حیزبی دیموکرات بەرەو کوێ؟

0

نوچەنێت

هاوبیرانی دیموکرات، کە کۆمەڵێک کادر و پێشمەرگەی کۆن و نوێ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانن رەخنە و دید و بۆچوونی خۆیان لە سەر ئەو حیزبە بە تایبەت کۆنگری ئە حیزبە دەخەنەڕوو و دەڵێن “وەک ھاوبیرانی دیموکرات بڕیاری ئەوەمان داوە، کە ھەڵوێست و رووانگەی ئۆپۆزسیۆنیمان بە پڕۆژە و پلان و پلاتفۆڕم بکەین؛ کەوابوو، لەسەر ھەر گۆڕانکارییەکی حیزب دەینە دەنگ، بەڵام بە پێی کات و پاش زانیاری تەواو”.

 

دەقی راگەیەندراوی هاوبیرانی دیموکرات:

 

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!

بنەماڵەی سەربەرزی شەھیدان، زیندانیانی سیاسی، ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دیموکرات!

حیزب و رێکخراوە سیاسییە تێکۆشەرەکانی کوردستان!

تێکۆشەرانی نەتەوەیی و یەکسانیخوازی کۆمەڵگای جەماوەری کوردستان!

وێڕای سڵاوی شۆڕشگێڕانە،

سەرنجتان بۆ ھەڵوێستی ھاوبیرانی دیموکرات لە سەر گۆڕانکاری لە حدکا دا رادەکێشین:

 

بەر لە دەستپێک:

چەند حەوتوویەک لە گرتنی کۆنگرەی حدکا، بەسەر چووە، ئێمە ھاوبیرانی دیموکرات، کە خۆمان بە بەشێکی جیانەبۆوە و جیانەکراوەی حیزبی دیموکرات دەزانین، لە بەر ئەو خاڵانەی لێرەدا ئاماژەیان پێدەکرێ، لە کاردانەوەی بەپەلە و ھەڵەشە خۆمان پاراست:

– بڕیار و پەسندکراوەکان نەکەوتبوونە بەر دەست.

– تاکە دەسەڵاتدار و کەسە دیارەکانی پاش کۆنگرە ھەڵوێستیان روون نەبوو.

– بەرچاوروونیمان لە سەر ھەڵوێستی لایەنگران و دژبەرانی ئەو گۆڕانە نەبوو.

– چاوەڕوانی ھەڵوێستی لایەنی دوویەمی دیموکرات بووین.

– لە کۆڕی ھاوبیرانەوە؛ لە ھەر جێیەک و لە گەڵ ھەر خاوەن بیرێک راوێژمانکرد بۆ زانینی ھەڵوێستیان!

– کۆماری ئیسلامی تا رادەیەک پاشەکشەی کردووە و لەبەر کێشەی خۆیی و بێ داھاتوویی دەست و پێوەندەکانی، وەک جاران بۆ گرتن و راوەدوونانی خەڵک، حەول نادا. خەڵک بەباشی لەو پاشەکشەیە تێگەیشتوون و ئەتمۆسفۆڕی سەرکوت شکاوە! بۆیە زۆر بە جێ بوو، کە بە بەرینترین شێوە لە بیر و رای ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە ناوخۆ بپرسین و ئاگادار ببین و بەرچاوڕوونیمان ھەبێ!

– ھاوبیرانی دیموکرات بڕیاری ئەوەمان داوە، کە ھەڵوێست و رووانگەی ئۆپۆزسیۆنیمان بە پڕۆژە و پلان و پلاتفۆڕم بکەین؛ کەوابوو، لەسەر ھەر گۆڕانکارییەکی حیزب دەینە دەنگ، بەڵام بە پێی کات و پاش زانیاری تەواو!

 

بەرکوڵی ھەڵوێستمان:

سەرکوتی کۆماری ئیسلامی، بێ دەرەتانی گەلی کورد لە رۆژھەڵات، شەھیدبوونی ھەزاران تێکۆشەری پێشمەرگە، ھێزی بەرگریی و خەڵکی ئاسایی، بەتایبەت چەند رێبەری رۆژھەڵات، زەختی کۆماری ئیسلامی لە سەر باشووری کوردستان، لاوازی لە خۆتەیارکردن و راوەستان و بەرگری لە ھەر شێوەیەکی گونجاودا، حیزبەکانی رۆژھەڵات و یەک لەوان حیزبی دێمۆکڕاتی خستە ژیانی زۆرە ملی ئۆردوگانشییەوە!

