لەسوید پزیشکێکی کورد دڵی دەستکرد دروست دەکات

0

AZADNلەسوید پزیشکێکی کورد خەریکی دروستکردنی دڵی دەستکردە

دوای چەند مانگی تر لەسەر ئاژەڵێک یەکەم دڵی دەستکرد تاقی دەکاتەوە و دڵنیایە لەسەرکەوتنی

لەکوردستان نەخۆشخانەیەک بۆ چارەسەری قەڵەوی و شەکرە دروست دەکات

رزگار رەزا چوچانی سوید

نوچەنێت . گۆڤاری سڤیل

د. ئازاد  نەجاڕ ساڵی ١٩٩٥ هاتوەتە سوید، چواردە ساڵە وەکو پزیشک لە سوید کار دەکات، خەڵکی شارۆچکەی زاخۆیە، لەساڵی ١٩٩٢ زانکۆی موسڵ بەشی پزیشکی تەواو دەکات و دوو ساڵ وەکو پزیشک لە بەغدا کاریکردووە، ئەم کوردە پزیشکە لەسوید، ئێستا لەدواین قۆناغەکانی دروستکردنی دڵی دەستکرددایە، کە داهێنانێکی بێوێنەیە لەجیهاندا و خزمەتێکی گەورەیە بە مرۆڤایەتی، وەک خۆی لەم دیمانەیەی لەگەڵ گۆڤاری سڤیلدا دەڵێت گرنگە بۆی، حکومەتی کوردستان بەشداری بکات لە پرۆژەکەیدا، ئەو بۆ سڤیل ئاشکرای دەکات، کە لەگەڵ چەند پزیشکێکی سویدی بەنیازن لەکوردستان کار بکەن بۆ پرۆژەی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بۆ لاوازکردنی ئەوانەی کێشەی قەڵەوییان هەیە، و دەڵێت” ئەوەی ئێمە دەیبەینەوە کوردستان بەتەنها چارەکردنی گرفتی قەڵەویی نیە، بەڵکو لەهەمانکاتدا بەیەکجاری کێشەی ئەو کەسانەش چارەسەر دەکات، کە توشی نەخۆشی شەکرە بوون”.

رزگار رەزا چوچانی: کاتێک هاتنە سوید چۆن دەستتان کرد، بەکاری پزیشکی؟

د. ئازاد نەجاڕ: کاتێک کەسێک دێتە ئەم وڵاتە سەرەتا ئەبێ زمانی باش بێت، دوای ئەوە تاقیکردنەوەیەکی گەورە دەکرێی وەکو پزیشک، ئەگەر توانیت سەرکەویت، دەتوانی وەکو پزیشک کاری خۆت بکەیت، منیش دیارە کۆلیژی پزیشیکیم خوێندووە، و لێرە بەهەمان ئەو مەرحەلانەدا رۆشتووم، ئێستاش وەکو پزیشکێک کارد دەکەم.

رزگار رەزا چوچانی: ئا لەو ساڵانەی کە لەوڵاتی سوید دەژیت، سەردانی کوردستانت کردووە؟. ئەگەر سەردانت کردووە، چۆن سیستەمی تەندروستی کوردستان هەڵدەسەنگێنی؟.

د. ئازاد نەجاڕ: لەو ماوەی کە لەسوید ئەژیم، پێنج تا شەش جار سەردانی کوردستانم کردووە، رێگای ئێمە کوردستانە، بەدڵنیایی ناتوانین بەبێ کوردستان بژین لەهەرکوێ بین.

ئەوەی من بینیومە لەکوردستان هەوڵ و خەبات هەیە بۆ باشترکردنی دۆخی ئەو وڵاتە لەهەموو بوارەکاندا، بەڵام بەداخەوە تاکو ئێستا سیستەمی تەندروستی بەهەمان سیستەمی کۆنە و شتێکی تازە دروست نەبووە، دیارە گۆڕینی سیستەمیش کارێکی ئاسان نییە، کە دەڵێین سیستەمی تەندروستی کوردستان لەسەر سیستەمە کۆنەکە دەروات بەمانای ئەوە ناڵێم، کە هیچ نەکراوە، لەوێش لەباری زانست و پێشکەوتنیەوە کار دەکرێت زانکۆکانی کوردستان هاندانی باشیان هەیە بۆ ئەو مەبەستە، هەروەها هەندێ کۆنگرەو کۆنفرانسی زانستی سازدەکرێن ئەوەش کارێکی باشە، بەڵام بێگومان پێویستی زۆری ماوە، کە دەبێت لەبارەی رێکخستنی کاری تەندروستییەوە کاری بۆ بکرێت و گرنگی پێبدرێت، ئەوەی من دەیبینم هەم سیستەم کێشەی هەیە هەمیش خەڵک و تێگەشتنی خەڵک بۆ تەندروستی گرفتی هەیە، بێگومان ئەوەش بەهەوڵدان چارەسەر دەکرێت، مادام هەوڵدانیش هەیە، دەکرێت بڵێین بە ئایندە بێهیوا نیم.

