ئێستا گۆڕان و رێكخەرەكەی سەربازی ئامانجەكەن.
ئەی گەنجەكانیان؟!
رزگار رەزا چوچانی
جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا و هاوڕێكانی لەیەكێتی، ئەگەرچی بۆ ئەو تاكتیكەش بێت، كە خەڵك گومانی لێدەكات، زەربەیەكی گەورەبوو بەر یەكێتی كەوت لەڕووی رێكخستن و قاعیدەی جەماوەرییەوە، بەڵام سەركردەكانی یەكێتی تا ئاستێكی باش توانیان هۆشیارانە خۆیان لەژێر كاریگەرییەكانی ئەو جیابوونەوەیە دەربازبكەن، بەوەی، كە حەقیقەتی هۆكارەكەیان باسكرد، جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا و هاوڕێكانیان بەستەوە بەڕێكەوتنامەی ستراتیژییەوە..
بێگومان سەركردەكانی یەكێتی لەخستنەڕووی هۆكاری جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا و دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان و بەستنەوەی بەڕێككەوتننامەی ستراتیژییەوە تیریان بە دوو ئامانجەوە دەنا.
یەكەم: هەوڵدان بۆ پێشاندانی ئەوەی، كە یەكێتی بۆ یەكڕیزی نێوماڵی كوردو رەواندنەوەی ئاڵۆزییە ناوخۆییەكان، دووكەرتبوونی حزبەكەشی قبوڵ بووە، تا لەم رێیەوە پارتی ناچاربكەن پابەندبێت بە رێككەوتنەكەوە.
دووەم: بەتاڵكردنەوەی سیحری شیعاراتەكانی نەوشیروان مستەفا و بزوتنەوەكەی لەناو جەماوەردا، كە ئەوان ئەو حزبە گۆڕانویستە نین لەسیستمدا كە باسی دەكەن، بەڵكو ئەوانەن كە لەپێناو كاركردن بۆ ئەو حقدو رقە سیاسیەی كە هەیانە نەك باكیان بە لەتكردنی رای هاوبەشی كوردستانی نییە، بەڵكو باكیان نییە بە دووكەرتكردنی حزبەكەی خۆشیان.
یەكێتی بە بەهۆكار ناوبردنی رێككەوتننامەی ستراتیژی لەو دابەشبوونەدا، لەسەرەتای جیابوونەوەكە و دواتریش لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا توانیان، ئامانجی یەكەم بپێكن و پارتیان ناچاركرد بەوەی، كە قبوڵی بكات دوای دووبەشبوونی حزبەكەشیان نیوەی دەنگەكانی لیستی هاوبەشی پارتی و یەكێتی بۆ خۆی ببات، بێ رەچاوكردنی ئەو دابەشبوون و جیابوونەوە گەورەی كە لەڕیزەكانی یەكێتیدا روویدا.
هەربۆیەش ئەوەی ئەمڕۆ بۆ یەكێتی گرنگە، بەدیهاتن یان پێكانی هەدەفی دووەمە، كە بەتاڵكردنەوەی سحری شیعاراتی گۆڕانخوازی بزوتنەوەی گۆڕانە، بەڵام بەدیهاتنی ئەو ئامانجەشیان جێهێشتووە بۆ هەڵوێستی هەنوكەی خودی نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەكەی، كە بەهۆی جیاوازیی ئەم دواییەی یەكێتی لەگەڵ پارتی سەدو هەشتا پلە لەقازانجی یەكێتی پێچەوانە بۆتەوەو گۆڕان و رێكخەرەكەشی كردۆتە سەربازی بەجێگەیاندنی ئەو ویستە.
ئەم بەسەربازبوونەی بزوتنەوەی گۆڕان و رێكخەرەكەی بۆ بەدهێنانی ئەو ئامانجە، سەلمێنەری ئەوەیە ئامانجی سەرەكی و ستراتیژییان دژایەتی پارتییە وەكو حزب، چونكە تا ئەوكاتی یەكێتی لەگەڵ پارتی بەئاراستەی نزیكبوونەوە هەنگاوی دەنا، گۆڕان یەكێتی كردبووە ئامانجی لێدانی راگەیاندنەكەی، كە ئێستاش چاوەڕوانی پێداچونەوەیە بە رێككەوتننامەی ستراتیژی لەگەڵ پارتی و جیاوازی هەڵوێستی یەكێتی دەبینێت لەپارتی، پشت لە یەكێتی و روو لەپارتی هەڵمەتێكی بەرپاكردووە، كە مەگەر تەنها لەسەردەمی شەڕی ناخۆ كرابێت.
