د. ئاسۆس فاتیح رەسوڵ: کارەبا بەرهەمهێنان ماوەی دەوێت بۆیە رەخنە لەحکومەتی کوردستان ناگرم و دەستخۆشیان لێدەکەم

0

د. ئاسۆس فاتیح رەسوڵ:

لەگەڵ ئەوەی هێشتا پێویستی خەڵکی کوردستان بۆ کارەبا دابین نەکراوە، هێشتا خەڵک کێشەی کەمی کارەبای هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کەمن دەزانم کارەبا بەرهەمهێنان چەند ماوەی دەوێت، رەخنە لەحکومەتی کوردستان ناگرم و بەدڵ حەزدەکەم دەستخۆشیان لێبکەم

کە خەڵک رەخنە دەگرێت رەنگە بیر لەوە نەکاتەوە دروستکردنی وێسگەو تۆڕی کارەبا چەند کاتی دەوێت لە هەموو جیهان دروستکردنی وێسگەی کارەبا پرۆژەی خێرانیە و کاتی زۆر دەخایەنێت

ساڵی ٢٠٠٨ لەکوردستان بەرهەمهێنانی کارەبا ، ١٨٠٠ میگاوات بوو، نزیکەی ٣-٤ کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی دەدرایە هاوڵاتیان، ئێستا لەکوردستان وەبەرهەمهێنانی کارەبا ٣٠٠٠ میگاواتە، لەماوەی چوار ساڵدا دوو بەرابەر زیادی کردووە و ٢٢ کاتژمێریش کارەبا دەدرێتە هاوڵاتیان

سویدییەکان بیر لەوە دەکەنەوە کارەبایەک بکرن، کە لە خەڵوز و نەوت و گاز دروست نەکرابێت، چونکە ژینگە پیس دەکات، لە ئەتۆم دروست نەکرابێت، چونکە پاشماوەکانی زیانی بۆ سیحەت هەیە، لە ئاو دروست نەکرابێت، چونکە حوریەتی ماسییەکان تێک ئەدات، بەڵام ئەوەی رێیان لێ دەگرێت ئەو ویستەیان جێبەجێبکەن هەندێ کات بیرکردنەوە لە خەرجییەکەیانە

لە پرۆژەکانی کارەبا لەکوردستان دیراسەی ورد نابینم ترسی زۆرم لەوە هەیە لەداهاتوو کێشەی گەورەترمان بۆ دروست بێت

بەرهەمهێنانی کارەبا بە گاز ژینگە پیس دەکات، بەڵام لەکوردستان زیرەکانە پشت بەو سیستەمە دەبەستن هەوا پیسەکە ناهێڵن بچێتە دەرەوە ژینگە پیس بکات و بۆ بەرهەمهێنانی زیاتر بەکاری دەهێنن

..

د. ئاسۆس فاتیح رەسوڵ، کوردێکی هەولێری و هەڵگری بروانامەی دکتۆرایە لەبواری وزەی کارەبا، ئێستا یەکێک لەکەسە دیار و خەبیرەکانی کارەبایە لەوڵاتی سوید، لەم دیمانەیەی گۆڤاری سڤیل دا، لە چۆنیەتی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبا لەوڵاتێکی پێشکەوتووی وەک سوید ئەدوێت، قسەلەسەر پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لەکوردستان دەکات، بەرانبەر بەو پرۆژانە دڵخۆشی خۆی دەخاتە روو، بەڵام لە ئایندەی پرۆژەکانی کارەبای کوردستان قەلەقە.

پرۆفایل

د. ئاسۆس فاتیح رەسوڵ لەشاری کۆیە لەدایک بووە.

ساڵی ٨١ ئامادەیی لەهەولێر تەواو ئەکات، هەمان ساڵ کوردسانی بەجێهێشتووە.

ساڵی ١٩٩١ لەمۆسکۆ دکتۆرای لە بواری وزەی کارەبا تەواو کردووە.

لە ساڵی ١٩٩٢ وەوە لەسوید دەژی.

ساڵی ٩٤ هەتا ٩٧ سەرۆکی کۆلێژی ئەندازیاری کارەبا بووە، لە زانکۆی  مەلەکی تەکنیک KTH لە ستۆکهۆڵم.

ساڵی ٩٧ تا ساڵی ٢٠٠٦ لە گەڵ گەورەکۆمپانیای جیهانی ABB بۆ پێشخستن و دروستکردنی تەکنەلۆژیای نوێ وزەی کارەبا، لە بەرهەمهێنان و گواستنەوەو دابەشکردنیدا، لەزۆر وڵاتی جیهان کاری کردووە وەک وڵاتانی ئەروپا و ئەمریکا، ئەفریقیا و یابان.

ساڵی ٢٠٠٦ تا ٢٠٠٨ لە کۆمپانیای VATTEN FALL کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی ئەورپا لە بواری بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبا سەرۆکی بەشی، تۆڕەکانی وزەی نێودەوڵەتی بووە.