رزگار رەزا چوچانی: ئەگەر خۆت بەراورد بکەی چ جیاوازییەک لەنێوان سیستەمی تەندروستی کوردستان و سویددا دەبینی، لەوێ بینویتە پزیشکێک رۆژانە چەند نەخۆش دەبینێت و لێرەش چەند جیاوازە، چی دەڵێی لەو بارەیەوە؟. بۆچی ئێوە شارەزای ئەم سیستەمە پێشکەوتوەی ئێرەن هاوکاری وڵاتی خۆتان ناکەن، تا رەوشەکە بگۆڕن؟

د. ئازاد نەجاڕ: سیستەمی سویدو کوردستان دوو سیستەمی زۆر جیاوازن، ئەگەر بمانەوێ بچینەوە لەوێ کار بکەین و بەهەمان سیستەمی ئێرە بڕۆین رە نگە زۆر ئاسان نەبێت، بۆ نمونە ئەگەر من لەوێم بم کە وەک پزیشکێک کار دەکەم، لەسوید لە ماوەی هەشت سەعاتی کارکردن لە رۆژێکدا، زۆر زۆر خەڵک ببینم ٢٠ نەخۆش دەبینم، بەڵام ئەگەر بچمە کوردستان و تەنها ٢٠ نەخۆش ببینم چی دەبێت؟، بێگومان شتێکی جیاواز دەبێت لەوەی لەوێ هەیە، و بۆم ناچیتە سەر، لەکوردستان پزیشک هەیە رەنگە لە رۆژێکدا ١٠٠ نەخۆش ببینێت، بەڵام لێرە شتی وا روونادات، ئەوەی لەکوردستان تاوانی پزیشکەکان نییە، بەڵکو هۆکاری تری هەیە وەک نەخۆشی زۆر و  پزیشکی کەم بە ژمارە، ئەوە گرفتی گەورەیە رێژەیەکی زۆر سەردانی نەخۆشخانە دەکات و ژمارەیەکی کەمتر پزیشکت هەبێت، من لەگەڵ ئەوە نیم کە دەڵێن پزیشکانی کورد لەدەرەوە هاوکاری وڵاتی خۆیان ناکەن، بەپێچەوانەوە زۆر شت دەکرێت لەنێوان ئێرە و کوردستان، وەک گۆڕینەوەی زانیاری و هاوکاری گەیاندنی زانیاری، راستە ئەو کارو هەماهەنگیانەی کە کراوە بەپێی پێویست نییە، ئەوەش بۆ  سەرقاڵی پزیشکانی کورد لەدەرەوە دەگەڕێتەوە بەو دەوام و ئەرکەی کە هەیانە، ئەتوانم بڵێم پزیشکانی کورد لەسوید رەنگە بەهێندەی ئەوەی کە دەبوو بیکەن یان کوردستان پێویستیەتی، هاوکاری پزیشکانی وڵات نەبوون، بەڵام ئەوانیش گوناهبار نین، چونکە کاتیان بەدەستەوە نیە، بۆیە لە هەوڵی دروستکردنی هەماهەنگی زیاتر دەبێت بیر لەوە بکەینەوە، چی بکەین بۆ ئەوەی کاتەکانمان زیاتر بکەین و هاوکارییەکانمان زیاتر بکەین، بۆ ئەو مەبەستە بەهەردوولا دەبێت بیری لێبکەینەوە، هەم کوردستان هەم پزیشکانی کورد لەدەرەوە چۆن ئەو کاتە زیاتر بکەین چۆن ئەو هاوکارییە زیاتر بکەین، بەڵام وەک وتم ئەم رایەی من بەو مانایە نییە کە پزیشکانی کورد یان کوردانی دەرەوە کاریان نەکردووە، بۆ گواستنەوەی ئەم سیستەمە باشەی کەلێرە هەیە بۆ وڵاتی خۆیان، بۆ نمونە لەگەڵ نەبوونی کات و جیاوازی سیستەم و شێوازی کاری ئێرەو ئەوێ، هەندێ شتی باش لەکوردستان کراوە، وەک ئەوەی نەخۆشخانەیەکی چاو لەهەولێر دروستبووە، کە هەندێ پزیشکی سوید لەوێ ئەو نەخۆشخانەیان کردۆتەوە، من بۆخۆم و دوو پزیشکی تری سویدی بەنیازین لەمانگی ١ بچینە کوردستان لەوێ لە بواری نەشتەرگەری نازور دەست بەکار بکەین، بە دڵنیایی زۆر پزیشیکی تریش لە هەوڵدان بچن لەکوردستان کار بکەن و خزمەت بکەن بەڵام ئاسان نییە و دەبێت ئاسانکارییان بۆ بکرێت.

رزگار رەزا چوچانی: ئەو کارە چییە تۆ و پزیشکە سویدیەکان بەنیازن لەکوردستان بیکەن، وەک وتت بەنیازن لەم نزیکانە بچنەوە کوردستان؟.

