تەوەری نوچەنێت یەکێتی دوای تاڵەبانی:
سەردار پشدەری: ئیران کاک نەوشیرەوان دەکاتە سکرتێری یەکیەتی، ئەو ناهێڵی یەکیەتی هەڵبوەشێ و بگرە بەهیز تری دەکات
نوچەنێت: تەوەری نوچەنێت، یەکێتی دوای تاڵەبانی:
ئەم تەوەرەی نوچەنێت فاڵگرتنەوە نیە، بەڵکو هەوڵدانە بۆ گەشتن بەوەڵامی ئەو پرسیارانەی لەدوای نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی دروست بوون، بەخوێندنەوە بۆ رووداوە سیاسیەکان و ئاڵۆزییەکان، بە شیکاری و تێگەشتن لەو سیگناڵانەی تا ئێستا دیار کەوتون و بە رەچاوکردنی کێشە لەمێژینەکانی یەکێتی. بۆیە نوچەنێت لە ئێوەی بەڕێز دەپرسێت.
ئێستا تاڵەبانی بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەیە، دیار نیە کە ئاخۆ تاڵەبانی ژیانی بۆ دەگەڕێتەوە یان نا، دیار نییە ئاخۆ لە ئەگەری چاکبونەوەی، تاڵەبانی توانای ئیدارەدانی سەرۆکایەتی کۆمار یان یەکێتی دەبێت یان نا؟. بەبڕوای تۆ یەکێتی لەدوای تاڵەبانی بەکام ئاراستە دەڕوات؟ وەک ئێستای دەمێنێتەوە؟. عاتیفەی خەڵک زیاتر دەبێت بۆ یەکێتی، بەهۆی کۆچی تاڵەبانی؟ رێکخستنەکانی پەرش و بڵاو دەبن؟ روو لە بزوتنەوەی گۆڕان دەکەن؟. یان چی؟ بەپێی خوێندنەوەکانی خۆت چی ئایندەیەک بۆ یەکێتی چاوەڕوان دەکەیت ؟. بۆچی حزبێکی سۆسیال دیموکراتی وەکو یەکێتی، گرفتی هەبێت لە دیاریکردنی کەسێک بۆ سەرۆکایەتی یەکێتی، لەکاتێکدا تەنها لەماوەی یەک ساڵدا حزبی سۆسیال دیموکراتی سوید، بەبێ گرفت سێ سەرۆکی گۆڕی؟.
سەردار پشدەری: هەڵسەنگاندنێک بۆ نەخۆشیەکەی مام جەلال و دوارۆژی یەکیەتی
وەک ئێمە مام جەلالمان ناسیبێ، مام جەلال زۆر زوو هەست بە رۆژە رەشکان دەکات، زۆر زانایانە خۆی لێ رزگار دەکات و گیانی خۆی تێدا دەپارێزێ.
وەک کرداری چەند جاری پێشوو، کە نەخۆش نەبوو و خۆی نەخۆش دەکرد، بۆ ئەوەی خۆی لە کێشە سیاسیەکان بدزێتەوە، ئەمجارەش دوای ئەوەی کە مالیکی داوای ئاشکرا کردنی هەڵوێستی خۆی لێکرد، لە ئاستی کێشەی سونەکان و مەسعود بارزانی، خێرا داوای لە دکتۆر نەجمەدین کرد کە بێت بۆ بەغدا، کە دکتۆر نەجمەدین گەیشتە بەغدا، پێی گوت من خۆم نەخۆش دەکەم و تۆش بڵێ جڵدەی دەماغ لێی داوەو بمنێرەوە بۆ ئەڵمانیا، دکتۆر نەجمەدینیش بەو کارە هەڵساو ئاڵۆزیەکی نەخۆشیەکیان لەناو عێراق دا بڵاو کردوەو هەموو پیلانەکانی مالیکی پوچ کردەوەو خۆی لەبارو دۆخەکە دزیەوە، دکتۆر نەجمەدین لە ئەڵمانیاش وەک دکتۆرێکی قسەکەری جەلال تاڵەبانی قسە دەکات و دەڵێ: حسی هەیە، دەبیستێ و بەباشی دەرمان وەردەگرێ و بەرەو باشی دەروات !!!!!!!!!!، کە ئەوەش جێگای پرسیارە، بۆ دکتۆرە ئەڵمانەکان تاکو ئێستا هیچ قسەیەکیان نەکردوە؟؟، ئەوە ئەوە دەگەیەنێ لەسەرەتاوە مام جەلال جڵدەی دەماغ لێی نەداوە، چونکە هەر کەسێک جڵدەی داماغی لێداوە، یەکسەر هەموو حس و هەست و بیستنێکی لەدەست داوەو بە شەش مانگیش نایەتە ئەو حسابە کە بڵێی بەرەو باشتر بوون دەچێت.
