عومەر شێخموس: ئێران و سوریا و پەكەكە رێككەوتوون لەڕێی (PYD)ەوە كێشە دروست بكەن

0

 

umarshexmus

عومەر شێخموس: لایەنە كوردییەكان لەسوریا دەرفەتێكی گەورەی مێژووییان لەدەست چوو

كورد نابێت كارێك بكات لەهیچی خۆڕایی توركیا بەرانبەر پرسی كورد لە سوریا ئیستفزاز بكات

ئێران و سوریا و پەكەكە رێككەوتوون لەڕێی (PYD)ەوە كێشە دروست بكەن

PYD دەزانێ سەرۆك تاڵەبانی نەخۆشەو پێی ناكرێ بڵێ وانییە، بۆ پینەكردنی سەردانەكەیان بۆلای مالیكی دەڵێن بەداوەتی سەرۆك تاڵەبانی چووین

رزگار رەزا چوچانی – سوید

عومەر شێخموس، سیاسەتمەداری دیاری كوردی رۆژئاوا، لەم دیمانەیەدا لەسویدەوە بۆ (سڤیل)، باسی كێشەكانی كورد دەكات و پێی وایە PYD كە پارتێكی كوردییە، رێگایەكی هەڵەی خەباتی گرتووە، داواش دەكات كە كوردانی سوریا توركیا ئیستفزاز نەكەن.

