تەوەری نوچەنێت، یەکێتی دوای تاڵەبانی:
هەڵگورد سەمەد: یەکێتی تووشی شڵەژان و پەشۆکان دەبێت پارتی دەکەوێتە ژێر فشارێکی گەورەی گۆڕانەوە
نوچەنێت: تەوەری نوچەنێت، یەکێتی دوای تاڵەبانی:
ئەم تەوەرەی نوچەنێت فاڵگرتنەوە نیە، بەڵکو هەوڵدانە بۆ گەشتن بەوەڵامی ئەو پرسیارانەی لەدوای نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی دروست بوون، بەخوێندنەوە بۆ رووداوە سیاسیەکان و ئاڵۆزییەکان، بە شیکاری و تێگەشتن لەو سیگناڵانەی تا ئێستا دیار کەوتون و بە رەچاوکردنی کێشە لەمێژینەکانی یەکێتی. بۆیە نوچەنێت لە ئێوەی بەڕێز دەپرسێت.
ئێستا تاڵەبانی بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەیە، دیار نیە کە ئاخۆ تاڵەبانی ژیانی بۆ دەگەڕێتەوە یان نا، دیار نییە ئاخۆ لە ئەگەری چاکبونەوەی، تاڵەبانی توانای ئیدارەدانی سەرۆکایەتی کۆمار یان یەکێتی دەبێت یان نا؟. بەبڕوای تۆ یەکێتی لەدوای تاڵەبانی بەکام ئاراستە دەڕوات؟ وەک ئێستای دەمێنێتەوە؟. عاتیفەی خەڵک زیاتر دەبێت بۆ یەکێتی، بەهۆی کۆچی تاڵەبانی؟ رێکخستنەکانی پەرش و بڵاو دەبن؟ روو لە بزوتنەوەی گۆڕان دەکەن؟. یان چی؟ بەپێی خوێندنەوەکانی خۆت چی ئایندەیەک بۆ یەکێتی چاوەڕوان دەکەیت ؟. بۆچی حزبێکی سۆسیال دیموکراتی وەکو یەکێتی، گرفتی هەبێت لە دیاریکردنی کەسێک بۆ سەرۆکایەتی یەکێتی، لەکاتێکدا تەنها لەماوەی یەک ساڵدا حزبی سۆسیال دیموکراتی سوید، بەبێ گرفت سێ سەرۆکی گۆڕی؟.
هەڵگورد سەمەد: بە گشتی کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکان کە کۆمەڵگەی ترادسیۆنین و تا هەنووکەش نەیانتوانیوە خۆیان لەگەڵ دنیای مۆدێرن بگونجێنن، بۆیە دەبینین چارەنووسی گەلێك بە تاکە کەسێکەوە دەبەسترێتەوە. بە نەمانی ئەو کەسە ئەو کۆمەڵگەیە تووشی شڵەژان دەبێت. دوور نییە هەندێك جار کارەساتی گەورە بەدوای خۆیدا بهێنێت.
کۆمەڵگەی کوردییش کە یەکێکە لەو کۆمەڵگە ترادیسیۆنانەی رۆژهەڵات بەدەر نییە لەو دۆخە. ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین کە کۆمەڵگەیەکە لەسەر هەموو ئاستەکان سیستماتێك نییە و تا هەنووکەش کاروبارەکانی(حیزب، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، حکوومەت .. ) ئەوەندەی بە پەیوەندی کەسیی و موجامەلە بەڕێوەدەچن، چارەگی ئەوە بە سیستمێکی تۆکمە بەڕێوە ناچن. ئاخر واتەی نییە کە چارەنووسی حیزبێك و گەلێك و هەرێمێك و دواجاریش هەموو عێراق بە مان و نەمانی تاکە کەسێکەوە ببەسترێتەوە، جا ئەو کەسە هەر کەسێك بێت.
بۆ قۆناغی دوای تاڵەبانی دەبێ لەسەر چەند ئاستێک قسە بکەین:
یەکەم: گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی رێکخستەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
دووەم: ئەو ناوچانەی لەژێر هەیمەنەی یەکێتی دان و داهاتووی دەسەڵاتی یەکێتی لەو ناوچانە.
