مناڵ و پەروەردە: سێکس

0

رێگا رەئوف، کومەڵناس و نوسەر

زۆر دەمێکە بیر لە نووسینی بابەتێکی ئاوا دەکەمەوە، بیر لەوە دەکەمەوە بۆچی باسکردن لەبابەتێکی ئەوەندە گرنگ، دەبێت ئەوەندە سەخت و قورس بێت؟ بۆچی نەتوانین وەک هەموو بابەتێکی تری ئینسان باسی لێوە بکەین؟ بۆچی سەرەڕای ئەوەی سێکس پایەیەکی بنەڕەتیە بۆ چوونە پێشەوەی مرۆڤایەتی و لەناو نەچوونی، بەندە بە سێکس لە نێوان مرۆڤەکاندا، کەچی لە کۆمەڵگای ئێمەدا بەتایبەت و لە دنیادا بەگشتی ئەبێ بە سانسۆرەوە باسی بکەین؟

لێرەدا هەوڵ دەدەم، لەدیدگای خۆمەوە و بەپێی زانستی کۆمەڵناسی چمکێک بخەمە سەر ئەو باسە.

لە کۆمەڵگای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت کوردستانی عێراق، مەسەلەی سێکس و پەروەردەی سێکسی ئەو بوارەیە، کە هیچ باسی لێناکرێت و کەس بەلایدا ناچێت، چونکە ئیسلام وەک ئایینی زاڵ، قەدەغەی کردووە و تابوی لەسەر داناوە، لەبەرئەوەی دین سێکسی کردووە بە مەسەلەیەکی عەیب و عار.

پەروەردەی سێکسی لە کۆمەڵگای ئێمەدا، پەروەردەیەکی دواکەوتووانە و نازانستییە. بە جۆرێک رێکخراوە، کە ناهوشیاری سێکسی زاڵترین جۆری پەروەردەیە لە کۆمەڵگادا و تەنانەت ئەو خێزانانەشی گرتۆتەوە، کە پلە و پایەی بەرزی خوێندن و کارکردنیان هەیە، لە کۆمەڵگادا. شێوازی مناڵ بەخێوکردن شێوازێکە دوورە لە خۆشەویستی و سۆزەوە، پڕ پڕە لە توندوتیژی، لە میتۆدی دارکاری و  تەمبێ کردن، پر پڕە لە پرسیاری بێ وەڵام و لە باشترین حاڵەتدا، دەگوترێت خوا وای کردووە یاخود نابێت ئەو پرسیارە بکەیت.

لەکاتێکدا مناڵ لەنێو ماڵەکەی خۆیدا و لەلایەن دایک و باوکیەوە، وەڵامی هەندێ پرسیار وەرنەگرێتەوە، هەوڵ ئەدات، خۆی وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە و بەرێگای خۆی، کە هەندێجار مناڵەکە والێدەکات هەڵە بکات، چونکە تەمەن و پێکهاتەی دەروونی و جەستەیی کامڵ و تەواو نییە، ئاخر بۆیە پێی دەگوترێت مناڵ؛ چونکە باری فسیۆلۆجی و تەمەن ئەوە یەکلایی دەکاتەوە، کە ئینسان بتوانێ بڕیاری راست و چەوتی خۆی بزانێ. مناڵ بەتایبەت لە تەمەنی هەرزەکاریدا (موراهقی)، کە تەمەنێکی زۆر هەستیارە دەگەڕێت بەدوای ناسنامەی خۆیدا. ئەو گەڕانە لەتەمەنی سیانزە ساڵیەوە دەستپێدەکات و لە نۆزدە ساڵیدا تەواو دەبێت، هەر بۆیە بەو تەمەنە بە ئینگلیزی پێی دەگوترێت “تین ئەیج”. هەندێ مناڵ بەهۆی پێکهاتەی جسمی و بۆماوەوە ئەم تەمەنە درێژ تر دەکات؛ واتە رەنگە لە یانزە و دوانزەوە دەستپێبکات بۆ بیست ساڵی، بەڵام زۆرینەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە سیانزەوەیە و بۆیەش دیاریکراوە.

لەکاتی تەمەنی هەرزەکاریدا، هۆرمۆناتی لەش ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت، ئەو ئاڵوگۆڕە، وەک گوتم دواتر دەبێتە ژێرخانی شەخسیەت(کەسایەتی) و پێناسەی ئینسانی کەسەکە لە ئاییندەدا.

