خالد ڕەنجدەر: موقتەدا سەدر چی گوت؟ کۆمێنتاری ئێمە.

0

ئامانجی پیرۆز لەسەردانی ھەولێر

خالد ڕەنجدەر

لە ژێر ئەو سەردێڕەی سەرەوەدا موقتەدا سەدر لە بەشێك لە یاداوەریەكانیدا لە (سەدر تایمز)دا باس لە سەردانی تاران و دواییش ھەولێر دەكات، كە چۆن لە تاران مالیكی و بەرپرسێكی ئێرانی ناوی كوردیان لای ئەو زڕاندوە و ئامۆژگاریان كردوە كە سەردانی ھەولێر نەكات. ھەروەھا باس لەوە دەكات كە مام جەلالیش لە گەڵدا بوە بۆ سەندنەوەی متمانە لە مالكی، بەڵام دواییتر پەشیمان بۆتەوە بە بیانوی ئەوەی پرۆژەكە كامڵ نیە.

موقتەدا دەڵێ: دەمەوێ ئەو زانیاریانە بدركێنم كە لای ھەندێك لە برایان و خۆشەویستانم شاراوەن، ئەویش بۆ ئەوەی ئەو زانیاریانە لە مێژودا بنوسرێنەوە و ھەركەسێ ئارەزوی لێبو بتوانێت بیانخوێبێتەوە یان بیان بیستێ. ئەوانەش كە ئارەزویان لێی نەبو با ڕوی خۆیانی لێ وەرگێڕن.

ھەروەھا دەڵێ: سەردانەكەی من بۆ ھەولێر بومەلەرزەیەكی سیاسی بە دوای خۆیدا ھێناو و ھەندێك پێیان وابو كە خۆكوشتن و ماڵوێرانیە، خۆكوشتنە بەوەی كە بریتی بو لە بازرگانێتیەكی سیاسیانەی سەرنەكەوتووە كە خاوەنەكەی بەرەو كەوتن و گۆشەگیریی دەبات.

كە ھەواڵی سەردانی نوری المالكیم بۆ تاران بۆھات ئەوەم لا دروست بو كە بەرپرسەكانی تاران داوای چاوپێكەوتنیان لە گەڵ كردوە، بەڵام من لای خۆمەوە بە تەواوی دڵنیا بوم كە ئەو سەردانە لەسەر داوای مالیكی بوە، بەڵام مالكی و تاران نەیانویست ئەو ڕاستیە بڵێن كە مالكی داوای ئەو سەردانەی كردوە و، تاران ناوبژیوانە.

بەردەوامەو دەڵێ: بەھەرحاڵ، ھەركامیان داوایان كردبێت وەك دەڵێن بەرژەوەندی گشتی تێدایە و وڵات بەدور دەگیرێت لە ناكۆكی و ناتەبایی، منیش بەرژەوەندی گشتیم پێش خست و وتم با مالكی لە جێیەكی بێلایەن كە تارانە ببینم و، بینیم. زۆر كەسیش ئەو چاوپێكەوتنەی بە سەركەوتو لەقەڵەمدا. مالكی ھەندێك لە ئەركەكانی بە من سپارد و باسی ئەو تەنگیژە داراییەی كرد كە حیزبەكەی تێی كەوتووە. منیش بەڵێنم دایە كە ھاوكاری بكەم، بە مەرجێ بچیت بە گژ گەندەڵەكاندا، نەك بە گژ ئەوانەدا كە لە گەڵیدا ناكۆكن. دەبێ بچیت بە گژ ئەو گەندڵانەشدا كە لە گەڵ خۆیدان. لە وەڵامدا وتی: حیزبی دەعوە گەندەڵی تێدا نیە. لێرەدا موقتەدا بە تەوسەوە دەڵێ: دوای ئەو قسەی مالكی منیش بومە ئەندامێك لە حیزبی دەعوەدا.