سڤیل: ئێستا دۆخی كورد لەسوریا چۆن دەبینی؟
عومەر شێخموس: دۆخی كورد بەگشتی تا ئێستا زۆر خراپ نییە، بەڵام توشی كێشەی مرۆیی و وەختە كێشەی سیاسیش ببێت، ئەوەی جێگای داخە، كە لایەنەكانی ئەنجومەنی نیشتیمانی كوردی و دەستەی باڵای نوێنەرایەتی كورد لەسوریا، ئەو حزبەی كە بەخۆی دەڵێ پارتی یەكێتی دیموكرات كە سەر بەپەكەكەیە، هەتا ئێستا نەیانتوانیوە خاڵەكانی رێككەوتنی هەولێر بەڕێكوپێكی جێبەجێبكەن، بۆیە هەندێ ناكۆكی و بۆچونی جیاواز هەیە، ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی كە لایەنە كوردییەكان لەسوریا لەجیاتی ئەوەی دەستكەوتی گەورە بەدەستبهێنن، دەرفەتێكی گەورەی مێژووییان لەدەست چووە، هەرچەند ئێستا بڕیاریانداوە كە بچنەوە ناو ئەو هاوپەیمانێتیە تازەیە، كە لەئاستی هەموو سوریا لەدەوحە دامەزرا، بەڵام ئەگەر پەلە نەكەن لەخۆڕێكخستنیان خەتەر لەسەر ئەو دەرفەتە مێژوویە دروست دەكەن، كە بۆ كورد هاتۆتە پێش.
سڤیل: رێككەوتنی هەولێر تاچەند بایەخ و گرنگی هەبوو بۆ كورد لەسوریا؟
عومەر شێخموس: ئەوەی گرنگ بوو لەو رێككەوتنە یان ئەوەی بۆ هەموومان گرنگە، چەند لایەنێكە، وەك ئەوەی كە هێزی كوردی بەشێوەكی گشتی یەكگرتوو بێت، یان ناكۆكی و شەڕ لەنێوان كورد دروست نەبێت، بڕیارەكانیان بڕیاری یەكگرتوو و سەربەخۆ بێت، نەك لەژێر كاردانەوەی دەرەكی یان ناوچەییدا بن، بەڵام ئەوەی جێگای داخە من تائێستا نە مەسەلەی یەكگرتوویی نە مەسەلەی سەربەخۆیی لەناو بڕیارەكانیاندا نابینم، هەربۆیەش دەڵێم هێزەكانی كورد لەسوریا دەرفەتێكی مێژوییان لەدەست چووە، چونكە ئەگەر لەناو ئەنجومەنی نیشتیمانی سوریادا بوونایە، یان لەناو ئەو هاوپەیمانێتیەی سوریای كە ئێستا هەیە هەبوونایە، زۆر دەستكەوتی گرنگیان دەبوو، چونكە یەكەم لەناوەڕاستی عەڵقەی بڕیاردان دەبوون، دووەم كەناڵی دیپلۆماتی زۆر گرنگیان بۆ دروست دەبوو لەگەڵ كۆمەڵگەی جیهانی، هەم شارە كوردییەكانیش توشی ئەو كێشە مرۆییە نەدەبوون، كە توشی بوون.
سڤیل: گوتت كوردانی سوریا توشی كێشەی مرۆیی بوون، مەبەستت چییە؟
عومەر شێخموس: بەهۆی بەشداری نەبوونی كوردانی سوریا لەئەنجومەنی نیشتیمانی سوریا، یان ئەو هاوپەیمانێتیەی سوریا كە لەدەوحە راگەیەنرا، شارەكوردیەكان توشی كێشەیەكی مرۆیی گەورەبوون، كە ئەگەر بەشدارییان هەبوایە ئەو رەوشە مرۆییە زۆر خراپەی رووی لەشارەكوردییەكان كردووە وا نەدەبوو، وەك گوتم ئێستا شارەكوردییەكان لەرەوشێكی زۆر خراپدان، ئەگەر لایەنە كوردییەكانیش بەشێك لەو دوو هاوپەیمانییە بوونایە، یارمەتییە مرۆییەكان كە بەشێوەیەكی زۆر باشتر دەگەشتە ناوچەكوردییەكان، كە ئێستا بەشێوەیەكی پێویست هاوكارییە مرۆییەكان ناگاتە دەست كوردانی سوریا، چونكە نە رێكخراوێكی سەربەخۆی مرۆییان هەیە، نە بەشێكن لەو دوو دەزگایانە، كە