لەسەرەتای ساڵی ٢٠٠٨ ەوە تاکو ئێستا لەسوید و لە کۆمپانیایSTRI   وەک جێگری سەرۆکی کۆمپانیا کار دەکات، کە ئەم کۆمپانیاش سەربە گەورە کۆمپانیای ABB ی جیهانیە.

….

نوچەنێت . سڤیل

رزگار رەزا چوچانی . سوید

سڤیل: لەسوید زیاتر پشت بەچی ئەبەسترێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا؟.

د. ئاسۆس فاتیح رەسوڵ: سوید خۆی وڵاتێکی بچوکە بەڵام مێژووەکەی مێژوویەکی سەیرە، زۆر شت لە بواری کارەبا کە ئێستا لەهەموو جیهان کاری پێبکرێت، لەسویدەوە دەستی پێکردووە، لەساڵی ١٨٨٧ ەوە لەم وڵاتە ئەو کۆمپانیای  ABB دروستکراوە کەیەکێکە لەکۆمپانیا جیهانییەکان بۆ کارەبا، ئیستا سوید بووەتە نمونەیەک کە هەموو شتە هەرەباشەکان کە لەبواری کارەبا لێرە دروسدەکرێت، بۆنمونە یەکەمین هێڵەکانی ٤٠٠ کەیڤی لەهەموو عالەم، لەساڵانی ٤٠ی سەدەی پێشوو لەسوید دروستکراوە، یەکەمین هێڵی گواستنەوەی DC لەسوید لەساڵانی پەنجاکان لە سوید دروستکراوە، ئیستاش تەکنەلۆژیا هەرە پێشکەوتووەکانی بواری کارەبا هەر لەسوید دێتە دروستکردن، بۆیە ئەتوانین بڵێین سوید دنیایەکی بەرفرەوانی ئەزموونی جیهانە لەکارەبا، بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە سوید زیاتر لەنیوەی پشت بە ئاو دەبەستن، لە % ٤٠ ی کارەبای ئەم وڵاتە، لە وزەی ئەتۆم بەرهەم دێت، و سێ وێسگەی گەوەری ئەتۆم هەیە، دواتر لە % ٢ی لە با بەرهەمدێت، هەندێ وێسگەش هەن تاکو ئێستاش بەرەژوو یان بەنەوت و گاز وزە بەرهەم دەهێنن ئەوانەش رێژەیان کەمە، لە سوید ئاستی وەبەرهەمنانی کارەبا دەگاتە ٢٨٠٠٠ میگاوات ،. لەو برە کارەبایەش کە بەرهەم دێت لەسوید، لە نیوەی زیاتری لەبواری پێشەسازی بەکار دەبرێت.

سڤیل: لە سوید کاتێک باسی کارەبا دەکرێت گوێت لەدەستەواژەیەک دەبێت، وەک کارەبای پیس و کارەبای پاک، زۆرکات هاوڵاتیانیش لە کرینی کارەبا لە کۆمپانیایەک پرسیاریان هەیە، ئایا سەرچاوەی کارەبەکەیان پیسە یان پاک. مەبەست لەمە چییە، یان پیس و پاک بۆچی گرنگە لایان؟.

