
قادر نادر
قادر نادر دەبێتە وەزیری کارو باری شەهیدان
رزگار رەزا چوچانی . سەرنوسەری نوچەنێت . سوید
ئەم پیاوە ئەوەنەی باسی جینۆساید و پەرلەمانی سوید کرد، وەخت بوو ناوی بنێین قادر جینۆساید.
قادر پیاوێکی تێکۆشەری کوردە و لەسوید دەژی، بۆخۆی بەتەنها بەقەد بارەگاو بەرپرسە حزبییەکانی کورد لەسوید خزمەتی کورد و پرسی خەڵکی کوردستانی کردووە.
ساڵانێکی زۆرە ئەو دەم لەکوردستان بووم و ئێستاش لەسویدم ئاگام لێیە، ئەم پیاوە ئەوەنەی باسی پرسێک کردبوو، خەریک بوو خاوەن قەزیەکەش کەکوردە لێی بێزاردەبوون، ئەویش پرسی بە جینۆساید ناسینی ئەنفال بوو.
زۆرکات بیرم لەوە دەکردەوە، باشە بڵێی قادر نادر خووی بەمپرسەوە گرتبێت یان سوێندێکەو خواردویەتی کۆڵی لێ نەدات، گومانم هەبوو سویدیەکانیشی بێزارکردبێت.
بەڵام ئەنجام قادر نادر بەهاوکاری هاوڕێکانی سەرکەوت، توانی پرسی جینۆسایدی کوردان بکاتە پرس بۆ سویدیەکانیش، ئێستا بڕیارە لەم رۆژانە سوید بەرەسمی پرسی جنیۆسایدی کوردستان بناسێت و کۆمەڵکوژی کوردان وەک جنیۆساید قبوڵ بکات.
لێرە ئەمەوێ بڵێم، قادر نادر هێز یان داینەمۆی ئەم پرسە بوو، داینەمۆی دروستبوونی ئەم دەستکەوتە نەتەوەییە بوو بۆ کورد، کە وڵاتێکی وەک سوید، کۆمەڵکوژی کورد وەکو جینۆساید قبوڵ بکات.
رەنگە قادر بۆخۆی بڵێت هاوڕێگەلێکیشم لەگەڵ بوون، بەڵام دڵنیام کەسیان هێندەی قادر ماندوو نین، هێندەی ئەو پێوەی خەریک نەبوون، هێندەی قادر ماڵ و مناڵی خۆشیان بێزار نەکردووە، کەکاتی ئەوانیش بدات بە گرنگی دان بەم پرسە.
خەڵک خەریکی پارە پەیداکردن بوو قادر خەریکی خۆپیشاندان و هەوڵی کۆکردنەوەی خەڵکی دەدا، قادر نادر داوا لەخەڵک دەکات کۆبنەوە بۆ خۆپیشاندان تکا دەکات کوردان بەنامە پەرلەمانتارانی سوید بێزار بکەن، داوایان لێبکەن پرسی جینوسایدی کوردان لەیاد نەکەن، بەڵام بەرپرسانی حزبی کوردییش لەم وڵاتە خەریکی خۆ هەڵخستنن لەرۆخی دەریاکاندا.
نوسەرەکانیان لەو دیوکۆمپیوتەرەوە خەریکی شیعاراتن، شاعیرەکانیشیان لەجێی ستایش بۆ قادر بە تەنزە شعر جنێوی پێدەدەن.
ئەوەی کوردانە بیر بکاتەوە، دەبێت دان بەو راستیەدا بنێت بۆ ئەم مەسەلە گرنگ و پر بایەخە بۆ کورد، قادر نادر بەتەنها حزب و سیاسی و میللەت و حکومەتی کوردستان بووە.
ئێستا قادر بەتەنها بۆخۆی حکومەتێکی سەربەخۆ و بە فعلی وەزیرێکی سەربەخۆی کارو باری شەهیدانە.
لەگەڵ ستایشەکانم وەکو تاکێکی کورد بۆ قادر نادرو ئەو کەسانەی هاوکارییان کردووە، خۆزگەشمە قادر نادر شێوازی رەخنەگرتنی بگۆڕێت بۆ زمانی ئەسڵی رەخنەو لەوتورەبوونە کۆڵبدات کە لەکاتی رەخنەگرنتندا توشی دەبێت، هەرچەند دڵنیام باکگراوەندی ئەو شیوازی رەخنەگرتنەشی دڵسۆزییەتی بۆ کورد، بەڵام خۆزگەمە ئەوەشی بگۆڕێت.