لەو روانگەیەوە، ھەموو بەرپرسایەتی دۆخی ئێستای حیزبی دێمۆکرات؛ ناخرێتە ئەستۆی بەدەنە و دەستەی کارگێڕی حیزب. ناکرێ ئەوەشمان لەبەرچاو نەبێ، کە حیزبی دیموکرات زۆرترین بەشی تەمەنی حەفتا ساڵەی خۆی دوور لە خەڵک و زێدی تێکۆشانی بەسەر بردووە! بۆیە ھەڵوێستی ئێمە، کە لە درێژەی ئەم نووسینەدا دێ؛ ھەرگیز، لە سەدا سەد تاوانبارکردنی ئەو تێکۆشەر و کەسانە نییە، کە مۆتۆڕی تێکۆشانی رۆژانەی حیزبیان ئاژاوتووە!

بەڵام لە سەر شێوەی کار، شێوەی بەرخورد لەگەڵ جیابیران، شێوەی بەکارھێنانی وەچەی نوێ لە دژی کاراکتێرە سیاسییەکانی حیزبی دیموکرات (بێ گومان بەشی ھەرە بەرچاوی شانازی خەباتی کۆمەڵایەتی و کوردایەتی حیزبی دیموکرات ھی ئەو تێکۆشەرانەیە)، لەسەر خۆ نوێ نەکردنەوە لە شێوەی تێکۆشان، بەرژەوەندی تاک، بە خزمەتگرتنی نادروستی وەچەی نوێ!

لەسەر لاوازی سیاسی- دیپلۆماسی و لاوازی لە کۆبەندی و لێکدانەوەی دنیای نوێ لە ئاستی؛ جیھانی، ناوچەیی و کوردستانی؛ قسەمان ھەیە!

 

ناوەڕۆکی ھەڵوێستمان:

زیاتر لە دوو ساڵە گەڵاڵەیەکی نوێی بێ ناو، کە جیا لە ناوی؛ گەڵاڵە داڕێژ، ھیچ فۆڕمۆڵێکی پێناسەیی نەخراوەتە سەر؛ وەک جێگرەوەی سانتریالیزمی – دیموکراتیک ھاتۆتە ئاراوە.

بۆ ھاوبیرانی دیموکرات، جێی پرسیارە، کە بەبێ ئەوە سانتریالیزمی- دیموکراتیک بکەوێتە ژێر لێکۆڵینەوە و سەرکەوتن و لاوازییەکانی ئەو سیستمە ھەڵبسەنگێندرێ! زانستیانە ناسەردەمی بوونی سیستەمی کاری تائێستای حیزب لێکدانەوە و شیکردنەوەی بۆ بکرێ: “نان بە قەرزدان، پاشاگەردانی، وەڵام نەدانەوە، دەستەبازی، خۆپەرستی و ھتد” کە لە گەڵاڵەکەدا ھاتووە، دەکرێتە ئاکامی ناکارای سانتریالیزمی- دیموکراتیک!؟

ئەوە قابیلی قەبووڵ نییە و زوڵمێکە، کە لە مێژووی حیزب و شەھیدانی رێبەر دەکرێ! ئاخر بە چ پێوانەیەک ئەو ئیدیعایە دەکرێ، کە سانتریالیزمی-دیموکراتیک خوڵقێنەری دەستەبازی و شتی لەو بابەتە بووە؟ ئێوە، کە بۆ لابردنی سانتریالیزمی-دیموکراتیک، بڕیاری کۆنگرەی ١٦-تاندا و کۆنفرانستان گرت، لە کام کۆنفرانسدا، گەڵاڵەکەی خۆتان خستەبەر نەزەری بەشدارانی کۆنفرانس و ئیزنتان دا بە ئاشکرا ھەڵویست لە سەر بیرۆکەکەتان بگیرێ؟ مافی ئەوە ھەیە پرسیار بکرێ کاندیدی کۆنفرانسەکان کەی؟ چەندە؟ نووسینە نوێیەکەیان خوێندەوە؟ ناوەڕۆکی ئەو بیرۆکەیەتان بۆ بە ئاشکرا وەک ناوەڕۆکی سانتریالیزمی-دیموکراتیک بە خەڵک رانەگەیاند؟ ئەی چۆن ئەو پرسیارە وەڵام دەدەنەوە، کە گۆڕینی ستراکچێری حیزبێک تەنیا لە سەر متمانە و ئیعتیماد بە کەسێک بەڕێوەبچێ؟

