
فەرەیدون عەبدولقادر: بەرهەم ساڵح رۆژێک لە رۆژان پێشمەرگە نەبووە و لێقەوماو نەبووە بە سەرۆک وەزیری هاتەوە بۆ کوردستان
کۆنگرەیەک لەناو یەکێتی نەکراوە کە کاک کۆسرەت هەڵبژێرن مام جەلال وەک خۆی کردیە جێگری یەکەم
بۆیە مام جەلال دکتۆر بەرهەمی کردە جێگری دووەم کەسێکی دیکە نەمابوو لە قیادەی یەکێتی خەڵکی سلێمانی بێ
نوچەنێت . رووداو
هەڤپەیڤین: هیڤیدار ئەحمەد
ماوەی بیست و چوار ساڵ ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بووە ورێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی لە ساڵی 1986 لە تاران نووسییوە. فەریدونعەبدولقادر، ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ماوەی چەند شەش ساڵەدانیشتووە لە ئۆفیسەكەی خۆی كە وێنەیەكی زۆر گەورەی دەم بەخەنەی تاڵەبانیهەڵواسییوە لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) باسی سیناریۆیەكانی دوایتاڵەبانی دەكات لەنێو یەكێتیدا و دەڵێ “پرۆژەی هێرۆ خان لە هەموویاندرێژخایەنترە بۆ یەكێتی چونكە بیر لە منداڵەكانیش دەكاتەوە”. هەروەها دەڵێ”یەكێتی پارتی بە هیچ لایەنێك ناگۆڕێ و قیادەی ئێستای یەكێتی لەجاران زیاترحۆرمەتی كاك مەسعود دەگرن”.
رووداو: خەڵک هەموو پرسیار دەکەن دوای مام جەلال یەکێتی چی بەسەردێت، بەپێی شارەزایی تۆ چۆن دەبێت؟
فەریدون عەبدولقادر: مام جەلال کەسایەتییەکی گەورەبوو. مێژوویەکی گەورەی هەیە لەنێو بزووتنەوەی کورد و پەیوەندی زۆر فراوانی هەیە. بۆیە هەموو کەس دەزانێ گرنگی کەسایەتی مام جەلال چەندە، پەیوەندی باشی هەبووە لەگەڵ حکومەتەکانی ناوچەکە. کەسایەتی مام جەلال خێر و بەرەکەتی هەبووە بۆ یەکێتی . بۆیە غیابی مام جەلال بێگومان کاریگەری دەبێ، لەوانەیە غیابی مام جەلال وابکات سەرکردایەتی یەکێتی بەخۆبکەون و زۆرتر خۆ ماندووبکەن. رەنگە وەزعی یەکێتی بەرەوپێش بچێ. چونکە نەخۆشییەکەی مام جەلال هەموو سەرکردایەتی یەکێتی ترساندووە.
رووداو: ئێستا قسەی زۆر دەکرێ لەبارەی دروستبوونی تەکەتول و جیابوونەوە لەنێو یەکێتی. پێتوایە ئەو هەموو لێکدانەوەیە لە بۆشاییەوە هاتبن؟
فەریدون عەبدولقادر: لە بۆشاییەوە نەهاتوون. حیزبەکانی ئەم سەردەمە بەتایبەت ئەوانەی شۆڕش دەکەن بە پارتی و یەکێتیشەوە، بەشی خۆیان ململانێی تایبەتیان هەیە. من باسی یەکێتی دەکەم، زۆر روونبووەتەوە کە تەکەتولات هەیە لەنێو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و لەو ساڵانەی دواییدا ناکۆکییەکان درێژەیان هەبوو تاوەکو گەیشتە ئەوەی کە کاک نەشیروان لەگەڵ کۆمەڵێک لە تێکۆشەرانی یەکێتی جیاببنەوە. بەدووری دەبینم یەکێتی پەرتوبڵاو ببێ. یەکێتی لە ئامادەبوونی مام جەلالدا تەکەتولاتی هەبوو. ئەگەر ئێستا نەوشیروان مستەفا لەناو یەکێتی بمابایە بیری لە یەکێتی نێو یەکێتی دەکردەوەو بە ئاسانی شوێنی مام جەلالی پڕدەکردەوە. ئێستاش پێموانییە نەوشیروان خۆزگە بخوازێ کە شتێک لە مام جەلال بێت ، یان یەکێتی کەرتوپەرت بێ. رەنگە خەفەت بخوات ئەگەر بزانێ یەکێتی لەناودەچێ.
