تەوەر … یەکێتی دوای تاڵەبانی … فواد قەرەداغی: بەبێ مام جەلال ئەگەری تێکچوونی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی و گۆڕان لەئارادایە

0

تەوەری نوچەنێت، یەکێتی دوای تاڵەبانی:

فواد قەرەداغی: بەبێ سەرکردایەتی مام جەلال ئەگەری تێکچوونی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی و گۆڕان لەئارادایە

نوچەنێت: تەوەری نوچەنێت، یەکێتی دوای تاڵەبانی:
ئەم تەوەرەی نوچەنێت فاڵگرتنەوە نیە، بەڵکو هەوڵدانە بۆ گەشتن بەوەڵامی ئەو پرسیارانەی لەدوای نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی دروست بوون، بەخوێندنەوە بۆ رووداوە سیاسیەکان و ئاڵۆزییەکان، بە شیکاری و تێگەشتن لەو سیگناڵانەی تا ئێستا دیار کەوتون و بە رەچاوکردنی کێشە لەمێژینەکانی یەکێتی. بۆیە نوچەنێت لە ئێوەی بەڕێز دەپرسێت.
ئێستا تاڵەبانی بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەیە، دیار نیە کە ئاخۆ تاڵەبانی ژیانی بۆ دەگەڕێتەوە یان نا، دیار نییە ئاخۆ لە ئەگەری چاکبونەوەی، تاڵەبانی توانای ئیدارەدانی سەرۆکایەتی کۆمار یان یەکێتی دەبێت یان نا؟. بەبڕوای تۆ یەکێتی لەدوای تاڵەبانی بەکام ئاراستە دەڕوات؟ وەک ئێستای دەمێنێتەوە؟. عاتیفەی خەڵک زیاتر دەبێت بۆ یەکێتی، بەهۆی کۆچی تاڵەبانی؟ رێکخستنەکانی پەرش و بڵاو دەبن؟ روو لە بزوتنەوەی گۆڕان دەکەن؟. یان چی؟ بەپێی خوێندنەوەکانی خۆت چی ئایندەیەک بۆ یەکێتی چاوەڕوان دەکەیت ؟. بۆچی حزبێکی سۆسیال دیموکراتی وەکو یەکێتی، گرفتی هەبێت لە دیاریکردنی کەسێک بۆ سەرۆکایەتی یەکێتی، لەکاتێکدا تەنها لەماوەی یەک ساڵدا حزبی سۆسیال دیموکراتی سوید، بەبێ گرفت سێ سەرۆکی گۆڕی؟.

فوئاد قەرەداغی:

یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بەبێ سەرکردایەتیی مامجەلال

٣٠ / ١٢ / ٢٠١٢

نەخۆشیی ئەمجارەی مامجەلال و درێژەکێشانی بێهۆشیی ئەو نیگەرانی و چاوەڕوانییەکی گشتی خستۆتەوە و ، کاریگەرێتییەکی تەواوی لەسەر بارۆدۆخە سیاسییەکەی عێراق و کوردستان داناوە، ئەمریکاو دەوڵەتانی دراوسێی عێراق، بەتایبەتی ئێران و تورکیاش چاودێریی بارودۆخەکە دەکەن و ، بە دڵنیاییەوە ئێستا خەریکی رێکخستنەوەی ئەجندەکانی خۆیانن بۆ قۆناغی دوای مامجەلال .

دیارە ئەم نیگەرانی و چاوەڕوانییە بێ بنەما نییە، بەڵکو ئاماژەیەکە بۆ رۆڵی بێ ئەلتەرناتیڤی مامجەلال لە راگرتنی هاوکێشەی هێزە سیاسییەکانی ئەمڕۆی گۆڕەپانی عێراق و کوردستان و ، ئیدارەکردنی ململانێ سیاسییەکان و کۆکردنەوەی لە دەوری سیاسەتی گونجاندن ( توافق ) ، هەر لەڕووخانی بەعسەوە تا ئەمڕۆ .

