
یەکێک لە بەرپرسەکانی ئەو رەوتەی مەلا کرێکار لە ئەورپا رایگەیاند بۆ سڤیل:
دەگەڕێینەوە کوردستان لەشار خەباتی سیاسی و لەشاخیش هێزی چەکدارمان دەبێت
ئاوات کەرکوکی ئەو گەنجەی لە بەریتانیاوە بانگەشەی جیهاد دەکات:
ئەندامی حزبە ئیسلامیەکان لە دەرەوە کاری موخابەراتی بۆ وڵاتانی ئەورپا دەکەن
حزبە ئیسلامیەکانی کوردستان پاسەوانی بێچەکی پارتی و یەکێتی و پرۆژەی ئەمریکین
چەندین جار موخابەراتی بەریتانیا بانگی کردوین بۆ لێکۆڵینەوە بەتۆمەتی تیرۆر
رزگار رەزا چوچانی . سوید
نوچەنێت . گۆڤاری سڤیل
ئاوات کەرکوکی کە وەک خۆی دەڵێت، ماوەی دەساڵە لە بەریتانیا دەژی و خوێندنی شەشی زانستی لەکوردستان تەواوکردووە، لەبەریتانیاش پەیمانگی ئیسلامی خوێندووە. لەم دیمانەیەی لەگەڵ گۆڤاری سڤیل، وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەو رەوتەی مەلا کرێکار لە ئەروپارایگەیاند، دەڵێت، حزبە ئیسلامیەکانی کوردستان پاسەوانی بێچەکی پارتی و یەکێتی و پرۆژە ئەمریکیەکەن، لەبەرانبەر دەستگیرکردنی مەلا کرێکار بزوتنەوەی گۆڕان بەبێ هەڵوێست ناودەبات، ئاشکرای دەکات، ئەندامانی لایەنە ئیسلامیەکان لەدەرەوە، کاری موخابەراتی بۆ پۆلیسی وڵاتانی ئەورپا دەکەن. ئەوەش دەخاتە ڕوو کە ئەوان لەبەرنامەیاندا هەیە لە ئایندە وەکو حزب لەکوردستان کار بکەن، بەشێوەیەک کە لە شار خەباتی سیاسی بکەن و لە شاخیش هێزی چەکداریان هەبێت.
دوای ماوەیەکی زۆر کارکردنیان لە ئەورپا، مەلا کرێکار ئەمیری پێشووی جوندلئیسلام، لە ئەورپا لەگەڵ چەند کەسێکی تری ئیسلامی و قوتابی و شوێنکەوتەکانی رێکخراوێکیان راگەیاند، بەناوی رەوتی جوامێران، هەرچەند خۆیان بەناوی قوتابخانەی فکری ناوی دەبەن، بەڵام شێوازی کارو دابەشکردنی رۆڵی ئەندامەکانی زیاتر لەکاری حزبێکی رێکخراو دەچیت، چەند ئۆرگان و بەشێک لەخۆ دەکرێت، ئاوات کەرکوکی کە یەکێک لەدامەزرێنەرانی ئەو رەوتەیە، لەم دیمانەیەکدا لەگەڵ سیڤل دەڵێت”ڕەوتی جومێران هیچ دەزگایەکی فەرمی دامەزراو نیە بۆیە ئەم ناوەش تەنها یەکێکە لە ناوە پێسبینی کراوەکان بۆ کات و زەمانی خۆی، بەڵام مەرج نیە ئەم ناوەبێت لە داهاتوو. لەبارەی کاری خۆشیەوە کەرکوکی بۆ سڤیل دەڵێت” ئەوەی بە فەرمی هەبێت من بەرپرسی ڕێکخراوی ( دیدی نوێ )م لەبەریتانیا، کە لەمانگی 12 ی ساڵی 2011 دامەزراوە، لەبارەی دابەشی کاری رێکخراوەیش لەو رەوتەی کە مەلا کرێکار رایگەیاندووە، ئاوات کەرکوک بۆ سڤیل پێی وایە”هەڵسوراون و ئەوانەی کەکار دەکەین لەسەر بنەمای فەرمودەکەی پێغەمبەری خوا کار دەکەین ((هەمووتان شوانن، هەموشتان بەرپرسن لە شوانیەتیەکە)) بەرپرسیاریەتیەکان بۆ سایت و ڕێکخراو پەیمانگەکانی خوێندن لەسەر ئینتەرنێت دیاری کراون، کاری من بەرپرسم لە ژووری دیدی نوێ لە پاڵتاک، لە ڕێکخراوی دیدی نوێ، بەڵام هەر یەک لەم دەزگایانە بە کۆمەڵکاری کارەکەن، هەروەها بەرپرسی پرس و وەڵامە شەرعیەکان و بەرپرسی خوێندنی پەیمانگەکان و بەرپرسە ئیداریەکانی ترم، بۆ هەر یەک دەستەیەک هەیە کاری تێدا دەکات و بەرپرسم لە سایتی دووربین، زمانحاڵی فەرمی ئێمەیە”.
رزگار رەزا چوچانی: بێگومان ئاوات کەرکوکی ناوی ئەسڵی خۆت نیە کە وێنەکەتان ئاشکرا دەکەن بۆچی بەناوی خوازراو کار دەکەن؟.
ئاوات کەرکوکی: لە ئیسلامدا سونەتە هەموو کەس دوو ناوی هەبێت، وەک پێغەمبەری خوا(د.خ) کە ئەبوو قاسم بوو، یان عومەری کوری خەتاب، ئەبو فاروق بوو، ئەمە مەسەلە مەترسی و هەبوونی مەترسی نییە، بەڵکو شتێکی سونەتە ناوی خوازراو، ئێمەش بەو مەبەستە هەڵمانبژاردووە.
رزگار رەزا چوچانی: ئێستا تۆ چالاکانە کاری ئیسلامی ئەکەیت، ئایا لەکوردستانیش بەهەمانشێوە کارتان دەکرد؟.
ئاوات کەرکوکی: من لەکوردستانیش وەکو عەوامەکە موسڵمان بووم، وەک ئەوەی هەموومان بەخۆمان دەڵێین موسڵمان، سوپاس بۆخوا لە بنەماڵەیەکی موسڵمان بووین، بەڵام لەگەڵ بزوتنەوەو جوڵانەوە ئیسلامییەکان ئەندام نەبووم و تێکەڵاویم نەبووە، ئەکرێ بڵێم برایەکم سەربە بزوتنەوەی ئیسلامی بوو، یان یەکی تریان تەنزیمی لایەکی تر بووبێت، بەڵام من بۆخۆم پارتی بووم، کە لەناو پارتیشدا بووم لەخوا بەزیاد بێت نوێژ و واجباتە ئیسلامیەکانمان هەر بەجێدەهێنا، بەڵام وەکو فکری ئیسلامی و کارکردن بۆ کاری ئیسلامی کە بە ئەرکی خۆمی بزانم وەکو ئێستا ئەوکات وانەبووم و بەکاری خۆمم نەدەزانی، کاتێک هاتم بۆ ئەوروپا گۆڕانکاری زیاتر بەسەر فکری مندا هات، زیاتر تێگەشتم لەدینەکە، دیارە ئەوەش بە کاریگەری مامۆستا کرێکار بووە، ئەو کاریگەری بەسەر زۆر کەسێک هەبووە لەوانەی کە هاتوونە دەرەوە، منیش یەکێم لەوانەی کە کاریگەری زۆری لەسەرم هەبووە.