د. ئاسۆس فاتیح رەسوڵ: لەسوید کە باسی کارەبای پیس و کارەبای پاک دەکرێت، مەسەلە ژینگەیە، بیرکردنەوە لە ژینگەش زۆر لای خەڵکی ئەم وڵاتە گرنگە، ئێستا لەهەموو ئەورپاش بەرنامەیەک هەیە، کە پێی دەڵێن 20- 20- 20 بەمانای ئەوە دێت هەتا ساڵی 2020 لە %20 وزەی پاک کە لەهەواو خۆر بەرهەم دێت زیاد بکات لە ناو سیستەمی بەرهەمهێنانی کارەبادا، لە %20 ئەو گازە پیسانەی کە هەوا پیس دەکات کەمبکرێتەوە. لە %20 بەکاربەری باس بۆ کارەبا زیاد بکات، یانی دەبێت بەکارهێنەرانی کارەبا ئالیەتێک بەکاربهێنن کە کارەبا کەم سەرفبکات، ئەمە هەم خەڵک لەماڵەکەی خۆیدا رەچاوی بکات، هەم لە شەریکە گەورەکانیشدا دەبێت وابکەن، بۆ بەرهەمهێنانی کارەباش لەوزەی پاک کە زیان بەژینگە نەگەیەنێت، لەبەشێک لەوڵاتانی ئەورپا و لەسویدیش سود وەرگرتنە لە با “هەوا” ئەوە بەیەکێک لە ئەلتەرناتیڤە باشەکان دادەنرێت، لەسویدیش بەرنامەی گەورەی بۆ ئەوە هەیە، وەک وتم زیاتر لە%50  کارەبای ئەم وڵاتە لە ئاو بەرهەم دەهێنرێت، بەرهەمهێنان بە ئاویش بەیەکێک لە سەرچاوە پاکەکانی کارەبا هەژمار دەکرێت، بەڵام خەڵکی سوید بیرکردنەوەیەکی هەیە لەوبارەیەشەوە، پێیان وایە ئاویش کار دەکاتە سەر ژینگە.بۆ نمونە  بەهۆیەوە ماسی ناتوانێ بە سەربەستی خۆی لەناو رووبارەکاندا مەلە بکات و سەربەستیان لێتێک ئەدات، یانی پێیان وایە ئەویش زیانی بۆ ژینگەی ماسی هەیە، بەڵام لە خوێندنەوە گشتییەکەدا بەرهەمهێنان بە ئاو بەرهەمهێنانی کارەبای پاکە، چونکە گازی پیس فڕێناداتە دەرەوە، بەشێکی تری کارەبای سوید لە ئاتۆم بەرهەم دێت، ئاتۆم کاتێک کارەبای پێ بەرهەم دێت خۆ گازی پیسی نییە فڕێی بداتە دەرەوە، بەڵام حسابی وردی ژنگەیی هەر ئەوە نییە، کە بڵێن خۆ گاز فڕێ ناداتە دەرەوە، بەڵکو بیر لە کێشە گەورەکەی دەکەنەوە، کە ئەویش ئەوەیە کە پاش ماوەی سوتامەنی ئاتۆم کە لە ویستگەکان فڕئ ئەدرئ سەدەها سالی ئەوێت بۆ ئەوەی مەترسی لەسەر مرۆڤ و ژینگە نەمێنێت بۆیە خەڵی ئەم وڵاتە کەباس لەکارەبای پاک و پیس دەکەن، بیر لەو لایەنانەی دەکەنەوە، واتە لایان دیارە وزەی پاک ئەوەیە کە لەسەرچاوەیەک بەرهەم دێت ژینگە پیس ناکات، وەک بەرهەمهێنان بە هەوا و خۆر، یان ئاو، وزەی پیسیش وەزەی ئەو سەرچاوانەن کە ژینگە پیس دەکەن، وەک بەهەرهمهێنان بە گاز و نەوت و رەژوو ئەتۆم، دیارە خەڵکیش لەم وڵاتە هۆشیاری لەو بارەوە هەیەو ئەوەندەیان کە گرنگی بەو لایەنە ئەدەن خۆیان دوور دەگرن لەو شەریکانەی کە وەک دەڵێی وزەی پیس بەرهەم دەهێنن، بەڵام تا ئاستێک مارکێتی کارەباش رەنگە زۆر ئاسانکاری بۆ ئەوانە نەکات کەمەبەستیانە، چونکە ئەوکات خەڵکێکی زرۆیش ناچارن جگە لەبیرکردنەوە لە ژینگە، بیر لە خەرجی خۆشیان بکەنەوە بۆ کڕینی کارەبا.

سڤیل: دیارە کارەبا لەسوید لەرێگای کەرتی تایبتەوە کاری لەسەری دەکرێت، لێرە تۆ ئەگەر لەناوەراستی وڵات بژیت، ئەتوانی کارەبا لە کۆمپانیایەک بکریت، کە  لەوسەری وڵات کار دەکات، بەهەمان ئەو کێبڵەش کارەبات بۆ ئەنیرێت، کە دراوسێکەت لە ڕێیەوە لە کۆمپانیایەکی ترەوە کارەبای بۆ دێت، ئەم شێوازی دابەشکارییە چۆنە؟.