تەمەنی هەرزەکاری، وەک ئەوە وایە، کە خانوویەک دەڕووخێت و تۆ سەرلەنوێ دەبێ دروستی بکەیتەوە؛ ئەو خانووە، کە باوک و دایکت دروستی کردووە، قەت نابێتەوە بەهەمان خانوو، چونکە باشترین وەستای دنیای بۆ بهێنە، کەرەستەکانی هیچ کات لەسەدا سەد وەک یەک دەرناچن، بەڵام بناغەکەی دەمێنێتەوە، واتە کرۆمۆسۆمەکانی، کە دایک و باوک مناڵی پێ دروست دەکات، بناغەیە، بەڵام شکڵ، دیزاین، رووکەش و ماتریاڵەکەی، دەستکری تاکەکە خۆیەتی. ئەم پرۆسەیە، کە زۆر هەستیارە لە ژیانی مرۆڤەکاندا، لەلای ئێمە کەمترین بایەخی پێدەدرێت. ئیهانەکردن بە تاک لەو کاتەدا بە دەنگی، بە سمێڵی، بە مەمکی و لەش و لار، زیپکە و هەڵسووکەوتی، کاریگەری خراپ دادەنێ لەسەر باری دەروونی لەوانەش مەسەلەی سێکس. ئەو دەرکەوتانەی، کە لەلای ئێمە دەبێتە مایەی گاڵتەجاڕی کەسوکار و دەورووبەر، ئەبێتە شەرم و تەریق بوونەوە بۆ مناڵەکە، دەبێتە شتێکی نەخوازراو-و بێزکراو. کچ هەوڵدەدات سنگ و سووڕی مانگانەی بشارێتەوە و کورێش سمێل و دەنگی.

هەڵسووکەوتی دایک و باوک لە کۆمەڵگای ئێمەدا، لەم تەمەندا زۆر بە ئاقاری خراپ دەگۆڕێت. کچێک، کە زۆر لە باوکیەوە نزیکە تا دەگاتە ئەو تەمەنە وردە وردە دوور دەخرێتەوە و هەڵسووکەوتی پاڵ پێوەنان و دوورخستنەوە جێگەی دەگرێتەوە. کوڕیش بەهەمان شێوە؛ لەجیاتی ئەوەی پەیوەندیەکە بگۆڕدرێت بۆ پەیوەندییەکی باشتر و مامەڵەیەکی هەستیارانەتر، دەگۆڕدرێت بۆ پەیوەندییەکی توندوتیژ و پڕ لە سووکایەتی. کۆنتڕۆل و چاودێری (تاقیب) زیاد دەکات لەجیاتی ئەوەی کەم بکاتەوە. لەکۆمەڵگای ئێمەدا مناڵ بەرەڵڵا دەکرێت، تا دەگاتە تەمەنی هەزەکاری؛ ئینجا کۆنتڕۆل دەکرێت. لەکاتێکدا دەبێت رێک بە پێجەوانەوە بێت، واتە شلکردنی ئەو کۆنتڕۆڵە دەبێت وردە وردە و بەشیوازێکی زانستیانە، بەپێی تەمەن زیاد بکرێت، نەک کۆنتڕۆڵ و بەستنەوە و رێگەگرتن تا رادەی دەستبەسەرکردن.

سێکس، کە بەشێکی زۆری فکر و هۆش و جەستەی مرۆڤەکان سەرقاڵ دەکات. لەو دەورانەدا بە کوڕ و کچەوە، چونکە لایەنی فیزیکی وا دەخوازێت، بۆیە دەبێت لایەنی دەروونیشی هاوکات بێت لە گەڵی. بەڵام دیسانەوە ئەم هاوکێشەیە نایەکسان دەبێت؛ واتە لە لایەنی فیزیکی مناڵەکە وردە وردە و ساڵ بە ساڵ ئامادە دەبێت بۆ تەمەنی گەورەیی، سێکس کردن و مناڵ دروستکردن، بەڵام باری دەروونی لەلای ئێمە دەخرێتە ژێر فشارەوە و کەبت و کۆنتڕۆڵی سێکسی دەستپێدەکات. کچ لە کوڕ دووردەخرێتەوە و کوڕێش بەهەمان شێوە لە کچ. لە قوتابخانەدا کچان و کوڕان لە پۆلی بنەڕەتیەوە تێکەڵن، بەڵام لە هەستیارترین کاتدا لێک دووردەخرێنەوە و لە یەک نامۆ دەکرێن.