رزگار رەزا چوچانی: خەڵکێک کە دێنە ئەوروپا بە ئاراستەیەکی تردا فکریان دەگۆڕێت، بەڵام تۆ لەکوردستان ئیسلامی نەبویت و کە هاتیتە ئەورپا بەو ئاراستە رۆشتی، واتە پێچەوانەی خەڵکێکی تر، ئەم جیاوازییە چۆن روویدا؟.
ئاوات کەرکوکی: دیارە پرسیارەکەی تۆ ئەوەیە کە، خەڵک کاتێک دێتە ئەورپا بەلای لادینیدا دەروات، بەڵام من پێچەوانەی ئەوان بووم، ئەوە من بەتەنها نیم کە بەو ئاراستەدا رۆشتووم، دواین کەسیش نیم، من خەڵکانێکی زۆر دەناسم، کە پارتی بوونە، یەکێتی بوونە، بەڵام کاتێک هاتوونە ئەورپا لێرە زیاتر چاویان کراوەتەوە و بەلای دینەکەدا گەراونەتەوە، راستە خەڵکیشمان هەبووە کە لەکوردستان مامۆستای ئاینی بووە، یان قورئان خوێن بووە و شارەزا بووە لەدین، بەڵام لێرە مورتەد بۆتەوە، بۆ نمونە عادل باخەوان، و خەڵکانێکی زۆر، بەنسبەت خۆمەوە وەک وتم لەکوردستان ئێمە لایەنە دیندارییەکەمان هەر هەبووە، لە بواری حزبیشدا کارم کردووە لەگەڵ پارتی، ئەوەش بە مانای ئەوە دێت لەباری سیاسیشەوە کارم کردووە، بێ ئەرک نەبوومە، بەڵام کاتێک کە هاتمە دەرەوە زیاتر تێگەشتم لەوەی، ئەو ئەرکەی کەمن لەباری سیاسی و حزبییەوە گرتومەتە سەرشانی خۆم، بەڵێ ئەرکێکی پیرۆزە، بەڵام لەژێر ئاڵای دیندا نییە، وەک وتم لەژێرکاریگەری قسەو لێدوان و خیتاب و شیکارییەکانی مامۆستا کرێکاردا، گەشتمە ئەو بروایەی کە دینداری تەنها هەر ئەوە نییە، کە ئێمە بەجێی دەهێنین، بەڵکو ئەرک و کاریشمان لەسەرە لە دیندا، بۆیە زیاتریش لەدین هاتمە پێشمەوە و تێگەشتم پارتی و یەکێتی سەربەقوتابخانەیەکی غەیرە دینن.
رزگار رەزا چوچانی: بۆچی تۆ وازت لەپارتی هێنا؟ رەنجاندنت یان هۆکارێکی تر هەبوو؟.
ئاوات کەرکوکی: ئەگەر بڵێم پارتی خەڵک نارەنجێنێ، راست نابێ بەڵکو خەڵک دەڕەنجێنێت، بەڵام بەنسبەت منەوە شتێکی تر بووە، ئەو بەڕێزانەی کەلەناو پارتیدا بەرپرسی من بوون، بەچاکەی خۆیان کەمن هیچ چاکەیەکم بۆیان نەبووە، ئێستاشی لەگەڵدابێت رێزم لێدەگرن، ئەوەی وایکرد لەمن ببم بەپارتی ئەوکات هەستکردنم بووە بەوەی کە دەبێت رێز لەخاکمان بگرین، خەبات بۆ رزگارکردنی بکەین و بیپارێزین، پێشموابوو کە پارتی ئەو ئاڵایەی بەدەستەوەیە، کوردستان بەرەو داهاتوویەکی گەشتر بەرێت، بەڵام ئەنجام تێگەشتم هیچ ئاڵایەک لەغەیری ئاڵای ئیسلام، ناتوانێ کورد بگەیەنێتە ئەو ئامانجە.
رزگار رەزا چوچانی: وتت بەکاریگەری مامۆستا کرێکار بویتە ئیسلامی، دواتر ئێوە گروپێکتان بەناوی رەوتی جوامێران دامەزراند، چۆن ئەم گروپەتان دروستکرد و مەبەستتان چی بوو؟.
ئاوات کەرکوکی: کاتێک کۆمەڵە خەڵکێک پێکەوە کۆدەبنەوە، هاوڕاو هاوفکری یەکترن و لەکۆمەڵە خاڵێکدا هاوبەش بن، بەتایبەتیش ئەگەر کۆبونەوە بێت لەسەر ئیسلامەتی، دەبێت ناوێکیشیان هەبێت، دروستکردنی ئەم رەوتە بەشێوەیەکی رەسمی لەهیچ وڵاتێک مۆڵەتی بۆ وەرنەگیراوە، بەڵام ناکرێ من و تۆو ئەوی تر و چەند کەس کۆبینەوەو هاوبڕوابین، هیچ ناوكیشمان نەبێت، لەسایەیدا کۆبینەوە، ئێمەش ئەم رەوتەمان دامەزراند، بەڵام وەکو حزب و رێکخراو نا، بەڵکو وەکو قوتابخانە، یان وەکو رێبازێکی فکری هەموومانی کۆکردۆتەوە، ئێستا وەک حزب کار ناکەین، بەڵام بێ خەم نین لەوەی کە لەداهاتوو ئێمەش حزب یان رێکخراوێکی رەسمی بین، وەکو ئەو خەڵکەی کە مافی بوونی هەیە، ئێمەش دەبێت ئەو مافەمان هەبێت لەکوردستان.
رزگار رەزا چوچانی: تەنها ئەو گروپەن کە پێکەوە کار دەکەن یان پێتان وایە شوێنکەوتەشتان هەیە؟.
