تەوەر … یەکێتی دوای تاڵەبانی … خالد ڕەنجدەر: ھەمو حیزبێكی چەپڕەوی ڕۆژھەڵات ھەر كاتێك سەركردەکەی دیار نەما ئیفلیج دەبێت

0

تەوەری نوچەنێت، یەکێتی دوای تاڵەبانی:

خالد ڕەنجدەر:ھەمو حیزبێكی چەپڕەوی ڕۆژھەڵات ھەر كاتێك سەركردەکەی دیار نەما لە لایەنی ساسییەوە ئیفلیج دەبێت

نوچەنێت: تەوەری نوچەنێت، یەکێتی دوای تاڵەبانی:
ئەم تەوەرەی نوچەنێت فاڵگرتنەوە نیە، بەڵکو هەوڵدانە بۆ گەشتن بەوەڵامی ئەو پرسیارانەی لەدوای نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی دروست بوون، بەخوێندنەوە بۆ رووداوە سیاسیەکان و ئاڵۆزییەکان، بە شیکاری و تێگەشتن لەو سیگناڵانەی تا ئێستا دیار کەوتون و بە رەچاوکردنی کێشە لەمێژینەکانی یەکێتی. بۆیە نوچەنێت لە ئێوەی بەڕێز دەپرسێت.
ئێستا تاڵەبانی بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەیە، دیار نیە کە ئاخۆ تاڵەبانی ژیانی بۆ دەگەڕێتەوە یان نا، دیار نییە ئاخۆ لە ئەگەری چاکبونەوەی، تاڵەبانی توانای ئیدارەدانی سەرۆکایەتی کۆمار یان یەکێتی دەبێت یان نا؟. بەبڕوای تۆ یەکێتی لەدوای تاڵەبانی بەکام ئاراستە دەڕوات؟ وەک ئێستای دەمێنێتەوە؟. عاتیفەی خەڵک زیاتر دەبێت بۆ یەکێتی، بەهۆی کۆچی تاڵەبانی؟ رێکخستنەکانی پەرش و بڵاو دەبن؟ روو لە بزوتنەوەی گۆڕان دەکەن؟. یان چی؟ بەپێی خوێندنەوەکانی خۆت چی ئایندەیەک بۆ یەکێتی چاوەڕوان دەکەیت ؟. بۆچی حزبێکی سۆسیال دیموکراتی وەکو یەکێتی، گرفتی هەبێت لە دیاریکردنی کەسێک بۆ سەرۆکایەتی یەکێتی، لەکاتێکدا تەنها لەماوەی یەک ساڵدا حزبی سۆسیال دیموکراتی سوید، بەبێ گرفت سێ سەرۆکی گۆڕی؟.

خالد ڕەنجدەر: یەكێتی نیشتمانی كوردستان دوای تاڵەبانی

یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك ھەمو حیزبێكی چەپڕەوی ڕۆژھەڵات ھەرچەندە خاوەنی چوارچێوەیەكی فكرییە، بەڵام سیاسەت و ستراتیژیەتی لە خودی سەرۆكەكەیدا دەردەكەوێ و ھەمو گۆرانكاری و پێشكەوتن و داكەوتنێك ڕەنگدانەوەی پەیوەندی و سیاسەتەكانی ئەون. ھەر كاتێك ئەو سەركردەیە دیار نەما حیزبەكەی توشی پشێوی دەبێت و ھەندێك جار لە لایەنی ساسییەوە ئیفلیج دەبێت. یەكێتیش كاتێك لە شاخ بو ھەندێك جار توشی حاڵەتی وەھا بوە. زۆرجار كە كێشەكان سەریان كردوە تاڵەبانی بڕیاری داوە ڕو لە ھەندەران بكات و یەكێتی بەجێ بھێڵێت، بەڵام ئەندامانی سەركردایەتی چون ئاشتیان كردۆتەوە و ھەمو چونەتە سەر رای ئەو.

“پیپڵز پارتی”ی حیزبەكەی بێنەزیر بۆتۆی پاكستان تا بێنەزیر مابو لە پێشكەوتندا بو، بەڵام كە خۆی نەما لە لایەنی جەماوەرییەوە وردە وردە پوكایەوە، بە تایبەتی كە كوڕەكەی كرایە سەرۆكی حیزب و ئەویش زانی لە گەڵ پاسەوانە دێرینەكانی ناو حیزب ھەڵ ناكات، جڵەوی حیزبی دایە دەست باوكی و، باوكیشی ھەرچەندە پێشتر لە گەندەڵی داراییەوە ئالابو چوارمشقی لەسەر كورسی حیزب و دەسەڵات دانیشت و لە گەڵ ھاوڕێ پاسەوانە دێرینەكانی حیزبدا بەرژەوەندیەكانی بەرەوپێش برد.

ئەو جۆرە حیزبانە لەبەر ئەوەی خاوەنی قاڵبێكی دەق گرتون و ئەندامەكانی سەركردایەتی تا دەمرن جڵەوی حیزبیان لە دەستدایە، ھەمیشە خاوەنی كۆمەڵێك “پاسەوانی دێرین”ن كە بە عەرەبی پێیان دەوترێ “الحرس القديم”. من لێرەدا مەبەستم تانە و تەشەر دان نییە لە یەكێتی بەقەدەر ئەوەی شێوازی كار و داب و نەریتی سیاسی ئەو جۆرە حیزبانە ڕون بكەمەوە.

