ماوەی ساڵێكە خێـزانێـكی كورد بە نهێـنی لەسوید دەژین

0

ماوەی ساڵێكە خێـزانێـكی كورد بە نهێـنی لەسوید دەژین

“ئەگەر منداڵەكانمان نەخۆش بن، قەشەیەك بەنهێنی هاوكاریمان دەكات بۆ چارەسەركردنیان”

رزگار رەزا چوچانی-سوید

نوچەنێت . سڤیل

پیاوێكی كورد لەسوید لەترسی بەزۆر ناردنەوەی بەنهێنی ژیان دەگوزەرێنێت، ئەو پیاوە كە خۆی بەكەسێك دەزانێت سەریلێشێوابێت و نەزانێت چی دەكات، خۆی و هاوسەری و سێ منداڵەكەی تەنانەت مافی چوونەلای پزیشكیشیان نییە، بەڵام ئامادەنییە ناردنەوەی قبوڵ بكات بۆ كوردستان.

زۆر لەگەنجان و لەخەڵكی كوردستان بەبێ هۆكارێكی دیار روو لەئەورپا دەكەن، بێ ئەوەی بیر لەوە بكەنەوە ئایا ئەورپا ئەو بەهەشتەیە كە لەخەیاڵی ئەواندا هەیە؟، یان رەنگە دیوێكی دۆزەخیشی هەبێت؟، سوید یەكێك لەو وڵاتانەی ئەورپایە كە بەبەراورد بەزۆر وڵاتی دیكە، تێیدا مافەكانی ئینسان لەترۆپكدایە، لێرە هاوتای هەبوونی سیستەمێكی تەندروست و قوتابخانە ئاسان بۆ فێركردنی ژیان بەو پەنابەرانەی رووی تێدەكەن، هاوڵاتییەكانی مەیلی چەوساندنەوەی یەكتر و پێشێلی مافی یەكیان نییە، ئێرە وڵاتی تۆمەت و تەشهیر نییە بەكەرامەتی ئینسان و وڵاتی سڕێنەوەی مرۆڤەكان نییە لەژیان، بەڵام لەناو هەموو جوانییەكانیدا، لەكوچەی زۆرێك لەشارەكانی چیرۆكی بێ مافكردنی مرۆڤی پەنابەر كاریگەرانە بەرگوێ دەكەون، لێرە وێڕای هەبوونی سیستەمێكی توند و سزا بۆ ئەوانەی مافی ئەوی دیكە دەبەن، رۆژ نییە پەنابەرێك تواناكانی ئیستغلال نەكرێت و پەنابەرێك پەنا بۆ ژیانی ژێرزەمینی نەبات، ئەوەی لێرە پەنابەران بێ ماف دەكات، دوو سەرە، لایەك خودی ئەو خەڵكە پەنابەرەن كە لەم وڵاتە دەژین، لایەكی تریش سیستەمی سوید و یاساكانیەتی بۆ پێدانی مافی پەنابەری.
سوید یەكێك لەو وڵاتانەی ئەورپایە كە یاساییەكی توندی بۆ وەرگرتنی پەنابەر هەیەو بەوردی وردەكاری لەكەیسی هەموو ئەو پەنابەرانەدا دەكات، كە روو لەم وڵاتەدەكەن، لە بچوكترین تروسكایی كە پەنابەرەكە لەوڵاتی خۆی رووبەڕووی مەترسی نابێتەوە، داوای مافی پەنابەری هەركەس رەتدەكاتەوەو تاكو ئێستاش چەند جارێك بەكۆمەڵ پەنابەرانی رەوانەی عێراق كردووەتەوە.
لەئێستادا كە میدیاكانی جیهان باسی باشتربوونی گوزەرانی خەڵكی كوردستان دەكەن، كوردە پەناهەندەكان زۆر دەگمەن دەتوانن مافی پەنابەری لەوڵاتی سوید وەربگرن، ئەو یاسا توندەی كە بۆ بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران لەسوید پەیڕەو دەكرێت، وایكردووە زۆر لەو پەنابەرانەی داوای مافی پەنابەرییان رەتكراوەتەوە، پەنا بۆ ژیانی قاچاغ و ژێرزەمینی ببەن لەم وڵاتەدا، ژیانی نهێنیش لەسوید ناچاریاندەكات بەرانبەر بەبەدەستهێنانی پارەی ژیانكردن و دۆزینەوەی جێگایەك كە لێی بژین، بە كەمترین بڕەپارە زۆرترین كار بكەن.
فەهەد یەكێك لەو كوردە پەنابەرانەیە كە بەخۆی و خێزانەكەی و سێ منداڵی چەند ساڵێكە روویان لەسوید كردووە، بەڵام لەلایەن حكومەتی ئەم وڵاتەوە داوای مافی پەنابەری ئەو خێزانە رەتكراوەتەوەو وەك خۆی دەڵێت، “دائیرەی كۆچی سوید، كەیسەكەمانی رادەستی پۆلیس كردووە، تا ئامادەی بەزۆر ناردنەوەمان بكەن”، رادەستكردنی كەیسی ئەو خێزانە كوردە بۆ پۆلیس و ئامادەكردنیان بۆ ناردنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، وایكردووە، “ماوەی ساڵێكە بە نهێنی دەژین”، ئەوە لەكاتێكدا كە بەهۆی ئەو نهێنی ژیانەوە “منداڵەكانمان مافی خوێندن و رەوزەیان نییە” و “لەكاتی نەخۆشكەوتنیشیان ناتوانین بیانبەینە نەخۆشخانە”.