ھەروەھا پێموت: ھەدام (مەبەسی سەدامە) زیاتر لە بیست ساڵ حوكمی كرد. ئەگەر تۆش بۆ جاری سێیەم بۆ سەرۆكایەتی حكومەت كاندید بكرێیتەوە، مانای وایە نیوەی ھەدام حوكمت كرد. وەڵامەكەی ئەوەبو كە دەستور ڕێگای پێداوە كە جارێك و چوار جار و دە جار و زیاتر خۆی كاندید بكاتەوە. پێموت: وازی لێ بێنە و دوای ماوەیەكی تر وەرەوە بۆی.

دوایی باسی ئەوەشم لە گەڵ كرد، كە چۆن چنگی بەسەر وەزارەت و دەزگا ھەستیارەكاندا گرتوە، بە تایبەتی دەزگا ئەمنیەكان و تەنانەت بانكی ناوەندییش. بە گشتی لە قسەكانی وا تێگەیشتم كە دەیەوێ دەست بگرێ بەسەر تێكڕای دەوڵەتدا. خۆی بەم ھەوڵانە دەڵێ ھەنگاونان بەرەو مەركەزیەت، بەڵام من پێی دەڵێم ھەنگاونان بەرەو دیكتاتۆریەت.

بۆ سەردانی ھەولێریش موقتەدا دەڵێ: لە كۆتاییدا بە مالكیم وت كە سەردانی ھەولێر دەكەم و ئەگەر ڕاسپاردەیەكی ھەیە دەیگەیەنم بۆ ئەوەی نزیكبونەوەیەك لە یەكتر بڕەخسێت. لە وەڵامدا ئامۆژگاری كردم كە نەچم. ھەروەھا قاسم سلێمانی سەرۆكی قەرارگەش لایەنگریی لە ڕای ئەو كرد. وتیشی كە سەردانەكەم بۆ ھەولێر مەترسی ئەمنی و لاوازكردنی پێگەی جەماوەری منی تێدایە. ھەردوكیان كوردیان بە شتێك وەسف كرد كە نامەوێ بیڵێم. منیش سور بوم لەسەر قسەكەی خۆم و وتم كە سەردانەكەم سەردانێك دەبێ ھیچ زیانێكی لێ ناكەوێتەوە.

سەردانەكەم بۆ ھەولێر كرد و برا كوردەكانمان بە سەردانێكی مێژویی لەقەڵەمیان دا. ئەوەش شایەنی سوپاس و پێزانینمانە، چونكە ئەو سەردانە بۆ دروستكردنی یەكڕیزی نێوان پێكھاتەكانی عێراقە بە كورد و شیعە و سوننەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی ھەندێك كەس لە وەتەری تایەفەگەی دەدەن ئەو سەردانەیان بە وروژێنەر لەقەڵەمدا. سەردانەكەی من بۆ نزیكبونەوەی ھەرێم و ناوەند بو و، بۆ ئەوەبو كە ئەو دو لایەنە ناكۆكە بگەیەنم بە یەكتر. كوردەكان مافەكانی خۆیان دەوێت و دەڵێن كە حكومەتی ناوەند لێی زەوت كردوین. ناوەندیش دەڵێ كە كوردەكان ماڵ و داراییان بردوە كە حەقیان تیایدا نەبوە.

لە دوای دانیشتن لە گەڵ مەسعود بارزانی برامان ھەمو ئەو شتانە ڕون بونەوە كە بە ھۆی دوری جوگرافی و زەمەنەوە لە نێوانماندا لێڵ بون. گرنگترین خاڵێك كە باسمان كرد سەندنەوەی متمانە بو لە مالكی. من پێموابو كە ئەو باسە بە دانیشتنێك كۆتایی نایەت و ناتوانین بڕیاری لەسەر بدەین، بە تایبەتی كە من لە تایەفەی شیعەم و ئەویش دەبێتە ھۆی دوركەوتنەوەی ھەندێك لایەنی شیعە لە ئێمە. لە ھەمان كاتیشدا ئەو پرۆژەیە پێویستی بە دەنگێكی زۆرە، بەڵام بارزانی وتی كە ئەو دەنگانە ھەن.

