تەوەر .. کۆبونەوەی یەکێتی و گۆڕان .. رابەر رەشید : هەر لەسەرەتاوە جیابونەوەی گۆڕان تاکتیک بوو

0

رابەر رەشید : هەر لەسەرەتاوە جیابونەوەی گۆڕان تاکتیک بوو
نوچەنێت
رابەر رەشید سەرنوسەری پردێی ئازاد، لەبارەی دواین کۆبونەوەی نێوان یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان، پێی وایە، کە بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی هەر یەک حزبن و لە ئایندە یەکدەگرنەوە، هۆکاری جیابونەوەکەش هەر لەسەرەتاوە بەوە ناو دەبات، کە یەکێتی بەهۆی رێککەوتنی ستراتیژییەوە توانای رەخنەگرتنی توندی لەپارتی نەبووە، بۆیە ئەو باڵەی وەکو تاکتیکی کاتی جیا بونەوە.
رابەر رەشید، بۆ نوچەنێت دەشڵێت”من وەكو رۆژنامەنووسێك هەر لەسەرەتای دروستبوونی (بزووتنەوەی گۆڕان)ەوە، بۆچوونم وابووە، كە ئەوانەی لە یەكێتی جوودابوونەتەوەو ناوی (بزوتنەوەی گۆڕان) یان لەخۆیان ناوە، ئەوان هەر یەكێتین و ئەم هەنگاوەی دەینێن جگە لە تاكتیكێكی كاتی بەولاوە شتێكی دیكە نییە، چونكە هەڵوێستەكانی ئەو بزووتنەوەیە هەمان هەڵوێستی خودی یەكێتییەو گۆڕانكارییەكی ئەوتۆی تێدا نییە، چ لە روانگەی عێراقچێتی و گەڕانەوە بۆ بەغداو چ مامەڵەكردن لەگەڵ پرسی كەركوك و پرسە چارەنووسسازەكانی دیكە، بڕواشم وابووە كە هێندە نابات جارێكی دیكە یەكتر دەگرنەوەو دەبنەوە یەكێتی”.
بۆ زیاتر سەلماندنی ئەو رایەی کە لەمەڕ بزوتنەوەی گۆڕان هەیەتی، ئەو رۆژنامەنوسە دەشڵێت”رەنگە كەسێك بپرسێت: ئەی باشە ئەم هەموو هەراو زەنایە بۆچی؟ وەڵامەكەیشی زۆر ئاسانە، خودی یەكێتی نیشتیمانی بەهۆی ئەو رێككەوتننامە ستراتیژییەی كە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا هەیەتی و بەر لە رێككەوتننامە ستراتیژییەكەش بەهۆی ئەو رێككەوتننامانەی نێوانیان ناتوانێت رەخنەی توند لە پارتی بگرێت، من ئەم قسانەم لەسەرەتای دروستبوونی گۆڕانەوە كردووەو ئێستا وا بە خشكەیی خەریكە بۆچوونەكانم دێنەدی و لەهەر دەرفەتێكدا كە یەكێتی توانای هەڵكێشانی هەناسەیەكی هەبێت دوور لە پارتی، ئەوا ئەو پرسە یەكلایی دەبێتەوەو ماڵە كۆنەكە ئاوەدان دەكەنەوە”.
رەشید ئەوەشی وت”ئەوەشمان لە بیر نەچێت، ئەوانەی لە شۆڕشی شاخ‌و شاردا دەستیان بە خوێنی رۆڵەكانی گەلەكەیان سووربێ، زۆر ئەستەمە توانای هەڵمژینی هەناسەی پێشكەوتن و ئازادیی تاك و كۆمەڵگایان هەبێت”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com