
هەڵوێست ناسیح مەلا حەسەن وەک خوێندکارێکی سەرکەوتووی کورد، لەسوید سەرسوڕمان دەخولقێنێت
لە پێشبرکێیەکی ماتماتیکدا لەناو 2200 تیم لەسەرانسەری جیهانەوە پلەی سێهەم بەدەست دێنێت
بەرلەوەی بچێتە زانکۆ لەگەڵ 110 خوێندکار بەشداری تاقیکردنەوەیەکی زانکۆ دەکات بەتەمەن بچوکترینیان بووە و بەرزترین پلەی بەدەست هێناوە
تەمەنی ١٨ ساڵە بەشداری چەندین کۆنگرەو چالاکی ماتماتیکی کردووە لە وڵاتانی یۆنان و نەمسا و بەریتانیا و ئەڵمانیاو صربیا
شانازی بەکوردبونیەوە دەکات و حەز دەکات ساڵی چەند جارێک سەردانی کوردستان بکات
رزگار رەزا چوچانی . سوید
ئەم دیمانەیە لە گۆڤاری سڤیل چاپکراوە
هەڵوێست ناسیح مەلا حەسەن، خوێندکار و گەنجێکی سەرکەوتووی کوردە لە وڵاتی سوید لە بواری ماتماتیکدا، ئەو لەسەر ئاستی جیهان سەرکەوتنی بەرچاوی لە خوێندنەکەیدا بەدەستهێناوە، ئەگەرچی تازە تەمەنی گەشتۆتە ١٨ ساڵ، بەڵام لەبواری خوێندندا سەسوڕمانی خولقاندووە، بەرلەوەی بچێتە ئامادەیی، خوێندنی بەشێکی ئامادەیی تەواو دەکات، بەرلەوەی بچێتە زانکۆ قۆناغی یەکەمی زانکۆ تەواو دەکات، لە پێشبرکێیەکی جیهانیشدا بۆ ماتماتیک، دەبێتە نوێنەری زانکۆیەکی ئەمریکی و پلەی سێیەم لەسەر ئاستی هەموو جیهان بەدەست دەهێنێت، لەزۆربەی کۆنفرانسە جیهانیەکانیش بابەتی پێشکەشکردووە.
هەڵوێست کە ئێستا لە ماتماتیکدا لە ئاستێکی زۆر باشدایە لەسەر ئاستی سوید، لەباسکردنی سەرەتای دەستپێکردنی خوێندن و هەستکردن بەتواناکانی خۆی لە دیمانەیەکدا بۆ سڤیل، کە تەنها دەزگای کوردییە بۆ خستنەڕووی تواناکانی دیمانەی دەکات، دەڵێت”هەر لەسەرەتای ساڵانی دەستپێکردنم لە قوتابخانەدا و تەنانەت لە قۆناغی باخچەی ساوایانیشدا، ئەوەی لەبیرم بێت هەر زوو فێری کاتژمێرو ژمارەو لێکدان بووبوم، دواتریش لەقۆناغی بنەڕەتیدا بەردەوام بوم، بەگشتی لەهەموو وانەکاندا سەرکەوتوبووم، بەڵام زیاتر لە پۆلی هەشتدا دەرفەتم بۆ ڕەخسا کە زیاتر پێش بکەوم لەماتماتیکدا”. ئەو لەگێڕانەوەی سەرەتاکانی کاریگەری خانەوادەکەی بەسەرییەوە لەبیرە و ئاماژە بەوە دەکات”لە خێزانێکی خوێندەواردا گەورەبوم، دایکو باوکم دوکەسی خویندەواربون و دەرچوی زانکۆ بوون لە کوردستان، بۆ جاری دوهەمیش لە سوید زانکۆیان تەواو کرد، ئەوەش کەشێکی لەباری بۆ من دروستکردوهاندەرێکی باشبو بۆ من، ئەوان حەزیان ئەکرد من سەرکەوتووبم، بەڵام هەرگیز ناچاریان نەکردووم یان زۆریان لێنەکردووم، بۆ ئەوەی زیاتر هەوڵ و کۆشش بکەم”.
ئەو کوڕە گەنجە لەسوید، بەپێی گێڕانەوەی دەوروبەرەکەی، لەخوێندندا ئاستی تا دەهات باشتر بووە، بۆخۆشی هۆکاری سەرکەوتن و چۆنیەتی هەوڵەکانی بۆ سڤیل وا باس دەکات کە “مامۆستاکانم لەگەڵ سیستەمی خوێندندا هەردوکیان یارمەتیدەربوون، چونکە لەو سیستەمەدا سنور نیە بۆ توانای خوێندکار، هۆکارێکی تریش ئەوەیە من زیاتر گوێ ئەگرم لەوانەکانداو، هەمیشە هەوڵمداوە تەنها مێشکم لای وانەکەم بێت، تائەوەی بەشتی ترەو خەریک بم لە پۆلدا، لەبەر ئەوە کەم سەعی ئەکەم بۆ تاقی کردنەوە درەنگیش سەعی دەکەم، واتە رۆژێک پێش تاقی کردنەوە، ئەوەش خۆم بەباشی نازانم ونامەوێت کەس بەو شێوەیە بکات”.