ئاوات کەرکوکی: ناتوانین قیاس لەسەر ژمارەی ئەوانە بکەین کە لەگەڵمانن، چونکە بەرەسمی دەستمان بەکار نەکردووە، بزوتنەوەی گۆڕان کاتێک دەستیان بەکارکرد، خۆشیان تەوەقوعی ئەوەیان نە ئەکرد، بیست و پێنج کورسی بهێنن، بەڵام بینیمان لەهەڵبژاردنەکان ئەوەندە دەنگیان هێنا، ئێمەش جارێ دیار نییە بەڵام بێگومان خەڵک لەکوردستان، لە ئەمریکا، لە ئوستورالیا، لە ئەورپا هەن پەیوەندی دەکەن و هاوسۆزن لەگەڵمان.
رزگار رەزا چوچانی: مامۆستا کرێکار کە پێکهێنەری ئەو رەوتەی ئێوەیە، پشتیوانی لە بزوتنەوەی گۆڕان دەکات، ئایا ئەمە رای رەوتەکەیە بەگشتی؟.
ئاوات کەرکوکی: پشتیوانی ئێمە پشتوانی نییە لە بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵکو پشتیوانیە لەپرۆژەکانی لەوەی کە دەیەوێ بیگۆڕێت، دەسەڵاتێک بگۆڕێت کە بە ئیسلامییەکان ناگۆڕدرێت، دەسەڵاتێک بگۆڕێت کە ئیسلامییەکان لەبەرانبەریدا لە بازنەیەکدا دەخولێنەوەو هیچ هەنگاوێکیان بۆ نانرێت بۆ گۆڕینی، هەر کەس و لایەنێک بێت ئاڵایەک بەرزبکاتەوە بۆ گۆڕینی ئەو دەسەڵاتەی پارتی و یەکێتی، کە دەسەڵاتی کوفرە، ئێمە پشتیوانی دەکەین، کە ئێمە پشتیوانیمان کردووە لە گۆڕان بەو مەبەستە بووە، ئیتر ئەوانیش تاچەند راستگۆ دەبن لەگەڵ شیعارەکانیان ئەوەیان شتێکی ترە، پشتیوانی ئێمەو پشتیوانی مامۆستا کرێکار پشتیوانی نیە لە بیروڕای نەوشیروان مستەفا یان ئەندامەکانی سەکردایەتیان بەنمونە سەرکەوتی کوبە و ئەوانی تریان، بەڵکو پشتیوانی کردنە لەو ئاڵایەی گۆڕان بە مەبەستی گۆڕانکاری یان پرۆژەکانیەتی.
رزگار رەزا چوچانی: تۆ پارتی و یەکێتی بە حزبی کوفر ناو دەبەیت، لەباری مەبدەئەوە چی جیاوازییەک لەنێوان ئەوان و بزوتەوەی گۆڕاندا دەبینی؟.
ئاوات کەرکوکی: لەرووی فکرەوە بزوتنەوەی گۆڕانیش هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ پارتی و یەکێتی، بەڵام پرۆژەکانیان جیاوازە، ئەوەش پرسیارە کە ئایا ئەگەر ئەوانیش دەسەڵات بگرنە دەست هەمان ئاکاری پارتی و یەکێتی یان نابێ؟، بێگومان ئێمە نازانین، ئێمە فاڵگرەوە نین بەڵکو واقیع بینین، ئەوە واقیعەکەیە کە دەبینین گۆڕان بەرنامەی جیاوازی هەیە، ئەگەرنا لەرووی بڕواوە ئەگەر پارتی و یەکێتی بەکوفر دابنێنین بزوتنەوەی گۆڕانیش بە کوفر دەزانین.
رزگار رەزا چوچانی: مامۆستا کرێکار داکۆکی زۆری کرد لە بزوتنەوەی گۆڕان و بانگەشەی زۆر بۆکردن، ئێوە هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕانتان چۆن بینی، بەرانبەر دەستگیرکردنی مامۆستا کرێکار؟.
ئاوات کەرکوکی: ئەوان بێ دەنگن و ناشتوانم بڵێم بۆچی ئەو بێدەنگیەیان هەڵبژاردووە، چونکە لەسەرکردەکانیانم نەپرسیەوە و رای ئەوانیشم نەدیوە، بەڵام بەزاهیری ئەگەر لەسیاسەتی بچینە دەرەوە هەرچەند ئەو سیاسەتەشمان قبوڵ نییە سیاسەتی دوفاقی، ناشیرنترین هەڵوێست هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕان بوو بەرانبەر بە مامۆستا کرێکار، ئەگەر وەکو کوردەواریش سەیری بکەیت، ئەوە لەکوردەواریدا هەیە، کە من رۆژێک یارمەتی تۆم داوە، تۆش یارمەتیت داوەمەتەوە، ئەوانیش دەبوو قسەیەکیان هەبوایە لەسەر دەستگیرکردنی مامۆستا کرێکار، خۆ راستە مامۆستا نەمنەتی بە ئەوان بووە، نە بۆ ئەوەپشتیوانی کردوون کە رۆژێک لەرۆژان پشتیوانی لێبکەن، بەڵام دەبوو هەڵوێستیان هەبوایە ئەوانیش، هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕان بەرانبەر بە مامۆستا کرێکار ناشیرینترین و نامرۆڤانە و نا کوردانەترین هەڵوێست بوو. ئەوە هەڵوێستی ئەوان بوو بەداخەوە بەڵام گریمان ئەوان لایەنێکی عەلمانین ئەوەیان لێچاوەڕواین دەکرێت، بۆ مەگەر لە غەیری بزوتنەوەی ئیسلامی، هەڵوێستی کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی چی بووە؟ بێگومان هیچ. هێشتا هەڵوێستی پارتی جوانتر بووە لەلایەنە ئیسلامیەکان لەغەیری بزوتنەوەی ئسیلامی، هەڵوێستی پارتی جوانتر بوو لە هەڵوێستی کۆمەڵ و یەکگرتوو و مەدخەلیەکان، لەبەرانبەر مامۆستا کرێکار، لەکاتێکدا مامۆستا کرێکار رەخنە شعری بەسەر بارزانیدا وتووە، رەخنەی لەکردارەکانی پارتی هەبووە، لەکاتێکدا مامۆستا کرێکار لە دژی پارتی و یەکێتی پشتیوانی گۆڕانی کردووە، بەڵام هێشتا هەڵوێستی پارتی جوانتر بووە.
رزگار رەزا چوچانی: بەبڕوای تۆ بۆچی پارتی ئەو هەڵوێستەی هەبووە؟.
