تەوەری نوچەنێت، یەکێتی دوای تاڵەبانی:
ڤینۆس فایەق: من لەخەمی نەمانی تالەبانیدا نیم، لەخەمی ئەوەدام بۆچی حزبێک بە نەمانی سەرکردەیەکی کۆستی بکەوێت؟
تەوەری نوچەنێت، یەکێتی دوای تاڵەبانی:
ئەم تەوەرەی نوچەنێت فاڵگرتنەوە نیە، بەڵکو هەوڵدانە بۆ گەشتن بەوەڵامی ئەو پرسیارانەی لەدوای نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی دروست بوون، بەخوێندنەوە بۆ رووداوە سیاسیەکان و ئاڵۆزییەکان، بە شیکاری و تێگەشتن لەو سیگناڵانەی تا ئێستا دیار کەوتون و بە رەچاوکردنی کێشە لەمێژینەکانی یەکێتی. بۆیە نوچەنێت لە ئێوەی بەڕێز دەپرسێت.
ئێستا تاڵەبانی بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەیە، دیار نیە کە ئاخۆ تاڵەبانی ژیانی بۆ دەگەڕێتەوە یان نا، دیار نییە ئاخۆ لە ئەگەری چاکبونەوەی، تاڵەبانی توانای ئیدارەدانی سەرۆکایەتی کۆمار یان یەکێتی دەبێت یان نا؟. بەبڕوای تۆ یەکێتی لەدوای تاڵەبانی بەکام ئاراستە دەڕوات؟ وەک ئێستای دەمێنێتەوە؟. عاتیفەی خەڵک زیاتر دەبێت بۆ یەکێتی، بەهۆی کۆچی تاڵەبانی؟ رێکخستنەکانی پەرش و بڵاو دەبن؟ روو لە بزوتنەوەی گۆڕان دەکەن؟. یان چی؟ بەپێی خوێندنەوەکانی خۆت چی ئایندەیەک بۆ یەکێتی چاوەڕوان دەکەیت ؟. بۆچی حزبێکی سۆسیال دیموکراتی وەکو یەکێتی، گرفتی هەبێت لە دیاریکردنی کەسێک بۆ سەرۆکایەتی یەکێتی، لەکاتێکدا تەنها لەماوەی یەک ساڵدا حزبی سۆسیال دیموکراتی سوید، بەبێ گرفت سێ سەرۆکی گۆڕی؟.
ڤینۆس فایەق: ئاخر ئەوە گرفتە گەورەکەیە.
لە دونیای پێشکەوتوو حزب لە تەمەنی خەباتیدا ئیش بۆ ئەوە دەکات کادیری بەتوانا پەروەردە بکات، بۆ ئەوەی حزبەکە لە کاتی وازهێنان یان نەمانی یەکێک لە سەرکردەکانی رووبرووی قەیران نەبێتەوە، بەڵام لە کوردستانی ئێمە حزب ئیش بۆ ئەوە دەکات یەک کەس بکاتە فیرعەون و چارەنووسی نەک حزبەکە، بەڵکوو هەموو گەلەکە بە مان و نەمانی ئەو تەنها کەسەوە ببەستێتەوە و، بەنەمانی ئەو چاوەڕێی هەڵوەشانەوە و نەمانی حزبەکە و سەرلێشێوانی میللەت بکەن.
بەشبەحاڵی خۆم قسەکردن لە داهاتووی یەکێتی دوای تاڵەبانی وەکوو فاڵگرنەوە و بەختگرتنەوەی لێهاتوە، ئەگەرچی هیشتا قسەیەک کە زۆر دووبارە ئەبێتەوە ئەوەیە گوایا یەکێتی هەڵئەوەشێتەوە و پێگەی بزوتنەوەی گۆران بەهێزتر دەبێت و ئەمەش دەبێتە هەڕەشەیەک لەبەردەم پارتی دیموکراتی کوردستاندا، بەڵام وای بۆ دەچم کە رەنگە یەکێتی وەکوو خۆی بمێنێتەوە، بەڵام بەدووری نازانم زۆرێک لە کادیرەکانی بچنە ناو گۆرانەوە، بەڵام ململانێکان سەرەتا زۆر دەبن و ماوەیەکی زۆر هۆکانی راگەیاندنی پێوە سەرقاڵ دەبێت و سەرنج و هۆشی خەڵکی پێوە مەشغووڵ دەکەن زیاتر لە کێشە ئەساسیەکانی ژیانی هاوڵاتی..
دواجار پرسیاری سەرەکی بەلای منەوە ئەوە نیە ئایا یەکێتی دوای تالەبانی چی بەسەردێت؟ ئەسڵەن من لەخەمی ئەوەدا نیم، بەڵکوو پرسیاری سەرەکی ئەوەی بۆچی حزبێکی وەکوو یەکێتی لە تەمەنی نزیکەی ٤٠ ساڵی تەمەنیدا نەیتوانیوە ریزی کادیرەکانی خۆی یەکخات و نەیتوانیوە چەند کادیرێکی تر پەروەردە بکات بتوانن حزبەکە بەڕێوەبەرن.
هەڵبەتە بەلای منەوە گرنگ نیە کێ دێت و کێ ئەڕوات، بەڵام زۆر گرنگە حزبێک کە یەک لە دوو گەورەترین حزبی کوردستانە و شەریکە حوکمە و لە بەغداش حوکم ئەکات، کەچی بەهۆی نەمانی سەرکردەیەکیەوە کۆستی بکەوێت، ئەمەیە کە منی تووشی دلەڕاوکێکردوە، لەوەش کارەساتتر خەڵکانێک هەن باوەڕ و قەناعەتیان هێناوە کە یەکێتی دوای جەلال تالەبانی وەکوو خۆی نابێت و میللەتی کورد ئەکەوێتە قەیرانەوە، ئەمە ئەگەر مانای شتێک بدات ئەوە مانای ئەوە دەدات کە یەکێتی وەکوو حزب فاشیلە و، جێگەی باوەڕ و متمانە و دەنگی خەڵک نیە..