لە بیرمە کوڕە گەورەکەم لە تەمەنی دەساڵاندا بوو، کە رۆژێکیان پرسیارێکی لێکردم و گوتی دایە؛ گوتم گیان، گوتی کچێک هەیە لە پۆلەکەم عاشقی بووم. گوتم زۆر باشە کوڕی خۆم هەستێکی خۆشە، کە تۆ کەسێکت خۆش دەوێت. بێگومان من وەک دایک دەمزانی عەشقێکی کاتی و مناڵانەیە، بەڵام وەک هەر کەسێکی تری کۆمەڵگای کوردی بێ تەجروبە بووم لەو بوارەدا و دڵەڕاوکێم هەبوو. رۆژێکیان کوڕەکەم زۆر بە شپرزەییەوە پرسیاری کردەوە، کە دەبێت چی بکات لە قوتابخانە لەگەڵ ئەو کچە؟ گوتم مەبەستت چیە؟ گوتی یانی چی بکەم من خۆشم دەوێت و نازانم چۆن مامەڵە بکەم؟ دڵم لەسەر سەد لێی ئەدا، نەمدەزانی چۆن فێری بکەم، چونکە لە عەمباری فکر و تەجروبەی خۆمدا، ئەو مەسەلەیە بێجگە لە نەکەی، نەچی، نابێت و لێدان هیچی تری تێدا نەبوو، بەڵام بەهیچ شێوەیەک نەمدەویست وەک خۆم و مناڵی خۆم وەڵامی بدەمەوە، نەمدەویست ببێتە هەمان تەجروبەی مناڵانی وڵاتەکەم؛ بۆیە بە راڕایەکی زۆرەوە لەناو دڵی خۆمدا، بەڵام بە دڵنیایەکی زۆرەوە لە رووکەشدا وەڵامەکەم بەمجۆرە دایەوە: کوڕم لەگەڵ ئەو کچە دەتوانی کاتی نان خواردن پێکەوە دانیشن، دەستی یەک بگرن و پێکەوە یاری بکەن، لە تەنیشت یەکەوە دانیشن و پێکەوە قسە بکەن. رۆژی دواتر بەپەلە خۆم گەیاندە مامۆستای قوتابخانە، کە سویدی بوو؛ پرسیاری ئەوەم لێکرد، کە ئایا وەڵامەکەم راست و زانستییە یاخود چۆنە؟ چونکە بەراستی نەمدەزانی بەتەواوی راستم یان نا، ئەگەرچی شارەزاییەکم هەبوو، چونکە تێکەڵ بوون بە کولتوری ئەوروپی لەگەڵ قسەکردن و باوەڕبوون زۆر جیاوازە. مامۆستاکەی پێکەنی و گوتی، زۆر باش و جوان وەڵامت داوەتەوە. ئەگەر لە ئێمەش بپرسێ هەمان وەڵامی دەدەینەوە، ئاهێک هات بە دڵمدا و سیقەیەکی تەواوم لە لا دروستبوو، عەشقی کوڕەکەشم لە هەستێکی ئینسانی و مناڵانە زیاتر نەبوو.

جیاوازیەکی گەورە هەیە لە پەروەردەی ئێمەدا لەباری پەروەردە و زانستی سێکس لە مناڵدا. لەلایەک وەک مناڵ و وەڵامی هیچ پرسیارێکیان بە زانستی نادەینەوە، لەلایەکیش پێیان دەڵێین گەورە، پیاوێکیت، ژنێکیت، رەفیقی تۆ ماڵ و مناڵ بەڕیوەدەبات، رەفیقی تۆ مناڵ بەخێو دەکات، واتە هەردوو رەگەزەکە دەخرێنە بەر تانە و تەشەری دنیای گەورەکان، بەڵام لەباری کۆمەڵایەتییەوە کچ ئامادە دەکرێت بۆ مناڵ دروستکردن و کردنی بە ژن. دەستدرێژی بۆ مناڵان لەو تەمەنەدا یەکێکە لە خاسیەتە قێزەونەکانی کۆمەڵگای ئێمە، کەم کچ و کور هەیە، کە تووشی هەراسان کردنی سێکسی نەبووبن لەو دەورانەدا. کچ بە حوکمی عەیبە و نەزانین، تەنانەت هەندی جار نازانێ، کە ئەوە هەراسانکردنی سێکسی پێدەگوترێت، کە دەست بردن بۆ جەستەی مناڵانەی تاوانە. بەهەمان شێوەش کوڕ، چونکە بەپێی پێوەری کۆمەڵگا، کوڕ تەنها زاڵمە و نابێت زوڵم لێکراو بێت، بۆیە بێدەنگەی لێدەکات.