لەنێو فەزا سیاسییەکەدا حزبەکانی کوردستان بەدەسەڵاتدارو بێدەسەڵاتەوە زێتر کاریگەرێتی ئەو واقیعەیان بەسەرەوەیە؛ تایبەتیتر لەوەش یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە هەمووان زێتر ئەو نیگەرانی و چاوەڕوانی و دڵەڕاوکێ  دەیگرێتەوەو لەبەردەم ئایندەیەکی نادیاردا رایگرتووە.

یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بەبێ سەرکردایەتی مامجەلال، بۆ جارێکیتر دوای نزیک بە چل ساڵ ، چ لەئاستی سیاسیداو چ لە ئاستی رێکخستندا ، دەکەوێتەوە بەردەم خۆناساندنەوە ، چونکە ئەوە یەکەم جارە بەم شێوەیە یەکێتیی بەبێ مامجەلال لەبەرامبەر چارەنووسی خۆیدا رابوەستێت و بەرەوڕووی وەرچەرخانێکی سیاسی و رێکخراوەیی ببێتەوە. هۆکاری ئەوەش بۆ گرنگیی کەسایەتی مامجەلال دەگەڕێتەوە لە ژیانی یەکێتیی نیشتمانیدا، سەبارەت بەوەی مامجەلال ، بۆ یەکێتیی، سەرکردەیەکی ئاسایی نییە کەلە کۆنگرەیەکدا هەڵبژێردرابێت و ئەمڕۆ بێ گرێوگۆڵ بتوانرێت سەرکردەیەکیتر لەجێگاکەی دابنرێت، مامجەلال جگە لەوە سەرکردەیەکی سیاسیی بزووتنەوەی نەتەوایەتی کوردە لەم بەشەی کوردستاندا و، مێژووی بزووتنەوەکە لە پەنجا ساڵی رابردوودا بەبێ ژیانی سیاسی ئەو نانوسرێتەوە. ئەو سەرکردەیەکی کاریزمییە، لەسەرێکەوە بۆ بزووتنەوە نەتەوایەتییەکەو، لەسەرێکیترەوە بۆ خودی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، وەک دامەزرێنەرو رابەری فیکری و سیاسی رەوتەکەی، هەر لەسەردەمی خەباتی چەکداریی شاخەوە تا بەئیمڕۆ دەگات کە لایەنێکی سەرەکیی دەسەڵاتی سیاسییە لە هەرێمی کوردستاندا. بۆیە سەبارەت بەم رۆڵە کاریزمییەو ئەو جێوڕێیەی وەک باوک بۆ رەوتی یەکێتی هەیبووە، لەهەموو لایەکەوە پرسیارەکان ئاڕاستەی چارەنووسی ئەو رێکخستنەو رۆڵە سیاسییەکەی ئایندەی دەکرێت.

لەڕاستیدا ناتوانرێت وەڵامی دروست بۆ ئەو پرسیارانە بەدەر لە شیکردنەوەی واقیعی سیاسی ناوچەکەو عێراق و کوردستان بدرێتەوە، هەروەک ناکرێت بەبێ ناسینی کەسایەتی مامجەلال و رۆڵی لەو واقیعەدا پێشبینی ئایندەی پڕۆسەی سیاسیی پەیوەند بەو واقیعەوە بە وردی بکرێت.