ئاوات کەرکوکی: وەڵا وەڵامی ئەوە رەنگە لای پارتی خۆی بێت، چونکە من ئاگاداریان نیم، بەڵام بەڕای من بۆ دوو شت دەگەڕێتەوە، بمانەوێت یان نەمانەوێت، پارتی هەر لەکۆنەوە یەک ساسەتی هەیە، ئەگەر یەک رۆژ پێشمەرگایەتیت بۆ پارتی کردبێت دوای دەیان ساڵی تر، بنەماڵەی بارزانی ئەو رۆژە پێشمەرگایەتیەیان لەبەرچاوە، هەرچەند رەخنەشمان لەپارتی هەبێت، بەڵام ئەوە حەقیقەتە، و نابێ لە باسی حەقیقەت لا بدەین، یەک رۆژ پێشمەرگایەتیت بۆ پارتی کردبێت، بنەماڵەی بارزانی لەبەرچاویانە، مامۆستا کرێکاریش یەکێک بووە لە پێشمەرگەکانیان، ئەوکاتیش کە پێشمەرگەی پارتی بووە فرۆکەی بەرداوەتەوە، پارتی و خودی بنەماڵەی بارزانی بێگومان وەفایان هەیە بۆ ئەوە، با جیابوبێتەوەو رەخنەشی هەبووبێت لێیان، لایەنێکی تریش بۆ کێشەی ئیسلامیەکان دەگەڕێتەوە، ئەوەندەی یەکێتی کێشەی لەگەڵ ئیسلامیەکان هەبووە، پارتی نەیبووە، راستە پارتیش لە ئیسلامیەکانی کوشتووە، وەک ئەوانەی لەپشتی چۆمان ئەو برایانەی تەوحید کە کوشتنی، یان ئەو برایانەی کە ئێستا لەزیندانەکانی پارتیدان، بەڵام وەک ئەوەی یەکێتی کەلەگەڵ ئسیلامیەکانیدا کردووەیەتی، پارتی ئەو دوژمنایەتیەی نەبووە لەگەڵ ئیسلامیەکان.
رزگار رەزا چوچانی: لە ئەورپاوە گەنجێک بەناوی ئاوات کەرکوکی دانشتووە و لەرێی نێتەوە بانگەشەی جیهاد دەکات لەسەراپای جیهاندا، لەکاتێکدا وڵاتانی ئەورپی بەو باسە زۆر حەساسن و بەتیرۆر ناوی دەبەن، ئایا ئەمە کێشەی بۆتۆ دروست نەکردووە لەگەڵ دەزگا ئەمنیەکانی بەریتانیا کەلەوێ دەژیت؟.
ئاوات کەرکوکی: راستیەک هەیە، ئازادی ئێرە بەراورد ناکرێ بەکوردستان، بەڵام گومان لەوەشدا نیە، ئەو ئازادی ودیموکراسی و مافی مرۆڤەی کە باسی دەکەن، ئەگەر بێیت و قوڵبیتەوە بەناویدا دەبینی درۆ دەکەن، وێڕای ئەوەش کە درۆ دەکەن لەگەڵ ئەو ئیدیعای کە ئەیکەن، بەڵام بەراورد ناکرێ بەکوردستان، لێرە تا رادەیەک دیموکراسی و ئازادی هەیە بۆ من و تۆ و هەموو ئەوانەی کەلەم وڵاتانەدا دەژین، بەڵام بەپێی ئیدیعاکەی خۆیان نییە، بێگومان لێرە گرفتی زۆرمان بۆ دروستبووە، ئەوان کێشەیان لەگەڵ ئیسلامدا نییە، کە بەهەمانشێوەی کوردستان، کە چەند گروپێکی ئیسلامی هەن و کێشەیان نییە، بەڵام لێرە کێشەیان لەگەڵ ئەو کەسانە هەیە، کەچالاکن و باسی جیهاد یان باسی گێڕانەوەی خەلافەتی ئیسلامی ئەکەن، موخابەراتی ناوخۆی بەریتانیا جگە لەوەی کە ئەزانێ ئێمە کەسێکی ئسلامین، بەڵام دیسان پرسیاری ئەوەشمان لێدەکات ئایا ئێوەش وەکو پەکەکە، هەوڵی یەکپارچەیی خاکی کوردستان دەدەن، ئەوەش مانای ئەوەیە ئەوان تەنها لەدژی گروپە ئیسلامیەکان نین، بەڵکو لەدژی هەموو ئەو پرۆژانەن کە لەدژی پرۆژەکانی خۆیانە، هەرکەس پێچەوانەی ئاراستەی پرۆژەی ئەوان بیربکاتەوە ئەوان لەدژینی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێین خوا هەڵناگرێت ئازادی ئێرە قیاس ناکرێ بە کوردستان، راستە گەلێ گرفتمان بۆ دروست بووە، وەک لێپرسینەوەو گیران و بانگکردن و لە هەڵکوتانە سەر ماڵەکانمان، لە سەعات شەشی بەیانی کە لەخەودایت دێن بەشەق لەدەرگاکە دەدەن، دەرگای هەندێ لەماڵەکان ئەشکێنن، خەڵک ئەخەنە سەر ئەرز، ئەم گرفتانە هەموو دروست بووە، بەڵام ئایا ئەمە چ رێگرییەکمان لێ دەکات، ئێمە شوێن رێبازی محەمەد د.خ کەوتوین، کە تێیدا سەدەها و هەزارەها شەهید بووە، ئێمە چیمان لێهاتووە لەسەر ئەم دینە کە لە ئەورپا دانیشتووین، تا رادەیەک ئازادیمان بۆ دابینکراوە، چی تێدایە با بێن تەحقیقی خۆیان بکەن، گرنگ ئەوەیە ئێمە ئەو مەبدەئەی کە هەڵمانبژاردووە، رێبازی پێغەمبەرانە دەزانین ئەزیەتدان و شەق و فرمێسک و خوێن رشتنی تێدایە و هەموومان لەبەرچاوگرتووە.
رزگار رەزا چوچانی: دەکرێ باسی بکەی چەند جار بانگراون بۆ لێپرسینەوە، کێن ئەوانەی لێپرسینەوەتان لەگەڵ دەکەن؟.
ئاوات کەرکوکی: ژمارەی بانگردن و لپرسینەوە لەگەڵم، بروا بکە بەژمارە نازانم ئەوەندە بانگ کراوین، بەتایبەت لەکاتی هەر سەفەریکم بۆ دەرەوەی بەریتانیاو هاتنەوە بۆ چەندین کاتژمێر لێپێچینەوە دەکەن، هاتنیان بۆ ماڵەوەمان بێ مۆڵەت 5 جار هاتوون، بەڵام کە دڵنیابوون هەر 5 جارەکە تەواوی ماڵەوەیان کەشف کرد و هیچ شتیکی تایبەتیان نەدۆزیەوە زیاتر بەنامەو تەلەفۆن قسەو باس دەکەن، کێ ئەمە ئەکات؟ موخابەرات ئێم ئای 5 پۆلیسی نهێنی ناوەخۆی بەریتانیا، دواین دادگاییشم لەمانگەدا بوو، لەسەر شتێکی بەسیت. کە دوو هەزار یورۆ بەمن بوو، لەکاتێکدا لە وڵاتێکی ئەورپای گەراومەتەوە، لەمانگی یەکەوە دەستیان بەسەر ئەو بڕە پارەداگرتووە، لەمانگی ١٠ دادگا بڕیاریدا پارەکە بخوات، بەتەلەفۆن پێیان وتم پارەکەت ئەدرێتە پۆلیس چونکە نایاساییە، بەڵام لێرە مافی قسەکردنمان هەیە، بۆیە نارەزاییم دەربڕی، دادگاییەکی تریان دانایەوە لە مانگی ١١ سوپاس بۆخوا ئەنجامی دادگاکە بەلای مندا شکایەوە، پارەکەیان بۆ گێڕامەوە.