رووداو: دوای تاڵەبانی نەوشیروان مستەفا دەگەڕێتەوە نێو یەکێتی؟
فەریدون عەبدولقادر: پێموایە نەوشیروان بەم زووانە ناگەڕێتەوە، چونکە بە کۆمەڵێک خەڵک لەناو گۆڕان بەستراوەتەوە ، کە رەنگە بۆی ئاسان نەبێ مەساری بۆچوونەکانی خۆی بگۆڕێت .
رووداو: کۆسرەت رەسوڵ ئێستا بووەتە برا گەورەی یەکێتی، وەک جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی ، ئەو دەتوانێ هەموو سەرەداوەکانی نێو یەکێتی بەیەکەوە ببەستێتەوە؟
فەریدون عەبدولقادر: هیچ کەسێک لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی ناتوانێ شوێنی مام جەلال بگرێتەوە. کۆنگرەیەک لەناو یەکێتی نەکراوە کە کاک کۆسرەت هەڵبژێرن تاوەکو جێگەی مام جەلال بگرێتەوە. ئەوەی هەیە مام جەلال وەک خۆی یەکێتی رێکخستووە. کاک کۆسرەتی کردە جێگری یەکەم و د.بەرهەمیش لەبەرئەوەی خەڵکی سلێمانییە و ئەوکات کەسێکی دیکە نەمابوو لە قیادەی یەکێتی خەڵکی سلێمانی بێ، کردییە جێگری دووەم و مەلابەختیاریشی کردە لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، دلێری سەید مەجید بووە بەرپرسی دارایی یەکێتی و پۆستەکانی دیکەش بەوشێوەیە. ئێستا تەماشاکردنی یەکێتی زۆر ئاسان و شەفافە و وەک جاران نییە. پاوەرەکانی ناو یەکێتی کە قودرەتیان هەیە و دیارن، چەند کەسێکن. کاک کۆسرەت، مەلا بەختیار. لە پاڵ ئەمە ماڵی مام جەلال هەیە، هێرۆخان و کوڕەکانی. کەم کەس هەن وەک ژن لەناو قیادەی یەکێتی بەئەندازەی هێرۆخان ماندووبووبێ، جگە لەوەی کچی ئیبراهیم ئەحمەدە، ئەوانە هەمووی رۆڵی گرنگیان هەیە، هێرۆخانیش رەقەمێکی گرنگە و لەهیچ لەو رەقەمانەی دیکە کەمتر نییە، ئەوەی من ئاگادارم و دەیزانم تەماعی ئەوەی نییە لەجیاتی کاک کۆسرەت بیەوێ سەرکردایەتی یەکێتی بەڕێوەببات. د.بەرهەم ساڵحیش بۆخۆی شتێکە، ئەویش تەقەلایەکی پێوە دیارە نییە و ئەگەر بیەوێ بیکاتیش رەنگە برادەرانی مەکتەبی سیاسی و کاک کۆسرەت پێیان باشبێ. مەلا بەختیاریش بە کاری خۆی رازییە. ئەو رۆژانە هەموو برادەرانی سەرکردایەتی یەکێتی دەبینم و کاک کۆسرەت رێزێکی تایبەت لە مەلا بەختیار دەگرێت . مەلابەختیاریش حیسابی تایبەت و باش بۆ کاک کۆسرەت و هێرۆخان و برادەرانی ناو سەرکردایەتی یەکێتی دەکات. ئەو نزیکبوونەوەو ویفاقەی ئێستا لەنێو سەرکردایەتی یەکێتی دەیبینم قەت پێشتر نەمبینیوە. بەڵام ئەمە چەند دەخایێنێ و تاوەکو کوێ بڕدەکات، هەر هیچ نەبێ وایدەبینین تاوەکو کۆنگرە دەچێ. چونکە پارتی زۆر حەزدەکات وەزعی ناو یەکێتی وەک هاوپەیمانێکی خۆی بە یەکڕیزی و حاڵێکی ساخڵەم ببینێ.