بەمەبەستی بەرچاوڕوونی زیاتر، و لاوازی بۆچوونی ھێنانەگۆڕی گەڵاڵەی جێگرەوەی سانتریالیزمی-دیموکراتیک؛ ھێنانەگۆڕی باسێکی مێژووی تێکۆشانی حیزب بە پێویست دەزانین:

 

مێژووی ٢٨ ساڵەی حیزب:

لە کاتی جیابوونەوەی کۆنگرەی ٨-ی حیزب دا، دوکتور قاسملووی نەمر حەولیدا، حیزبی دیموکرات چالاکتر بکا و زیاتر بچینەوە قووڵایی کوردستان! بۆ سەرخستنی ئەو تێکۆشانە؛ بە پێچەوانەی نەزەری حکومەتی عێڕاق و تەنانەت بەشێک لە رێبەری حیزبیش، بنکەی ناوەندی حیزب لە دەورووبەری سلێمانیەوە گوێزرایەوە بۆ داوێنی چیای قەندیل. بە جۆرێک، کە لە نێوان ئێمە و کۆماری ئیسلامی؛ تەنیا لوولەی تفەنگی پێشمەرگە و داگیرکەران دیواری مەنع بوون! ئەوکات ھیچ باسێک لە سەر ناکارایی سانتریالیزمی-دیموکراتیک نەبوو! بەڵکە بە پێچەوانە لە رووانگەی قاسملووی نەمرەوە، سانترالیزمی- دیموکراتیک کاراترین ستیستمی تێکۆشانی حیزبە، بەڵام باجی خۆشی ھەیە!

دوکتور قاسملوو شەھید کرا، دوکتور سادق شەرەفکەندیی نەمر، ئەرکی سکرتێری پێسپێردرا! دەسەڵاتی دووەمی ئەو کاتی، کۆمسیۆنی سیاسی-نیزامی حیزب بوو! بەڕێوەبەری کۆمسیۆن، داوای یەک ساڵ لەدواخستنی کۆنگرەی کرد! داواکە پەسەندکرا. (بۆ واقیعی رووداوێکی سیاسی باش نییە کەس بە شایەد بگیرێ)، بەڵام لە ماوەی ئەو یەکساڵەدا، ھەرکەسێک لە خەتی تەشکیلاتی کۆمیسیۆنی سیاسی-نیزامی دا چووبا پێش کاری پێدەدرا. ھەرکەس بۆچی دەگوت! چۆنی باسکرد! چیبکەینی دەھێنایە گۆڕ؛ لابردرا و تەنانەت سەرکوتیش کرا! کار گەیشتە ئاستێک، کە دەتوانین بڵێین کۆنگرەی ٩ بوو بە کۆنگرەی پەسەندکردنی بۆچوونەکانی کۆمسیۆنی سیاسی-نیزامی. لێرەدا حیزب یەکدەست کرا. ئێستا پاش ئەو گۆڕانکارییە و بەو زاڵبوونە تەشکیلاتییە، ئەندامانی حیزب بۆیان ھەیە بپرسن، کە ئێوە ئەو کاتیش دەسەڵاتی یەکەم نەبوون؟ ئەی چیتانکرد؟

با بڵێین لە کۆنگرەکانی ١٠، ١١ و ١٢، بە ھۆی تێکەڵبوونەوە و چەند بۆچوونی جیاواز، گرفتی بەڕێوەچوونی کار ھاتبووە پێش! چڵەپۆپەی ئەو گرفتە گەیشتە کۆنگرەی ١٣، لە کۆنگرەی ١٣-ش بەشێوەی کۆنگرەی ٩-ی حیزب یەکدەست کرا! ئەوەی لێی ناڕازیبوون بە زۆرایەتی نوێنەرانی کۆنگرە، دوورخرانەوە! رێبەری یەکی یەکدەست بۆ حدکا ھاتەوە ئارا، کەسە یەکەمەکانی پاش کۆنگرە ی ١٣، کە ٤ ساڵ بەر لە کۆنگرەی ١٣-ش، کەسی یەکەم بوون، ئەسڵەن و ئەبەدەن، کڵۆیەکی موخالەفەتییان نەھاتە بەر پێ و بە ئازادیی تەواوەوە ئیدارەی ئومووریانکرد.