هەڵمەتی ئەمڕۆی راگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لەدژی پارتی، لەناو خەڵكی هۆشیاردا پشتڕاستكردنەوەی قسەی ئەو سەركردانەی یەكێتییە كە دەیانگوت، بزوتنەوەی گۆڕان هەرگیز نابێتە حزبی پرۆژەو بنیاتنەری سیستەم، چونكە ئەساسەكەی لەڕقی سیاسی پێكهاتووەو بەهۆی نزیكبوونەوەی یەكێتی لەپارتی دروستبوون، بەمەش یەكێتی بێ ئەوەی خۆی ماندووبكات، چۆن ئامانجی یەكەمی بەدیهێنا و لەسەر هەقی پارتی مانەوەی خۆی وەكو هێز مسۆگەركرد، لەڕێگای هەڵمەتەكانی گۆڕانەوە لەدژی پارتی بێ ئەوەی خۆی خەریك بكات، دەگاتە ئامانجی دووەمیش، كە بریتیە لەخستنەڕووی ئەو راستیەی ئامانج و ئەساسی گۆڕان رقی لەمێژینەی سیاسی حزبییە، نەك گۆڕانخوازی. بەوەش وەك مانەوەی خۆی لەسەر ئەساسی پارتی، بەرفرەوانتربوونەوەی خۆی لەسەر ئەساسی ئەم هەڵەیەی گۆڕان مسۆگەر دەكات.
بێگومان بەخوێندنەوەی مێژووی سەركردە كۆنە یەكێتی و دەسەڵات بەدەستەكانی دوێنێ، كە ئەمڕۆ گۆڕانخوازن، رەنگە زۆر پێویستی بەشیكاری نەبێت، كە ئامانجی گۆڕان دژایەتی پارتیە، بەڵام ئەوەی ئێستا لەو نێوانەدا جێی قسەیە لای من، بێ هەڵوێستی ئەو كادرە گەنج و گەنجانەن، كە بەدوای بزوتنەوەی گۆڕان كەوتوون، كە لەكاتێكدا ئەوان دوورن لەو رق و حقدە سیاسیەی كە لەنێوان سیاسیەكانی كورددا هەیەو زۆرینەیان پێگەشتووی سەردەمی ئازادین، بێزارییان لەو فەوزا سیاسیەی كوردستان و یەكتر قبوڵنەكردن و رقبوونەوەیان لەكاركردن بە میزاجی حزبە سیاسیەكان كردوونی بەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، بەڵام قبوڵی دەكەن كار و وجودی ئەوان لەو بزوتنەوەدا، ببێتە داینەمۆی بەردەوامیدان بەو كێبەركێ نادروستە ماڵوێرانكەرە سیاسییەی كە لەكوردستان هەیەو لەوەی كە حزبەكەیان لەجێی شەڕی پرۆژە، خەریكی شەڕی حزبییە.
ئیدی كاتی ئەوەیە ئەوانەی كە بۆ هەوڵی گۆڕانكاری چونەتە ناو بزوتنەوەی گۆڕان و لەهەوڵی سرینەوەی ئاسەوارەكانی یەكتر قبوڵنەكردنن و دەیانەوێ لەكوردستاندا كێبەركێی دیموكراسیانە بەڕێوەبچێت، دوور لەفەوزای مۆد بەسەرچووی شەڕی ناوخۆ، هۆشیارانە لەهەوڵی گۆڕانكاریدا بن لەزمانی راگەیاندن و سەركردەكانیاندا، كە بەدرێژایی مێژووی خەباتیان لەسەری راهاتوون، بیریان بهێننەوە ئەگەر ئەو شێوازی راگەیاندنەی ئەمڕۆی گۆڕان دوێنێی گەرەنتی كردن، ئەوە سبەینێیان لەناو خەڵكی ماندووی كوردستان لەخۆخۆری، پەرپوت دەكات. كار بۆ ئەوە بكەن، حزبەكەیان نزیكبوونەوەی هیچ حزبێك نەكات لەسەر ئەساسی رێخۆشكردن بۆ بەدیهاتنی ئەو رقە سیاسیەی كە سەركردەكانی حزبەكەیان بۆ حزبێكی دیكە هەیانە.
نایشارمەوە لەناو بێهیوایم لەو سەركردانەی گۆڕان كە تەمەنیان لەو ململانێییەی كە ئەمڕۆ لەراگەیاندنەكەیانەوە نوێ دەكرێتەوە بەسەر بردووە، هیوام بەگەنجە گۆڕانخوازەكانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان هەیە، كە لەم فەوزا بەدەنگ بێن و چیدی رێگە نەدەن حزبەكەیان لەفەوزا و دروستكردنی ژاوەژاودا، گەرەنتی مانەوەی خۆی بكات، لەجێی ئەوەی هەوڵ بدەن وەك حزبی هەر وڵاتێكی پێشكەوتوو لەسایەی پرۆژەو رەخنەی دیموكراسیانە ئایندەی خۆی مسۆگەر بكات.
ئەم بابەتە لە ژمارە ١٤٧ی گۆڤاری سڤیل چاپکراوە