
ئەحمەد سالار: لە سلێمانی جێگەی پەیكەری دوو كەر كرایەوە جێگەی پەیكەری من نەكرایەوە
نوچەنێت
پێشەوا هەورامی
رووداو – سلێمانی
پەیكەرتاشێكی شاری سلێمانی ماوەی ساڵێكە پەیكەری شانۆكاری ناسراوی كورد، ئەحمەد سالاری دروستكردووە و دەیەوێ لە جێگەیەكی شارەكەیدا دایبنێ، بەڵام دەڵێ “شارەوانی شوێنمان بۆ دابین ناكات”. سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەوانی سلێمانیش دەڵێ “ئەوە پەیوەندی بە منەوە نییە و دەبێ سەرۆكی شارەوانی وەڵامبداتەوە”.
پەیكەرتاش چێنەر نزار، دەڵێ لەسەرەتاوە بیرۆكەی خۆی بووە پەیكەرێك وەك رێزلێنان لە ماندووبوون و كۆششی ساڵانی درێژی شانۆكار ئەحمەد سالار دروستبكات تاوەكو لە شاری سلێمانی دابنرێ “داوام لەچەند شوێنێك كرد، بەڵام دواجار دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی وەڵامیان دامەوە، كە سپۆنسەریی كارەكە لە ئەستۆ بگرن”. ئەو دەڵێ ساڵێكە پەیكەرەكەی تەواوكردووە، لەبەر نەبوونی شوێن هەروا ماوەتەوە.
ئەو پەیكەرتاشە زۆر نیگەران بوو لەوەی كاربەدەستانی شارەكە رەتیانكردووەتەوە پەیكەرەكە لە باخی گشتی شاری سلێمانی دابنرێ “ لەبەرئەوە بریارماندا پەیكەرەكە ببەینە هەولێر و لەوێ شوێنێكی گونجاومان بۆ دابینكراوە كە مامۆستا ئەحمەد سالار زۆر بەدڵیەتی”.
ئەحمەد سالار، كە ناسراوترین شانۆكاری كوردە، لە شاری سلێمانی، كە چاوەڕوانە بكرێتە پایتەختی رۆشنبیری لەدایكبووە و زۆربەی كار و چالاكییەكانیشی لەو شارە بووە.
چەندین پەیكەری كەسایەتییە سیاسی و ئەدەبی و هونەرییەكان لە باخی گشتی شاری سلێمانی دانراون، بەڵام هیچ شوێنێك لەشاری سلێمانی نەدرایە پەیكەری ئەحمەد سالار . بەدەر لەوەش، چەند پەیكەرێكی سیمبوولیی دانراون. بەڵام چێنەری پەیكەرتاش دەڵێ “جێگەی پەیكەرەكەی ئەحمەد سالار لە سلێمانی نابێتەوە”.
هونەرمەند ئەحمەد سالار، رۆژی 27/8/2012 لەلایەن مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، وەك رێزگرتنێك لە خزمەتەكانی لە بواری شانۆدا، میدالیای بارزانی پێبەخشرا.
هەروەها رۆژی 4/11/2012 لە مەراسیمێكدا لە شاری یۆتۆبۆری وڵاتی سوید، پەیكەرێكی لە زێڕ دروستكراو بەناوی (لەپ زێرین) بۆ دەستەكانی ئەحمەد سالار، لەلایەن 7 رێكخراوی كوردی ئەو وڵاتەوە دروستكرا و لەوشارەدا دانرا. ئەو مەراسیمە بە ئامادەبوونی هونەرمەند خۆی، لە ماڵی رۆشنبیری عێراقی بەڕێوەچوو.
پەیكەرە زێڕەكە، هێمابوو بۆ پڕ بەرهەمی دەستەكانی ئەحمەد سالار، چەندین هونەرمەندی كورد و عەرەب و جیهانی ئامادەبوون و بڕیارە پەیكەرەكە لە شوێنێكی دیاری ئەو وڵاتە، لەنێو جامخانەیەكدا دابنرێ.