رزگار رەزا چوچانی: ئەو بڕە پارەیە هی کێ بوو لای تۆ؟ بۆچی ئەوان گومان لەتۆ بکەن و دەست بەسەر پارەی تۆدا بگرن، گومان لەچی دەکەن؟.
ئاوات کەرکوکی: ئەوان گومان لەوە دەکەن، ئەو پارەیە کۆ بکرێتەوە بنێردرێت بۆ جیهاد، جا هی عێراق بێت هی ئەفغانستان بێت، هی هەر وڵاتێک بێت. ئێمە کتێبی کوردی ئیسلامی دابەش دەکەین، خەڵکیش پارەی چاپی کتێبەکەمان دەداتەوە، ئەوەی پارەی هەبێت، من گەلێ جار سەردانی ئەو وڵاتانەی ئەورپا دەکەم بۆ ئەو مەبەستە، کتێب دەگەیەنمە ئەو کەسانەی کە حەزیان لە خوێندنەوەی ئیسلامییە، یان لەگەڵ ئەم فکرەدایە، کتێبیان پێدەدەین، ئەوانیش لەبەرانبەردا بڕە پارەیەک بەپێی توانای خۆیان دەدەن، ئەم پارەیە هی ئەوە بوو.
رزگار رەزا چوچانی: دوو گەنج بە تۆمەتی پشتیوانی لە ئێوە، وەک ئەوەی لە راگەیاندنەکان باسکرا، لە سویسرا دادگایی کران و مەسەلەی تیرۆر خرایە پەنایان، ئێوە لەبەرانبەردا راو کارتان چی بوو؟.
ئاوات کەرکوکی: ئێمە هەرچیمان دەگیرێین یان دەستبەسەر دەکرێین، یان بانگ دەکرێین، یەکسەر نامەیەک ئەدەنە دەستمان دەڵێین تۆ بەهۆی مەسەلەی تیرۆر ئەوەت لەگەڵ دەکرێت، لەژێر ئەو ناوەشدا لێپێچینەوەت لەگەڵ ئەکرێت، ئەم دوو برایە کە گیران لەسویسرا گیرانەکەیان تازە نەبوو، گیرانەکەیان هی ٢٠٠٨ بوو، ئەوکات دادگا بڕیاریدا کە ئەوانە بەریئن، بەڵام بەدەستپێکردنەوەی دادگاییەکەی مامۆستا کرێکار، لە مانگی ١٠ی ئەمساڵ، موخابەراتی سویسرا جارێکی تر ئەم کەیسەی جوڵاندەوە، بەناوی ئەوەی کە ئەم دوو گەنجە ویستویانە لەگەڵ مامۆستا کرێکاردا، گروپێکی جیهادی، یاخود پشتیوانی لە لە قاعیدە دروستبکەن، یاخود ئەندامانی قاعیدە پەلکێش بکەن بۆ ئەوروپا، دیارە مەبەستی ئەوانیش بۆ ئەوە بووە، دادگاییەکەی مامۆستا کرێکاری پێقورس بکەن، ئەگەرنا خۆشیان دەزانن راستگۆنین لەو کەیسەدا، رەنگە بەڕێزت بپرسی مامۆستا کرێکار لە نەرویجەو ئەوان لەسویسرا بۆچی بۆ قورسکردنی دادگایی ئەو ئەو کارە کراوە؟. نمونەیەک بدەم بە جەنابتان، سوریاو عیراق و ئێران و تورکیا، لەرووی فکرو کارو سیاسەتیانەوە زۆر دوورن لەیەک، بەڵام کە مەسەلە دێتە سەر کورد هەرچواریان هاوڕاو نزیکن و پێکەوە کار دەکەن، کوفری ئەورپاش بەهەمان شێوەیە، ئەورپاش خاک و بیرکردنەوەو تموحیان لەیەکتر جیاوازە، بەڵام کە دێتە سەر مەسەلەی ئیسلام هەموویان یەکن، بۆیەش ئەوەیان جوڵاند لەم کاتەدا کە نیشیانی بدەن مامۆستا کرێکار خەتەرە، نەک مەبەستیان ئەو دووکوڕە بێت، چونکە خۆیان دەزانن پێشتر دادگا بەرئەتی بۆ ئەو دووکوڕە دەرکردووە.
رزگار رەزا چوچانی: ئێوە چۆن دەخرێنە ژێر چاودێری و چۆن زانیاری لەسەر ئێوە کۆدەکەنەوە لەم وڵاتانەی ئەورپا؟.
ئاوات کەرکوکی: دیارە بە چەند ئامرازێک دەکرێت، وەکو چاودێریکردنی تەلەفۆن و ئەنتەرنێت، شێوازی دووەمیان بەداخەوە ئەوە راستیەکی تاڵە، بەکارهێنانی خەڵکی لایەنە ئسیلامیەکانی ترە وەکو سیخوڕی، لایەنە ئیسلامیەکان بەفەرمی نا، بەڵام ئەفرادەکانیان بەکار دەهێنرێن، وەک ئەوەی ئەوکاتی کە لەمزگەوتین کەسێک دێت دەوەستێت لەگەڵت لەنوێژدا، تۆ هیچ گومانێک لەمن ناکەی، کە من لەگەڵ تۆدا سوجدە بۆخوا دەبەم، بەڵام لەوکاتەدا دەبینی کار بۆ پۆلیس دەکەم، بەداخەوە دەبینی هەر ئەندامی لایەنە ئیسلامیەکانەو کار بۆ پۆلیسی ئەو وڵاتانە دەکات، پێمان خۆش نییە ئەوە بڵێین، بەڵام ئەوە حەقیقەتێکی تاڵەو دەیڵێین، ئەندامەکانی کۆمەڵی ئیسلامیش دەورێکی زۆریان هەیە لەوکارەدا، مەدخەلیەکانیش دەورێکی زۆریان هەیە، بەڵام خوا هەڵناگرێ لەو بارەیەوە یەکگرتوو دەوریان باشترەو بزوتنەوەش تاکو ئێستا شتی وایان لێ ئاشکرا نەبووە، بەڵام کۆمەڵ و مەدخەلیەکان بە ڕادەیەکی زۆر ئەو کارە دەکەن بۆ موخابەراتی وڵاتان و خەڵکەکە بەدەستەوە دەدەن، لەپێناو چونە پێشی خۆیان، بیر لەوە ناکەنەوە کە خوای گەورە نەسرەت دەدات.