زۆرم بیستووە لە کوڕ و کچی کۆمەڵگاکەم، کە لە منداڵیدا چۆن بەکارهێنراون لەلایەن گەورەکانەوە بۆ خۆ بەتاڵکردنەوە. لە گەڕەکەکاندا کاتێک کچێک لە ماڵەکەی دراوسێیان بۆ یاری چووە، بەڵام وەختێک دەزانێ پیاوەکە یان کوڕی ماڵەکە دەستی بۆ دەبات و بە قسەی خۆش هەڵی ئەخەڵەتێنی، هیچ شتێکی تر فێر نابێت، جگە لە تەسلیم بوون بە حەز و ئارەزووی پیاو. کوڕێک، کە لەلایەن ژنی دراوسێیەوە بەکاردە‌هێنرێت تەنها ئەوە فێر دەبێ، کە دەسەڵاتی سێکسیان هەیە، ئەمەیە پەروەردەی نەخۆش و هەڵە.

نە کوڕەکە هاوار دەکات، بڵێ دەست درێژیم لێکراوە و نە کچەکەش، چونکە ئەنجامەکەی یان کوشتنە یان خۆکوشتن؛ بۆیە لەشکرێک لە ئینسانی پاسیڤ و بێ شەخسیەت گەورە دەبن و دەبنە دایک و باوکی داهاتوو.

ئەوروپا وەک نموونەی بەرەڵڵایی دەهێنرێتەوە، کاتێک باس لە سێکس دەکرێت. لەکاتێکدا لە ئەوروپا ئەو پەیوەندیانە بە تەواوی لە شوێنی خۆیاندان، منداڵ یانێ منداڵ، زەواجی نێوان گەورە و منداڵ قەدەغەیە و وەک تاوان بەرامبەر منداڵ سەیر دەکرێت. پەیوەندی سێکسی نێوان منداڵ و گەورە وەک تاوانی دەستدرێژی سەیر دەکرێت و ئەو کەسانە بە “پیدۆفایل” ناو دەبرێن؛ واتە حەزی گەورە بۆ بچووک. بۆچی ئەمانە قەدەغە و تاوانە؟