هەڵوێست ناسیح، هەر لە پۆلی هەشتدا، ماتماتیکی پۆلی نۆ تەواو دەکات، دواتریش هەر لەهەمان ساڵ ماتماتیکی قۆناغی ئامادەی تەواو دەکات، باسی هەستی ئەوکاتی مامۆستاکانی دەکات لەبەرانبەریدا و دەڵێت”پاش کۆبونەوەی مامۆستاکەم لە گەڵ دایکو باوکمدا، پلانی دانا بۆ ئەوەی من بنێرێت بۆ قوتابخانەیەکی ئامادەیی، بۆ ئەوەی لەوێ بەردەوامی بدەم بە خوێندنی ماتماتیک. مامۆستاکانم زۆریان پێخۆش بوو، زۆر باسیان ئەکردم لای بەڕێوەبەرو مامۆستاکانی تری قوتابخانەکەم. ئەوانیش وەکو دایکوباوکم خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕی بەسەرکەوتنم لە کات و بۆنەجیاوازەکاندا، بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوچەکەی خۆمیان لێ ئاگادارکردوە لەوێوە دیاریم پێشکەشکرا”.
هەڵوێست لە گێڕانەوەی چۆنیەتی تەواوکردنی ماتماتیکی قۆناغی ئامادەیی، بەر لەوەی بگاتە ئاستی ئامادەیی دەڵێت”پاش ئەوەی ڕابەری پۆلەکەم بڕیاریدا من بنێرێت بۆ ئامادەیی، پەیوەندی کرد بە ئامادەیی مالمۆ بۆریارسکولان. ئەو سیستەمە پێشتریش پەیڕەوکرابوو بۆ ناردنی خوێندکاری سەرکەوتوو، هەفتەی یەک ڕۆژ دەڕۆشتم بۆ ئەوێ بۆخوێندنی ماتماتیکی A قۆناغی ئامادەیی، بەڵام بەهۆی ئەوەی دایکو باوکم هەردوکیان مامۆستان لە سوید، ئێمە ئەوکتێبانەمان هەبوو لەماڵەوە، کاتێک ڕۆشتم بۆ ئامادەیی پێم وتن، من نەک کتێبی A بەڵکو کتێبی B شم لەگەڵیدا تەواوکردوە، ئامادە م لەهەموو بەشەکانی ئەو دوو کتێبەدا تاقیکردنەوە بکەم، پاش تاقیکردنەوەم لەسەرجەم بەشەکانی ئەو دوو کتێبەدا بە پلەی نایاب لەهەموو تاقیکردنەوەکاندا دەرچوم”.
وێڕای ئەوەی ئەو هەموو سەرکەوتنەی بەدەستهێناوە، ئەو کوڕە گەنجەی کورد، توانیویەتی خۆی لە ئیرەیی هاوڕێ قوتابیەکانیشی بپارێزێت، ئەویش بەوەی کە هەرگیز “خۆم بە باشتر نەزانیوە لە هاوڕێیەکی ترم و باوەڕم بەوە هەبووە و هەیە، ئەگەر من لە بوارێکدا سەرکەوتوبم، ئەوە هاوڕێکەم لەبوارێکی تردا سەرکەوتوە، یەکێک وێنەی جوان ئەکێشێ، یەکێکی تر دەنگی خۆشە و منیش وەکو ئەوان، هەرگیز باسیشم لەسەرکەوتنی خۆم نەکردوە، لەبەر ئەوە هەستم بەهیچ جۆرە ئێرەییەک نەکردوە لە ناو هاوڕێکانمدا”.
هەڵوێست قوتابییەکی سەرکەوتووبووە و توانیویەتی بەر لە گەشتنی تەمەنی خۆی بە ئاستی ئەو قۆناغانە، لە پۆلی هەشتدا بەشی B, A ماتماتیک تەواو بکات و لە پۆلی نۆشدا توانیویەتی سێ بەشەکەی تری ماتماتیک تەواو بکات، کە بریتی بوون E,D,C قۆناغی ئامادەیی، هەر لەو قۆناغەدا دەست ئەکات بە خوێندنی ئاستەکانی ماتماتیک لە زانکۆ، وەک خۆی دەڵێت”لە ساڵی یەکەمی ئامادەییدا دەستم کرد بە خوێندنی ماتماتیک لە زانکۆ، یەکەم تاقی کردنەوەم لە سەر ئاستی ماتماتیک کرد کە تێیدا ١١٠ خوێندکار ئامادەبوون، من بەتەمەن بچوکترینیان بوم، لەسەرجەمیان حەوت قوتابی دەرچوو لەو تاقیکردنەوەیەدا، من باشترین و بەرزترین پلەم بەدەست هێنا، بەبێ ئەوەی ئامادەی هیچ وانەیەک یان سیمینارێکی زانکۆ بوبم”.