د. ئازاد نەجاڕ: لێرە سێ جیهازی نازور هەیە، کە بۆ نەشتەرگەری قەڵەوی بەکار دەهێنرێن، کاتێک چومەوە کوردستان، شیوەی جیهازەکانم پێشانی پزیشکەکانی کوردستان دا، گەلێک کەیفیان پێهات و پێیان باش بوو، کە لەکوردستان هەبێت، بۆیە ئێمەش لەگەڵ ئەو پزیشکە سویدیانە بڕیارماندا جیهازی نازور بۆ نەشتەرگەری قەڵەوی ببەینەوە کوردستان، لەکوردستان خەڵکێکی زۆر هەیە کە کێشەی قەڵەویان هەیە، لەسویدیش خەڵکێکی زۆر هەیە ئەو نەشتەرگەرییەیان کردووە، ئەو نەشتەرگەریانەی کە بۆ ئەو کێشەیە لەسوید کراون، لە هەموو وڵاتانی تر زیاتر سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، چونکە لەرێگای جیهازی نازورەوە کراوە، کاتێک بەو جیهازەش کار دەکەیت پێویست نییە زکی ئینسان هەڵبدڕیت، بەڵکو تەنها کونێکی بچوک دروست دەکەیت و لەرێگای ئەو کونەوە نەشتەرگەری خۆت دەکەیت، ئەمە شتێکی جیاوازترە لەوەی بە لێزەر دەکرێت یان بەبڕین، من دوای قسەکردنێکی زۆر لەگەڵ پزیشکانی کوردستان، بەڵێنمدا کە هەندێ پزیشکی سویدی لەگەڵ خۆم ببمە کوردستان و بەو رێگا نوێیە پزیشکانی کوردستان فێری ئەو نەشتەرگەرییە بکەن، وەک خۆت دەزانی ئاسان نییە لێرە پزیشکی سویدی رازی بکەیت کە لەوێ کار بکات، دوای سێ چوار مانگ هەوڵدان چەند پزیشکێکمان ئامادەکردووە، کە بێن لەکوردستان هاوکاری پزیشکانی کورد بکەن بۆ فێربوون، هەروەها بەنیازین لەهەمانکات وەکو ئەو نەخۆشخانەی چاوەی لەکوردستان دروستکراوە و سیستەمەکەی سیستەمی ئێرەیە، ئێمەش هەوڵ بدەین نەخۆشخانەیەک لەو بوارەدا لەکوردستان دروست بکەین، تا ئەوانەی کە دەیانەوێ خۆیان لاواز بکەن، لەرێگای ئەو نەخۆشخانەوە بە شێوەیەکی پێشکەوتوو سود وەربگرن.

رزگار رەزا چوچانی: وتت بەرێگای لێزەر نیەو هەڵدڕینیش نییە، بەشیک لەو کەسانەی کە نەشتەرگەری قەڵەویان کردووە، دواتر کێشەی تریان بۆ دروست بووە، ئایا کاردانەوە یان دەر ئەنجامی خراپی ئەم کارەی ئێوە چیی دەبێت؟.

د. ئازاد نەجاڕ. ئەزانی خۆش نییە ئینسان باسی کارێک بکات کە خۆی دەیەوێت بیباتەوە کوردستان، بەر لە ئەنجامدانی، بەڵام ئەتوانم بڵێم بۆیە گرنگە لام ئەم پرۆژە لەکوردستان کاری بۆ بکرێت، چونکە لەجێی جێهێشتنی کاریگەری خراپ لەدوای نەشتەرگەرییەکە، بەپێچەوانەی رێگاکانی تر کاریگەری باشە جێدەهڵێت، چونکە ئەم شێوازە بۆ نەشتەرگەری قەڵەوی جیاوازترە لەو نەشتەرگەریانەی تر کە لەو بوارەدا دەکرێن، ئەمە بەشێوەیەکی پێشکەوتوو شێوازێکی نوێیە، بۆ نمونە لەدوای ئەو نەشتەرگەرییە ئەگەر نەخۆش نەخۆشی شەکرەشی لەگەڵدا بێت نەخۆشییەکەی نامێنێ، ئەمەش یەکێک لەلایەنە هەرە پۆزتیڤەکانیەتی، چونکە نەخۆشی شەکرە نەخۆشییەکانی ئاسان نییە، بەپێی رێژەکەی خەتەری زیاتر بۆ سەر ئینسان دروست دەکات، وەک کاریگەری لەسەر چاوو دڵ و چەند لایەنی تر، بۆیە لای من گرنگە ئەم کارە لەکوردستان بکرێت و دڵنیام خزمەتێکی گەورە دەبێت بەو وڵاتە، چونکە ئەگەر ئێمە بتوانین هەم قەڵەوی کەم بکەینەوە و هەم شەکرەش کەم بکەین لەناو خەڵکی کورددا، بێگومان خزمەتێکی باش دەبێت بەو وڵاتە، لەدوای ئەوە خەڵکی ئێمە پێویستی نییە بێتە ئەوروپا ئەو نەشتەرگەرییە بکات، بەڵکو ئێمە گروپێک دەبەینەوە کوردستان لەوێ ئەو نەشتەرگەرییە دەکەین.