دەربارەی دوا رۆژی یەکیەتی، یەکیەتیش وەک هەموو حیزبە کوردستانیەکانی تر، داگیرکەران پێشرەوی بۆ دیاری کردوون، داگیرکەران پشتیوانی هەر کەسێکیان کردبێ لەناو ئەو حیزبانەدا، ئەوکەسە بەرەو بەهێز بوون چووەو بۆتە پێشڕەو و سکرتێر.
ئەوەی من ئاگادار بم، دەوڵەتی ئێران لەهەردووک سەردەمی شاو خومەینیدا، پشتوانیەکی زۆر بەهێزی جەلال تاڵەبانیان کردوە، تاکو کردیان بەو جەلال تاڵەبانیە، کە بۆتە پارسەنگێکی سیاسی لە ناوچەکەدا.
ئێران کاتێک بۆی دەرکەوت جەلال تاڵەبانی پیر بووەو بەرەو نەمان دەروات، هەوڵیان دا کەسایەتیەکی تر پەیدا بکەن، کە جێگای جەلال تاڵەبانی بگرێتەوەو رۆڵی ئەوی پێ ببین.
دوو ساڵ پێش ئێستا، دیپلۆماتێکی ئێران هات بۆ ماڵم، دەعوەتی کردم بۆ ئیران و پێی ووتم ئێران دەیەوێ رۆڵی جەلال تاڵەبانی بداتە تۆ، هەموو هاوکاریەکی دارای و سەربازیت بۆ دابین دەکات، بۆ ئەوەی دەسەڵات پەیدا بکەی و نەوتەکەشت بۆ بەدەست دەهێنێتەوە، منێکی نەتەوەیش کە بەنانی داگیرکەران زگ هێشە دەگرم، داواکەی ئێرانم رەت کردوەو ئامادە نەبووم برۆم بۆ ئێران و پێشنیارەکەم رەتکردنەوە، دوای من یەکسەر لەگەڵ کاک نەوشیرەوان رێککەوتن بۆ ئەوەی کە شوێنی مام جەلالی پێ بگرنەوە.
ئەوەی من لە سیاسەتم زانیبێ، ئەندامانی خوارەوە یان ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکیەتی، ناتوانن بۆخۆیان پێشرەو یان سەرکردە بۆ یەکیەتی دیاری بکەن، ئێران پێشرەو یان سکرتێریان بۆ دیاری دەکات، ئەوەی منیش ئاگادار بم، ئیران پشتیوانی لە کاک نەوشیرەوان دەکات و ئەو دەکاتە پێشڕەو و سکرتێری یەکیەتی، منیش پێم وایە کاک نەوشیرەوان ناهێڵی یەکیەتی هەڵبوەشێ و بگرە بەهیز تری دەکات.
ئەندامانی خوارەوەی یەکیەتی و گۆران لە ئێستادا یەکیان گرتۆتەوەو هاوبیرن، بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی پارتی لەتەواوی کوردستان، بگرە من ترسی هەڵگیرسانی شەڕێکی خۆبەخۆی تازەشم هەیە لەدوای نەمانی جەلال تاڵەبانی.
٢٧ – ١٢ – ٢٠١٢