ئەو ئێستا ئێستا لە زانکۆیەکی سوید دەخوێنێت، بەڵام چۆن بەر لەقۆناغی ئامادەیی ماتماتیکی ئامادەیی دەخوێنێت، بەر لەوەی بچێتە زانکۆش قۆناغی یەکەمی زانکۆ تەواو دەکات، لەگەڵ ئەوەش کە توانایەکی گەورەی هەیە لەو بوارە، بۆخوێندنی زانکۆش هەمان بەشی ماماتیک هەڵدەبژێرێت، خۆی هۆکاری هەڵبژاردن و خوێندنی زیاتر لەو بوارە بۆ سڤیل باس دەکات و ئەوەش دەخاتە روو کە هاوڕێکانی زانکۆی سەرسوڕماون بەتواناکانی”بەپلەی نایاب لەسەرجەم وانەکاندا ئامادەییم تەواوکرد، دەمتوانی هەر کۆلێجێکم بوێت بڕۆم. بەڵام پاش ئەوەی من هەر لەپۆلی هەشتەوە تائیستا کۆمەڵێک قۆناغی باشم لە ماتماتیکدا بڕیوە، پێم باشبوو بەردەوام بم لەو بوارەدا، بەهیوای ئەوەی بتوانم قۆناغەکانی ماستەرو دواتریش تەواو بکەم وبواری ماتماتیکیش بوارێکی زیندوە و بەدایکی زانستەکان دادەنرێت، لە قۆناغی ئامادەییدا کۆرسەکانی ساڵی یەکەمی زانکۆم تەواوکرد، ئێستا لەساڵی دووەهەمی زانکۆ دەخوێنم و هەر لە ئێستاوە هەندێک کۆرسی ماستەریشم وەرگرتوە، لەبەر ئەوەی من ئێستا تەمەنم هەژدە ساڵە و لەهەموو هاوڕێکانی زانکۆم بچوکترم ، تۆزێک جێگەی سەرسوڕمانە لای ئەوان، کەچۆن توانیومە ئەو هەموو کۆرسە تەواو بکەم”.
بەهۆی لێهاتووی و زیرەکی زۆری هەڵوێست، بەرلەوەی بچێتە زانکۆ قوتابخانەکەی کە پەیوەندی و هاوکاری هەیە، لەگەڵ زانکۆی ستانفۆردی ئەمریکی لە کالیفۆرنیا، ئاسانکاری بۆ دەکەن کە بەشداری کۆرسێکی ئەو زانکۆیە بکات بەڕێگەی خوێندنی ئۆنلاین onlineچوار کۆرسی ئەو زانکۆیەش بەپلەی نایاب تەواو دەکات.
هەر بۆیەش هەمان زانکۆ لەئاهەنگی دەرچووانی زاکۆکەدا، بانگهێشتی ئەو گەنجە کوردە دەکات، وەک هەڵوێست خۆی دەڵێت” میوانداری کرام وەکو خوێندکارێک بۆ ئاهەنگی خولی دەرچوانی زانکۆکە، وەکو ڕێزلێنانێک بۆ ئەوەی تائێستا من یەکەم خوێندکاربووم لە ئامادەیدا ئەو کۆرسە بەرزانە تەواو بکەم کە لەئاستی زانکۆداو هەندێکیشیان لە ئاستی ماستەردا بون، هەروەکو لە نامەکەی زانکۆدا کەبۆم هاتوە ئاماژەی پێدراوە”.
