئه‌وه قسه‌ی ته‌له‌به‌ی ته‌مبه‌ڵه، كه‌چی ئاقیبه‌ت هه‌ر قسه‌كانی من ڕاست ده‌رچوو، به‌ڕه‌بول عاله‌مین به‌قه‌د گه‌ردیله‌یه‌ك سودم له هاوكێشه‌كانت وه‌رنه‌گرتووه. هه‌ركاتێك كه تۆ له‌تاقیكردنه‌وه‌كاندا ده‌توت بیسه‌لمێنه: من وه‌كو شعره‌كانی قانع، سین‌و صاد‌و قاف‌و عه‌ینم بۆ له‌به‌رده‌كردیت‌و زه‌ڕب‌و ته‌قسیم‌و یه‌كسانه‌و گریمان‌و فاریزه‌كانیشم به‌له‌به‌ر بۆده‌نوسیته‌وه‌و تۆش ده‌ره‌جه‌ت ده‌دامێ. قوربان من وشه‌ی تریلیۆنم له په‌رله‌مانی ئه‌ییامی ته‌پڵی بوجه‌وه گوێ لێ بوو نه‌ك له‌تۆ… وشه‌ی ملیارم له‌و ڕۆژنامانه‌وه خوێنده‌وه كه‌باسی دزییه‌كانی حیزبی تیا‌بوو نه‌ك له‌تۆ. ملیۆنم له‌و جنێوانه‌ی دایكمه‌وه ژمارد كه به‌وه‌زیری كاره‌بای ده‌دا له‌كاتی كاره‌با بڕاندا… بیرم دێت تۆ ته‌نها تا ژماره ده‌ت فێر كردم. به‌ڵام كوڕێكی پورم هه‌یه هه‌رگیز نه‌خراوه‌ته قوتابخانه‌و ده‌شزانێت دوو بیست‌و پێنج هه‌زاری ده‌كاته په‌نجا هه‌زار… ئاخ چه‌نده بێ سودبوو قسه‌كانت بۆ من مامۆستای به‌ڕێزی بیركاری!!!
بۆ به‌ڕێز مامۆستای عه‌ره‌بی پۆلی چواره‌می سه‌ره‌تاییم…پۆلی پێنجه‌می سه‌ره‌تاییم… پۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تاییم… پۆلی یه‌كه‌می ناوه‌ندیم… پۆلی دووه‌می ناوه‌ندیم… پۆلی سێیه‌می ناوه‌ندیم… پۆلی چواره‌می ئاماده‌ییم… پۆلی پێنجه‌می ئاماده‌ییم… پۆلی شه‌شه‌می ئاماده‌ییم…
مامۆستای به‌ڕێز… به‌درێژایی نۆ ساڵ ده‌رسی عه‌ره‌بیتان به من وت. ئێوه هه‌م ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی‌و هه‌م ئینشا و هه‌م دینی ئیسلامیشتان پێ ده‌وتم. له‌ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی ته‌نها یه‌ك ڕسته‌م بیرماوه: جاحز… مولقب بجحوز عه‌ینهو !!
له‌ده‌رسی دینی ئیسلامیش ته‌نها دوو ئایه‌تی قولهوه‌ڵاهو ئه‌حه‌د‌و سوره‌تی فاتیحه‌م به‌باشی بیرماوه.
له‌قه‌واعیدی عه‌ره‌بی ئێستاش نه‌مزانی چی وت‌و چۆن ڕۆشت…
خودا به‌بانی سه‌ره‌وه ئاگای لێیه، ئینشا به‌لای منه‌وه قۆڕترین شت بوو كه ده‌بوو له‌به‌ری بكه‌م. به‌درێژایی ئه‌و ساڵانه‌ی ئێوه قسه‌ی بێتامی عه‌ره‌بیتان بۆ من ده‌كرد، من یه‌ك شتم له‌به‌ر كردبوو كه پێی ده‌وترا ئینشای عام، بۆ هه‌موو مه‌سه‌له‌كانی ئێوه ده‌بوو. له‌هه‌موو مانگه‌كانی تاقی كردنه‌وه هه‌ر ئه‌وه‌م بۆ ئێوه ده‌نوسی… له‌هه‌موو ساڵه‌كانی تاقیكردنه‌وه‌دا هه‌ر ئه‌وه‌م بۆ ده‌نوسین، هه‌تا ئێستاش زۆرترین قسه‌ی عه‌ره‌بی كه به‌سه‌ر یه‌كه‌وه له‌به‌رم بێت‌و بزانم بیڵێم هه‌ر ئه‌و قسه قۆڕانه‌یه كه ئێوه به‌درێژایی چه‌ندین مانگ‌و ساڵ ده‌ره‌جه‌تان دامێ له‌سه‌ری !!!
