
توانا سەعید بەگ بۆ نەوشیروان و تاڵەبانی و بارزانی: بۆ ئەتوانن لەگەڵ و تورک و عەجەم و عەرەب دانیشن لەگەڵ یەک دانانیشن
نوچەنێت
توانا سەعید بەگ هەڵوسراوی پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی ڤییەننا، کە ئێستا وەک گۆڕانخوازێک کار دەکات و بەرەسمی لەو ئەنجومەنە کار ناکات، لە لێدوانێکدا بۆ نوچەنێت، کۆبونەوەی نێوان هەموو لایەنەکان بە پێویست دەزانی و بەبەرژەوەندی گشتی ناوی دەبات، لەبارەی کۆبونەوەکەی نێوان یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕانیش پێشتر رەخنەی ئەوەی گرتبوو کە نەدەبوو نەوشیروان مسەتفای رێکخەری ئەو بزوتنەوەیە، بەبێ گەنجان بچوایەتە ئەو کۆبونەوە.
توانا سەعید بەگ وەک گۆڕانخوازێک کە ماوەیەک وەک هەڵسوراوی بزوتنەوەی گۆڕان لەڤییەنا کاری کردووە، لەبارەی کۆبونەوەکەی نێوان گۆران و یەکێتی. بۆ نوچەنێت دەڵێت”من ئێستاش زانیارییەکی تەواوم لەلانییه ئایا ئەمە سەردان بوو یان کۆبوونەوە، کۆبونەوەو سەردان بەڕای من دوو شتی جیاوازن، دیارە کاک نەوشیروان و هاوەڵەکانی رەنگە بۆ سەردان چووبن، بەڵام یەکێتی ڕه نگه پێیان باش بووبێت ناوی بنێن کۆبوونەوه، من رەخنەی خۆم لەم بارەوە و لەسەر ئەو هەواڵە لە سبەی نوسی و لای خۆشم بڵاوم کردەوە”.
لەو رەخنەیەدا کە توانا سەعید بەگ، ئاماژەی پێدەکات و بڵاوی کردبوەوە رەخنەی لە بەشدار نەبوونی گەنجان گرتووە لە شاندەکەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ کۆبونەوە لەگەڵ یەکێتی و نوسی بووی”بەرای من کاک نەوشیروان دەبوایه خۆی و گەنجەکانی گۆڕان سەردانی تاڵه بانیان بکردایە، وەک ئاماژەیەک بۆ سیاسەتی دروستی خۆی، له هاوکاری کردنی گەنجان و نەوەی سەردەم بۆ هاتنە ناو کایە سیاسیەکە، ئەوەی ئەمڕۆ ئەوان کردویانە کۆبونەوەی ئاشتبونەوەی دێرینەکانی ناو یەکێتیی، ئەوە دەکرا ڕۆژی جەژن رووی بدایە، بەگشتی ئەو دانیشتنە بەکارێکی زۆر باش دەزانم لەنێوان کاک نەوشیروان و مام جەلال لەبەر ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر کێشەو ئاژاوە لەو ناوچەیە دور دەخاتەوە کەلایەنی دیکە هەن دەیانەوێت بیکەنە جێگای ململانیی گەرم بۆ ئەوەی خۆیان خەریکی بازرگانی و پاوان کردن بن”.
سەعید بەگ بۆ نوچەنێت ئەوەشی وت کە”پێویسته تەواوی لایەنەکان هەوڵ بدەن گەنجەکان هان بدەن بۆ هاتنە پێشەوەو کارکردن لەناو هەموو کایەکاندا، کە دەڵێم هان بدەن بۆ هاتنە پێشەوە، مەبەستم ئەوەیە ئەوان گەنجەکان بارگاوی نەکەن بەمێژووی خۆیان و کێشەو ئاڵۆزیەکان، بەڵکو بەتەمەنەکان لەگەنجانەوە ژیان و سیاسەتی سەردەم فێرببن”.
بەڵام پێشی وایە نابێ نزیک بونەوەکان ئامانجی دروستکردنی مەترسی بێت بۆ سەر لایەنەکانی تر، و بۆ نوچەنێت دەڵێت”هەموو لیکنزیکبوونەوەیەک بەباش دەزانم، لەنێوان هەر هێز و گروپ و لایەنێکی کوردی دا بەومەرجەی بۆ هەڕەشە یان بۆ پشتشکاندنی هیچ لایەنێکی دیکە نەبێت و بەرژەوەندی گشتی ڕەچاو بکرێت نەوەک قۆرخکردنی دەسه ڵات و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی خەڵکی کوردستان”.
توانا وەک گۆڕانخوازێک دەشڵێت”هیوام دەخواست هەر لەسەرەتای دروستبوونی بزوتنەوەکەوە یەکێتی و پارتی بەچاوی دوژمن لەگۆڕانیان نەڕوانیایەو بەڕۆحێکی وەرزشیانەوە هاتنە ئارای بزوتنەوە کەیان وەربگرتایە، دەبێت هەموو لاو لایەنەکان بزانن کورد لەو ناوچە وجوگرافییایەی خۆیدا، هیچ کەسێک دۆستی نابێت ئەگەر خۆی دۆستی خۆی نەبێت”.
هەروەها کۆبونەوەی بەرفرەوانتری لایەنان بە پێویست دەبینێت و لە لێدوانەکەیدا بۆ نوچەنێت، وتیشی”هەر شتێک ماڵی کورد ڕێکبخات بەباشی دەزانم. وەک تاکێکی ئەو کۆمەڵه ئازار چەشتوە لەڕێگەی ئێوەشەوە وەک هاوڵاتییەک پێشنیار دەکەم، کۆبوونەوە لە نێوان تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا و بارزانی سازبکرێت و چەندی دەکرێت لەپێناوی خێر و خۆشی ئەو خەڵکەدا هاوکار و هاوڕێ بن.ئەوان مالکی و تورک و عەجەم دەبیینن، ئیدی هیچ بیانوویەک نییە بۆ ئەوەی یەکتری نەبینن”.