رووداو: وەک خۆت باسیدەکەی زۆر لە سەرکردایەتی یەکێتی نزیکی. هەستدەکەی ئێستا لایەنێک لەنێو یەکێتی هەیە کار بۆ جیابوونەوە بکات؟
فەریدون عەبدولقادر: ئەگەر بیرکردنەوەیەکی ئاواش هەبێ، وەک نەوشیروانیان پێناکرێت کە بتوانن رێکخستنێکی وەک ئەو دروستبکەن. بۆیە بیروبۆچوونی هەموویانم خوێندووەتەوە کەس ئەو هەوڵە نادات. هیچ گرووپێکی بەهێز لەناو یەکێتی نابینم، ئەوەی هەیە کە بۆم باسکردی کاک کۆسرەت، مەلا بەختیار، هێرۆخانە کە ژمارەیەکی زۆر گرنگە. د.بەرهەم ساڵحیش چاوی لەوەیە پۆستێک لەبەغدا وەربگرێت .
رووداو: لەنێو یەکێتی گوێ لە کێ دەگیرێ؟
فەریدون عەبدولقادر: یەکێک نییە بەتاقی تەنیا وەک مام جەلال گوێی لێبگیرێت . ئەگەر بە کۆمەڵ بن، گوێ لە کاک کۆسرەت و مەلا بەختیار و هێرۆخان دەگیرێ . ئەگەر تەندروستی کاک کۆسرەت باشبووایە ئەوا زۆر بەباشی رۆڵی خۆی دەبینی. ئێستا هەموویان، بە کاک کۆسرەتیشەوە دەزانن تەندروستی ئەو باش نییە. بۆیە ماوەیەکی دیکە رەنگە گەنجێک پێبگەیێنن، خۆی ئەو بابەتە بەهێمنی روودەدات.
رووداو: هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کە هاوسەری تاڵەبانییە و ئەندامی مەکتەبی سیاسییە رابەرایەتی یەکێتی دەکات؟
فەریدون عەبدولقادر: پێموانییە هێرۆخان ئەو کارە بکات، بەڵام حەزدەکات کوڕێکی ئەو لە ئایندەدا ئەو رۆڵە ببینێ.
رووداو: بنەماڵەی تاڵەبانی حەزدەکەن قوبادی کوڕی تاڵەبانی شوێنی باوکی بگرێتەوە، سەرکردەکانی نێو یەکێتی ئەمە قبوڵ دەکەن؟
فەریدون عەبدولقادر: بۆچی ئەمە وارید نییە؟. من لەو روانگەیەوە نایبینم کە تۆمەت بدرێتە پاڵ حیزبەکان کە حیزبی بنەماڵەن. گەنج هەم لەنێو عەشیرەتی کاک مەسعود تێگەیشتوون و پێگەیشتوون پۆست وەربگرن و بڵێن نابێ. من واتەماشا ناکەم، چۆن کوڕی ئەحمەد بۆی هەیە با کوڕی کاک مەسعود و مام جەلالیش پێشبکەون. لە ئایندەدا شتێکی وادەبینم، کە کاک قوباد تاڵەبانی بێتە پێشەوە.