شاراوەش نییە و دەبێ بگوترێ، کە لە جەرەیانی کۆنفرانسەکان بۆ کۆنگرەی ١٣، دەسەڵاتدارانی ئێستای حدکا، ئەوەندە بە تووندی ھاتنە پێش، کە تەنانەت، کرێگرتەی ئەوروپاییشیان بۆ دژبەری موخالفیان لە کۆنفرانسەکان دا بەکارھێنا! ئەی باشە، ھەر وەک گوتمان ئەو دەسەڵاتە، بێ رکابەرە دوای کاری پاش کۆنگرەی ١٣، چی بە چیی کرد؟

دیارە ئەگەر باسەکانی کۆنگرەی ١٤-ش بخەینە بەر دیدمان دەبینین، نە لە بەدەنە و نە لە رێبەرایەتی، کەس کێشەیەکی لەسەر گرفتی سانتریالیزمی-دیموکراتیک نەبووە! دەسەڵاتی ئێستا، کە ئەو دەمیش دەسەڵاتی یەکەم بوو، بۆ ھیچی لە سەر باندبازیی و نان بە قەرزدان و شتی لەو جۆرە باس نەکرد!؟

کورت و پوخت، لە ٨ ساڵی نێوان کۆنگرەی ١٣ بۆ ١٥، ھەموو ووردە ناکۆکییەکان، وەک چارەسەر کراو پێوەری راستی گوزەری تەشکیلاتی-سیاسی حیزب ئەژمار دەکران و بە گوتەی کەسە یەکەمەکان ھیچ گرفتێک بۆ ئەنجامی کار و پڕۆژە نەبوو! ئەی بۆ “موعجیزە” نەخوڵقا؟

باشە خۆ دواتریش بە خۆداچوونەوەیەکی باش لە چەندی و چۆنی ئەندامانی بەڕێوەبەری لەکۆنگرەی ١٥ دا کرا! دەکرێ بڵێین لە سەرجەمی ناوچە جیاوازاەکانی شوێنی تێکۆشانی حدکاش، ئەندامی بەڕێوەبەری ھەڵبژێردرا، ئەوەش دابەشکردنێکی باشی جوغرافیایی بوو! ئەی بۆ پێشچوونێک لە کاردا نەھاتەپێش!؟

وەک ئاکامی ئەو بەشە لە ھەڵوێستمان ئەو خاڵانەی خوارەوە فۆڕمۆڵە دەکرێن:

– زیاتر لە سی ساڵە، دەسەڵاتێک ئیدارە دەکا بەبێ ئەوەی، کە بچووکترین گرفتی تەشکیلاتی بۆ ھاتبێتەپێش!

– دەست ئاوەڵایی، دەسەڵات بەدەست و، چەپڵەی کەسانێک لە بەدەنە، بە پێچەوانەی ناوو بنەمای دیموکراتیکی حیزب، ئیزنی بە ھیچ موخالیفێک نەداوە، بۆچوونی لە کۆڕ و کۆبوونەوە و ڕاگەیاندنی حیزب دا بڵاو بکاتەوە! یان خۆی کاندید بکا!

– ھێنانی ئەو کورتە مێژوویە بۆ ئەوە بوو بسەلمێندرێ، کە: ئەوەی فێڵ لە خۆی، لە حیزب، لە قۆناخی ناسکی ئێستا، لە گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکە، لە ژمارەی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزب ، و سەرئەنجام لە گەلی کوردی رۆژھەڵات ناکا! دەبێ بزانێ، کە ئەو گۆڕانە تەشکیلاتییە! ھیچ بەرھەمێکی باشی لێ ناکەوێتەوە!