پەیوەندی جیهانیان هەیە، هەربۆیەش بەشی زۆری هاوكارییە مرۆییەكان دەچێت بۆ ناوچە عەرەبییەكان، ئەمەش وایكردووە شارەكوردییەكان بەڕەوشێكی مرۆیی زۆر خراپدا گوزەردەكەن، راستە یارمەتی دەڕوات لەباشوری كوردستان و لەجەماوەر و خەڵكی كورد لەتوركیا، بەڵام بەپێی پێویست نییە، بەتایبەتی كە ئێستا لەوەرزی زستانداین و خەڵك پێویستی بەخواردەمەنی و ئارد و سوتەمەنی و دەرمان هەیە، بەهیوام لایەنە كوردییەكان رێگایەكی باش بگرن بۆ چارەسەری ئەو رەوشەو گەشتنی هاوكارییەكان بەو شارانەو خەڵكی كوردیش هاوكاری و كۆمەكەی زیاتر بۆ كوردانی سوریا بنێرن.
سڤیل: هێزێكی چەكدار لەڕۆژئاوای كوردستان هەیە كە پێیان دەڵێن، یەكینەكانی پاراستنی گەل (YPG)، كە لەگەڵ پارتی یەكێتی دیموكراتن (PYD) و كۆنترۆڵی گۆڕەپانەكە لەدەست ئەواندایە، هێزەكوردییەكانی دیكەش هەندێ كات رەخنەیان دەكەن، كە ئەم هێزە رێگری و دەستێوەردان لەكارەكانیان دەكەن، چالاكیەكانی ئەو هێزە چەكدارە چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
عومەر شێخموس: ئەو هێزە هێزێكی نادیموكراتە، دواتر بەرێككەوتن لەگەڵ حكومەتی ئەسەد ئەو ناوچانە تەسلیم بەئەوان كراوە، خەڵكیش زۆر ناڕازییە لەهەڵسوكەوتیان، هەر لەدانانی گومرگ لەسەر ئەو شتومەكانەی دێتە ناوچە كوردنشینەكان، هەتا ئەوەی كە رێگای هێزەكانی دیكە نادەن خۆیان بپارێزن، لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتیمانی رێككەوتن كە ئەوانیش هێزی چەكداریان هەبێت، بەڵام سەركردایەتیان لەناوەوەی وڵات رێگای نەدا، چونكە ئەو هێزە بەشێكن لەهاوپەیمانێتییەك كە پێی دەڵێن هاوپەیمانێتی دڵسۆز لەناو سوریادا، ئەویش هەیئەی تەنسیقەو ئەوان هێزیكی گرنگی ناو ئەو هەیئەیەن، هەر بۆیەش سەرۆكی (PYD) لەناو وەفدی رەسمی هەیئەی تەنسیق بوو، كە زیارەتی مالیكیان كردو لەگەڵ مالیكی دانیشتن، هەموشمان دەزانین هەڵوێستی حكومەتی عێراق چییە بەرانبەر بەڕژێمی سوریا. بەڵام ئومێدەوارم كە ئێستا رژێمی سوریا بەرەو نەمان دەڕوات، ئەو لایەنەش بیر لەرەوش و هەڵوێست و سیاسەتی خۆیان بكەنەوە، بیر لەدوارۆژی خۆیان بكەنەوە، كە بەشی زۆری هێزی كوردی لەسوریا لەدژی رژێمی ئەسەدەو داوای هاتنە ئارای رژێمێكی دیموكراتی دەكەن، ئەوانیش دەبێت خۆیان لەڕژێمی سوریا دووربخەنەوە، ئێمە پێمانخۆشە ئەوانیش نزیكبن لەبۆچونەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، هاوكاربن بۆ روخاندنی رژێمی ئەسەدو هاتنەئارای رژێمێكی دیموكرات، كە دان بەمافی میللەتی كورددا بنێت، گومانم لەوەدا نییە، كە (PYD) خۆی بەهێزێكی كوردی دەزانێت، بەڵام هەتا ئێستا بۆچونێكی هەڵەیان هەیە.