رزگار رەزا چوچانی: چۆن دەزانن کە ئەندامانی کۆمەڵی ئیسلامی کاری موخابەراتی ئەکەن بەسەر ئێوەوە؟.
ئاوات کەرکوکی: کە دەڵێین کۆمەڵی ئیسلامی و مەدخەلیەکان لەخۆڕا ئەوە ناڵێین، بەڵگە لەبەردەستدایە، ناویشمان بردوون بە ئاشکراو پێشمان وتوون، کە کێ و کێ کردویەتی و بە ئاشکراش لەسەرمان نوسین، ئەوە شتێکی شاراوە نیە هەڵبەت بەڵگەمان لایە، بۆ ناڵێین یەکگرتوو بۆ ناڵێین بزوتنەوە، شێخەکانی مەدخەلیەکان بڕوایان بەو شتە هەیە کە ئەفرادی لایەنە جیهادیە ئیسلامیەکان بدەن بە گرتن، ئەوە لەسەرەوەوە بڕوایان پێی هەیە، بەڵام گومان دەکەم کە کۆمەڵی ئیسلامی لەسەروەوە، بروایان بەوە هەبێت کە بتدەن بەگرتن، من بۆیە وا دەڵێم بەڵگەم پێ نییە سەرەوەیان ئاگاداری ئەوە بێت، ئەکرێ کەسێکی تر راست بێتەوە بلێت قسەکەت راست نیە من بەڵگەم پێیە کە سەرەوەی کۆمەڵ ئەوەی پێکردوون، من ئەڵێم رەنگە ئەوەی کۆمەڵی ئیسلامی کاری سەربەخۆی تاکەکانیان بێت، بەڵام هی مەدخەلیەکان لەسەرویانەوە بەشەرعی دەزانن لەهەموو وڵاتێکدا دەڵێن ئەو کەسەی کە تۆ دەیبینی جیهادی بێت، کە ئەوان پێی دەڵێن خەواریج، ئەوە مافی تۆیە بیدەیت بەدەست دەزگا بەرپرسەکانی ئەو وڵاتەوە، ئەوان وەکو عەقیدە بڕوایان بەوە هەیە.
رزگار رەزا چوچانی: کاتێک کە باستان کردووە هەڵوێستی کۆمەڵی ئیسلامی چی بووە؟.
ئاوات کەرکوکی: بەرپرسی پێشووی مەڵبەندی هەندەرانیان کە لەلەندەنە، خۆم پرسیارم لێکرد، وتم ئەوە کارتانەوە ئەوەش کاک فڵان کەسە ئاوایکردووە. لە وەڵامدا وتی، وەڵا ئەگەر ئەوەی کردبێت من ناوچاوانی ماچ دەکەم و شتێکی زۆر پیرۆزی کردووە، ئەوە لە ئاستی بەرپرسی مەڵبەند، بەڵام ئاگام لە هەڵوێستی سەرکردایەتی کۆمەڵ نییە.
رزگار رەزا چوچانی: بەڵام ئەگەر کۆمەڵی ئیسلامی داوای ئاشکراکردنی ناوی ئەندامانەی بکات کە ئێوە بەڵگەتان لەسەریان هەیە، کار بۆ موخابەرات دەکەن، ئامادەن ئەوە بکەن؟.
ئاوات کەرکوکی: ناوەکانمان ئاشکرا نوسیوە لە دوربین، زنجیرە بابەتێکم نوسیوە بەناوی ژیان لەگەڵ ڕێوی و شەڕ لەگەڵ گورگ، رێویەکە مەبەست لایەنە ئیسلامیەکانە، شەڕ لەگەڵ گورگیش کوفرەکەیە، لەوێ کۆمەڵێک ناومان نوسیوە، لە ئاستی مەسئولیاندا یان لە ئاستی ئەفرادیاندا، بەڵێ داواش بکەن بەبەڵگەوە پێیان دەڵێین کە بەڵێ کردویانەو خەڵکیان داوە بەگرتن، پەیوەندیان هەیە بەپۆلیسەوە.
رزگار رەزا چوچانی: وتت کە دروستکردنی حزب و کاری رێکخراوەیش لەکوردستان لەبەرنامەتان هەیە، ئایا چ جۆرە خەباتێک بۆ ئیستای کوردستان بەپێویست دەزانن، وەک حزبە ئیسلامیەکانی تر یان چۆن؟.
ئاوات کەرکوکی: دوور لە عەقیدەکەی، بروامان بەو خەباتە هەیە کە پەکەکە دەیکات، لایەنی چەکداری و خەباتی شار، ئەم خەباتە بۆ کوردستان بۆ ئیسلامیەکان و بۆ غەیری ئیسلامیەکانیش زەرورە، ئەوەی ئەو جۆرە خەباتە نەکات ئەمرۆ لەکوردستاندا هەتا پارتی و یەکێتی خاوەنی ئەو بیرکردنەوە بن، ناتوانێ سەردەربێنێت، یان تموحی ئەوەی هەبێت بڵێ من پارتی و یەکێتی لا دەبەم، ئەو خەباتەی پەکەکە دەیکات باشترین نمونەیە بۆ ئسیلامییەکان، کە پەیڕەوی بکەن، واتە لەشاخ چەکداریان هەبێت لەشار رەوتێکی سیاسیان هەبێت بەشدار بێت لە پرۆسەی کە لەکوردستاندا هەیە، جا ئەوان ناوی لێ دەنێن دیموکراسی پەرلەمان، ئێمە ناوی لێدەنین مەجلیسی شورا، گرنگ ناو نییە، بەڵام بەبێ بوونی چەکدارت لەشاخ، ناتوانی لەکوردستاندا خەبات بکەیت، جا ئیتر ناوت گۆڕانە، ناوت کۆمەڵی ئیسلامی یە، ناوت یەکگرتووە، هەر ناوێک هەیە، ناتوانی هەنگاو بنێی.
رزگار رەزا چوچانی: پێت وایە جەوی کوردستان جەوێک بێت، پێویست بکات ئیسلامیەکان چەکداریان هەبێت، یان بتوانن هەیان بێت لەشاخ؟.