د. ئاسۆس فاتیح رەسوڵ: راستە لەسوید مارکێتی کارەبا هەیە بازاری ئازادە، من لە ڤێسترۆس ئەژیم کە ناوەراستی وڵاتە، ئەتوانم کارەبا لە کۆمپانیایەک بکرم لە یۆتۆبۆرییە لەو سەری وڵات، یان لە شیمالی سوید، من ئەوکات وەک هاوڵاتییەک کە کارەبا دەکرم بڕیاردەدەم، بیر لەوە دەکەمەوە ئەو کارەبای کە دەیکڕم یان هەرزانتر بێت، یان پاکتر بێت، سیستەمێکی کراوە دروستکراوە کە خەڵک خۆی بڕیار ئەدات و هەڵدەبژێرێت، بۆ ئەو مەبەستەش هۆشیارییەکی گەورە لەناو خەڵک هەیە، خۆیان دەزانن ئەو هەڵبژاردنە چۆن دەکەن، چونکە بۆ مەسەلەی بازاری ئازد لەبواری کارەبا لەساڵی ١٩٩٤-١٩٩٥ لەسوید بەرنامەیەک دانرا و خەڵک  هۆشیاریان هەیە لەبارەیەوە. بۆ گەیاندنی کارەبا دەتوانین بلێین دوو جۆری تۆڕی کارەبا هەیە بەشێکیان پێی دەڵێن تۆڕی گواستنەوە، بەشێکیشیان پێی دەڵێن تۆڕی دابەشکردن، تۆڕی  گواستنەوە ئیشی ئەوەیە کە بە ڤۆڵتییەی بەرز کارەبا بگوازێتەوە بۆ مەسافاتی دووروو درێژ، بۆ نمونە لە باکورەوە تا باشووری سوید، هێڵی گەورە گەورە هەیە، وەک  هێڵی ٤٠٠ کەیڤی کەکارەبانی پێدەگوازنەوە ئێمە لەکوردستان تا ئیستا ١٣٠ کەیڤی مان هەیە . لە بەرنامەی حوکمەتی کوردستاندا هەیە بۆ دروستکردنی هێڵی ٤٠٠ کەیڤی.  بۆ گواستنەوە لەسوید ٤٢٠ کەیڤی هەیە، بەو هێڵە گەورانەدا کۆمپانیاکان کارەبای خۆیان دەنێرنە هەموو سوید،  دوایی لە رێگای تۆڕەکانی دابەش کردن  بۆ نمونە کارەبا دەگاتە شارەکەی من. هێڵی دابەشکردنیش دیارە ڤۆڵتیەکەی نزمترە لە هێڵی گواستنەوە – ، لەسوید ئەم دوو بەشەیان لەباری کارکردنیشەوە جیا کردەوە، یەک کۆمپانیا هەموو هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبای لەبەردەستەو ئەو کاری لەسەر دەکات، کە کۆمپانیایەکی حکومییە، بەشەکانی تر وەک بەشی دابەشکردن و بەرهەم هێنان کراوەیە، کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کاری تیا دەکەن، لەنێوان هەموو کۆمپانیاکان و حکومەت بڕیارێک هەیە کە هەموویان ‌هێڵەکانیان کراوە بێت بۆ بەرهەمەکانی یەکتر، یانی لە گەرەکێکدا ئەگەر ١٠ ماڵی تیا بێت، ئەو دەماڵە ئەتوانن لە ١٠ کۆمپانیای جیاواز کارەبا بکڕن مانگانەو هەمووشیان بە هەمان کێبڵی دابەشکردنی کارەبا کارەباین بۆ ئەچێتە ماڵەوە، نەک هەر شەریکەیەک کێبڵێکی هەبێت و هەر ماڵێکێک کێبڵێک راکێشێت، شەریکەکانیش لەڕێی پێوەرەکانی ماڵانەوە دەزانن، بڕی چەندیان فرۆشتووە بەو ماڵانە، پێوەرەکە پێشانی دەدات، کە ماڵەکە چەند کارەبا سەرف دەکات، لەو رێگایەوە ئەو کۆمپانیای ئەرکی دابەشکردنی کارەبای لە ئەستۆیە، ئەزانێ ماڵێک چەند کارەبا سەرف دەکات، دەشزانێت ئەو ماڵە عەقدی لەگەڵ کام کۆمپانیا هەیە بۆ کڕینی کارەباکەی، کە رەنگە لەو پەڕی وڵات بێت، کرێی کارەباکە دەگێڕێتەوە بۆ ئەو کۆمپانیایە.

سڤیل: لەناو ئەم هەموو کۆمپانیادا چۆن نرخی کارەبا دیاری دەکرێت لەم وڵاتە؟.