ناکۆکی سەرەکی لە ناوچەکەدا، ئەوەندەی پەیوەندی بە عێراق و کوردستانەوە هەبێت،  لە نێوان سێکوچکەی ئەمریکا – ئێران – تورکیادایە ، ململانێکان رۆژ بەڕۆژ لە توندبوونەوەدان، مامجەلال لە ماوەی سەرۆکایەتیدا  هاوسەنگیی ئەو ململانێیەی راگرتبوو، بەتایبەتی لە نێوان ئێران و تورکیاو، لەنێوان ئەمریکاو ئێراندا و بەرژەوەندی هەرسێ لایەن هەتا ئەمڕۆش هاوشانی یەکتری دەڕوات، ئەگەرچی توندبوونەوەی ململانێکان بۆ هەرچی دەستبەسەرداگرتنی ئابووری و سیاسیی عێراق و کوردستان بەردەوامەو، لەپشت زۆربەی بارگرژییەکانەوە یە. بۆیە چۆڵبوونی پۆستی سەرۆک کۆمار، جگە لەوەی ئەو ناکۆکییانە دەمەزەرد دەکاتەوە، سیاسەتی گونجاندن ( توافق ) یش کاڵدەکاتەوەو،  دەبێتە مایەی سەرهەڵدانی ناکۆکی و ململانێی نێوان لایەنەکانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق تا رادەی مەترسی دەورەیەکیتر لە شەڕی تایەفی و ، ئەگەری توندبوونەوەی گرژیی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند و زیادبونی خاڵێکیدیکە بۆ ناکۆکییەکان، کە ئەویش پۆستی سەرۆک کۆمارە، چونکە پێشبینی ئەوە دەکرێت لایەنەکانی پرۆسەی سیاسی عێراق جارێکیتر ئامادەنەبن دەنگ بۆ کوردێک بدەن پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق وەربگرێت .

لەبەر تیشکی ئەو واقیعەی ئاماژەمان پێدا، دیارە کە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان گەورەترین باری گرانی دەکەوێتەسەرو بەبێ سەرکردایەتی مامجەلال بەرەوڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە. رەگی ئەم ئاستەنگە بۆ رستێک ناکۆکی دەگەڕێتەوە کە یەکێتیی دەبێت کاردانەوەی هەبێت لە بەرامبەریاندا و بەشێکیان پەیوەندی بە کوردستان و فەرمانڕەوایەتی ناوکۆیی پارتی و یەکێتییەوە هەیەو بەشێکیتری بە باری ناوخۆی یەکێتیی خۆیەوە بەندە.

لەسەر ئاستی کوردستان دوو ناکۆکی : ناکۆکی یەکێتیی لەگەڵ پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان لە ریزی پێشەوەن . هەرچەندە رێککەوتنی ستراتیژیی لەنێوان پارتی و یەکێتی هەیە، بەڵام رێککەوتنێکی جێگیر نییە، تەنانەت هێشتا بەتەواوەتی حکومەتی هەرێم یەکگرتو نییەو زۆرجار جیاوازییەکانی بیروبۆچوون لەسەر کێشە سیاسی و ئیداری و داراییەکان، رێکەوتنە ستراتیژییەکە دەخەنە بەر ئەگەری هەڵوەشاندنەوە. جۆری پەیوەندییەکانیش لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا، هەرچەندە خاوبوونەوەی گرژییەکانی بەخۆیەوە دیوە ، بەڵام رکابەری ویەکتری رەتکردنەوە بەردەوامەو، پڕبوونەوەی ئەو کەلێنە گەورەیەی لە نێوانیاندا هەیە دەمودەست و بەئاسانی روونادات. بۆیە ئەگەر لە ساڵانی رابردوودا مامجەلال کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبووبێت لە یەکبینەیی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی و خاوکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی پەیوەندی یەکێتیی نیشتمانی و گۆڕان ، ئەوا بەبێ سەرکردایەتی ئەو ئەگەری تێکچوونی ئەو پەیوەندییانە لەئارادایە، چونکە ئەوە شاردراوە نییە کە لە ریزەکانی رێکخستنی هەرسێ لایەنەکەدا نەیارانی سیاسی ئەو پەیوەندییانەی ئێستا هەن؛ خۆ ئەگەر پارتی بتوانێت دیسپلینی نێوخۆی کۆنترۆڵ بکات، بەڵام چۆنایەتی پێکهاتەی رێکخستنەکانی یەکێتی و گۆڕان زامن نین بۆ کۆنتڕۆلی پەیوەندییەکان و پاراستنی ئەو یەکڕیزییە رووکەشەی ئێستا هەیە .