سه‌ره‌تاكه‌ی به‌مه ده‌ستی پێ ده‌كرد: (بۆشایی)كلیمه تیبه لها تاسیروها عه‌له‌ل نه‌فس… جا له‌بۆشاییه‌كه‌دا ده‌توانی گۆره‌وییه‌كانی پێی مامۆستای عه‌ره‌بی دابنێیت!!
بۆ به‌ڕێز مامۆستای ئینگلیزی پۆلی پێنجه‌می سه‌ره‌تاییم… پۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تاییم… پۆلی یه‌كه‌می ناوه‌ندیم… پۆلی دووه‌می ناوه‌ندیم… پۆلی سێیه‌می ناوه‌ندیم… پۆلی چواره‌می ئاماده‌ییم… پۆلی پێنجه‌می ئاماده‌ییم… پۆلی شه‌شه‌می ئاماده‌ییم…
مامۆستای زۆر به‌ڕێزو زمانزانم… به‌درێژایی هه‌شت ساڵ، ئێوه عه‌كس‌و دیالۆگ‌و ڕیدینگتان به‌من له‌به‌ر كرد… به‌ڵام به‌هه‌رهه‌مووتان له‌و هه‌موو مانگ‌و ساڵه‌دا نه‌تان توانی به‌قه‌د یه‌ك ڕۆژی سان-ی هاوڕێم ئینگلیزیم فێر بكه‌ن. به‌ڕێز مامۆستای ئینگلیزی هه‌شت ساڵ خوێندنم… زۆر دڵنیا بن كه من له‌ئێوه‌وه پرێزن سمپڵ‌و پرێزن كۆنتنیو و پرێزن پێرفێكت‌و پاست سمپڵ و پاست پێر فێكت‌و ڤێرب تو بی‌و ڤێرب تو هاڤ فێر نه‌بووم !!!
ئێوه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌تانتوانی به‌پرۆنانسه‌یشنێكی زۆر سه‌قه‌ت هه‌ندێ قسه به‌ئینگلیزییه‌كی زۆرخراپ بكه‌ن، هه‌میشه به‌ده‌مووچاوتانه‌وه دونیایه‌ك پۆز‌و له‌خۆبایی بوونم ده‌بینی، هه‌میشه‌ش هیوام ده‌خواست هیچ كات نه‌تان بینم !!
بۆ به‌ڕێز مامۆستای كوردی پۆلی یه‌كه‌می سه‌ره‌تاییم… پۆلی دووه‌می سه‌ره‌تاییم… پۆلی سێیه‌می سه‌ره‌تاییم… پۆلی چواره‌می سه‌ره‌تاییم… پۆلی پێنجه‌می سه‌ره‌تاییم… پۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تاییم… پۆلی یه‌كه‌می ناوه‌ندیم… پۆلی دووه‌می ناوه‌ندیم… پۆلی سێیه‌می ناوه‌ندیم… پۆلی چواره‌می ئاماده‌ییم… پۆلی پێنجه‌می ئاماده‌ییم… پۆلی شه‌شه‌می ئاماده‌ییم….
مامۆستای به‌ڕێزو هاوزمانم… به‌درێژایی دوانزه ساڵ تۆ زمانی كوردیت بۆ شیكردمه‌وه. ئێستا زانیم كه تۆ كوردی نازانیت !!!
بۆ به‌ڕێز مامۆستای زانست‌و زینده‌وه‌رزانی پۆلی یه‌كه‌می سه‌ره‌تاییم تا ئه‌و كاته‌ی چوومه به‌شی ئه‌ده‌بی…
مامۆستای به‌ڕێز: ئه‌و ڕۆژانه‌م بیره كه تۆ كتێبه‌كه‌ت له‌بیر ده‌چوو، ئیتر نه‌تده‌زانی باسی كامه زانست‌و كامه‌جۆری زینده‌وه‌رمان بۆ بكه‌یت، بۆیه ده‌رسه‌كه‌ت ده‌كرد به‌سرود و به‌ڕیز هه‌ڵت ده‌ساندین بۆ وتنی به‌ند‌و گۆرانی‌و ئه‌ی ڕه‌قیب و خوایه وه‌ته‌ن ئاواكه‌ی !!!!