 

جیاوازییەکانی گەڵاڵەی ئێستا و سانتریالیزمی-دیموکراتیکی حدکا:

زۆر بە روونی ئەو باسە دێنینە گۆڕ، کە لەبەر ئەوە؛ ئەو گەڵاڵەیە بێبایەخکردنی دیموکراسی حیزبێکی وەک حیزبی دێمۆکڕاتە و بۆچوونەکە بە بیری ھەڵداشتن و خلوێر و قڵپکەرەوەی کاسەی ئەزموونی دیموکراتیکی حیزب دەزانین! ھەروەھا چونکە پێمانوایە ئەو گەڵاڵەیە دەسەڵاتی موتڵەقی چەند دەورەیی دەبەخشێتەوە بە کەسانێک، کە تاقیکاری خۆیان پێشکەش کردووە، ناچینە سەر بەراورد کردنی بەند بە بەندی گەڵاڵەکە، لە بەرانبەر سانتریالیزمی-دیموکراتیک دا!

 

بەڵام بەوەشەوە، نابێ و ناکرێ لانی کەم لەسەر سێ (٣) خاڵ، شیکردنەوە نەکەین:

١- سانتریالیزمی-دیموکراتیک: بنەمای تێکۆشانی حیزب لە سانتریالیزمی-دیموکراتیکدا؛ شانەیە! بەبێ شانە ئەو ستراکچێڕە، مانا ناداتەوە! شانە ھەموو خواست و داوای؛ رۆژانە، تاکتیکی، و ستراتێژیکی لە نێو ریزەکانی گەلەوە دەگەیەنێتە ئۆڕگانی لە خۆی بەرزتر، ئەو ئۆڕگانە بەرزەش، گەڵاڵەی بۆچوونی دەنێرێ بۆ ئۆڕگانی بەرزتر لە خۆی. بەو شێوەیە بۆ چوونی گەل دەگاتە کۆمیتەی ناوەندیی و دەفتەری سیاسی و سکرتێری حیزب و ئیجرا دەکرێ! ئەو ئۆڕگانانەش لە شانەوە بگرە تا سەرەوە بە دەنگی نھێنیی و راستەوخۆ ھەڵدەبژێردرێن! ئەو پڕۆسەیە ھەڵگری کۆمەڵێک دایالۆگ، پرس و خواست و کێشەی دیموکراتیکە! بە گوتەی دوکتور قاسملوو “دیموکراسی تا سنووری شەڕە کوتەک ئازادە”

ئاکام لێرەدا ئەوەیە، کە حیزب لە خەڵکەوە رێنوێنی وەردەگرێ و رێنوێنی دەداتەوە بە خەڵک! ئەوەش جەوھەری سانتریالیزمی-دیموکراتیکە!

 

٢- گەڵاڵە باس لەسەرەکەی کۆنگرەی ١٦:

 

لەو گەڵاڵەیە دا، بەر لە ھەر کەس، کەسی یەکەم ھەڵدەبژێردرێ! دواتر ئەندامانی ناوەندێک بۆ کارکردن لەگەڵ ئەو کەسە ھەڵدەبژێردرێن! ئەو جار کۆنگرە دوای چەند بڕیارێکی تێئۆریکی، کۆتایی بە کار و دەسەڵاتی دێنێ!

کەسی یەکەم بەرپرسی یەکەمی ئەو ناوەندە دەبێ! دوای ئەوەش کەسی یەکەم کابینەی ئیجڕایی خۆی پێشنیار دەکا بە ناوەند! واتە کەسی یەکەم ھەم بەرپرسی یەکەمی ناوەندە و ھەم بەرپرسی یەکەمی کابینە ئیجڕاییەکەیەتی! بەوجۆرە کەسی یەکەم پلانداڕێژی یەکەمی سیاسی و ئیجڕایی دەبێ! ئەوە ھەر وەک گوتمان ھەر بۆ ناساندن بوو، چونکە لە گەڵی موخالیفین بەند بە بەند باسی لێ ناکەین!