د. ئاسۆس فاتیح رەسوڵ: وەک باسم کرد لەساڵانی ٩٠ بۆ مەسەلەی کارەبا بازاڕی ئازاد هاتە ئاراوەو بڕیاری لەسەردرا، ئەوەش وادەکات کێبەرکێ لەنێوان شەریکەکان دروست بێت بۆ فرۆشتنی کارەبا، هەر شەریکەو هەوڵ بدات زۆرترین کڕیاری هەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش یەکێک لە هۆیەکانی راکێشانی کڕیار دابەزاندنی نرخە، هەموو منافەسەی یەک دەکەن کە کەمترین نرخیان هەبێت بۆ ئەوەی زۆرترین کڕیاریان هەبێت، ئەو بازاڕە کراوەیە نرخی کارەبا دیاری دەکات و ناهێڵێ نرخەکان زۆر گران بن، هەر ئەوەشە وائەکات کە نرخی کارەبا دیاری کراو نییە هەڵبەزو دابەز دەکات، بەڵام ناگاتە سەرووی توانای خەڵکەوە بە شێوەیەک پێی نەدرێت، لەبازاڕی ئازاددا ناتوانی نرخ سنوردار بکەیت،. کەش و ئاووهەوا ، سەرما، گەرما، باران، با ، کارو وەستانی ویستگەو هێڵەکانی کارەبا و تا پێویستی وڵاتەکانی دەورەی سوید [جونکە هێڵەکانیان پێکەوا بەندن] دەتوانێ کار بکاتە سەر نرخی کارەبا بۆ نمونە، لە زستاندا کە شەریکات پێوستی بەکارەبای زیاترە وڵات بۆ مەسەلەی گەرم ڕاگرتن پێویستی بەکارەبای زیاترە، نرخی کارەبا بەرز دەبێتەوە، بەڵام لەهاویندا ئەو ئەو زەختە لەسەر کارەبا نامێنێت، نرخەکان دا ئەبەزن، بۆیە خەڵک بەشێکیان بیر لەوە دەکەنەوە کە لەهاویندا عەقدی ساڵێکی کارەبا لەگەڵ شەریکەیەک بکەن لەسەر بڕە پارەیەک، مانگانە کارەبای خۆی وەردەگرێت و هەمان نرخ دەدات کە عەقدی لەسەرکردووە کە دەتوانێ نرخێکی مامناوەندی بێت لە مابەینی نرخی هاوین و زستان، بازاری ئازاد بەدەر لەوەی کە بۆ قۆرغ نەکردنی بازاری کارەبا و بەرزنەبوونەوەی نرخ باشە، سودی ئەوەشی هەیە بەکاربەری کارەبا واتە خەڵک ناچار دەبێت بیر لەوە بکاتەوە کەمترین رێژەی کارەبا بەکار بهێنێت لەماڵەکەی خۆیدا، کاتێک پێویستی بە گڵۆپی ژورێک نییە ئەیکوژێنێتەوە، بیر لەهەموو ئالەتە کارەباییەکانی دەکاتەوە کە کارەبایان کەم پێویست بێت.

سڤیل: ئەگەر باسی کوردستان بکەین، ئێستا چەند وێسگەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی کارەبا لەکوردستان دروست دەکرێت، چ جیاوازییەک ئەبینی، لەنێوان پرۆژەکانی کارەبا لە کوردستان و لە سوید؟.

د. ئاسۆس فاتیح رەسوڵ: بێگومان جیاوازی زۆر دەبینرێت، سوید وڵاتێکی پێشکەوتووەو ئەو ئالیەتانەی بۆ بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبا کاری پێدەکەن، ساڵ دوای ساڵ شتی نوێیە، پێویستی کارەبا لەسوید ئێستا لە ئاستێکدا وەستاوە، ساڵانە ئەگەر لە % 1 -2  زیاد بکات، لێرە بەردەوام بۆ زیاتر پێشخستنی ئەو بوارە لێکۆڵینەوە دەکرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵام لەکوردستان هەوڵەکان بۆ بەدەستخستنی رێژەی پێویستی کارەبایە ، لەکوردستان بوارێک کەدەبێت هەر ئێستا لەگەڵ دروستکردنی وێسگەی کارەبا بیری لێبکرێتەوە، دروستکردنەوەی تۆڕەکانی کارەبایە، واتە ئێستا ئێمە لەکوردستان وێسگەمان بەپێی پێویست نییە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، تۆڕەکانی گەیاندن و دابەشکردنی کارەبامان پێویستیان بە بەهێزکردن و چاکردن و دروستکردنی هێڵی نوێیە، لەگەڵ ئەوانەش ساڵانە پێویستی کارەبا بەڕێژەیەکی زۆر زۆر زیاد دەکات، چونکە ئێستا زۆربەی شارەکانی کوردستان بەشێوەیەکی زۆر خێرا گەشە ئەکەن، بۆیە پێویست بوونی کارەباش لە زیادبوونێکی گەورەدایە ساڵانە، ئەم گەشەکردنە خێراو زیادبوونەی پێوسیتییەیە، کە حکومەتی کوردستانی ناچارکردووە بیر لە خێرا چارەسەرکردن و بەرهەمهێنانی خێرا بکاتەوە، ئەوەش جیاوازی گەورەیە، کە لێرە سەرقاڵی پێشترخستنی کارەبابن، لەکوردستان ناچاربن پەلە لەبەرهەمهێنانی کارەبای پێویست بکەنەوە، بۆ نمونە ئێستا لەسوید بەرنامەی گرنگیان ئەوەیە، کە هەوڵ بدەن پشت بە هەوا ببەستن بۆ بەرهەمهێنان لەپێناوی پاراستنی ژینگەی پاک، لەوێ پەلەیانە بەهەر رێگایەک بێت، کارەبا بدەنە خەڵک، ئاخر کارەبا یەکێکە لەپێویستیە هەرە سەرەکییەکانی ژیان، ئەم پێویستیە لەکوردستاندا بەدرێژایی مێژوو کاری بۆ نەکراوە، وڵاتیش لەگەشەکردندایە، ئەوەش وایکردووە لەپێناو چارەکردن و دابینکردنی ئەو پێویستیە لە کارەکانی حکومەتی هەرێمدا خێرایی و پەلە ئەوان پێشبڕکێ لەگەڵ کات دەکەن کە لەخێراترین کاتدا چارەسەری کێشەی کارەبا بکەن، ناچاریشن وا بکەن، بۆیە لەکارەکاندا بۆ هەندێ شتی گرینگ کات نابێت کە رەچاو بکرێت یان بیریان لێبکرێتەوە  .