رزگار رەزا چوچانی: کەی ئەم پرۆژەیە دەست پێدەکەن لەکوردستان؟.

د. ئازاد نەجاڕ: من تەنها قسەم لەگەڵ چەند پزیشکێکی کوردستان کردووە، ئامادەیم لەسویدیش کردووە، بەڵام هێشتاش کاری زیاتری دەوێت، بۆ ئەو مەبەستە دەبێت قسە لەگەڵ حکومەتی کوردستان بکەین، تا بزانین بەچ رێگایەک بچینەوە لەوێ کار بکەین، چونکە لەچونەوەدا من بەتەنها نیم، من چەند پزیشکێکی سویدی لەگەڵ خۆم دەبەم، دەمەوێ لەکارەکە دڵنیا بم و ئەنجام شەرمەزاری لای سویدییەکان نەبین، چونکە خۆتان دەزانن ئەمان خەڵکێکی حەساسن، دەبێت کارێک بکەین کارەکەیان سەرکەوتوو بێت، ئەو سەرکەوتنەش دەبێتە کردنەوەی دەرگای زیاتر بۆ هاتنی زیاتری پزیشکانی سوید بۆ کوردستان،

رزگار رەزا چوچانی: وتت چەند جار سەردانی کوردستانت کردووە، سوید وڵاتێکی ٩ ملیۆن کەسییە، کوردستان نیوەی یان شتێک زیاتر لە نیوەی خەڵکی سویدە خەڵکەکەی، بەڵام کاتێک بەراوردی نەخۆشخانەکان دەکەیت، هەست دەکەیت تەنها لەکوردستان چوار ئەوەندەی سوید نەخۆش هەیە، ئەوەندە قەرەباڵغە نەخۆشخانەکان، بەبڕوای تۆ ئەمە هەموو نەخۆشییە یان چی؟.

د. ئازاد نەجاڕ: تا ئێستا ئامارێک لەبەردەست نییە، کە بزانین چەند نەخۆش لەکوردستان هەیە، بە رەها نازانین ژمارەی توشبوان بە شەکرە چەندە، پرۆستات، شێرپەنجە، شێرپەنجەی گەدە ژمارەیان چەندە، ئەو هەموو خەڵکەی کە بەناوی نەخۆشی روو دەکاتە نەخۆشخانەکانی کوردستان، مەرج نییە هەموویان نەخۆش بن، هەندێکیان لە نەشارەزایی دێنە نەخۆشخانەکان، خەڵکی سوید وانییە، بروات هەبێت هەندێ نەخۆشی سویدی دێنە نەخۆشخانە، بەقەد نیوە پزیشکێک شت ئەزانن، چونکە ئەخوێننەوە ئاگایان لە لێکۆڵینەوە پزیشکییەکانە، زۆریان لەبارەی نەخۆشییەکەی خۆیانەوە خوێندۆتەوە، یانی نیوە پزیشکێکن، یان خەڵکی ئەم وڵاتە گرنگییەکی زۆر ئەدات بە وەرزش، بە خواردن و جۆری خواردن، بۆیە دەبینی هەیانە تەمەنی ٩٠ ساڵە هێشتا وەکو من و تۆ رێ دەکەن، لەسوید ئەگەر کەسێک لە نەخۆشی دڵنیا نەبێت، ناچێتە نەخۆشخانە، بەڵام لەکوردستان وەها نییە، گرنگی بەجۆری خواردن و وەرزش نادەن، بۆ بچوکترین کێشە روو لەنەخۆشخانە دەکەن، من لەو بروایەدام، لە ١٠٠ نەخۆشی کوردستان ٥٠ نەخۆشیان پێویستی بەوە نییە بچێتە نەخۆشخانە، لەوەش ئەگەر سیستەمێک هەبێت وەکو ئێرە، هاوکاری نەخۆش بکات ئەو رێژەیەش ناچنە نەخۆشخانە، وەک ئەوەی ئەگەر سیستەمی تەلەفۆنی هەبێت، نەخۆش پەیوەندی پێوە بکات ئەگەر گومانی لەنەخۆشییەک هەبوو پرس بکات، ئەوە حاڵەتەکەیەتی و چی بکات باشە؟، لەو رێگایەوە رێنمایی بکەن، پێموایە کە لەو ١٠٠ نەخۆشە ١٠ی ناچێتە نەخۆشخانە، لایەنێکی تر رۆشنبیری تەندروستی بۆ کۆمەڵگە زۆر گرنگە، لە سوید بەنەخۆشێک بڵێ سێ هەفتەی تر وەرە نەخۆشخانە کێشەی نییە، بەڵام لەکوردستان وا بڵێ قبوڵی ناکات، بەڵکو دەبێت لەماوەی یەک کاتژمێردا پزیشک ببینێت، بەپزیشکیش نەبێت بەکەس رازی نییە، لێرە نەخۆش سەرەتا رەنگە یاریدەدەرێکی پزیشک ببینێت و هیچ گرفتێکیشی نییە، ئەمە پەیوەندی بە سەقافەی تەندروستییەوە هەیە، زۆر گرنگە لەو وڵاتەی خۆمان کار بۆ ئەو لایەنەش بکرێت لەرێی کردنەوەی دەورات، لەرێگای راگەیاندن و تەلەفزیۆنەکانەوە، بە خەڵکی بگەیەنن و تێبگەیەنن کە چی باشە بۆ تەندروستی، بۆ فڵان نەخۆشی چی بکرێت باشە. ئەوە هاوکارییەکی گەورەی سیستەمی تەندروستی دەکات و ئەو فەوزاو قەرەباڵغییەش لەسەر نەخۆشخانەکان نامێنێ، هەم نەخۆش کاتی زیاتری دەبێت بۆ وەرگرتنی چارەسەر هەم پزیشک کاتی زیاتری دەبێت، بۆ خۆقاڵکردن لەکارەکەی، ئێستا بەم شێوەی ئێستا بێت، ئەو هەموو خەڵکە روو لەنەخۆشخانە دەکەن کوردستان پێویستی بە رێژەیەکی زۆری پزیشک هەیەو هێشتاش بەشیان ناکات.