ئێستا لە هەموو لایەکەوە پرسیارگەلێک دەربارەی چارەنووسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەکایەدایە، پرسیارەکان سەبارەت بە پەیوەندی یەکێتیی و پارتی و یەکێتیی و گۆڕانن، باری ناوخۆی یەکێتیش تەوەرەیەکی گرنگە کە پرسیارەکان بە دەوریدا دەسووڕێنەوەو چەندین پێشبینی بۆ دەکرێت، لەڕاستیشدا ئەم تەوەرەیە بڕیاردەری هەڵوێستەکانەو لەوێوە پرسیارەکان وەڵامی خۆیان وەردەگرن.

یەکێتیی نیشتمانی کوردستان هەر لەسەرەتاوە وەک رێکخستنێکی فرە سەکۆ دامەزراو، زێتر لە بەرەیەک دەچوو کە چەندین بیروڕاو رووکاری فیکری و سیاسیی جۆراوجۆری لە خۆی گرتبێت؛ دواتر ئەم پێکهاتەیە نەماو، دوای هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان وەک حزبێک شێوەی خۆی گرت و، بووە خاوەنی یەک بەرنامەو پێڕەوو، یەک سەرکردایەتی و ئۆرگانی یەکگرتوو لە هەموو ئاستەکاندا، بەڵام ئەو پێکهاتە حزبییە هەر بە رووکەش بوو، چونکە بەپێی جیاوازییەکانی پێشوو و دواتریش ئەو بەرژەوەندییانەی بە هۆی جێوڕێی لە دەسەڵاتدارێتی هەرێمدا هاتبووە پێشەوە، چەند دەستەگەریی تێدا دروستبوو کە تا ئیمڕٶش بەردەوامە، ئەگەرچی  هەوڵێکی زۆریش لەئارادابووە بۆ بنبکردنی دەستەگەرێتی و پاراستنی یەکێتیی نێو یەکێتیی.

ئەو دەستەگەرێتییەی ئاماژەمان بۆ کرد کاریگەرییەکی نەرێیانەی لەسەر یەکێتیی نیشتمانی داناوە ، بەڵام هێڵەکانی ئەو دەستەگەرییە هاوتەریبی یەکتر رۆیشتوون و توانیویانە پێکەوە هەڵبکەن لەلایەک بەهۆی مەترسییەکانی دەرەوەی یەکێتیی و ململانێکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانیتردا، بەتایبەتی پارتی و گۆڕان، لەلایەکیتر بەهۆی رۆڵی کەسایەتیی کاریزمی مامجەلال کە هەموویانی لەژێر چەتری خۆیدا کۆکردبۆوە، بۆیە ناکۆکییەکان  و ناوەندەکانی هێزو کەسایەتیی یەکەمی ئەو ناوەندانە، بەناچاری ، پێکەوە ژیاون و ، ئاگاداری ئەوەبوون ناکۆکییەکان نەتەقێتەوەو زیان بە هەموویان بگەیەنێت .

ئەمڕۆ بەبێ سەرکردایەتی مامجەلال ئەم گرفتە وەک ئەگەرێک بواری دەرکەوتن و هەڵچوونی هەیە و ، هیچ بەربەستێکی فیکری و سیاسی و رێکخراوەییش نییە پێشی پێبگرێت، چونکە لەژێر سەرکردایەتی مامجەلالدا سەرچاوەی بڕیارو فیکرو سیاسەتەکان هەر ئەو بووەو، یەکێتیی وەک حزب نەیتوانیوە ژیانی نێوخۆی لەسەر بنەمایەکی دامەزراوەیی دابڕێژێت تا بتوانێت بەبێ سەرکردایەتی مامجەلال کێشەکان و ئاستەنگەکان و ناکۆکییەکانی نێوخۆ چارەسەربکات .