لەسوید ئێستا مادام کێشەی کارەبای نییە، ئەگەر بیەوێت وێسگەیەکی نوێ دروستبکات، ئەبێ زەمەنێکی زۆر خەریکی دیراسەکردنی بێت، ئایا ئەمە تاکەی بەردەوام دەبێت، لەکوێ سود بەتۆرەکان دەگەیەنێت لەکوێ زیان بەتۆڕەکان دەگەیەنێت؟، ئەنجامەکەی چی دەبێت؟، هەر خودی ئەو دیراساتە زەمەنی ئەوێ، ئەوجا چۆنیەتی دروستکردن و بەکار خستنیشی کاتی زۆری دەوێت.

لەکوردستان لەگەڵ ئەوەی هێشتا پێویستی خەڵکی کوردستان بۆ کارەبا دابین نەکراوە، هێشتا خەڵک کێشەی کەمی کارەبای هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کەمن دەزانم کارەبا بەرهەمهێنان چەند ماوەی دەوێت، رەخنە لەحکومەتی کوردستان ناگرم و بەدڵ حەزدەکەم دەستخۆشیان لێبکەم، پێش ماوەیەک لەهەولێر بووم، رۆژانە لە ١٨ – ٢٢ کاتژمێر کارەبا دەدرا، ئەگەر ئەمە بەراورد بکەین بە عێراق هەنگاوێکی گەورەیەو شتێکی باشە، بۆیە من لەجێی رەخنە پێشنیارم بۆیان هەیە لەگەڵ ئەوەی ناچارن مسابەقە لەگەڵ کات بکەن، هەوڵ بدەن ئاگایان لە وردەکاری زیاتر بێت لەجێبەجێکردنی پرۆژەکانیان.

سڤیل: ئەو ماوەی لەکوردستان بووی جیا لەوەی کە ئەوەندە کاتژمێر کارەبا ئەدرێت، چی ترت بینیوە جێی رەزامەندیت بێت لەو بوارەدا؟.

د. ئاسۆس فاتیح رەسوڵ: ئەو ماوەی کە لەکوردستان بووم لەنزیکەوە هەندێ شتم بینیوە جێی دڵخۆشیم بووە، بەراستی هەندێ ئەندازیاری زیرەک و لێهاتوومان هەیە لەکوردستان جێی دڵخۆشین، هەندێ پرۆژەی ستراتیژم دەبینی و بینیومە کە دڵخۆش بووم پێی، من پێموایە کاتێک خەڵکی رەخنە دەگرن لە مەسەلەی کارەبا، دەبێت ئاگایان لەو کارکردن هەبێت لەبواری کارەبا، بۆ نمونە ساڵی ٢٠٠٨ لەکوردستان بەرهەمهێنانی کارەبا ، ١٨٠٠ میگاوات بوو، نزیکەی ٣-٤ کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی دەدرایە هاوڵاتیان، ئێستا لەکوردستان وەبەرهەمنانی کارەبا ٣٠٠٠ میگاواتە، لەماوەی چوار ساڵدا دوو بەرابەر زیادی کردووە و ٢٢ کاتژمێریش کارەبا دەدرێتە هاوڵاتیان، بۆیە سەرەڕای هەموو کەموکوڕییەکان، دەبێت ئینسان ویژدانیەن دەستخۆشی لەو کارە بکات، بەڵام کە خەڵک رەخنە دەگرێت رەنگە بیر لەوە نەکاتەوە دروستکردنی وێسگەو تۆڕی کارەبا چەند کاتی دەوێت و چەند پرۆسەیەکی زەحمەتە، بروانە هەموو جیهان دروستکردنی وێسگەی کارەبا پرۆژەی خێرانییە، بەڵکو پرۆژەی مەودا درێژن، کاتی زۆر دەخایەنێت، بۆیە ئەوەی کەمن حەزم لێیە لە ئێستا بەدواوە لەکوردستان لەبواری کارەبا کاری لەسەر بکرێت، و داوش لەحکومەتی کوردستان دەکەم کاری لەسەر بکات، ئەوەیە کە پێش دروستکردنی وێسگەکان و دەستکردن بە پرۆژەکان، دیراسات و لێکۆڵینەوەی ورد بکات، کە پێموایە تا ئێتا بەهۆی پەلەکردن لەدابینکردنی کارەبا بە قوڵی کاریان لەوبارەیەوە نەکردووە، بۆیە دەبێت بیر لەوە بکاتەوە، ئەزانم حکومەتی کوردستان پلانی هەیە تا ساڵی ٢٠١٥ کارەبا بۆ دوو هێندە بەرز بکاتەوە، یانی کە ئێستا ٣٠٠٠ میگاوات کارەبای هەیە بیکاتە ٦٠٠٠ میگاوات، بەنیازن ١٣٠٠ کیلۆمەتر هێڵی نوێی گواستنەوەی کارەبا دروستبکەن، بەهیوام لەگەڵ ئەو بەرنامە گەورانەدا، دیراسەیەکی ورد بکەن، لەپێناو ئایندەی باشتری پرۆژەکان، تۆڕی بەهێزی گواستنەوەو دابەشکردنو بێ هەڵە، هەروەها دڵم بەوەش خۆشە کە ئیستا کۆمپانیای کەرتی تایبەت هاتوونە پێش لەو بوارەو ئەوەندەی من ئاگام لێیە بەدوای ئەوەن کاری نوێ بکەن و تەکنەلۆژیای نوێ بەکار ببەن، بۆ نمونە کۆمپانیای ماس گلۆبەڵ  زۆزگ گروپ، زاگرۆس گرووپ، پڵان گرووپ و چەند کۆمپانیای تر، باوەڕ بکە لەسەردانم بۆ کوردستان، کە کارەکانیانم بینی زۆر دڵخۆش بووم پێیان و هیوام بۆ دروستبوو بەکارەکانیان.