رزگار رەزا چوچانی:لەسوید ئێوە پرۆژەی دروستکردنی دڵی دەستکردتان لەبەردەستە، ئەمە پرۆژەیەکی گەورەی جیهانییە، ئەگەر باسێک لەوە بکەی چۆن بیرت لەوە کردەوە، دڵی دەستکرد دروست بکەیت؟ چۆن دەستت بەکار کرد؟.

د. ئازاد نەجار: سەرەتا من سەیری چەند پرۆگرامێکی تەلەفزیۆنیم دەکرد، کە چۆن خەریکی دروستکردنی چاوون، یان خەریکی دروستکردنی دەستن، لەوێوە بیرم لەوەکردەوە باشە بۆچی ئینسان دڵێک دروستنەکات؟. ئەوە بووە پرسیار لام، بۆچی دروستی نەکەین؟ چۆن دروستی بکەین؟. دەستمکرد بە خوێندنەوەی کتێب و بەداواداچوون لەبارەی ئەوەی لەجیهاندا چی دروستکراوەو چی دروست نەکراوە، لەو بەدواداچوونەم گەشتمە ئەو بروایەی دڵی ئینسان باشترین شێوازی پەمپە کە لەژیاندا دروستکراوە. چونکە بەدرێژایی ماوەی ژیانی کار دەکات، ناوەستێ، گەرم نابێت، موشکیلەی نابێت، کە وردەکاری لەسەر دڵ دەکەیت زیاتر تێدەگەیت کە خوای گەورە چەند بەشکڵێکی عەجیب دروستیکردووە، دوای بەدواداچونێکی زۆر کۆکردنەوەی زانیاری و شێکردنەوەیەکی زۆر گەشتمە بروا، کە دەبێت دەست بەکار بکەم، بۆ دروستکردنی دڵی دەستکرد، سەرەتا بەتەنها بووم لەگەڵ زۆر دکتۆری سوید کە باسم دەکرد پێم پێدەکەنین، پێدەکەنین و وایان لێکدەدایەوە کە ئەوان سویدین نەیانتوانیوە ئەوە بکەن، ئەوە کوردێکەو لەکوردستانەوە هاتووە ئەیەوێ دڵمان بۆ دروست بکات، ئەوان پێیان وابوو من بەتاڵم و لەبەتاڵی بیر لەشتی وا دەکەمەوە، پێیان دەوتم موستەحیلە شتی وا بکرێت، دەست پێنەکەی زۆر باشترە لە دەستپێکردن.

بەڵام من سوربووم لەسەر ئەو کارە، چونکە کاتێک ئینسان بروای بەکارێک هەیە کە خۆی دەیکات، ئەو قسانە بێگومان نایوەستێنێت، من دەستم پێکرد سەرەتا دکتۆرێکی سویدی هات لەگەڵم دەستیپێکرد، دواتر بوونە دوو بوونە سێ، ئێستا بیست کەس لەگەڵ من خەریکین لەو پرۆژەیە ٢٤ کاتژمێر کاردەکەین، بۆ ئەوەی بتوانین هەتا ساڵی داهاتوو کارەکەمان تەواو بکەین.

رزگار رەزا چوچانی: ئەم پرۆژەیە بەهاوکاری کێ و کام دەزگا کاری لەسەر دەکرێت؟.