بۆ هەر حزبێک سێ مەرجی سەرەکی هەیە کە ناسنامەی حزبی دەداتێ و چوونەپێشەوەی سیاسەتەکانی زامن دەکات ، ئەوانیش : یەکگرتوویی ئایدیۆلۆژی و یەکگرتوویی ئیرادەو یەکگرتوویی کارە ، بەڵام لە یەکێتیی نیشتمانیدا هەرسێ مەرجەکە بزرە، چونکە نە لە ئاستی سەرکردایەتی و نە لە ئاستی خوارەوەدا ( جەماوەری رێکخستن ) یەکگرتوویی فیکری نییەو هیچ سەرچاوەیەکیشیان بۆ یەکخستنی فیکریی نییە؛ بەهۆی بوونی دەستەگەرێتیشەوە، ناوەندی جیاجیای بڕیار هەیە، بۆیە نە یەکگرتوویی ئیرادە هەیەو نە یەکگرتوویی کار. لەبەر رۆشنایی ئەم واقیعەی نێوخۆی یەکێتی، بەتایبەتی لەکاتێکدا مامجەلال جێی لە سەرکردایەتیدا چۆڵدەبێت، بواری لێکترازان و پەرتەوازەیی دەڕەخسێت کە هەر دەستەیە هەوڵی یەکلاییکردنەوەی دەسەڵات لەناو یەکێتیدا بۆ بەرژەوەندی دەستەکەی خۆی بدات و، ئەوەش دەبێتە خاڵی لاوازیی یەکێتیی بەرامبەر نەیارەکانی و، سووربوونیش لەسەری یەکێتیی بە هەڵدێردا دەبات، یان لانیکەم کەرت کەرت بوون چارەنووسی دەبێت و ئەو یەکێتییە نامێنێتەوە کە مامجەلال سەرکردایەتی دەکرد .

بە خوێندنەوەی سەرجەمی ئەو واقیعە دەتوانین پێشبینی ئەوە بکەین کە :

–         یەکێتیی نیشتمانی وەک ئێستای نامێنێتەوەو گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، گۆڕانکارییەکانیش بەند دەبێت بەو واقیعە سیاسییەی بێ سەرکردایەتی مامجەلال دێتەکایەوە. یەکتیی سەرکردە کاریزمییەکەی، واتە ( باوک ) ی نامێنێت و تووشی پاشاگەردانی دەبێت، چارەسەرکردنی پاشاگەردانییەکە یان فراوانبوونەوەی دەکەوێتە سەر چۆنیەتی تاووتوێکردنی ئاستەنگەکان لەلایەن ئەو سەرکردایەتیە نوێیەی دوای سەرکردایەتی مامجەلال دێتە سەرکار .

–         ئەو گۆڕانکارییەی بەسەر یەکێتیدا دێت، کتوپڕ نابێت بەڵکو ماوەیەک دەخایەنێت، ئەویش دەکەوێتە سەر هێزی ئەو دەستە سەرکردایەتییەی کار دەگرێتەدەست لەلایەکەوەو، سەر چۆنیەتی مامەڵەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ بارودۆخ و سەرکردایەتییە نوێیەکەی یەکێتیی، هەڵبەت نابێت ئەوەش لە یاد بکەین کە لەم شێوە گۆڕانکارییانەدا، سەرەتا سۆزێکی جەماوەریی حزبی کاریگەریی خۆی دەبێت و بۆ ماوەیەک، کەم یان زۆر بخایەنێت، ململانێ و ناکۆکییەکان دوادەخات .

–         یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، وەک رێکخراوێکی سیاسی کە بۆ دەیان ساڵ لە کوردستاندا خەباتی سیاسی و چەکداری کردووە، هەروا بە ئاسانی پرش و بڵاو نابێتەوە، چونکە ئەم رابردووە سەنگی خۆی هەیە، بەتایبەتی لەکۆمەڵگایەکی خێڵەکی وەک کوردستاندا، کە نەرێتە کۆمەڵایەتییەکان جۆرێک لە هاوکاری و دەستگرتن بە سەروەرییەکانەوە دەسەپێنێ و تاکەکەسەکانی کۆمەڵ بەزوویی دەستبەرداری نابن.