یەكێتی نیشتمانی خاوەنی كۆمەڵێك ئەندامی سەركردایەتیە كە دەبو ساڵانێك لەمەوبەر شوێنی خۆیان بەجێ بھێشتایە بۆ گەنجەكانی ناو یەكێتی و یەكێتی خوێنێكی نوێی تێبكرایەتەوە. سەرەنجامی دروستبونی ئەو كۆمەڵە پاسەوانە دێرینانەی ناو یەكێتیش ئێستا و دوای مردنی تاڵەبانی دەردەكەوێ. ئێستاش كە كۆسرەت ڕەسوڵ بۆتە برا گەورە و كارەكانی یەكێتی رادەپەڕێنێ ھەر بە پێی ئەو داب و نەریتە حیزبیە دانراوە كە لەناو حیزبە چەپڕەوەكاندا باوە. كەسی بە تەمەن یان كەسی خاوەن خەباتی شاخ یان كەسێك كە پێشتر بە جێگری یەكەم دانراوە دەبێ جێی سەرۆك بگرێتەوە و ئەركەكان ڕاپەڕێنێت.

ئیخوان الموسلیمینیش توشی ھەمان دیاردە بون و دەبێ ئەگەر رابەری گشتی وەفاتی كرد پیترترین ئەندامی سەركردایەتی شوێنی بگرێتەوە. ئەوەندەی من بزانم زۆرێك لە ئیخوانەكان ئەوەیان لا قورس بو و نەیاندەزانی چۆن قەناعەت بە ئەندامانی سەركردایەتی حیزب بكرێت كە بیگۆڕن.

ئێمە ئەگەر سەرنجی مێژوی پارتی كۆمۆنیستی یەكێتی سۆڤیەتی پێشو بدەین دەبینین كە دوای لینین و ستالین لەناو حیزبدا بوە نەریت كە پیرترین كەس سەرۆكایەتی حیزب بكات، بۆیە سەرۆكایەتی كەوتە دەست بریجنێڤ و بە چەند قۆناغێك كەوتە دەست بۆریس یەلتسن، بەڵام بارودۆخی نێودەوڵەتی و كۆتایی ھاتنی جەنگی سارد خەڵكانێكی وەك ڤلادیمیر بۆتینی ھێنایە ناو كایەی سیاسییەوە كە تا ڕادەیەك لەوانەی پێش خۆی گەنجتر بو، بەڵام تازە كات تێپەڕیوە و بۆتینیش ناتوانێت ڕوسیا بێنێتەوە ناو سیاسەتی نێودەوڵەتی.

لەسەر ئاستی عێراقیشەوە، من پێم وایە نابێ یەكێتی وەك ئەم ساڵانەی رابورد سەقاڵی عێراق بێت و ھەر كەسێكی بۆ سەرۆكایەتی عێراق دانا ئیتر كوردستان پەرواێز بكات. ئەو كەس و لایەنە كوردیانەی سەقاڵی عێراقن و خەمی دوای تاڵەبانی لێ دەخۆن كات بەفیڕۆ دەدەن. ئێمە خاوەنی عێراق نین و ناشبین. لە ھەمو ئەو ساڵانەی دوای ڕزگاریی عێراقدا مام جەلال تەمەنی خۆی و تەندروستی خۆی بۆ عێراق تەرخان كردبو و وەك ناوكۆییەك لە نێوان عەرەبی سوننە و عەرەی شیعەدا دانرابو، بەڵام بە ڕای من دوای مردنی وەك میوانێك سەیر دەكرێ كە بۆ ساڵانێك ڕێی كەوتبوە بەغداد.

ئێستاش ئەگەر كورد خەم لەوە بخوات كە دوای تاڵەبانی كێ ببێتە سەرۆكی عێراق نیشانەی دوبارە بونەوەی نەگبەتیەكانی كوردە. ئێمە پێمان ناخۆشە گەلانی دور و نزیك توشی نارەحەتی ببن، بەڵام خەمخۆریی ئێمە بۆیان دەبێ بەو ئەندازەیە بێت كە ئایا ئەوان تا چەند ئێمەیان دەوێت.

لەسەر ئاستی كوردستانەوە و لە مەودایەكی نزیكدا یەكێتی دوای مردنی تاڵەبانی دەتوانێ تا ڕادەیەك خۆی بگرێتەوە، بەڵام من پێم وایە بە لاوازی ڕێگای خەباتی سیاسی دەبڕێت. قۆناغی دوای تاڵەبانی ڕەنگە لە بەرژەوەندی گۆڕان بێت تا ماوەیەك ببێتە میراتگری یەكێتی نیشتمانی لە ناوچەكانی بن ڕكێفی یەكێتیدا و، پارتی دیموكراتی كوردستانیش نەتوانێ بارودۆخەكە بەلای خۆیدا ئاراستە بكات. بەڵام ئەگەر گۆڕان و نەوشیروانینش وەك ئێستایان ئاوا بە سستی لە مەیدانی سیاسیی كوردستاندا كار بكەن، من پێم وایە لە كۆتاییدا كوردستان ڕودەكاتە یەك حیزب كە ڕەنگە ئەو حیزبەش پارتی دیموكراتی كوردستان بێت بە مەرجێك ئەمریكا دەست تێوەردان نەكات و بارودۆخەكە وەك ئێستا رانەگرێت.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com