د.ئازاد نەجاڕ: ١٢ ساڵە ئەم پرۆژەیە هەیە، لەماوەی ئەو ١٢ ساڵەدا ١٠ ساڵی من بۆ پارە گەڕاوم، چونکە هەر پرۆژەیەک لەدنیادا پارەی دەوێت، دیارە ئەگەر خەریکی کارێکی وەک ئەو کارەی ئێمەش بیت پارەی زۆری دەوێت و لەتوانای شەخسی من زۆر زیاتری دەوێت، لەسیستەمی سویددا هاوکاری هەیە بۆ ئەو کارانە، چونکە بەناوی سویدە نەک بەناوی کەسی تر، بەڵام ئەوەش کارێکی زۆری دەوێت تا وەریدەگرێت پێویستە پێشنیار بنوسی، مقابەلە بکرێی، هەنگاوی یەکەمیش ئەو کارانە جێی بروا نییە تۆ دەتوانی بیکەیت، وەک وتم برواتان هەبێت ١٠ ساڵ من بەس بۆ پارەگەڕاوم کە ئەوکارەی پێبکەین، سوید هاوکاری زۆری کردووم، مونەزەماتی حکومیش هاوکاریان کردووین، بەڵام ئەوانە بەس نەبوون بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە، بۆیە ئێمە بەهۆی ئەوەی کە وەکو شەریکەیەکی بەرهەمهێنەر یان دروستکەری دڵی دەستکرد کارمانکرد، ناچاربوون بەشێک لە شەریکەکە وەکو سەهم بدەینە سەرمایەدارەکانی سوید، تا ئێستا توانیومانە کارەکە بەباشی بهێنین و بەهەر رێگایەک بێت پارەی بۆ پەیدا بکەین، بەڵام هەنگاوی کۆتایی کە تاقیدەکەینەوە لەسەر ئاژەڵێک، ئەوە پارەی زۆر پێویستە، تا ئێستا ئەو پارەمان پەیدا نەکردووە، بەڵام بەردەوامین و بەدوای ئەو رێگایەدا دەگەڕێین، کە چارەسەری ئەو گرفتەشمان بۆ بکات، دڵنیاین دەگەینە ئەنجامێکی باش و لەکاتی خۆی تەواو دەبین.

رزگار رەزا چوچانی: تۆ وەک تەنها کوردێک لە پرۆژەیەکی ئاوا گەورەدا کار دەکەیت، نەدەکرا داوای هاوکاری وەکو خاوەندارێتی سەهم لە سەرمایەدارانی کورد، یان حکومەتی کوردستانیش بکەن، وەک چۆن داوات لە سەرمایەدارانی سوید کردووە؟.

د.ئازاد نەجاڕ: من هیوادارم حکومەتی کوردستان بێتە ناو ئەم پرۆژەیە و زۆر دڵخۆش دەبم ئەگەر حکومەتی کوردستان ئەوە بکات. ئێمە دەتوانین بنکەیەکی ئەو کارە ببەینە کوردستان، ئەمە کارێکی گەورە دەبێت، لەئاستی جیهان کە بوترێت ئەم پرۆژە بە هاوکاری و دەعمی کوردستان دروستکراوە، ئێمە دەتوانین و دڵنیام ئەو پارەمان لەسوید دەستدەکەوێت کە بۆ دواین هەنگاوەکان پێویستمانە، بۆ ئەو مەبەستەش مقابەلەمان لەگەڵ وەزیرو بەرپرسانی سوید کردووە، ئەوان دەڵێن ئێمە ئامادەین هاوکاریتان بکەین بۆ بڕە پارە پێویستەکەو مشکیلەتان نابێت، بەڵام ئەوەیان خۆزگەی منە کە بەرلەتەواو بوون ناوی حکومەتی کوردستانیشی لەسەر بێت، من رەخنە لەحکومەتی کوردستان ناگرم کە بڵێم نەیویستووە لەم پرۆژە گرنگە بەشداری بکات، چونکە من پەیوەندیم بە کەسێکەوە نەکردووە، تا ئیستا بڵێم ئەوان وتیان نایکەین، بەڵام ئەوە وەکو هیوای خۆمە باسی دەکەم، کە خوازیارم کوردستان بەشداری بکات، بێگومان ئەوەش لەدەستی مندایە، کە ئەگەر سبەی بڵێم بەشێکی ئەم پرۆژە دەبەمە کوردستان کەس ناتوانێ بڵێ ناکرێت، چونکە پرۆژەکە تاکو ئیستاش لە % ٥٣ی سەهمی شەریکە لەدەستی مندایە، لەبارەی قانونییەوە من خاوەنی ئەو پرۆژەم.

رزگار رەزا چوچانی: ئەگەر پێت باشە کوردستان بەشدار بێت بۆچی تا ئیستا داوات لە سەرمایەدارانی کورد یان حکومەتی کوردستان نەکردووە، تا بزانی رایان چییە؟.