ئەوەی بۆ ئێمە جێی باسە ئەوەیە، کە لەم شێوەکارەدا دەسەڵات؛ لە تاکێک، و گروپێکی بچووکی ژێر بەرپرسایەتی ئەوەوە؛ بە ئەمر دەکرێ و دەچێتە ئۆڕگانەکانی خوارەوە! ئەوەش بە بڕوای ھێندێک کەس ھەر بەوجۆرە، کە لە گەڵاڵەکەدا ھاتووە، پێش بە باندبازیی، نان بە قەرزدان، خۆپارێزی کەسی دەگرێ!؟
دەبێ قسە لەسەر ئەوە بکرێ، کە گەڵاڵە داڕێژ نووسیویەتی: ئەرێ باندباز و نان بە قەرزدەر و خۆپارێزی؛ چۆناوچۆن پاش ئەو ھەمووە جیابوونەوە و وەلانان و رۆیشتنە لە لایەک و ئیجڕای دەسەڵات لە تەشکیلاتێکی یەکدەستدا لە لایەکی ترەوە، دووبارە سەریھەڵداوە!؟ حیکمەتی خوانەبێ کەس لەوە سەر دەرناھێنێ! باشە ئەی ئێستا ئەوانەی لێیان ناڕازیبوون، کاریان نادەنەوە دەست و دەریان دەکەن؟
ئەی باشە ئەگەر وەک ئێستا، کە دەنگۆی ئەوە ھەیە، کە لابردراوان، کاریان پێ دەدرێتەوە، بەڵام پاش لێوەرگرتنەوەی دەسەڵاتی یاسایی (ئەگەر یاسا بەڕێوەچوو بێ) ئایا ئەو کردەیە؛ ئەوە ناگەێنێ، کە بە کەس، یا کەسەکان دەگوترێ نەدەھاتییە ژێر رکێفەوە بۆیە لامبردی؟
باشە ئەو ناوەندی سیاسییە ھەر بەشێک نین لە کۆمیتەی ناوەندییەکەی پێشووتر؟ رەنگە بڵێین نا! دەی جا دەستبەجێ ئەو پرسیارە دێتە پێش، کە لێھاتوویی ئەو ناوەندە؛ بە ژمارەیەکی ١٢+١ ئەوەندە زیاترە لە، دوو ھێندە و نیوی ژمارەی خۆی، کە پێشتر ئەندام و جێگر و راوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی بوون!؟ ئەوەش دەبێ باس بکرێ، کە کێ ھەیە ئەوەندە بێ ئینساف و بێ ئەمەک بێت، کە بڵێ ئەو ناوەندە؛ لە ھەموو کۆمیتەی ناوەندیی کۆنگرەکانی پێشتر: بە تواناتر، لێزانتر، خاوەن تفەنگ و قەڵەم و شیاوترە!؟

لەگەڵ رێزمان بۆ ھاوڕێیانی ناوەندی سیاسی، ناچینە سەر ھەڵسەنگاندنی کارایی ئەندامانی ئەو ناوەندە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوە دەڵێین، کە ئەو ناوەندە لە ژمارە و توانایی تێکۆشاندا، لاوازترین گروپی رێبەرییە، کە تا ئێستا حیزب بوویەتی!

 

٣- گەڵاڵەی حدکا و گەلی رۆژھەڵاتی کوردستان
٣٨ ساڵە رژێمی ئیسلامی سەرکوت دەکا، ٣٨ ساڵە رژێمی ئیسلامی بەنیازی پاشەکشە پێکردنی فەرھەنگییە لە رۆژھەڵات، ھەروەھا ٣٨ ساڵە رژێمی ئیسلامی ئێران، جاش، سیخوڕ، دەمارگرژ پەروەردە دەکا و رێکیان دەخا و رێزی خەڵکیان پێ دەشێوێنێ، بەڵام نەیتوانی ئەو گەلە بە چۆک دابێنێ! گەلی ئێمە دژی ھەموو ئەو سەرکوتکردنانەی رێژیم وەستایەوە و بە یەکڕێزی و بەربەرەکانی بێ وێنەی خۆی توانی دەنگی بە دنیا و بە گشتی و  بەتایبەت بە ھەموو بەشەکانی تری کوردستان بگەێنێ، کە بێ باک لە سەرکوت، داوای مافی خۆیان دەکەن! دیتمان، کە رۆژھەڵاتی کوردستان لە ژێر ئەو داپڵۆسین و چەوساندنەوەشدا، پشتیان نەچەمی و ئازایانە دەنگی رزگارییان بەرز کردەوە! ھەموو لایەک شایەدی بۆ رۆژھەڵات دەدەن، کە یەکەم خەباتی سەراسەری نەتەوەیی بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧ دا لە رۆژھەڵاتەوە بڵێسەی سەند!
باشە پرس ئەوەیە رۆژھەڵاتێک، کە ئاوا بە زەبری قەڵغانی سنگی لاوان و پیرانی، دیموکراسی مسۆگەر دەکا؛ ئێستا حازرە بۆ دواوە بگەڕێتەوە و تامی دیکتاتۆرییەکی تر لە حیزبێکی کوردیی بچێژێ!؟ ئەی ئەندام و دڵسۆزی دیموکرات، کە لە رۆژھەڵات دا دەژیین و بەشێکی گرینگیش بوون لە سازدانی جەماوەریی بە دژی رێژیمی ئاخوندی و خۆشیان بە وەفاداری رێبازی کۆماری کوردستان و مێژووی حیزب و زانایانی رێبەرانی شەھیدییان دەزانن؛ ئامادەن یەک ھەنگاو لە دیموکراسی حیزبی دیموکرات پاشەکشە بکەن!؟