–         ئەگەر لە ریزەکانی یەکێتیدا دەستەگەریی بەردەوام بێت و، دەستەیەکی دەسەڵاتدار بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا نەکات و هەوڵی دەرپەڕاندن یان ملکەچکردنی دەستەکانیدیکە بدات، ئەوا چەند ئاڕاستەیەک چاوەڕوانی چارەنووسی یەکێتیی دەکات لەوانە :

١ )  ئەو دەستەیەی سەرکردایەتی دەگرێتەدەست بەشێکی رێکخستن لەخۆی کۆدەکاتەوە، بەڵام ناتوانێت هەموو رێکخستن کۆبکاتەوە، چونکە ئەوەی لەو دەستە بەهێزەی نێو یەکێتی رەچاودەکرێت ئەوەیە مۆرو سیمای ناوچەگەرێتی لە رێکخستنەکە بدات، یان بە تەواوی بوار بڕەخسێنێت باڵی عەسکەری، نەک مەدەنی، لە سەرکردایەتی و ئۆرگانە بەرپرسەکانی خوارەوەدا باڵادەست بێت. هەر ئەم هۆکارە رەنگە ببێتە مایەی وازهێنانی هەندێک لە ئەندامەکانی سەرکردایەتی ئێستاو، بڕیاری دانیشتن بدەن.

٢ )  لەبەر ئەوەی پێکهاتەی جەماوەریی یەکێتی تێکەڵەیەکە لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواری و، هێڵێکی روون و ئاشکرا لە جەماوەری پارتی جیایان ناکاتەوە، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە بەشێکی کەم رووبکەنە پارتی و بەڕیزەکانی ئەوەوە پەیوەست بن، بەتایبەتی ئەو توێژەی کاریگەرێتی خێڵایەتییان بەسەرەوەیە .

٣ )  بنکەی جەماوەریی یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان تا رادەی ” چوونیەک ” بوون لەیەکەوە نزیکن، هەر هەمان جەماوەرن کە تەنها ناکۆکییەکیان لەسەر دینامیزمی ئیدارەی حکومەت و کەیسی گەندەڵییە، کەسایەتی یەکەمی بزووتنەوەی گۆڕانیش بۆ چەند دە ساڵێک کەسایەتی دووەمی یەکێتیی بووەو ئەویش وەک سەرکردەیەکی کاریزمی جێوڕێی تایبەتی هەبوو لە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستاندا، لەبەرئەوە پێشبینی ئەوە دەکرێت بەشێکی بەرچاوی جەماوەری یەکێتی بە ریزەکانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە پەیوەست بن.

٤ )  بە پێچەوانەی هەندێک لەو بۆچوونانەی پێشبینی ئەوە دەکات یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان تێکەڵ ببنەوە، جا هەر بە ناوی یەکێتییەوە بێت یان ناوێکیدیکە لەخۆیان بنێن، ئاماژەکانی ململانێی چەند ساڵی رابردوو ئەو راستییەمان پێدەڵێت کە هەڵنانی ئەم هەنگاوە کارێکی ئاسان نییە، تا رادەیەکی زۆر ئەستەمە هەریەکە لە سەرکردایەتی ئایندەی یەکێتی و سەرکردایەتی بزووتنەوەی گۆڕان بتوانن بگەنە رێککەوتنێک لەسەر پۆستی کەسایەتی یەکەمی ئەو رێکخستنەی لە ئەنجامی یەکگرتن دروست دەبێت، چونکە ئەو جەمسەرانەی بەرپرسیارێتی لە هەردوولا یەکترییان پێ قبووڵناکرێت و ئەگەری پێکەوەکاردنیان بۆ جارێکیتر، ئەگەرێکی زۆر لاوازە .

دیارە شیکردنەوەی سیاسیی بۆ بارودۆخێکی وەها ئاڵۆزو پێشبینی بۆ ئایندە، هەر لە سنووری بیروبۆچووندا دەمێنێتەوەو ناتوانین رەهایی پێببەخشین، بۆیە ئایندەی کوردستان و ، بەتایبەتی دواڕۆژی یەکێتیی نیشتمانی، دەشێت بە ئاڕاستەیەکیدیکەدا بڕوات بەپێی ئەو پێشهاتانەی ئایندە لەخۆیدا حەشارداوە، بۆیە دەروازەی پێشبینییەکان، بۆ توێژەرانی سیاسی لە داهاتوودا بە کراوەیی دەهێڵینەوە.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com