تەوەر .. یەکێتی دوای تاڵەبانی .. موئمین زەڵمی: زەحمەتە ئەو کەسەی جێگەی تاڵەبانی دەگرێتەوە، بتوانێت ئیدارەی یەکێتی بدات

0

تەوەری نوچەنێت، یەکێتی دوای تاڵەبانی:

موئمین زەڵمی: زەحمەتە ئەو کەسەی جێگەی تاڵەبانی دەگرێتەوە، بتوانێت ئیدارەی یەکێتی بدات

نوچەنێت: تەوەری نوچەنێت، یەکێتی دوای تاڵەبانی:
ئەم تەوەرەی نوچەنێت فاڵگرتنەوە نیە، بەڵکو هەوڵدانە بۆ گەشتن بەوەڵامی ئەو پرسیارانەی لەدوای نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی دروست بوون، بەخوێندنەوە بۆ رووداوە سیاسیەکان و ئاڵۆزییەکان، بە شیکاری و تێگەشتن لەو سیگناڵانەی تا ئێستا دیار کەوتون و بە رەچاوکردنی کێشە لەمێژینەکانی یەکێتی. بۆیە نوچەنێت لە ئێوەی بەڕێز دەپرسێت.
ئێستا تاڵەبانی بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەیە، دیار نیە کە ئاخۆ تاڵەبانی ژیانی بۆ دەگەڕێتەوە یان نا، دیار نییە ئاخۆ لە ئەگەری چاکبونەوەی، تاڵەبانی توانای ئیدارەدانی سەرۆکایەتی کۆمار یان یەکێتی دەبێت یان نا؟. بەبڕوای تۆ یەکێتی لەدوای تاڵەبانی بەکام ئاراستە دەڕوات؟ وەک ئێستای دەمێنێتەوە؟. عاتیفەی خەڵک زیاتر دەبێت بۆ یەکێتی، بەهۆی کۆچی تاڵەبانی؟ رێکخستنەکانی پەرش و بڵاو دەبن؟ روو لە بزوتنەوەی گۆڕان دەکەن؟. یان چی؟ بەپێی خوێندنەوەکانی خۆت چی ئایندەیەک بۆ یەکێتی چاوەڕوان دەکەیت ؟. بۆچی حزبێکی سۆسیال دیموکراتی وەکو یەکێتی، گرفتی هەبێت لە دیاریکردنی کەسێک بۆ سەرۆکایەتی یەکێتی، لەکاتێکدا تەنها لەماوەی یەک ساڵدا حزبی سۆسیال دیموکراتی سوید، بەبێ گرفت سێ سەرۆکی گۆڕی؟.

موئمین زەڵمی: ئەگەر سەرنجێکی هێدلاینی رۆژنامە و مێدیاکان بدەین لە چەند رۆژی بڵاوبوونەوەی هەواڵیی  نەخۆشخانەکەوتنی تاڵەبانی، ئەوا کۆمەڵە راستییەک روون دەبنەوە، کە ئەکرێ پێودانگێکی بەهێز بن بۆ قسە کردن لەسەر داهاتووی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە تایبەت (یەکێتی دوای تاڵەبانی)، کە قۆناغێکی نوێ دەبێت بە نیسبەت یەکێتییەکانەوە بە گشتی.

هەواڵیی تێکچوونی تەندروستی تاڵەبانی، شۆکێکی گەورە بوو بۆ تاکە حزبە سۆسیال دیموکراتەکەی کوردستان کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، یەکێتی رەنگە بە رواڵەت و بە قسە! ئەندامێکی چالاکی سۆسیال دیموکراتی جیهانی بێت، بەڵام بە ڕاستی لە کرداردا پێچەوانەکەی دەبینین.

یەکێتی لە ماوەی ٣٥ ساڵی تەمەنیدا نەیتوانیبێت کەسێک بۆ سکرتێری خۆی ئامادە بکات، بە ڕاستی کارەساتە، وەک چۆن زۆرێک لە حزبە ناسۆسیالەکانیتری کوردستانیش هەمان قەیرانیان هەیە.

ئەکرێ بە پێی ئەوەی کۆمەڵگەی کوردی تاکەکانی زیاتر تاکێکی عاتیفین ، گریمانەیەکی بەهێزمان دەستکبەوکێت کە یەکێتی پاش تاڵەبانی زەمەنێک عاتیفەی خەڵک بۆ خۆی ببات بە تایبەت لە هەڵبژراندی داهاتوودا، بەڵام ئەم بەرەوپێشچوونەوە بەردەوام نابێت و ماوەیەکی کورتخانەیەن دەبێت.

بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە یەکێتی دوای تاڵەبانی چی لێدێت؟، وەک حزب، نەک وەک هەواداران و خۆشەویستانی تاڵەبانی!.

جەلال تاڵەبانی لەو ٣٥ ساڵەی رابردوودا هەموو شتێکی یەکێتی بووە، دامەزرێنەر، رێکخەر، کۆکەرەوە، پەیامبەری سیاسی یەکێتی، چونکە هەموو فیکرە و ئایدۆلۆژیاکانی یەکێتیش هەر خۆی خاوەنیان بووە. لەبەر ئەوەی بە نەمانی تاڵەبانی، هەموو هاوکێشە گرێدراوەکان و هاوپەیمانێتییەکانی و هەتا میراتگرەکانیشی لە ناو یەکێتیدا بەرەو هەڵوەشانەوە دەچن، زەحمەتێکی زۆر قورسە کە گریمانەی ئەوە دابنێین ئەو کەسەی جێگەی تاڵەبانی دەگرێتەوە بتوانێت ئیدارەی یەکێتی بدات.

دواجار ئەکرێ لە ماوەی ئەو عاتیفەراکێشانەی خەڵکدا کە پیشتر ئاماژەمان پێکرد، ئەگەر یەکێتی بتوانێت خۆی بگرێتەوە کە دەرفەتێکی باشی بۆ رەخساوە، ئەوا دەتوانێت هێزێک وەبەر خۆی بدات بە تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتننامەی ستراتیژی، چونکە زۆرینەی زۆری کادیرو ئەندامانی یەکێتی دژی ئەو رێککەوتننامەیەن و زیاتر بە رێککەوتنێکی نێوان ماڵی تاڵەبانی و ماڵی بارزانی دەزانن.

بە پێچەوانەوە، ئەگەری هەیە، بەشێک کە وەفادارەکانی یەکێتین بمێننەوە، بەشێکیان رەنگە بچنە ناو بزووتنەوەی گۆڕانەوە و بەشێکیشیان بە تایبەت ئەوانەی کە منەتێکیان بە حزبایەتی نەماوە حەتمەن دادەنیشن و خەریکی کەسابەتی خۆیان دەبن، هەندێکیشیان بە تایبەت لە دەڤەری زەرد پەیوەندی دەکەن بە پارتییەوە.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com