سڤیل: گوتتان بەڕێككەوتن لەگەڵ حكومەتی ئەسەد ناوچەكان تەسلیم بەو هێزە كوردییە كراوە. رەخنەی ئەوەت هەبوو كە رێگا نادەن لایەنەكانی دیكە هێزیان هەبێت بۆ پاراستنی خۆیان، ئەمە ئەو مانایە هەڵناگرێت، كە ئەو رێگرییە یەكێك لەمەرجەكانی ئەو رێككەوتنەبێت لەگەڵ حكومەتی ئەسەد؟
عومەر شێخموس: بەگوێرەی لێكدانەوەی من، ئەمە بۆ سێ لایەن دەگێڕمەوە، یەكیان ئەوەیە هەر لەساڵی رابردوودا، ئێران و سوریا لەگەڵ پەكەكە رێككەوتوون، كە شتێكی وا بهێننە گۆڕێ، بۆ ئەوەی كە هێزی ئۆپۆزسیۆنی سوری نەتوانێ بێتە ناوچە كوردنشینەكان، دووەم بۆ ئەوەی (PYD) كۆنترۆڵی ناوچەكان بكات هەتا رێگا نەدات هێزی دیكەی ئەنجومەنی نیشتیمانی كوردی، جموجوڵێكی فرەوانیان هەبێت لەو ناوچەیەو لەدژی حكومەت، سێیەم بۆ دروستكردنی كێشە و گیروگرفت لەنێوان میللەتی كورد و میللەتی عەرەبدا كاربكەن، شوكور ئەم هەوڵەیان سەرنەكەوت، راستە لەناوچەی سەری كانی شتێكی لەوشێوەیە رویدا، بەڵام خێرا كۆنتڕۆڵكرا. خۆ ئێمەش لەگەڵ ئەوەین كە هێزی توندڕەوی ئیسلامی نەیەتە ناوچە كوردنشینەكان، تا شەڕ لەو ناوچانە دروست نەبێت، بەڵام لەهەمانكاتدا دەبێت، ئەو ناوچانە ببێت بەبنكەیەكی فرەوان بۆ چالاكیەكانی روخاندنی رژێمی ئەسەد، بەڵام بەداخەوە ئەوان رێگرن لەوەش.
سڤیل: ئێستا بەهۆی ئەوەی هێزی چەكداریش هی ئەوانە، (PYD) هێزی سەرەكی رۆژئاوایە، ئەو حزبە تاچەند پەیوەندی لەگەڵ سیاسەتمەدارانی سەربەخۆی كوردی رۆژئاوا هەیە وەك بەڕێزتان؟
عومەر شێخموس: لەگەڵ ئێمە هیچ پەیوەندیان نەبووە، تەنها لەكۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لەقاهیرە چاومان بەیەك كەوت، بەڵام دەرفەت نەبوو بەیەكەوە دانیشینی تایبەت بكەین، لەفەرەنسا كۆبوونەوەیەكیان كرد، منیان داوەتكردبوو، بەڵام بۆخۆم نەچووم، چونكە رازی نەبووم لەهەڵوێستیان، بەڕاستی من رۆڵی ئەوان بەڕۆڵێكی پۆزەتیڤ و ئیجابی نابینم لەشۆرڕشی سوریادا، بۆیە بۆخۆشم حەزم نەكردووە، هیچ جۆرە پەیوەندییەكم هەبێت لەگەڵیاندا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشم هەوڵبدرێت رابكێشرێن بۆ هەڵوێستی باش و پۆزەتیڤانە بۆ سەركەوتنی شۆرش لەسوریادا، بۆ ئەوەی كە ئاڵۆزی لەناوچە كوردنشینەكانی سوریادا دروست نەبێت، بەردەوام ئەو راستییەیان بخرێتە بەرچاو، كە دەبێت بیر لەدواڕۆژی خۆیان بكەنەوە، كە ئەگەر ئەوان لەسەر ئەم هەڵوێستە بەردەوام بن، ئاخۆ پاش رژێمی ئەسەد چیدەكەن.
سڤیل: هەست دەكرێ ئەو لایەنە كوردییە زیاتر كێشەی لەگەڵ توركیا هەیە نەك سوریا، بەڕای تۆ هۆكاری ئەو سیاسەتەی ئەوان چییە و دەرئەنجامی چییە؟
