یەکێتی کەوتە داوەکە!!
تۆ بڵێی دەوڵەتمەدار رزگاریان نەکات؟؟؟
رزگار رەزا چوچانی
پێشتر پارتی وتیان حیوار لەگەڵ مالیکی ناکەین، چونکە ئەزمونمان هەیەو پەشیمان دەبێتەوە لەبەڵێنەکانی، وتیان حیوار لەگەڵ مالیکی هەر قسەکردنە بێ کردار.
سکرتێری گشتی یەکێتی و سکرتێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی، وتیان نەخێر قوربان دەوڵەتمەدار لەسەر خەتە بۆ چارەسەری کێشەکان، پارتی هەرچی هێنای و بردی یەکێتی بروای بەوە نەهێنا کە دەوڵەتمەدار راستگۆ نییە.
دڵنیام بەم پێداگیرییەی یەکێتی، پارتی لەخۆی کەوتبووە گومان کە تۆ بڵێی ئەوان هەڵەبن و دەوڵەتمەداریان نەناسی بێت؟. بۆیە ناچار بوون لەگەڵ یەکێتی بڵێن باشە ئامادەین بۆ حیوار. بەڵام بە دڵنیایی پارتی لەگەڵ دوودڵیەکەی لە ناسینی مالیکی بەهۆی پێداگیری یەکێتی هاوپەیمانیەوە، کە دەوڵەتمەدار ئەهلی خێرە، بەرنامەی هەبوو لەم جارێکی تر بەڵێکردنەدا بۆ حیوار.
وەک دیتمان ئەمجارەیان کوردستان دوو شاندی باڵای بەڕێکرد بۆ بەغدا، هەم شاندی سیاسی، هەم ئیداری، بەمەبەستی حیوار لەگەڵ دەوڵەتمەدار. لەم دوو شاندەدا پارتی سەرۆکایەتی هیچیانی نەکردو تەسلیمی یەکێتی کرد.
ئاخر سەرۆکایەتیکردنی شاند لەکوردستان و لای سیاسییەکانی کوردستان زۆر خۆش و گرنگە، زۆر کات زۆر کاری گرنگ هەبووە، کە کورد بەشداری تێدابکات، بەڵام بەهۆی وەرنەگرتنی سەرۆکایەتی شاندەوە هەڵوەشاوەتەوە، چونکە لەوێ سەرۆکی شاند بەناوی دەمسپی هەموانەوە قسە ئەکات، ئێ دەمسپی بوونی میللەتیش کەم نییە، لەمێژووی ئێمەدا خوێنی لەسەر رژاوە، بۆیە ئالەو پێخۆشبونەی سەرۆکایەتکردنەی شاندەکاندا لای سیاسی کورد و ئالەم سەرۆکایەتی وەرنەگرتنەی پارتی لەم دوو شاندەی کە نێردرایە بەغدا، لەکاتێکدا کەپێشتر لەگەڵ یەکێتی هەردولا شەڕیان لەسەر سەرۆکایەتی شاندی وەرزشی و هونەریش دەکرد، من خوێندنەوەم ئەوەیە.
پارتی ئەمجارە یەکێتی خستە بەردەم بەرپرسیارەتییەکی گەورەوە، خستیە ناو داوەکەوە. ئیتر ئەگەر کاک مالیکی داواکارییەکان جێبەجێ نەکات، یەکێتی ناتوانن بڵێن دەوڵەتمەدار ئامادەی حیوارە، ئێمە دەبێت حیوار لەگەڵ دەوڵەتمەدار بکەین نەک دژایەتی. چونکە ئەمجارەیان یەکێتی سەرۆکایەتی دوو شاندی باڵای کوردی بەیەک کۆڵ داواکارییەوە کردووە، بۆ حیوار لەگەڵ دەوڵەتمەداردا، ئەو دەوڵەتمەدارەی کە سکرتێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەگەرمەی کێشەکانی کورد و دەوڵەتمەدار رایگەیاند، کە دەوڵەتمەدار لەسەر خەتە بۆ چارەسەری کێشەکان و تکای لەبارزانی کرد کە تێکی نەدات و ئەو دەرفەتە مێژووییەی ئامادەیی دەوڵەتمەدار بۆ چارەسەری کێشەکان لەدەست نەدات.
من پێموایە ئەمجارەیان لە ئەگەری بەردەوامی مالیکی لە دژبوونی بۆ داواکانی کورد، بۆ پرسی پێشمەرگەو تادوایی، ئیتر یەکێتی بەناچاری یان بە فەرز، دەبێت بچێتە بەرەی هەمبەری دەوڵەتمەدار، ئەگەر دیسان شتە گەورەکە یانی هێزە گەورەکە لایان نەدا لەو هەڵوێست وەرگرتنەدا، بەڵام ئەگەر هێزەگەورەکە لایان بدات و لەبەر خاتری هێزە گەورەکە هەر لای دەوڵەتمەداریان پێخۆشتر بێت، وەک خۆیان دەڵێن تا لە لای کۆنە بەعسیەکان، ئەوە ئیدی لە پشتیوانی لەدەوڵەتمەدار پاساوی ئەوەیان نامێنێ، کە دەوڵەتمەدار دۆستی کوردە ئامادەی حیوارەو پارتی حیواری ناوێت.
لەوکاتیش بۆ پشتیوانی لەدەوڵەتمەدار چی دەکەنە پاساو ؟ ئەوە تەنها خوا و خۆیان دەیزانن و ئێمەش لە ئایندە دەیبیستین.
من لێرەوە تەنها هێندەم پێدەوترێت کە بڵێم یاخودا مالیکی ئەوەنە پیاو باش بێت، داواکانی شاندەکان جێبەجێبکات، یەکێتی لەم داوە رزگار بکات کە تێیکەوت و روسوری لای خواو میللەتیان بکات، مادام یەکێتی سەرۆکایەتی شاندەکەی کردووە، و یەکێتیش رزگاریکرد لە دەستلەکارکێشانەوەی، هەر چ نەبێت بۆ ئەوەی پارتی بەدرۆ بخاتەوەو یەکێتی پشتراست بکاتەوە بەوەی، کە ئەوە پارتییە حیواری ناوێ، حزبی فەوزایە و دەیەوێ کێشەکانی خۆی لەکوردستان بگوازێتەوە بەغداو کورد مەشغول بکات بەپرسی نەتەوەییەوە، ئەگەرنا خوا هەڵناگرێت دەوڵەتمەدار ئامادەیە گوێ لەکورد بگرێت..
یاخوا دەوڵەتمەدار وابێت و یەکێتی روسوری لای میللەت بکات، وەک دەڵێن ئەم شەڕخوازی و هەوڵی کێشە نقڵکردنەی پارتی لەساحەی کوردستانەوە بۆ دەرەوەی کوردستان ئاشکرا بکات!!، ئامین ئامین یارەبلعالەمین.
…
تێبینی وشەی دەوڵەتمەدار بۆیە بەکار هاتووە چونکە لەکاتی کێشەکان کاک مەلابەختیار ئەو وشەی کردە ناسنامەی مالیکی و لە پەرۆشنامەیەکدا چەندین جار دووبارەی کردبوەوە.