ئاوات کەرکوکی: بەبێگومانی ئەتوانن، بۆچی ناتوانن؟ بۆ جاران ئەیانتوانی؟ خۆ ئەگەر نەشتوانن لەرووی جەبهەییەوە چەکداریان هەبێت، دەتوانن وەکو مەفرەزە بوونیان هەبێت، بۆ پەکەکە ئەتوانێت لەقەندیل بژی، بۆچی ئیسلامیەکان ناتوانن. پەکەکە کە حزبێکی عەلمانییە شتێکی دنیاییان هەیە خۆیانی لەسەر بەکوشت ئەدەن کەکوردستانە، بەڵام ئیسلامییەکە بۆ کوردستانەکەش و بۆ قیامەتەکەشیەتی، بەڵام بۆچی نەیانتوانیوە وەکو پەکەکە هەنگاو بنێن، رەنگە هۆکار خاڵە لاوازەکە بێت، کەبەهۆی جیاوازی و ئینشیقاوەوە رووی تێکردوون، ئەگەرنا ئەوان بروایەکیان هەیە ئەتوانن خەڵکی لەسەر کۆبکەنەوە.
رزگار رەزا چوچانی : پەکەکە قەزییەیەکی بەدەستەوەیە، خەباتی بەرانبەر بەداگیرکارێکە، بەرانبەر بەتورکە، بەڵام ئیسلامیەکان لە کوردستانێکدان کە کورد خاوەنیەتی کورد ئەیبات بەڕێوە، ئەمە جیاوازییەکی گەورە نابێ بەبڕوای تۆ بۆ هێزی چەکدار؟.
ئاوات کەرکوکی: شاعیرێک دەڵێت، تیری دوژمن ئێشی نییە. بەڵام ئاخ تیری دۆستی بێوەفا جەرگ و سینە لەت دەکات. .. چ فەرقێکی هەیە سەدام حسەین من بکوژێت، یان کوردێک من بکوژێت، هیچ جیاوازییەکی نییە کە تۆ نەتهێشت من بژیم، کە تۆ نەتهێشت هەناسە بدەم، تۆ عەرەبی، کوردی، فارسی، تورکی، بۆمن هیچ جیاوازییەکت نییە، تۆ ئەو کەسەی کەمن دەخنکێنی.
رزگار رەزا چوچانی: تۆ پێت وایە ئیسلامیەکان لەکوردستان ناتوانن کار بکەن، بەڵام تۆ ئەبینی ئەندامی پەرلەمانیان هەیە، وەزیریان هەیە لەحکومەتدا، خەڵک دەنگی پێداون، بارەگا و چالاکیان هەیە.
ئاوات کەرکوی: پارتی و یەکێتی و هەم پرۆژە ئەمریکیەکەش لە کوردستان و زۆر شوێنی تردا، ئەم جۆرە حزبە ئیسلامیانەیان کردۆتە ماکیاژ بۆ دەموچاوی حکومەت یان پرۆژەکانی خۆیان، ئەم ئیسلامیانە راستە وەکو بوون ئەژین، بەڵام هەر ئەوانیشن کە رۆژانە دەیانبینی کەس و کاریان دێتە سەرجادە داوای بێسەروشوێنەکانیان دەکەن و کەسیش نییە ئاوڕیان لێبداتەوە، هەر ئەوانن هەر کاتێک و هەر ساتێک پێیان خۆش بێت بەتۆمەتی تیرۆر دەیانرفێنن و بەیاسای تیرۆر دادگایی دەکرێن و کەسیش بۆی نییە بەرگریان لێ بکات، هەر ئەوانن بارەگاکانیان چەند جار لەلایەن پارتیەوە سوتێنرا، هەر ئەوان بوون مامۆستا عەلی باپیریان بە مناڵە ورتکە بەردباران کرد، هەر ئەوان بوو کە خوشکێکی یەکگرتوو لەسلێمانی دەرسی بە چەند خوشکێکی تەلەبەی خۆی ئەوتەوە، ئاسایش هەڵیانکوتایە سەری مناڵیشی لەسکدا بوو مناڵەکەی لەبارچوو، لەکاتێکدا ئەوان هەڵبکوتنە سەر ژنێک کە یەکگرتوو بێت و ژن بێت و حزبەکەشی لە پرۆژە کفرەکەدا بەشداری هەبێت لەگەڵیان، ئەبێ لەگەڵ ئەوانی تر چۆن بن، راستە ئەو حزبە ئیسلامیانەی کەهەن سەرکردەکانیان ئەتوانن توجارەتێک بەناوی دینەکەوە بکەن، بەڵام هەر خۆیان نەیانهێشتووە کاری ئیسلامی بەرەو پێشەوە بڕوات، هەر حزبێکی ئیسلامیش کە بەرەو پێش دەڕوات بە دەستی پارتی و یەکێتی یەو بۆ ماکیاژکردنی پرۆژەکانی خۆیانە، ئەگەرنا هیچ ئازادییەک نەدراوە بە ئیسلامییەکان، بۆشیان نییە لەوە زیاتر داوا بکەن، فەرموو ئەگەر ئیسلامییەکان دەڵێن ئازادیی کاریان هەیە، با نەک داوای بێسەروشوێنەکان بەزیندووی بکەنەوە، با داوای تەرمەکانیان بکەنەوە.
رزگار رەزا چوچانی: واتە ئێوە دەڵێن حزبە ئیسلامیەکان لەخزمەتی پارتی و یەکێتی و پرۆژەی ئەمریکین؟.
ئاوات کەرکوکی: پاسەوانی بێ چەکی پارتی و یەکێتی و پرۆژە ئەمریکیەکەن.
رزگار رەزا چوچانی: کەوایە چاوەڕوان ناکرێت ئەم رەوتەی ئێوە لە ئایندە لەگەڵ یەکێک لە حزبە ئیسلامیەکان کار بکەن؟.
ئاوات کەرکوکی: بۆچی ناکرێت؟ ئێمە ئەتوانین کار لەگەڵ پارتی و یەکێتیش بکەین، بەڵام بەو مەرجە نا ئێمە کۆیلەی ئەوان یان ئەوان کۆیلەی ئێمە بن، بۆچی کۆمەڵ و یەکگرتوو ئەتوانن لەگەڵ گۆڕان کار بکەن، بزوتنەوە لەگەڵ پارتی و یەکێتی یەک لیست بێت، بۆچی ناتوانن هەم لەگەڵ خۆشیان و هەم لەگەڵ ئێمەش کۆبینەوە، کە خاڵی هاوبەشی ئێمە لەگەڵ ئەواندا فەرقی زۆری هەیە لەگەڵ خاڵە هاوبەشەکانیان لەگەڵ حزبە عەلمانیەکان، ئەوان ئەگەر مەبەستیان بێت ئێمە نزیکی ئەوانین.