رووداو: لە کۆنگرەی داهاتووی یەکێتیدا قوباد تاڵەبانی دەبێتە سکرتێری یەکێتی؟
فەریدون عەبدولقادر: ئەگەر لەم کۆنگرەیەش نەیێتە پێشەوە، من وایدەبینم قوباد کوڕێکی گەنجە و لە بنەماڵەکەی خۆیاندا مەقبوولە و بڕواناکەم هیچ لەو برادەرانەی لە مەکتەبی سیاسی یەکێتیدان تێبینییان لەسەری هەبێ. رەنگە قوباد خۆی بزانێ و هێرۆخان و بنەماڵەکەشی بزانن کە هێشتا ماویەتی، دەبێ هەم قوباد خۆی کاربکات و حیزبەکەی زۆرتر ئامادەکاری بۆ بکات و زۆرتر پێیبگەیێنێ و رەنگە لە کۆنگرەی دوای ئەمەی کە لە پێشە، ببێتە سکرتێر، چونکە پێویستە بێتە ناو مەکتەبی سیاسی و کۆمەڵێک پەیوەندی دروستبکات و فێری راگرتنی هاوسەنگی ببێت.
رووداو: دەگەڕێیەوە ناو یەکێتی؟
فەریدون عەبدولقادر: نەخێر. هەرچەندە ئێستا من حیزبی نیم، بەڵام هەستی من و رابردووی من هەمووی یەکێتییە و خۆم یەکێکم لە دامەزرێنەرانی یەکێتی. ئێستا بە تەمەنم و پێویستە گەنج لەناو یەکێتیدا بێنە پێشەوە.
رووداو: بۆ هەر بڕیارێک لەنێو سەرکردایەتی یەکێتی کە پێویستی بە هەڵوێستی یەکێتی هەبێ. پێشبینیدەکەی کێشە دروستببێ؟
فەریدون عەبدولقادر: بۆ هەر بڕیارێک پێویستە سەرکردایەتی یەکێتی رێز لە یەکتر بگرن. ئەگەرنا لە دەرەوەی ئەو چەند کەسەی ئێستا یەکێتی بەڕێوەدەبەن، کۆمیتەی سەرکردایەتی هەیە. دەڵێن مرۆڤ پێنج هەستی هەیە و بە لەدەستدانی هەر هەستێک، هەستێکی دیکەی بەهێز دەبێ، بە بڕوای من ئەگەر ئەو توانایەی مام جەلال لە یەکێتی مەحرووم ببێ، ئەوا خۆیان مەجبوورن و حاڵەتێکی سروشتی لەنێو یەکێتی دێتە پێش کە دەزگاکانی یەکێتی بەهێزتردەبن بەتایبەتی کۆمیتەی سەرکردایەتی. مام جەلال خۆی ئەوەندە بەهێزبووە پێویستی بە کۆمیتەی سەرکردایەتی یەکێتی نەبووە، بەڵکو سەرکردایەتی یەکێتی پێویستی بە مام جەلال بووە. بۆ مام جەلال زۆر ئاسان بووە لە جیاتی ئەحمەد مەحموود بێ و لەجیاتی مەحموود شەریف بێ. بەڵام بۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئێستا هەر ئەندام مەکتەب سیاسییەک و سەرکردایەتییەک گرنگی خۆی هەیە و بەرە بەرە گرنگییەکانی گەورەتر دەبن و خەڵک زۆر دێتە پێش.