عومەر شێخموس: ئەوان مەسەلەكەیان لێ تێكچووە، لەزۆربەی خۆپیشاندانەكاندا سەیریان بكە، هوتافی بژی سەرۆك ئاپۆ دەڵێنەوە، كە هیچ پەیوەندییەكی بەڕەوشی كوردی سوریاوە نییەو تایبەتن بەكوردستانی توركیا، ئەمان وەكو هێزێكی كوردی سوریا هەقە زیاتر تەئكید لەمەسەلەی بەرژەوەندی كوردی سوریا بكەنەوە، بەڵام بەداخەوە ئەوان ئەوەیان لێ تێكچووە، لەجێی بەرەوڕووبوون لەگەڵ حكومەتی ئەسەد، بەرەوڕووی حكومەتی توركیان، لەكاتێكدا ئەگەر ئێستا بەشێوەیەكی جدی لەدۆخەكە بڕوانی، حكومەتی توركیا پشتیوانی شۆرشی سوریایە، كورد نابێت كارێك بكات لەهیچ و خۆڕایی توركیا بەرانبەر پرسی كورد لەسوریا ئیستفزاز بكات، چونكە توركیا پاڵپشتی ئۆپۆزسیۆنی سوریایە، كوردی سوریا كێشەكانی لەناوخۆی سوریایەو پەیوەندی بەتوركیاوە نییە، راستە ساڵانی رابردوو كاتێك پەكەكە شیعاری كوردستانی گەورەی هەڵگرتبوو، بەشێك لەكوردی سوریا لەگەڵیان بوو، بەڵام لەدوای دەستگیركردنی ئۆجەلانەوە پەكەكە وازی لەو شیعارە هێناوە، بۆیە ئێستا كوردی سوریاش رای دیكەو لایەنی دیكەیان هەیەو پێشتریش هەیانبووە، ئەوان دەبێت واز لەوشیعاراتانە بهێنن، من لەدژی ئەوەم، كە شیعاری كورد بۆ شەخسێك بێت، نەك هەر لەوێ لەهەر بەشێكی كوردستان من لەدژی شەخسپەرستیم، جا ئاپۆ بێت، بارزانی بێت، تاڵەبانی بێت، عەبدولڕەحمان قاسملۆ بێت، هەركەس بێت، من لەگەڵ ئامانج و بیروباوەڕەكانم، نابێ مەسەلەی میللەتێك بەشەخسێكەوە ببەسترێت.
سڤیل: خوێندنەوەت چییە بۆ سەردانەكەی ساڵح موسلیم سەرۆكی PYD بۆ لای مالیكی؟
عومەر شێخموس: ئەوە گومانی تێدا نییە، كە حكومەتی مالیكی بەتەنسیق لەگەڵ حكومەتی ئێران، هەموو هەوڵێك دەدا بۆ ئەوەی رژێمی ئەسەد نەڕوخێت لەسوریا، لەژێرەوەش زۆر یارمەتی دەدات، یارمەتی نەوت و دارایی دەدات و هاوكاری دەكات، كە چەك و تەقەمەنی ئێرانی لەرێی عێراقەوە بچێتە سوریا، لەكاتی خۆی مالیكی ویستی ئەنجومەنی نیشتیمانی سوریا داوەتبكات بۆ عێراق، بەڵام نەچوون، ئێستا ئەو لایەنەی كورد لەگەڵ ئەو ئۆپۆزسیۆنەی كە پێی دەڵێن هەیئەی تەنسیق كە ئۆپۆزسیۆنی دڵسۆزی رژێمی ئەسەدەو لەناو چوارچێوەی رژێمدایەو لەناوەوەی وڵاتە، بەداوەتی مالیكی چوونە عێراق. مالیكی ئەوانی داوەتكردووە بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی بیروڕا بكەن، كە چۆن چارەسەری رەوشی سوریا بكەن، بەمانەوەی ئەسەد، دیارە لایەنی PYD جێگری سەرۆكایەتی هەیئەی تەنسیقن لەسوریا، كاك ساڵح موسلیمیش وەكو سەرۆكی PYD بەشداری ئەو سەردانەی كردو لەپەنای مالیكی دانیشتبوو، ئەویش لەكاتێكدا كە میللەتی كورد لەباشوری كوردستان توشی گیروگرفتێكی زۆر بووە لەگەڵ مالیكی و حكومەتەكەی.
سڤیل: بەڵام دەڵێن بەداوەتی سەرۆك تاڵەبانی چوینە بەغدا؟
عومەر شێخموس: ئەوە هەوڵی پینەكردنە، كە زانییان رەخنەیەكی زۆریان لێگیرا و PYD دەزانێ سەرۆك تاڵەبانی نەخۆشەو پێی ناكرێ بڵێ وانییە، بۆ پینەكردنی سەردانەكەیان بۆلای مالیكی دەڵێن بەداوەتی سەرۆك تاڵەبانی چووین، من باوەڕم بەو قسەیە نییە.

ئەم دیمانەیە لە گۆڤاری سڤیل چاپکراوە

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com