رزگار رەزا چوچانی: رەخنەت لە حزبە ئیسلامیەکان گرت کە خەباتی چەکداری بەرانبەر بە پارتی و یەکێتی ناکەن، بەڵام ئێوە خۆشتان لە ئەورپان و ئەو خەباتە ناکەن، ئەی ئەگەر ئەو رەخنە لەخۆتان بگرن چی دەڵێن؟.
ئاوات کەرکوکی: بەنسبەت حزبە ئسیلامیەکان کە بۆ ئەو خەباتە ناکەن، هەندێکیان وەکو یەکگرتوو هەر بڕوایان بەچەکدار نییە، مەدخەلیەکانیش بە حسابی خۆیان بڕوایان بە حزبە ئیسلامییەکانیش نییە، کۆمەڵی ئیسلامیش پرۆژەیەکی ئێرانیە، هەتاوەکو بەرژەوەندی ئێران نەکەوێتە مەترسییەوە یان هەتا ئێران رایان نەسپێرێت، بیر لەلایەنی چەکداری ناکەنەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە بزوتنەوەی ئیسلامییە، بزوتنەوەی ئیسلامیش لەژێر فشاری دەرەکی و ناوەکیدا تا ئێستا نەیتوانیوە، تەنانەت رێ روونیەک بەخەڵکەکەی خۆیشی نیشان بدات، کە رەخنەمان لێیان هەیە ئەوەیە، کە ئەگەر ئەوان مەبەستیانە حوکمی ئیسلامی بگێڕنەوە، کە گومانم هەیە مەبەستیان بێت، با دڵنیابن لەوەی تاوەکو پارتی و یەکێتی چەکدار بن و ئەوان بێ چەک، پارتی و یەکێتی رێگایان پێنادەن بێنە پێشەوە، هەروەکو هەڵبژاردنەکەی میسرو هەڵبژاردنی جەزائیر و هی تونس پێش راپەڕین ئەوانیش هەر بەو شێوەیە دەبن، کەسێک دەتوانێ لەپارتی و یەکێتی بباتەوە کە وەک پارتی و یەکێتی هێزو شەقی هەبێت، ئەوان لە شەڕی ناوخۆدا ئەو هەموو گەنجەیان بۆ مانەوەی خۆیان بەکوشتدابێ، چۆن لە پرۆسەیەکی دیموکراتیدا دەڵێن فەرموو یەکگرتوو، کۆمەڵ و کاکە حەمەی سۆسیالست ئێوە بردتانەوە فەرموو ئەوە دەسەڵات، بێگومان ناهێڵن ئەوان دەنگ بهێنن، وەک ئەوەی دەبینین هەرکە هەڵبژاردن نزیک دەبێتەوە، رێوشوێنی ئەمنی توند دەبێت، خەڵک دەگرن، سیناریۆ دروست دەکەن. بەنسبەت ئێمەشەوە کە بۆ نەمانکردووە، جەوی ئێمە تا رادەیەک جیاوازە لەکوردستان، ئێرە ئەورپایە بەرانبەرەکەشت کە هەرچەند ساحەی خۆشیەتی و ساحەی تۆ نییە، چەکی پێ نییە، بەڵام ئەگەر چوینەوە کوردستان ئەوە شتێکی ترە، هەموو شتێک کە دەست پێدەکات سەرەتا بیرکردنەوە، دواتر بە قسە ، دواتر دەبێتە کردار.، و کرداریش دەبێتە بڵێسە، بۆیە بێگومان لەبەرنامەماندا هەیە هەر کاتیش کاتی گەڕانەوەمان هات بۆ کوردستان، کە ئامادەیی بکەین بەر لە پرۆژەی سیاسی پرۆژەی سەربازیمان دەبێت، بەرلەوەی بروامان بە پرۆژە سیاسیەکە هەبێت بروامان بە لایەنە سەربازییەکەی هەیە، چونکە لەبەرانبەر پارتی و یەکێتیدا ئەمە ئەمری واقیعە، واقیعی کوردستان وایە هەرکات لەدەرەوەی پرۆژە سیاسیەکە وەک خۆیان پشتیوانێکی چەکداریت لەدەرەوە نەبوو، ناتوانی کار بکەیت، ئەگەر ئەوان ترسیان لە تۆ هەبوو، کە ئەندامی تۆیان فڕاند تۆش لەبەرانبەردا ئەندامەکانی ئەوانت فڕاند، یان تۆڵەی ئەوانتکردووە، ئەوکات ئەوانیش سەر بۆ ئەوە دادەنەوێنن کە نەتوانن ببنە هەڕەشە لەسەر، کارەکانی تۆ، ئینشەئەڵا ئەگەر لەداهاتوو خوای گەورە بۆمان ئاسان بکات و مامۆستا کرێکاریش رزگار بکات، ئەشێ بڵێین ئەوە بەرنامە و پرۆژەی داهاتوو ئەبێت.
رزگار رەزا چوچانی: ئەتەوێ بڵێی رەوتەکەی ئێوە، سەرەتا قوتابخانەیەکی فکری، دواتر حزب و دواتر گەرانەوە بۆ کوردستان و چەکداریشی هەبێت؟.
ئاوات کەرکوکی: مافی خۆمانە لەکوردستان بین، کوردستان کوردستانی خۆمانە، وەک چۆن هی ئەوانە، خەڵکمان هەیە وەکو پارتی و یەکێتی، خوێنی ئیسلامیەکان لەپێناو ئەو وڵاتە رژاوە، هەروەکو خوێنی پارتی و یەکێتی رژاوە، ئیسلامیەکانیش پاکترن لە پارتی و یەکێتی، با بەراوردی حزبە ئیسلامییەکان و لایەنە عەلمانیەکان بکەین، کێ پاکترە؟ کێ شایەنداترە بۆ خاوەندارێتی حکومرانی کوردستان، بزانین کێ شایەنە، بەڵام دەبینین ئێستا شتێکی تر هەیە بەپاڵپشتی ئەمریکا و لەژێر دەسەڵاتی کوفری پارتی و یەکێتیدا، ئیسلامیەکان رۆژ بە رۆژ بەرەو دواوە چوون، بەڵام بەدڵنیاییەوە هەروەکو ئەو سەحوە ئیسلامیەی کە بەپشتوانی خوای گەورە لەدنیای ئیسلامیدا دروست بووە، ئەو سەحوە ئیسلامیەی تەنانەت لە ئەورپاشدا کە خەڵکێکی زۆر بەرەو ئیسلام دێت، سەرەتایەکە بۆ ئەوەی کە لایەن جیهادیەکان زیاتر بێنە مەیدان و بەهۆشخۆیان بێنەوە، لایەنە دیکتاتۆرەکانیش زیاتر بەرەو دواوە بڕۆن.