رووداو: دوای نەخۆشییەکەی تاڵەبانی، مەسعود بارزانی دووجار سەردانی سلێمانی کرد و لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتی دانیشت. هەندێک دەڵێن یەکێتی تەسلیمی پارتی بووە. وایە؟
فەریدون عەبدولقادر: ئەوە قسەیەکی راست نییە، ئەو قسەیە لە زەمانی دروستبوونی بزووتنەوە گۆڕانەوە دەکرێت. یەکێک لە کێشەکانی یەکێتی ئەوەیە زۆر لە ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی بە ئەندازەی مام جەلال زیرەک نەبوون و درکیان بە پێویستی و گرنگی پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی نەدەکرد. لەبەرئەوە هەندێ لە کادیران و ئەندامان دەیانگوت یەکێتی تەسلیمی پارتی بووە. سەردانی کاک مەسعود بۆ سلێمانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەلالەتی پێگەیشتن و گەشەکردنی کوردە، کەم جار لە دووڕیانەکاندا کورد وەک ئێستا هەستی بە بەرپرسیارێتی کردووە. ئێستا شتێک دەبینم لە ناخی خۆمدا زۆر دڵخۆشم. واقیعێکی باشتر لە سەرکردایەتی یەکێتی دەبینم. من ئێستا دەتوانم لەجیاتی کاک مەسعود و کاک نێچیرڤان و مەکتەبی سیاسی پارتی قسەبکەم کە بوونی یەکێتییەکی بەهێز و یەکڕیز و بێ کێشە لە قازانجی پارتییە. لەناو جوڵانەوەی کورددا زۆر حیزب هەیە و نایەوێ سەری لێبشێوێ. هەر هیچ نەبێ دەزانێ بڕیارەکانی یەکێتی چۆنە و پێکەوە رێککەوتنی ستراتیژییان هەیە، پارتی حەزدەکات هاوپەیمانەکەی پارێزراوبێت . یەکێتی جاران زۆر حورمەتی کاک مەسعودیان دەگرت، بەڵام ئێستا کە چەندین جار سەردانی بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی دەکەم لە مەکتەبی سیاسی هەستدەکەم لە جاران زیاتر حورمەتی کاک مەسعود دەگرن.
رووداو: ئێستا قسەیەکی واهەیە، بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی کە بڕیار بەدەستن دەیانەوێ بەرهەم ساڵح رەوانەی بەغدا بکەن و لەوێ پۆستی هەبێ، چونکە خۆی بەشێکە لە کێشەکانی نێو یەکێتی، ئەوە راستە؟
فەریدون عەبدولقادر: کاک بەرهەم کوڕێکی بەتوانایە. هەر لەسەرەتاوە کە هاتووە بە بەرپرسیارێتییەوە هاتووەتەوە بۆ کوردستان و رۆژێک لە رۆژان پێشمەرگە نەبووە و لێقەوماوێک نەبووە. کە هاتووە بە سەرۆک وەزیری هاتووەو کە ئێرەی بە دڵ نەبووە کراوەتە جێگری سەرۆک وەزیران لە بەغدا. ئێستاش ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتییە. شەرت نییە مرۆڤ هەموو جارێ پۆستی هەبێ، رەنگە ئەو مەیلێکی وای پێشاندابێ کە دەیەوێ لە بەغدا کارێک بکات. مرۆڤ کاتێک باسی پۆست دەکات ناشیرین دەبێ ، هێشتا قەزییەی کورد زۆری ماوە، ئەگەر د.بەرهەم بیەوێ کاری زۆر هەیە لە کوردستان.
رووداو: بەغیابی تاڵەبانی پەیوەندی نێوان یەکێتی و گۆڕان چی بەسەر دێت؟
فەریدون عەبدولقادر: نەوشیروان لە دەرئەنجامی کەڵەکەبوونی کۆمەڵێک ناڕەزایی کەسایەتی و رێکخستن و کێشەی سیاسی لە یەکێتی جیابووەوە. تازە گۆڕان شتێکە بۆ خۆی و یەکێتیش بەهەمانشێوە. من پێموانییە کاک نەوشیروان بتوانێ وەک سامی عەبدولڕەحمان گۆڕان بهێنێتەوە ناو یەکێتی. خۆ یەکێتیش ناچێتە ناو گۆڕان و ئەگەری واش نییە. ماڵی مام جەلال تاوەکو کوڕێکی وەستابێ، تاوەکو قوباد وەستابێ بیر لە نەوشیروان ناکەنەوە. ئەگەر بیریشی لێبکەنەوە بۆ هاوپەیمانی و خۆ بەهێزکردن و مەسەلەی تەکتیکی دەبێ. بۆیە ئایندەی کوڕی مام جەلال و ئایندەی یەکێتی نادەنە دەست نەوشیروان. من ئەوەش دەڵێم و گەرەنتی ئەوەش دەکەم کە یەکێتی هیچ لایەنێک بە پارتی ناگۆڕێتەوە، ئەمە خەتی مام جەلالە و کەس ناتوانێ لەو خەتە لابدات.