د. ئازاد نەجاڕ : ئەوەش پرسیارە ، بەڵام راستی بۆ من گرانە بچم بە خەڵکێک بڵێم من پرۆژەم هەیە وەرە هاوکاریم بکە، بەڵام ئەوەندە دەڵێم پرۆژەی گرنگ و گەورە پێویستی بە پارەیە هەر وڵاتێک دەعمی بکات پرۆژەکە دەچێتە ئەوێ، ئەمریکا یان ئەڵمان یان هەرکوێ دەعمی بکات دەچێتە ئەوێ، بۆیە هیوامە کوردستان لەم پرۆژەیەدا بەشداری هەبێت، من بەنیازم لە ئایندەیەکی نزیک بۆ پرۆژەکانی تر سەردانی کوردستان بکەم، بە دڵنیایی لەو بارەیەشەوە قسەم لەگەڵ حکومەتی کوردستان دەبێت، ئەگەر ئامادەییەکی ئاوا هەبوو ئەوە ئامادەم پرۆژەکە ببمە کوردستان و لەوێوە رایبگەیەنین، کە ئەم کارە گرنگە بۆ مرۆڤایەتی لەکوردستانەوە دەکرێت.

ئەوە ویستی منە کە ناوی کوردستان لەگەڵ ئەو پرۆژەیە بێت، ئەگەرنا خۆ نەوەستاوین لەبەر ئەو کارە، هەم لەسوید هاوکاری دەبێت هەمیش لەجیهان، بۆ نمونە سعودیە ئیستا هاتۆتە پێش دەیانەوی ئەم پرۆژەیە لەوێ بکرێت، بەڵام من ئەو بڕیارەم نەداوە،(( ( بەپێکەنینەوە)) بیر لەوەش ئەکەمەوە ئەی ئەگەر رازی بم ئەم پرۆژەیە بەشیکی ببەمە سعودیە خەتیب یان مامۆستایەکی ئاینی هەستا لێمان و لەوێ وتی خوا ئەیەوێ دڵ رابگرێت، تۆ هەقت چییە بەو باسەوە، یان بڵێ تۆ دەسکاری کاری خوا ئەکەیت، خوا ئەیەوێ رۆژی تەواو بێت تۆ بۆچی ناتەوێ خەڵک بمرێت، چی بکەین بێگومان لەناو دەچین. ئەوە هەر بۆخۆشی دیدارەکە باسم کرد). ئەگەرنا جارێ بڕیارمان نەداوە لەوەی هاوکاری ئەوێ وەردەگرین یان نا.

رزگار رەزا چوچانی: بەبڕوای تۆ خەرجی ئەو پرۆژەیە ئەوەندە گەورە دەبیت کە لە توانای سەرمایەداری کورد یان حکومەتی کوردستاندا نەبیت؟.

د. ئازاد نەجاڕ: بەنسبەت من وەکو شەخس رەنگە پارەیەکی زۆر بێت، بەڵام نەخێر بەنسبەت حکومەتی کوردستان یان سەرمایەداری کورد بڕە پارەیەکی ئەوەندە زۆر نابێ، فشاریان لەسەر دروست بکات یان بۆیان دابین نەکرێت.

رزگار رەزا چوچانی: تاچەند دڵنیای لەوە پرۆژەکەتان سەر دەگرێت و جێگای دڵی ئینسان دەگرێتەوە؟.

د. ئازاد نەجاڕ : من لەم پرۆژەدا ئەگەر دڵنیاییەکم نەبوایە ئەو هەموو ساڵە کارم تێیدا نەدەکرد، من بە دوو شتی دڵخۆشم، یەکەم بەوەی کە کێشەی گەورەی نەبوونی دڵ یان نەخۆشی دڵ کە مرۆڤ دەکوژێت لەجیهاندا چارەدەکات، ئەمەش وەکو ئینسان جێی دڵخۆشییە.

دووەم، بەوەی کوردێک هاتووە خەریکی پرۆژەیەکی واگەورەیە، پزیشکانی سوید بەم هەموو تواناوە دێن گوێ دەگرن بۆی و هاوکاری دەکەن، ئەو دوو شتەش منی هانداوە بۆ بەردەوامی، لەبارەی دڵنیایی، من زۆر دڵنیام لەسەرکەوتنی ئایندەی ئەم پرۆژەو دروستکردنی ئەم دڵە، چونکە کارێکی ئاسانمان دەستنەداوەتێ، ١٢ ساڵە خەریکی لێکۆڵینەوەو گەڕان و کارکردنین بۆ ئەو مەبەستە، لەم ماوە زۆرەدا خۆ کاری ئێمە بەتەنها دروستکردنی پەمپێک نەبووە، کە بەشێوەی دڵ کار بکات، نەخێر لێکۆڵینەوەیەکی زۆرمان کردووە لەسەر چۆنیەتی کارکردنی، چۆنیەتی سەمامە، چۆنیەتی دڵنیایی، چۆنیەتی جێگرتنەوەی دڵی ئاسایی، دیراساتێکی زۆرمان کردووە، بۆیە زۆر دڵنیام لە ئەنجام.

رزگار رەزا چوچانی: سەرەتا باسی ئەوەت کرد کە بیرت لەوە کردۆتەوە دڵ باشترین پەمپە کە تا ئێستا هەبووە، چونکە نە گەرم دەبیت نەماندوو، ئایا دڵێکی دروستکراو ئەگەری گەرمبوونی لێ ناکرێت، کە بەردەوام کار دەکات؟.

