
ئازا حەسیب قەرەداغی: گۆڕان هەڵگری هەموو بەها و پێوەرە تەقلیدییەکانن
نوچەنێت
ئازا حەسیب قەرەداغی دەڵێت، بزوتنەوەی گۆڕان لەهیچ نمونەیەکی نوێیان لەکاری رێکخراوەیدا پێشاننەداوە، جیاوازبێت لە نمونە تەقلیدییەکان، پێشی وایە، ناکرێ بەهۆی ئەوەی سێ ساڵە خۆیان راگەیاندووە، وەکو حزبێکی نوێ لە بزوتنەوەی گۆڕان بروانرێت.
دوای ئەوەی نەوشیروان مستەفا رێکخەری بزوتنەوەکە بەیاوەری شاندێک لەسەرکردە کۆنە یەکێتییەکانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان، سەردانی تاڵەبانی سەرۆک کۆماری عێراق و سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانیکرد، لە پێکهاتەی شاندەکەدا هیچ لە سەرکردە یان کادرە گەنجەکانی بزوتنەوەی گۆڕان نەبینرا، بەشێک لە گەنجانی بزوتنەوەی گۆڕان لەو بارەوە رەخنەیان لە بزوتنەوەکەیان گرت و، بەرای چاودێرانیش بەشداری پێنەکردنی گەنجان سەلێمێنەری ئەوەبوو کە ئەو بزوتنەوەیەش بەهەمان شێوازی تەقلیدی حزبەکانی تری کوردستان کاری رێکخراوەیی دەکات.
ئازا حەسیب قەرەداغی نوسەرو رۆشنبیر لەو بارەیەوە بۆ نوچەنێت دەڵێت” بزووتنەوەی گۆڕان ئازادە کێ لە هەڵسوڕاوانی خۆی وەکوو شاند دەنێرێتە کۆبوونەوەکان. بێگومان ئەو بزووتنەوەیە خۆی دەتوانێ پاساوی ئەوە بهێنێتەوە کە ئەم پرسیارەی ئێوەی دروست کردووە. هەروەها لە هیچ پێکهاتەیەکی دیکەی رێکخراوەییدا نموونەیەکی نوێ و جیاوازی لە نموونە تەقلیدییەکانی رێکخراوەیی حزبی سیاسی کوردستانی پێشکەش نەکردووە تا لە پیکهێنانی شاندەکەیان بۆ لای هەڤاڵانی ی.ن.ک چاوەڕوانی نوێی لێ بکەین”..
لەبارەی ئەوەی کە بزوتنەوەی گۆڕان وەکو حزبێکی نوێ بۆچی نەیانتوانی لە پێکهێنانی شاندەکەیاندا، نمونەیەکی نوێ پێشان بدەن؟، قەرەداغی پێی وایە ئەوانیش”حزبێکی نوێ نین. لەبەر ئەوەی سێ ساڵە خۆیان ئیعلان کردووە، مانای وا نییە نوێن.. ئەوان هەڵگری هەموو بەها و پێوەرە تەقلیدییەکانی حزبی سیاسین، ئەو پێوەر و بەهایانە لە هەناویاندایە، بەشێکی جیانەکراوەیە لە تێفکرین و هەڵسوکەوت و چۆنێتی خۆ رێکخستنیان”.
تەوەر.. کۆبونەوەی یەکێتی و گۆڕان … ئازا حەسیب قەرەداغی: گۆڕان هەڵگری هەموو بەها و پێوەرە تەقلیدییەکانن
0
Share.