مامۆستای بیرمه‌ند‌و زینده‌وه‌رناس… ئه‌و كاته‌ی كه تۆ ئیمتیحانی منت ده‌كرد له‌سه‌ر ده‌رسی زینده‌وه‌رزانی، من زۆر دڵنیابووم كه له‌ژێر پرده‌كه‌ی سلێمانی‌و سه‌ر پرده‌كه‌ی سه‌یداوه‌ی هه‌ولێر ده‌یان ته‌یروتیور‌و خشۆك‌و جڕوجانه‌وه‌ر ده‌فرۆشرێت كه تۆ ناوی هیچیان نازانیت‌و نه‌ت بینیون. به‌ڵام هیوادارم خزمه‌ت‌و خاڵه‌كانی تۆش له‌ئێستادا شمولی عه‌رزه‌ی كردبێت‌و معاشه‌كه‌شت دوو قات بووبێت .
بۆ به‌ڕێز مامۆستای مێژووم له‌هه‌موو ئه‌و پۆلانه‌ی كه بیرم نیه چه‌ند بوو…
قوربان من باوه‌ڕم به ده‌رسه‌كه‌ت نه‌بوو !!
بۆ به‌ڕێز مامۆستای جوگرفیا… نازانم له‌پۆلی چه‌نده‌وه تۆ ده‌رست به من وت، به‌ڵام ده‌زانم تاپۆلی شه‌شی ئاماده‌یی بوو. جوگرافیا یه‌كێك له‌و ده‌رسانه‌یه كه ئێستاش پێم خۆشه بیخوێنم. به‌س مه‌نهه‌جه‌كه‌ی تۆ كۆن بوو. ئه‌وه‌ی تۆ باست ده‌كرد كه‌ڵكی نه‌بوو. دروستكردنی نه‌خشه‌ی نیشتمانی عه‌ره‌ب…گه‌وره‌ترین گه‌مژه‌یی مامۆستای ده‌هێنایه به‌رچاوم… دروستكردنی نه‌خشه‌ی عێراق به‌و مه‌رجه‌ی كه تۆ داوات ده‌كرد هه‌ردوو ڕووباری دیجله‌و فوراتی تێدابێت به‌سه‌رجه‌م ئه‌و لقانه‌ی ده‌ڕژێنه سه‌ری، خراپترین ئه‌شكه‌نجه‌ی ده‌روونی بوو به‌لای منه‌وه. من تاوه‌كو له‌تۆ قوتار نه‌بووم نه‌مزانی له‌سلێمانییه‌وه چۆن ده‌كرێت بچیته هه‌ولێر، به‌ڵام تۆ وڵاتی سودانت پیشان ده‌دام له‌سه‌ر نه‌خشه… ئه‌تڵه‌ست ده‌هێنایه ژوره‌وه‌و باسی سه‌رچاوه سروشتییه‌كانی خراپترین نیشتمانت بۆ ده‌كردم كه ناوی نیشتمانی عه‌ره‌ب بوو !! باسی مزره‌مه‌نی ژێر سێبه‌ری دارخورماكانی عه‌ره‌بت بۆ ده‌كردم… كه‌چی پێت نه‌ده‌وتم ئه‌و به‌ڕووه تاڵه له‌كوێوه دێ كه له‌و سه‌رده‌می برسێتییه‌مدا دایكم له‌سه‌ر هیته‌رێكی كاره‌بایی بۆی ده‌برژاندین. ئاخ چه‌ندم ڕق له وانه‌كه‌ت بوو به‌ڕێز مامۆستای جوگرافیا…
به‌ڕێزان مامۆستایانی دوانزه ساڵ قسه‌ی قۆڕ‌و هه‌له‌ق‌ومه‌له‌قم. من سوپاسی هیچتان ناكه‌م. دڵنیابن هیچتان لێوه فێر نه‌بووم. من ته‌نها سوپاسی مامۆستا كوێستان ده‌كه‌م له‌پۆلی پێنجه‌می سه‌ره‌تایی “قوتابخانه‌ی شێخ مه‌حمودی نه‌مر”. جارێكیان له‌زه‌رفێكدا 25 دیناری سویسری دایه ده‌ستم‌و وتی ئه‌وه دیاری منه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ده‌رسی بیركاری نمره‌ی سه‌دت به‌ده‌ست هێناوه. ئه‌و كاته یه‌كێتی‌و پارتی شه‌ڕیان ده‌كرد‌و باروت له‌شه‌كر زۆرتر بوو. من 25 دیناره‌كه‌م دا به‌دایكم‌و تۆزێك شه‌كر‌و ڕۆن‌و چه‌ند نانێكی پێ كڕی وابزانم به‌شی دوو ڕۆژی كردین !!!
تێبینی: من ئێستا له‌قۆناغی كۆتایی زانكۆم. ئه‌گه‌ر ته‌واو بووم. هه‌موو ئه‌و زانست‌و عیلم‌و مه‌عریفه‌ته ڕوون ده‌كه‌مه‌وه كه له‌مامۆستاكانی زانكۆشه‌وه فێری بووم!!!
barzan_alihama@yahoo.com