
ئاڵا تاڵەبانی، یەکێتی متمانەی پێنەکردو رەخنە لەپارتی ئەگرێت
رزگار رەزا چوچانی . سوید
لەودەم کەباسی سەندنەوەی متمانە لە مالیکی دەکرا، موقتەدا سەدر سەنگەری بەرانبەر مالیکی هەڵبژاردبوو، بەڵام خۆی دان بەوەدا دەنێت لەکۆبونەوەی هەولێر، وتویەتی مەرجمان ئەوەیە کە دەبێت شیعەیەک جێی مالیکی بگرێتەوە، قسەکانی موقتەدا سەدر بانگەوازی ئاشکرایە کە شیعە لای ئەوان هێڵی سورەو کەس بۆی نییە بیبەزێنێت.
لەبەرانبەردا و بۆ هەمان گرفت زۆرێک لە نوێنەرانی کورد لەبەغداو لە سیاسیەکانی کوردیش لەکوردستان، سەدان جار کوردبوونیان بەزاند، خۆ ئەگەر بۆیان بکرایە ئاسایی بوو تەخت و تاراجی دەسەڵاتی هەرێم بروخێنن، بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی پشتەکانیان، یان یان سەلماندنی ئەوەی کە لایەنی بەرانبەریان هەڵەبووەو ئەمان راست و دروست و واقیعبین.
لەو کاتی کێشەکانی هەرێم و مالیکی لەتەقینەوەدا بوون، ئاڵا تاڵەبانی نوێنەری کورد لەبەغدا، یەکێک لەو کەسانەبوو کە خەریک بوو لەگەڵ کاربەدەستان لەسەرۆکایەتی هەرێم شەڕە گەڕەکی دروست دەکرد، چەندین جار وتارو دژەو وتار و وەڵامنامەی پەخشکرد، هۆشداریشی دەدا، کە ئەگەر زۆر لەسەری بڕۆن ئەوە قسەی تریشی دەبێت، لەوێ دەمێوە کە کێشەکانی بەغدا دروستبوون هەتا ئیستا ئەو خانمە زیاترین قسەو زیاترین دەرکەوتن و زیاترین لێدوانی داوە، رەنگە ئەم هەموو دەرکەوتنە لای خوێنەرو بینەرێکی ئاسایی کورد، بوبێتە بروانامەی لێهاتووی و لەسیاسەتزانی خاتوو ئاڵا، ئەم بروانامەش بۆخۆی بوبێتە ئاوێنەیەکی درۆزن و روویەکی تری خۆی پێشاندابێت، کە زۆر گەورەتربێت لەتواناکانی خۆی، بۆیە بەملاو بەولا لێدوانەکانی پەخش دەکات، بێ بیرکردنەوە لەوەی کە لێدوانەکانی لەزیانی کورد دەچێتە گیرفانی کێ وە.
رەنگە خۆی وا ببینێت کە قسەکانی بۆ پرسی کورد نەخشی دیوارن، یان پاساوی ئەوێ بێ ئەو راست بێژەو راستی دەڵێت، لێ لای سیاسی هۆشمەند، یان لای خەڵکی خوێنەوار و لەسیاسەتزان، ئەو هەموو دەرکەوتن و قسەکردنانەی خاتوو ئاڵاو چەند پەڕلەمانتارێکی تر، نەک لەسودی کورد نەبووە بەگشتی، بەڵکو لەسودی خودی خۆشیان نەبووە، چونکە زۆرکات بێ بیرکردنەوە لەوەی کە دەیڵێن قسەیان پەخشکردووە و لێدوانیان بەخشێوەتەوە، وەک ئەوەی لە گەرمەی لێدوانەکانی مالیکی لەدژی نوێنەرانی کورد لە بەغدا، ئالاخانیش لەکەناڵێکی ئاسمانی کوردییەوە، قسەکانی وی تەرجومەی کوردی دەکرد و بەناوی خۆیەوە پەخشی دەکردەوە.