سڤیل: لەسوید ئێستا ئەیانەوێ هێدی هێدی کار بۆ وەلانانی ئەو سیستەمانە بکەن کە ژینگە پیس دەکەن، لەکوردستانیش پرژەی گەورەی گازی بنیات دەنرێت لەبواری کارەبا، بەرای تۆ بۆچی لەم سەرەتایەوە بیر لەو بوارە ناکرێتەوە؟.

د. ئاسۆس فاتیح رەسوڵ: لەکوردستانیش دەبێت بیر لەوە بکرێتەوە کە ئایندە سود لە وزەی خۆرو وزەی با و ئاو وەربگرن، بەڵام ئێستا ئێمە سەدی پێویستمان نییە، تا سود لە ئاو وەربگرین، وزەی خۆرو بامان هەیە، بەڵام ئەوانیش پێویستیان بە پرۆژەی مەودا درێژە، لەبەرانبەردا پێویستی کارەبا تا دێت بەڕێژەیەکی گەورە زیاتر دەبێت، چونکە ئێمە لەو بارەوە ژێرخانێکی باشمان نەبووە لەو وڵاتە، بۆیە نەک بەپەسەندی بەناچاری ناچارن بیر لە پرۆژەیەک بکەنەوە کەکەمترین کاتی بوێت و لە زوترین کاتدا پێویستی هاوڵاتیان دابین بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەش من ئاگادارم حکومەت لە پرۆژەیدایە، کە سێ وێسگەی بەرهەمهێنانی ئاویش بنیات بنێت، کەوایە لەگەڵ ئەوەی ئێستا پشت بە زیادکردنی سیستەمی گازی دەبەستن بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بیریان لەوەش کردۆتەوە کار لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبا بە ئاویش بکەن، بەڵام پرۆژەکانی کارەبای کوردستان بۆ ژینگە، لە پرۆژە هەرە خراپەکانیش نین، چونکە پشت بەگاز دەبەستن، گازیش لەو پرۆژانە پاکترە کە بەنەوت و رەژوو  کارەبا بەرهەم دەهێنن، راستە ئەویش هەر پیسە، بەڵام لەوانی تر پاکترە، واتە لەخراپەکان لەهەموویان باشترە، بەڵام لە ئەلتەرناتیڤە هەرە خراپەکان نییە، ئێستا لە بەریتانیاو ئەڵمانیاش پشت بە هەمان سیستەم دەبەستن و کاری پێدەکەن. دەبێت ئەوەش بڵێین لەکوردستان زیرەکانەش پشت بەو سیستەمە دەبەستن، بۆ نمونە لەو وێسگەی گازی کارەبا کە هەولێر هەیە، ١٠٠٠ میگاوات کارەبا دەدات، ئەو وێسگەیە لە ٨ یەکە پێکهاتووە، لە ئێستادا خەریکی پرۆژەی  کۆمباین سایکڵن.   لە دوو یەکە لەوانە، سود لەهەوا گەرمەکەی وێسگە وەردەگرن، بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، ئەمەش بەکارهێنانێکی زیرەکانەیە، چونکە گازەکە دەسوتێنرێت هەوایەکی گەرم دروست دەکات، ئەو هەوایە دەچێتە دەرەوە، بەڵام ئەوان ناهێڵن بە فیڕۆ بروات سودی لێوەردەگرن بۆ بەرهەمهێنانەوەی کارەبا جارێکی تر، بەوە هەم کارەبای زیاتر بەرهەم دەهێنن، هەمیش کار بۆ پاراستنی ژینگە ئەکەن لە و هەوا گەرم و پیسەی لە گازە سوتاوەکەوە دەردەچێت، چونکە ئەوان هەوا گەرمەکە فڕێنادەنە دەرەوە، بەڵکو ئاوی پێگەرم دەکەن تا ئاوەکە دەبێتە بوخارو بە زەختی بوخارەکە، تۆرباینی تر دەسوڕێننەوە بۆ بەرهەمهێنان، ٥٠٠ میگاواتی تر کارەبا بەرهەم دەهێنن بێ ئەوەی دیسان گاز بسوتێنن.