سێیەم: گۆڕانکاریی هاوکێشە سیاسییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق.
ئەمن هەوڵ دەدەم بە کورتی بۆچوون و پێشبینییەکانی خۆم لەسەر ئەو سێ خاڵە چڕ بکەمەوە.
یەکەم: پێم وایە یەکێتی لەسەر ئاستی رێکخستنەکانی تووشی شڵەژان و پەشۆکانێکی بەرچاو دەبێت. هەندێك لە بەرپرسەکانی واز دەهێنن و هەندێکیشیان دەچنە ناو گۆڕان و پارتییەوە. پێشبینی ئەوەش دەکەم کە هەندێک بەرپرس ناچار بن کوردستان بەجێ بهێڵن و لە تاراوگە ژیان بەسەر بەرن. دوور نییە چەند بەرپرسێکی ئێستەی یەکێتی بیر لە دامەزراندنی حیزبی نوێ بکەنەوە.
لەرووی قەبارەشەوە بچووك دەبێتەوە. ئەوانەشی کە دەمێننەوە ئەوانەن کە بەرژەوەندییە ئابوورییەکان کۆیان دەکاتەوە. بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان ناچار دەبن لەگەڵ یەکێتیدا بمێننەوە.
دووەم: پێشبینی دەکەم کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان لە پارێزگای سلێمانی گۆڕان بە جیاوازییەکی بەرچاو بیباتەوە و لەو ناوچانە گۆڕان دەسەڵات بگرنە دەست. ئەمەش جێگەی مەترسییە چونکە تا ئێستە هێزی ئەمنی و ئابووری و سەربازی لەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی یەکێتی دان. ئایا یەکێتی هەروا بە ئاسانی دەستبەرداری دەسەڵاتەکانی دەبێت لەو ناوچانە؟
سێیەم: لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش پێموایە کاتێك گۆڕان دەسەڵاتی ناوچەی سلێمانی بگرێتە دەست ئەوە لە پارتی قەبووڵ ناکات کە لە هەرێمی کوردستاندا زۆربەی دەسەڵاتەکانی ئەمنی و سەربازی و ئابووری و ئیداری لەژێر دەسەڵاتی ئەودابن. بۆیە پێم وایە پارتی دەکەوێتە ژێر فشارێکی گەورەی گۆڕانەوە. لێرەشدا دەبێ هەمان پرسیاری سەرەوە بکەین کە ئاخۆ پارتی ئەوە قەبووڵ دەکات و دەتوانن لەگەڵ گۆڕاندا بە دانوستان ناکۆکییەکان یەکلایی بکەنەوە؟ پێم وا نییە پارتی وا بە ئاسانی بێتە ژێر باری داواکانی گۆڕان. بەتایبەتیش ئێمە ئەزموونێکمان هەیە لە پەیوەندی ئەو دوو هێزە، کە هەمیشە لە هەڵچوون و داچووندا بووە. گۆڕانیش ئەگەری ئەوەی هەیە کە لە هەر کاتێکدا پێویستی بێت ببێتە هێزێکی چەکدار. لە دوا هەڵبژاردنەکانی گۆڕانیش بینیمان کە کەسە ئەمنییەکان هەیمەنەیان کرد بەسەر رێکخستنەکاندا. ئەمە ئاماژەیەکە پێموایە هەم پارتی و هەم یەکێتیش لێی تێدەگەن. بۆیە بە بۆچوونی من تەواوی هاوکێشەکانی هەرێمی کوردستان دەگۆڕێن.
لەسەر ئاستی عێراقیش ئەگەر کورد نەتوانێ جێگرەوەیەك بۆ تاڵەبانی دابنێ سەنگی کەمتر دەبێتەوە لەوەی کە ئێستە هەیەتی. رێککەوتنیش لەسەر جێگرەوەیەک ئەوەندە ئاسان نییە کە هەموو لایەنە عیراقی و کوردستانییەکان لەسەری کۆك بن.