رووداو: شارەزایی باشت هەیە لە پەیوەندی نێوان یەکێتی و کۆماری ئیسلامی ئێران. ئێران لەوکاتەدا بە غیابی تاڵەبانی چۆن دەڕوانێتە یەکێتی؟
فەریدون عەبدولقادر: ئەمە لێکدانەوەیەکی خراپە ئەگەر بڵێی ئێران یەکێتی ئەوەندە بەلاوە گرنگە. باشتروایە بڵێین ئێران کوردستانی عێراقی بۆ گرنگە، هەموومان بەرپرسیارێتیمان هەبووە و هاتووچۆمان هەبووە لەگەڵ ئێران، رۆژانێک بەداخەوە کێشە و ململانێمان هەبوو لەگەڵ پارتی، رۆیشتووین عەقڵی حکومڕانی ئێران بخوێنینەوە، بینیومانە حەزدەکەن ئەو هاوسەنگییە لەنێوان پارتی و یەکێتی هەبێ و هەرگیز رۆژێک لە رۆژان نەمانبینیوە پارتی لەسەر یەکێتی زاڵ بکەن یاخود یەکێتی لەسەر پارتی، رەنگە لەسەر ئاستی تاکتیکی لەکاتێکی دیاریکراودا یارمەتی یەکێتی درابێ لە دژی پارتی، یان یارمەتی پارتی درابێ لە دژی یەکێتی، ئەمە بەشێکە لە یارییە سیاسییەکە کە لە ناوچەکە هەیە. بە تێکچوونی هاوسەنگی نێوان یەکێتی و پارتی مەترسییان هەیە دۆخەکەیان لە دەست دەربچێ. ئەو گرنگییەی ئەمڕۆ بە یەکێتی دەدەن بۆ ئەوەیە بەهێز بمێنێ لە دوای مام جەلالیش، هەر لەبەر ئەو هاوسەنگییە لەگەڵ پارتی.
رووداو: ماوەی چەند رۆژێکە بەرپرسانی یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا هۆشداری یان هەڕەشە دەکەن بۆ هەرکەسێک بیەوێ ریزی یەکێتی تێکبدات. ئایا ئەوە بۆ ناوخۆی یەکێتییە یان بۆ دەرەوەی یەکێتییە؟
فەریدون عەبدولقادر: ئەمە هەڕەشەیەکە پێویست نییە بکرێ و ئەسڵەن پێویست ناکات، ئەو تەوافوقەی ئێستا هەیە لەناو یەکێتی قبووڵ ناکرێ و پارتیش قبوڵی ناکات تێکبچێت. لەبەر ئەوە ئەو هەڕەشەیە پێویست ناکات. نە پارتی لە دەرەوە هەنگاوێکی وا دەهاوێژێت ، نە نەوشیروانیش شتی وادەکات و نیازی شتی وای هەیە. رەنگە زۆرتر بۆ هەندێ برادەرانی نێو یەکێتییە ئەگەر بیانەوێ جموجوڵێک بکەن. من کەس ئەوەندە بەهێز نابینم لەناو یەکێتی و ئەوەی باسمکرد (کۆسرەت، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، مەلا بەختیار، بەرهەم ساڵح)ن کەسی دیکە نییە وابەهێز بێت . دەمەوێ ئەوەش بڵێم پڕۆژەی هێرۆخان لە پڕۆژەی هەموویان درێژخایەنترە بۆ یەکێتی، ئەگەر بیەوێ ئەندامی مەکتەبی سیاسی بێ و خۆی بپارێزێت ، ئەوا هێرۆخان بیر لە دوورتر دەکاتەوەو بیر لە منداڵەکانیشی دەکاتەوە.