سڤیل: ئیستا سوید پێشەنگی جیهانە لەزۆر بواری کارەبا، لێرە پسپۆری زۆر کوردی لێیە، بۆ نمونە تۆ هەم لە زانکۆ سەرۆکی کۆلێژ بووی لەوبوارە، هەمیش لە گەورەترین کۆمپانیا کار دەکەیت، بەرای تۆ لەم کاتەدا کە لەسەرەتای دروستکردنی پرۆژەکانی کارەباین لەکوردستان تاچەند زەرورە پشت بەم پسپۆڕە خۆییانە ببەسترێت کە ئەزموونی گەورەیان هەیە لەدەرەوە؟.

د. ئاسۆس فاتیح رەسوڵ: ویڕای ئەوەی کە پێشتریش باسم کرد جێی دڵخۆشییە لەکوردستان ئەندازیاری زیرەک و خەڵکی زیرەکمان هەیە، بەڵام ئەگەر وا حساب نەکرێت کەباسی خۆمان دەکەین، بێگومان زۆر گرنگەو زۆریش پێویستە بیر لەوە بکەنەوە کە پشت بەتوانای ئەو خەڵکە شارەزای کورد لەدەرەوە ببەستن، بۆ سود وەرگرتن لە خیبرەی پێشکەوتووی دەرەوە و خیبرەی کۆمپانیا گەورەکانی دنیا، ئەگەر حکومەتی کوردستان خیبرەی کورد لەدەرەوە کە لەناو سیستەمە گەورەو پێشکەوتووە جیهانییەکان کاریانکردووە، تێکەڵ بەو خەڵکە زیرەکەی خۆمان بکات لەکوردستان، بەدڵنییای دەبنە هێزێکی باشی داهێنەرانە، لەخزمەتی وڵاتدا، من بۆخۆم ئامادەم ئەوەی بەمن بکرێت پێشکەشی وڵاتی خۆمی بکەم.

سڤیل: تۆ یەکێکی لەخەبیرە گەورەکانی کورد لەدەرەوە، هەبووە حکومەتی هەرێم داوا لەتۆ بکات کار بۆ پرۆژەکانی کوردستان بکەیت و سود بەکوردستان بگەیەنیت؟.

د. ئاسۆس فاتیح رەسوڵ: من ئاگام لەخەڵکی تر نییە، بەڵام بەنسبەت خۆمەوە داوایەکی راستەوخۆم لێنەکراوە. خۆتان دەبینن و خەڵکیش دەتوانێت بزانێت من خۆم کاری زۆر باشم هەیە لەسوید و کاری خۆم دەکەم، بەڵام ئەگەر واش لەیەک نەدرێتەوە کە من مەبەستم پۆست و کاری کوردستانە، ئەگەر داوام لێبکرێت ئامادەم   کاری یارمەتی بۆ وڵاتی خۆم بکەم، و ئەگەر ئەوەش نەبێت پێویستیان بەراوێژ هەبێت، ئامادەم بێ هیچ بەرانبەرێک و لەپێناوی کوردستاندا هاوکارو یاریدەدەریان بم.

سڤیل: زۆر باست لەوەکرد کە بەپرۆژەکانی کوردستان دڵخۆشی لەبواری کارەبا، ئەی بەچی کارێکی ئەو بوارە نامورتاحیت وەک کوردێکی شارەزا؟.

د. ئاسۆس فاتیح رەسوڵ: قەلەقم لەوەی، رەنگە هەندێ لە پرۆژەکان پەلەکردنی زۆری پێوەدیار بێت، دیراسەی ورد نابینم بۆ پرۆژەکان و ترسی زۆریشم لەوە هەیە، چونکە ئەگەر وابێت لەداهاتوو کێشەی گەورەترمان بۆ دروست دەبێت، بۆیە جارێکی تر هیوا ئەخوازم ئەو پرۆژە باش و گەورانەی کە لەبەردەستن، نەهڵن کارەکان بەخواری بچێتە پێشەوە و دیراساتی باش بکەن وەکو سوید، کە لێرە بۆ دروستکردنی تەنها هێڵێکی کارەبا دیراساتی گەورەی بۆ ئەکەن، هیوامە لەکوردستان بۆ ئەو پرۆژە گەورەو پربایەخانە، چیدی پێویستیی گەورەی دیراسات لەیاد نەکەن.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com