ئەحمەد سالار، نیگەرانی خۆی دەربڕی لە پشتكردنە پەیكەرەكەی لەلایەن شارەوانی سلێمانییەوە. ئەحمەد سالار بە (رووداو)ی گوت “شارەوانی باخچەیەكیان هەبوو، من پێم خۆشبوو پەیكەرەكەم لەو باخچەیەدا دابنێن، چونكە من تەمەنی گەنجیم لەو باخچەیەدا بەسەربردووە، بەڵام ئەوان گوتیان ئەو باخچەیە تەنیا بۆ شاعیرە كۆچكردووەكانە، منیش گوتم شوێنی پەیكەر گۆڕستان نییە، ئاساییە ئەگەر پەیكەری شانۆكارێكیش لەو شوێنەدا هەبێت”. هەروەها گوتی “لەوانەیە هونەرمەند هەبێ زۆر لە شاعیر گەورەتربێت، بەڵام ئیتر ئەوە بڕیارێكی شارەوانی بوو و ئێمە رێزمان لێگرتووە”.
جگە لە باخچەی شارەوانی، ئەحمەد سالار پێشنیازی كرد، پەیكەرەكەی لە جادەی سالم لە نزیك كتێبخانەی گشتی دابنرێ، بەڵام ئەو پێشنیازەشی رەتكراوەتەوە “ پەیكەری گوێدرێژیان لەوێ دانا”.
پێشنیازێك هەبووە، كە پەیكەرەكەی ئەحمەد سالار لە پاركی ئازادی دابنرێ، بەڵام ناوبراو ئەو شوێنەی بە دڵ نییە و دەڵێ “شوێنێكی لاوەكی بوو، كۆمەڵێك پەیكەری تێدابوو، كە هاوڕەگەزی نەبوو لەنێوان كارەكاندا”.
هونەرمەند ئەحمەد سالار، دەستخۆشی لە چێنەر نزاری پەیكەرتاش دەكات و دەڵێ “چێنەری هونەرمەند خۆشەویستییەكی تایبەتی بۆ من هەبووە و ئەو پەیكەرەی بۆ من كرد، منیش كە بینیم زۆر پێم جوان بوو، زۆر لەمن دەچوو، زۆر رێكوپێكبوو”.
ئەحمەد سالار، رەخنە لە دانانی پەیكەری (كەر) دەگرێ لە باخچەی نالی “ئەو هونەرمەندەی كە پەیكەری ئەو كەرەی كردووە هونەرمەندێكی گەورەیە، بەڵام ئەو پەیكەرە شایستە نییە لەو شوێنە بێت، ئەوە باخچەی نالییە و ئەو پەیكەرە بۆیە لەوێ دانراوە گوایە نالی شیعرێكی بەسەر كەردا گوتووە، بەڵام من گومانم لەوە هەیە، كە ئەوە شیعری نالی بێت”.
گلەیی لەوەشكرد كە شوێنێك بۆ دانانی پەیكەرەكەی خۆی لە شارەكەی خۆی پێ رەوا نەبینرا “لە پاركی ئازادیش داوای گۆشەیەكمان كرد ئەوێشیان نەدامێ و پەیكەری كەرێكی دیكەیان لێدانا، بۆیە دەكرێ بڵێین جێی پەیكەری دوو كەر بووەوە، بەڵام جێی پەیكەری هونەرمەندێك نەبووەوە كە كوڕی شارەكەیە، من گلەییم لە سەرۆكی شارەوانی نییە، بەڵام دەبوو ئەو لەئاستێكی زیاتردا بووایە”.
بە جۆرێك لە رەخنەوە سوپاسی كاربەدەستانی شاری سلێمانی دەكات و دەڵێ “من پێیاندەڵێم سوپاس، پەیكەرەكەم لە سلێمانییەكەی خۆمەوە دەبەمە شاری هەولێر، پایتەختی پیرۆزی كوردستان، لەوێ دایدەنێم”.