بۆیە ئێمە لە کۆڕی ھاوبیرانی دێمۆکڕات، وەک بەشێک لە دڵسۆزانی ح د؛ بە تەواوی لەوە دڵنیایین، کە ئەو گەڵاڵەیە، دژ بە دیموکراسی و بنەما دیموکراتییەکانی حیزبە و سەرکەوتن بەدەست ناھێنێ!

 

لایەنەکەی تری دیموکرات:
ھەر بەو شێوەیە، کە لە بەندی چواری بەر لە دەستپێک ھاتووە، باوەڕمان وایە، کە دەبوو، ئەو بەشە لە حیزبی دیموکرات “حدک” ھەڵوێستی ھەبوایە و ئاوا بێدەنگ لە کەنار ئەو گۆڕانکارییەی حدکا دا، پاڵی لێ نەدایەتەوە؛ ئێمە رووانگەی خۆمان لەو بارەوە لە خوارەوە دەردەبڕین:
– حدک قەبووڵیەتی، کە ھەموو حیزبی دیموکرات نییە و تەنیا بەشێکە لە تەشکیلاتی ئەو حیزبە! ئەی بۆ بێ ھەڵویستە؟
– حدک بە گوتەش بێ، دەڵێ با ھەردوو لایەن تێکەڵ ببینەوە، ئەو گەڵاڵەیەش بە ھەر پێوانەیەک لێکی بدەیتەوە، بیری تێکەڵ کردنەوە بە ھێز ناکا! لێرەشدا حدک، چی ھەیە بە خەڵکی بڵێ؟
– ئەگەر حدک وادابنێ، کە پاش ئەو گۆڕانکارییەی حدکا، ئەوان دەبنە ھەموو حیزبی دیموکرات ئەوە لە ھەڵەدان و بۆیان ناچێتە سەرێ!
کۆتا قسە ئەوەی لێرەدا لە لایەن ھاوبیرانی دیموکراتەوە ھاتووە، ھەرگیز کۆی تێکڕای ھەڵوێستمان لەسەر کۆنگرەی ١٦ نییە! چونکە ئێمە پێمان وایە، دەبێ لە سەر ناو، واتە پاشناسی “ایران” و ناوەڕۆکی خەباتی کوردایەتی و روونی سیاسەت؛ بە بوون و درێژەی رێژیمی ئیسلامی! یان ھەرەسھێنانی ئەو رژێمە و سیاسەتی رۆژھەڵات لە سەر قۆناخی دوای رووخانی رژێم؛ سەبارەت: بە باشووری کوردستان و ئازەربایجان، وەک جیرانی رۆژھەڵاتیمان باس بکرابایە! بەڵام کات زۆر و دنیای رێگە پێدراو و ئازاد ئەو دەرفەتەمان پێدەدا، کە جارێ بەو بەشە لە ھەڵوێستمان رازی ببین و چاوەڕوانی پێشھاتەکان بکەین!
برووخێ ئێمپڕاتۆری ئیسلامی ئێران بۆ پێشەوە بەرەو یەکرێزی و داڕشتنەوەی ح د، لە سەر بنەمای فیکری کۆماری کوردستان و رێبازی ناسراویدا!
 ھاوبیرانی دیموکرات
١٠-٣-٢٠١٨
Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com