ئاخر راگەیاندن ئەگەر هۆکار و هاوکارە بۆ بە ئەستێرەکردنی خەڵک، لەهەمانکاتیشدا ئەگەر بە هۆشیاری، دەرکەتوو مامەڵە لەگەڵ قسەو دەرکەوتنەکانیدا نەکات، هۆکارو هاوکارە بۆ هەرەسهێنانیشی، رەنگە ئەمەیان لەوڵاتێکی دوای جەنگی وەکو کوردستان زۆر چاوەڕوانکراو نەبێت، چونکە خەڵکی وڵاتانی دوای جەنگ زەمەنێکی زۆریان دەوێت تا لەژێر کاریگەرییەکانی وتارو لێدوانی حەماسی دێنە دەرەوە، یان بەدەرکەوتنی زۆری راگەیاندن تێناکەن و ریزبەندی بۆ وشەبەوشەی لێدوانەکان دەکەن، هەر لەو قۆناغەشدا بەهۆی هۆگر یان بێ ویستی خۆیان وابەستەبوونی کۆمەڵی کۆمەڵگەکانی دوای جەنگ، سیاسیگەلێک لە نێوایاندا هەڵدەتۆقن و خۆیان وەک ئەستێرە پەخشدەکەن و خۆشیان وەکو فریادرەس دەناسێنن.
راستە تا ئێستاش کوردستان وڵاتی دواجەنگەو خەڵکەکەشی کاریگەری حەساسیەتەکانی جەنگ و وتارە بێ بنەماو حەماسخولقێنەکانی جەنگی بەسەرەوە ماوە، بەڵام ئەمەش بەمانای ئەوە ناێ، ئیدی لەوڵاتی ئێمە کەسانێک نین وردبینانە لە لێدوانەکان بروانن و بیانخەنە ژێر پرسیارەوە، بگرە خەڵکێکی زۆریشمان هەن هەست بە ناتەبایی و دژ بەیەکی بۆچونی ئەمرۆو دوێنێی سیاسیەکانیان دەکەن، و لەسەر هەمان بنەماش لێیان دەروانن، بەدڵنایی هەبوون و دەربرینی وتاری ناتەباو دژ بەیەکیش، وتاردەر وەک کەسێکی ناجێگر لەقسەو لێدوان دەناسێنێت، خۆ ئەگەر بەم پێوەرەش هەڵسەنگاندن بکەین بۆ لێدوانەکانی ئاڵا خاتونیش ئەوە بەهۆی ئەوەی ناتەباییەکی زۆر لەنێوان لێدوانەکانیدا دەبینین، دەوانین بڵێین ناجێگرییەکی ئاشکرا لە لەفکرو تێگەشتنی ئاڵاخاندا بوونی هەیە.
با لێرەدا لەدوێنێ بگەڕێین، چونکە ئەگەر دوێنێ بمانوتایە لێدوانەکانی ئاڵا خان ناجێگیرن و ناتەبان لەگەڵ یەکتر، یان لەسەر بنەمایەکی فول حزبی رەخنەکانی ئاراستەی کوردستان دەکات، ئەوە بێ یەک و دوو پێیان دەوتین، دەستێک لەپشتت دراوە بۆ ئەوەی ئەم رایە لەسەر ئەم خانمە ئەسترەی سیاسەتی کورد بخەیتەڕوو، لێ شوکور بۆخوا ئێستا گرژییەکە هەندێ کاڵتر بۆتەوەو حەماسی ئەو بەڕێزانەش هەندێ هاتۆتە خوارەوە، بۆیە دەتوانین دواین لێدوانە دژ بەیەکەکانی ئاڵا خاتوون بخەینەڕوو و چەند پرسیارێکیشی تێبگرین.
بڕواننە لێدوانەکەی ئاڵا تاڵەبانی بۆ لڤین، کە تێدا مەبەستی راستی خۆی لەرەخنەکان ئاشکرا دەکات، کە ئایا بۆچی و لەپێناوی چی رەخنە دەکات.
ئاڵا خانم بەهۆی ئەوەی ماوەیەکی زۆرە، واتە چەند هەفتەیەکە دەرفەتی نەبووە رەخنە لەپارتی بگرێت، یان هۆکاری بەدەستەوە نەبووە، پێکهێنانی لیژنهی مادهی”140″ی دهستوری عیراقی لە پەڕلەمانی عێراق، بەدەرفەت ئەزانێت و دەیکاتە هۆکار بۆ خستنەڕووی رەخنەکانی لە پارتی و دەڵێت”بههۆكاری سیاسی و حزبی پارتی ڕێگهی نهدا نوێنهری كوردی كهركوك لهو لیژنهیه ههبێت، چونكه پارتی بهس كاك عارف تهیفوری ههبوو، بهلام لهبهر ئهوهى جێگری سهرۆكی پهرلهمانه بۆ ئهو لیژنهیه نهدهبوو ببێته ئهندام بۆیه دوو نوێنهری موسڵیان هێنا، لهكاتێكدا پێنج پهڕلهمانتاری یهكێتی خهڵكی كهركوكن”.