فەهد سەرەتای كێشەو ناخۆشییەكانی بۆ (سڤیل) دەگێڕێتەوەو دەڵێت “من لەكوردستان توشی كێشە بووم، لەساڵی ٢٠٠٧ ەوە لەسوید دەژیم، لێرە داوای مافی پەنابەریم كردووە، بەڵام تەردو رەفزیان پێدام و كەیسەكەیان دایە پۆلیس بۆ ئەوەی ئامادەم بكەن بەزۆر بمنێرنەوە، خۆم و ژنێك و سێ منداڵین، ئێستا ناچاربووم بە رەش بژیم (واتە نایاسایی و بەنهێنی و خۆشاردنەوە لەپۆلیس)، ساڵێكە هەرچی موچەو هاوكاری و مافی منە لەلایەن سویدەوە بڕدراوە، بەنهێنی خانوویەكم گرتووەو جاروبار ئەوەندەی بتوانم بەڕەش كار دەكەم و بەپارەكەی دەژین”.
ئەو كوردە پەنابەرە ئەوەش باس دەكات كە “منداڵەكانم مافی خوێندنیان نییە، ناتوانن بچنە نەخۆشخانە، چونكە من ناوم لەسەر ئەدرەسێك بوو، كاتێك كەیسەكەم درا بە پۆلیس، پۆلیس هاتبوون بۆ سەر ئەو ئەدرەسە. منیش بەناچاری بەدزییەوە خانوویێكی دیكەم گرتووەو ئێستا ناوم رەشە لەم وڵاتەو پۆلیس بەدواما دەگەڕێت”.
فەهد باسی ئازارەكانی خۆی دەكات بەهۆی دۆخ و گوزەرانیەوەو دەڵێت “رۆژ تا ئێوارە لەخەفەتا خەریكە دەمرم، بیر لەخۆم دەكەمەوە، كە هیچ مافێكم نییە، خێزانەكەم مافی نییە، منداڵەكانم مافی خوێندنیشیان نییە، لەهەموو ناخۆشتریش ئەوەیە ئەگەر منداڵەكانم نەخۆش بن، ناتوانم بیانبەمە نەخۆشخانە، بۆ ئەوەی ئاشكرا نەبم”. بۆ (سڤیل) ئەوەش ئاشكرا دەكات، كە ئەگەر منداڵێكی نەخۆش بكەوێت “قەشەیەك هەیە بەنهێنی هاوكاریمان دەكات، بەهۆی ئەوەوە چارەسەر دەكرێن”.
وەك فەهد بۆ خۆی دەڵێت بەدەر لەهەموو سەختییەكانی بێ مافكردنیان بەهۆی رەتكردنەوەی داوای مافی پەنابەرییان، پەنابەرە خاوەنكارەكانیش “ئیستغلالمان دەكەن، دەزانن ناچارین كار بكەین بۆ ئەوەی بژین، دەزانن بەپێی یاسا مافمان نییە، بۆیە كارمان پێدەكەن و چەندی خۆیان پێیانخۆش بێت ئەوەنە كرێی كاركردمان پێدەدەن، چارەكی ئەو كرێكارە پارەمان پێنادەن كە لێرە ئیقامەی هەیەو بەپێی یاسا كاریان لەگەڵ دەكەن، من ئەوە دەبینم كە غەدرم لێ دەكرێ، بەخاوەنكارەكەشم وتووە، غەدرەكە دەبینم بەڵام من ناچارم خێزانم لەسەرەو جگەرەخۆریشم ناچارم قبوڵی بكەم، زۆریش مەمنونیمی كە ئیشی پێداوم”.
ئەو پیاوە كوردە كە لەژیانێكی كولەمەرگیدا لەوڵاتێكی پێشكەوتووی وەكو سوید دەژی و مناڵەكانی نەك مافی خوێندن، مافی چونە لای پزیشكیشیان نییە، هێشتاش سورە لەسەر نەگەڕانەوەی بۆ وڵاتەكەی خۆی و دەڵێت “نەك ئەو مەسرەفەی كە بۆ هاتنە ئێرە كردوومە، دووقاتیش پارەم پێبدەن ناتوانم بگەڕێمەوە”، بەڵام هیوای بەوەش هەیە كە بەرگوێی كەوتووە “دوای تێپەڕبوونی چوار ساڵ بەسەر هەركەیسێكدا، كەیسەكە دادەخرێت و دەكرێت سەرلەنوێ دەستپێبكەیتەوە”.
بەڵام ئەو پیاوە لەبەرانبەر كێشەكانی خۆی سەرگەردان دەبینێت و دەڵێت “بەڕاستی سەرم لێشێواوە، خۆشم نازانم چی دەكەم و نازانم بەتەمای چیم، تۆ ئیدارەت نەبێت، ژیانت سەخت بێت، لەخانوویەكی بچوكدا بژیت، چی دەكەی؟ من سەرم لێشێواوە، چومە فینلەنداش هێنامیانەوە بۆ ئێرە، حەلێكی دیكەم نییە، جیا لەم ژیانە”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com