ئەو قوتابیە گەنجەی کورد لەسوید، جگە لەوەی قۆناغەکانی خوێندنی بەسەرکەوتووی بڕییوە و ئیستا لە زانکۆ دەخوێنێت، وەک خۆی باسی دەکات لە چەندین پێشبڕکێی ماتماتیکدا لەسەر ئاستی ناوخۆیی وڵاتی سوید و جیهان بەشداریکردووە، وەک ئەوەی کە سێ جار پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە لەسەر ئاستی ئامادەییەکانی باشوری سوید و جارێک پلەی دوهەمی بەدەست هێناوە لەسەر ئاستی ئامادەییەکانی وڵاتی سوید، بەو هۆیەوەو بەهۆی ئاستی باشییەوە زانکۆیەکی ئەمریکی، هەڵوێست دەکاتە سەرۆکی تیمێکی خۆی بۆ بەشداری لە پێشبرکێیەکی جیهانی و دەڵێت” لە پێشبڕکێیەکدا کە لەلایەن ئەنستیتۆیەکی ماتماتیکی ئەمرکیەوە سازکرابوو زانکۆی ستانفۆردی ئەمریکی، منی وەکو نوێنەری تیمەکەی خۆی لەو پێشبڕکێیەدا دەستنیشانکرد، بەهۆی ئەو ئاستە باشەوە کە پێشانم دابوو لە کۆرسەکانی ئەو زانکۆیەدا. ٢٢٠٠ دووهەزارو دووسەد تیم لەسەرانسەری جیهاندا بەشداری ئەو پێشبڕکێیەیان کرد، من توانیم پلەی سێهەم بەدەستبهێنم تێیدا”.
ئەم گەنجە کوردە، تەنها لە پێشبرکێ جیهانییەکاندا بۆ ماتماتیک بەشداری نەکردووە، بەڵکو لەچەندین کۆنگرەی جیهانیشدا لەهەمان بوار بەشداریکردووە”بەشداری کۆنگرەو چالاکی ماتماتیکم کرد لە وڵاتانی یۆنان زانکۆی ئەسینا، وڵاتی نەمسا زانکۆی ڤییەننا، بەریتانیا زانکۆی ئۆکسفۆرد، ئامانجی بەشداریکردنم پەرەپێدانی تواناکانم بوو لەو بواری ماتماتیکدا، وە لەهەندێکیشیاندا سیمینارم پێشکەشکردوە هەروەها سەردانی وڵاتانی ئەڵمانیاو صربیام کردوە بۆ هەمان مەبەست”.
هەڵوێست لە تەمەنێکی زۆر مناڵدا لەگەڵ خانەوادەکەی کوردستانی جێهشتووە، بەشێوەیە کە رەنگە هیچی ئەوکاتی کوردستانی بیر نەبێت، بەڵام شانازی بەکوردبوونی خۆیەوە دەکات و وەک دەڵێت”لەهەموو کاتێکدا خۆم وەکو خوێندکارێکی کورد ناساندوە، کە وڵاتەکەم کوردستانە. زۆر دڵخۆش دەبم کەبەسەردان دەگەڕێمەوە بۆکوردستان، هەرچەندە من لە تەمەنی ساڵ و نیوێکدا کوردستانم بەجێهێشتوە، بەڵام بۆ من ئەو ماوەیە زۆرە چونکە بەشانازیەوە دەتوانم بڵێم من لە کوردستان لە دایک بووم، حەزیش ئەکەم ساڵی چەند جارێک سەردانی کوردستان بکەم”.
لەدوای بەشداربوون لەوهەموو سیمینارو پێشبرکێ و کۆرسە جیهانیانەدا، کە تێیاندا وەکو کوردێک خۆی دەناسێنێت و شانازی بە کوردستانی بونیەوە دەکات، بەڵام تاکو ئێستا هیچ دەزگایەکی کوردستانی “گوڵێکی پیرۆزبایی” یان دەستخۆشییەکی لەم قوتابییە گەنجە سەرکەوتووەی کورد نەکردووە، بۆیە کە لێی دەپرسی لەبارەی تەعامولی دەزگاو دامەزراوەکانی کوردستانەوە لەگەڵ قوتابییە سەرکەوتووەکانی کورد لەدەرەوە، رای چییە؟. دەڵێت” لەبەر ئەوەی تائێستا هیچ دەزگایەکی فەرمی و نافەرمی لەدوور یان لەنزیک منی بەسەر نەکردوەتەوە، کەس پەیوەندی پێوە نەکردووم، رام چی بێت…. نازانم؟”.
ئەو گەنجە کوردە کەنەک هەر تەنها لەسەر ئاستی سوید، بەڵکو لەسەر ئاستێکی جیهانیش سەرکەوتنی گەورەی لە خوێندنەکەیدا بەدەست هێناوە، وەک دەڵێت خۆی لە و ئاستەدا نابینێ کە ڕێنمایی بدات بەکەسانی تر، بەڵام بۆ گەنجانی کورد دەڵێت “بەردەوام بن لەخوێندندا و خوێندنەکەتان بەهەند وەربگرن، زۆر شت هەیە لە ژیانی گەنجدا لەخوێندن خۆشترە، بەڵام خوێندنەکە زیاتر لە خزمەتی ئایندەی ئێوەو مرۆڤایەتیشدایە”.