ئاڵاخانم لەم باسەدا، وەک ئەوەی دەردەکەوێت دەیەوێ بەزۆر جێگەی رەخنەیەک لەپارتی بکاتەوەو کێشەیەک لەنێوان کەرکوک و پارتیدا دروست بکات، بۆیە خۆی لە راستیەکان لا ئەدات و پێی وایە ئیتر خەڵکێک نییە بڵێن خانم تۆ لەم رەخنەدا سەرکەوتوونەبوویت و ئەو هینەی کە فڕێتدا ناوچاوانی خۆتی گرتەوە، چونکە ئاڵا خان بۆخۆی دەڵێت پارتی پەڕلەمانتاری کەرکوکی نییە، بۆیە کەرکوکییەکانی دانەنا، بەڵام یەکێتی پێنج پەڕلەمانتاری کەرکوکی هەیە.
من بەپشت بەستن بەقسەی خۆی لێرەدا لە ئاڵا خان دەپرسم. ئایا ئەگەر پارتی پەڕلەمانتاری کەرکوکی نییە، و حزبایەتی کردووە، بۆیە تۆ رەخنەی لێ ئەگریت، ئەدی حزبەکەی تۆ چیکردووە؟، خۆ ئەویش نوێنەرێکی هەیە لەو لیژنەیە و خەڵکی کەرکوکیشی دانەناوە، خۆ ئەگەر پارتی پەڕلەمانتاری کەرکوکی نییە وەک تۆ ئەڵێی، یەکێتی بەبەڕێزتانەوە پێنج پەڕلەمانتاری کەرکوکی هەیە، ئەی ئەو بۆچی داینەناوە؟ ئەی ئەگەر پارتی حزبایەتی رێگای نەداوە کەرکوکیەک دابنێت، یەکێتی چی رێگری لێکرد؟ کەمتوانایی ئێوە کە پەڕلەمانتاری یەکێتین و کەرکوکین؟ یان ئەویش وەک ئێوە دەڵێن حزبایەتی کردووە؟ ئەی ئەگەر ئەویش حزبایەتی کردووە، بۆچی رەخنەکەت بەتەنها لەپارتی یە و ئەوت کردۆتە ئامانج؟.
باشە ئەگەر یەکێتی لە پێنج ئەندام پەڕلەمانی خۆی کە وەک دەڵێی خەڵکی کەرکوکن، کەسیان بەوە نەزانێت بیکاتە نوێنەری خۆی لەو لیژنەدایەدا، چ عەجەب ئاڵاخان چاوەڕێیە حزبەکەی بەرانبەری بەشیاوی ئەوەیان بزانێت بیانکاتە نوێنەری دەنگەکانی خۆی؟. بەراست هۆکار چییە ئاڵاخان حزبەکەی خۆی ئەو بروایەی پێنەبەخشیوە بچێتە ئەو لیژنەیە، بەڵام ئەم دێت پارتی تۆمەتبار دەکات بەوەی کە نەیهێشتووە خەڵکی کەرکوک لەو لیژنەیەدابن؟.
بێگومان وەڵام لای من هەیە، کە بۆچی ئاڵا خان دەیەوێ پارتی تۆمەتبار بکات لەم پرسەداو یەکێتی بەبەرپرس نازانێت، بەڵام با وەڵام بۆ خوێنەر بێت، خوێنەر هەڵسەنگاندن بۆ قسەکانی ئەو خاتونە بکات، کە دەڵێ پارتی ئەندام پەڕلەمانی نیە خەڵکی کەرکوک بێت، بۆیە نەیهێشت کەرکوکییە پەڕلەمانتارەکان، ببنە ئەندامی لیژنەی مادەی ١٤٠. بەڵام باسی ئەوە ناکات یەکێتی بە ئاڵا خانمەوە پێنج ئەندام پەڕلەمانی کەرکوکی هەیەو کەسیشی لەو لیژنەیە نەکردە ئەندام و پەڕلەمانتاری شارێکی تری دانا.
،،،
ئەم وتارە لە گۆڤاری سڤیل چاپکراوە