لەبەر ئەوەی، کاتێک گەورەیەک پەیوەندیەکی ئاوا دروست دەکات، پەیوەندیەکە لە سەرەتاوە پەیوندیەکی نادروست و نایەکسانە، نایەکسان بەمانای ئەوەی گەورە جەستەیەکی کامل و عەقڵێکی تەکامولی هەیە، لەکاتێکدا مناڵەکە هیچ کام لەمانەی نییە. گەورەکە هێزی جەستەیی و بازوویی، جۆرێک لە قودرەت و هێزی ئەداتێ و بەرامبەر منداڵەکە نایەکسان دەبن. واتە ئەو لە جێگایەکی بەهێز و مناڵەکە بێ هێز. ئەم فاکتەرانە و لە هەموو ئەمانە گرنگتر، فاکتەری دەروونییە، کە وادەکات ئەو دوو کەسە نەشیاو و ناگونجاون بۆ یەک. بۆیە لەباری یاسا و یاسای سزاکان، گەورەکە سزا دەدرێت. تەنانەت ئەگەر مناڵەکە بەتەواوی بەحەزی خۆی بووبێت. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە، کاتێک تۆ مناڵیت ناتوانیت ئەو بڕیارە بدەیت، کە لە ئاستی گەورەیەکدا خۆت دابنێیت، ناکرێت و ناشێت؛ ئەمەیە پاراستنی ئینسانیەت و حورمەتی مناڵان، چونکە ئەگەر تەنانەت مناڵەکە چ کوڕ، چ کچ، بە ئارەزووی خۆی پەیوەندیەکە دروست بکات، ئەوا ئەرکی گەروەکەیە، کە نەهێڵێت و نەیکات. لە کۆمەڵگای دینی و دواکەوتووی وەک کوردستان، مناڵان زۆرترین باجی ئەم تاوانانە دەدەن، چونکە دەتوانرێت مناڵ بێدەنگ بکرێت، بۆیە زەحمەت ترە دەست بردن بۆ گەورەیەک. پەیوەندی سێکسی ئازادە لە ئەوروپا و ئەمەش ئەوەیە، کە پێی دەڵێن “بەرەڵڵایی”. ئەوەی لە ئەوروپا دەگوزەرێت ئەوەیە، کە هەرکەسە و لە شوێنی خۆیەتی، جێگاکان ئاڵوگۆریان پێنەکراوە. مناڵ لە سەرەتاییدا و دوایی لە ناوەندیدا و دوایی لە زانکۆدا لە گەڵ یەک کوڕ و کچ پێکەوە گەورە دەبن. بۆیە نامۆ نابن بە یەک. زۆر گرنگە ئەوە بڵێم، ئازادی واتە ئازادم لەگەڵ کێ بم و ئازادم ئەگەر کەسێکیشم بەدڵ نەبێت. بۆیە ئەو دوو رەگەزە ناگەڕێن بەدوای کەسانی گەورەتر یاخود بچوکتر لە خۆیان، بەڵکو هاوتەمەنی خۆی لەهەمان پۆل دەدۆزێتەوە، کە مەیلی بۆی هەیە و تەبیعەتی دەناسێ. کە پەیوەندیەکی یەکسانە. لە سەرەتاوە ئازادانەیە و زۆرەملێی تێدا نییە بە خاتری کۆمەڵگا و خێزان. مناڵ تەنها لەبەر ئەوەی ئەوروپییە هەر لە سیانزە ساڵییەوە دەست ناکەن بە سێکس، بەڵام نامۆش ناکرێن بە سێکس و جەستەی خۆیان؛ بەڵکو فێر دەکرێن ئەگەر لە تەمەنی زووەوە سێکس بکەن، دەبێت بزانن لەچ ئاستێکدا بێت و چ جۆرە پەیوەندیەک تەندروستە، زۆربەی کات ئەو پەیوەندیە لە شانزە ساڵییەوە دەستپێدەکات و شانزە ساڵیش، تەمەنێکی گونجاوە بۆ سێکس کردن لەگەل هاوتەمەنی خۆت، نەک گەورە تر. تەمەنی شانزە ساڵی، واتە بەرە و تەکامول بوونی جەستە و دەرکەوتنی ئارەزووەکان بۆ رەگەزی بەرامبەر بە شێوازێکی تارادەیەک کۆنتڕۆڵکراو. بێگومان سەنتەرەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشی و بەرگرتن لە منداڵبوونیش، لە هەموو جێگایەک هەیە.

کاریگەری ئایینی ئیسلام لەسەر شێوازی بیرکردنەوە، زۆرە و رۆچۆتە ناو شێوازی دروستکردنی خێزان، کەم پیاو و ژنی کوردی هەیە، کە رازی بێت بە هاوتەمەنی خۆی، چونکە یەکەم تەجروبەی نییە لەگەڵ هاوتەمەنی خۆیدا بژی، هەمیشە کچەکە مناڵ ترە و پیاوەکە تەمەنی گەورە ترە، دووەم برسییەتی و کەبتی سێکسی وایکردووە، کە هەرچی گەنجتر بێت بە نرخ ترە و پارەی زۆرتر دەکات؛ چونکە جەستەکەی “ناسکە و دەست لێنەدراوە”، دەستەمۆکردنی مناڵێک لە ژیانی ژن و مێردایەتیدا ئاسانترە تا کەسێک، کە هاوتەمەنی خۆت بێت. بەداخەوە ئەم دیاردەیە تەنانەت لە کەسانی بەناو ئازادیخواز و پێشکەوتوو دا هەیە. کابرا پەنجا ساڵ تەمەنیەتی، باسی کچێکی بۆ بکە ٤٥ ساڵ بێت، دەڵێت پیرە! ئەوەیە بیرکردنەوەی ئیسلامی، کە لە ناو رۆح و رەگ و رێشەماندا دەژی.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com