د. ئازاد نەجاڕ: من باسم کرد ئێمە لێکۆڵینەوەو دیراساتێکی وردمان کردووە، بە دڵنیایی بیرمان لەوە کردۆتەوە رێچارەی ئەوەشمان گرتۆتە بەر، هەوڵ دراوە سود لە جوڵە و هاتوچۆی خوێن وەربگرین، بەو رێگایەش چارەسەری ئەوە کراوە، بۆیە لەو بارەیەشەوە گرفت دروست نابیت.

رزگار رەزا چوچانی: بەرپرسان و خەڵکی سوید تاچەند دڵخۆشن یان هیوایان بە ئایندەی ئەم پرۆژەیە هەیە؟.

د. ئازاد نەجاڕ : سویدییەکان زۆر دڵخۆشن و شانازیش دەکەن بەم پرۆژەیە، لەم ماوەی رابورد ئێمە دانیشتنمان لەگەڵ وەزیرو سیاسی و گەورە شەریکەکانی سوید هەبوو، ئەوان زۆر شانازی بەوە دەکەن کە ئەم پرۆژەیە لەسوید دەکرێت، چونکە بەو شێوازەی کە ئێمە خەریکین یەکەم دڵە لە جیهاندا دروستبکرێت تا ئێستا، لە ئەمریکا کار بۆ ئەوە کراوە بەڵام بەمشێوەی ئێمە کاری بۆ نەکراوە. بەو مواسەفاتەی ئێمە خەریکین ئەتوانم بڵێم یەکەم دڵە لە جیهاندا دروست دەکرێت، بۆیە سویدیەکانیش وەکو داهێنانە مەزنەکانی ئەم وڵاتە لێی دەڕوانن و شانازی پێوە دەکەن، زۆر لێکۆڵەرێکی سویدی دێن و سەردانی ئەم پرۆژەی ئێمە دەکەن و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن، چاوپێکەوتنمان لەگەڵ مەلیک و شازادەی سوید هەبووە، ئەوانیش بە دڵخۆشییەوە سەیری ئەم پرۆژەیە دەکەن، بەبەردەوامی ئاگایان لەهەنگاوەکانی پرۆژەکەیە و بەردەوام زانیاری لەسەر دواین هەنگاوەکانی ئەو پرۆژە بۆ ئەوان دەنێرین، لەسەر وسیت و داوای ئەوان.

رزگار رەزا چوچانی: دواین کاری ئەم پرۆژە چییە کەی تاقیکردنەوەی لەسەر دەکەن؟.

د. ئازاد نەجار: هەموو هەوڵی ئێمە ئەوەیە، مانگی یەک یان مانگی دوو کارەکەمان تەواو بکەین و لەوکات یەکەم تاقیکردنەوە بکەین، لەم یەک دوو رۆژەدا لەگەڵ پزیشکەکان دانیشتنێکمان هەیە بۆ دواین کاری پرۆژەکە، کە تەنها کارێکی بچوکی ماوە، دوای ئەوە دەبێت ئێمە پێشنیازێک بۆ دادگاو دەزگا پەیوەنددارەکان بنێرین، کە رێگامان بدەن تاقیکردنەوە لەسەر بەرازێک بکەین، رەنگە ئەو رەزامەندی وەرگرتنەش یەک دوو مانگی پێبچێت، بەگشتی ئەتوانم بڵێم ئێمە یەکەم تاقیکردنەوە لەدوای ئەم چەند مانگە دەست پێدەکەین کە دەکاتە ساڵی داهاتوو.

رزگار رەزا چوچانی: تۆ زۆر دڵنیای لەسەرکەوتن، ئەی دوای یەکەم تاقیکردنەوە چۆن دەست دەکەن بەچاندنی ئەو دڵە لە ئینساندا؟.

د. ئازاد نەجاڕ: دوای ئەوەی لەو تاقیکردنەوە سەرکەوتین، دەبێت ئێمە ئەم دڵە لەسەر پێنج کەس تاقیبکەینەوە، لەماوەی دوو ساڵدا لەژێر چاودێریدا بن کە چۆن دەژین، ئەگەر بەباشی بەڕێوەچوو، بەلای کەم دوای سێ ساڵ نەخۆش ئەتوانێ لە نەخۆشخانەیەک ئەم دڵە بکڕێت.

رزگار رەزا چوچانی: بەڕای تۆ کەس هەیە بتوانێ ئەم تاقیکردنەوە لەسەر خۆی بکات؟.

د. ئازاد نەجاڕ : بەڵێ ئەبێ، ئەو کەسانە دەبن کە هیچ هەڵبژاردنێکی تریان نییە، و لەمردندان بەهۆی کێشەی دڵەوە، لەوکات کە دڵنیان لەمردنی خۆیان، بۆ ئەم چانسەش تاقینەکەنەوە بێگومان تاقی دەکەنەوە.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com