موقتەدا دەڵێ: چاویشم بە سەرۆكی كۆمار كەوت و ئەویش تا ڕادەیەك ھاوڕا بو بۆ سەندنەوەی متمانە لە مالكی. دوای ئەوە عەلاوی و ئوسامە نوجەیفیش ڕایان وابو كە متمانە لە مالكی بسەنرێتەوە. من بەردەوام پێم دەوتن كە ئەوە پرۆژەیەكە نایەتەدی. دەبێ پێش ئەوە ھەندێك كار ھەن بكرێن، لەوانە: نابێ ڕێگە بدرێ كە بۆ جاری سێیەم كەسێك خۆی بۆ سەرۆكایەتی وەزیران كاندید بكاتەوە، بەڵام ئەوان سەندنەوەی متمانەیان لە مالكی پێش خستبوو.

موقتەدا باسی خاڵێكی زۆر ھەستیار دەكات و دەڵێ: لە كۆبونەوەی دواییماندا لەسەر (9) خاڵ ڕێككەوتین و مەسعود بارزانی برامان وەك نوێنەری لایەنە كوردیەكان و دوكتۆر ئەیاد عەلاوی لە لایەنی العراقیە و ئوسامە نوجەیفی برامان وەك سەرۆكی پەرلەمان و منیش ئیمزامان لەسەر كرد. ئەم كۆبونەوەیە بە سەرۆكایەتی سەرۆكی كۆمار بو و، گرنگترین خاڵێك كە باس كرا سەندنەوەی متمانە بو لە مالكی، بەڵام سەرۆكی كۆمار ھەڵوێستەیەكی لەسەر كرد بە بیانوی ئەوەی ئەو بێلایەنە و پۆستەكەی وادەخوازێت، بەڵام لایەنگری خۆی دەربڕی بۆ پرۆژەكە و وتی كە تەواوی دەكات. بەڵام دوای ئەوە بە چەند ڕۆژێك سەرۆك كۆمار وتی كە پرۆژەكە كامڵ نەبوە.

موقەتەدا دەشڵێت: سەرۆك كۆمار پێشتر وتی كە تا مالكی لەو پۆستەی خۆیدا بێت، ئەو ناتوانێ دەستور بپارێزت چونكە لە زۆربەی كارەكاندا دەستی بەستراوە. دوای ئەوە یەكسەر من پرۆژەیەكی ترم خستەرو، ئەویش ئەوەبو كە ھەستم بە ناوبژی كردن و دەنگیان بگەیەنم بە ھاوپەیمانەكان یان بە سەرۆكی ھاوپەیمانەكان. ھەروەھا ڕێككەوتین كە ئەگەر متمانە لە مالكی سەندرایەوە ئەوەی كە دێتە جێگای دەبێ شیعە بێت. ئیتر كەس ناڕەزایی نەبو بەڵام دوای ماوەی مانگێك ھەمو ئیمزایان كرد. پلانەكە ئیمزا كرا بێ ئەوەی میدیا و ئەمریكای ھاوپەیمان و تاكە كەسێك لە گەلی عێراق پێی بزانن. تەنھا خاڵێك كە ڕای گشتی زانی سەندنەوەی متمانە بو لە مالكی، ئەوەش خاڵی ھەشتەم بو.

ئەوەش دەخاتەڕوو: كارەكەمان یاسایی و دەستوری بو چونكە ئێمە نوێنەری زۆربەی لایەنە عێراقیەكان بوین و نزیكەی 180 بۆ 200 دەنگمان ھەبو، ئەوەش سەندنەوەی متمانەی لە مالكی مسۆگەر دەكرد. دەشڵێ: بەداخەوە دیموكراسی لای ئێمە لەرزۆكە و تا ئێستا لە بیروھزر و دڵی عێراقیەكاندا نەخەمڵیوە.

ھەروەھا دەڵێ: ئەوانەش كە دەنگیان نەدا بۆ سەندنەەی متمانە لە مالكی ئەم بەڵگانەیان ھەبو:

یەكەم: حكومەتەكەی مالكی لای ئەمریكا پەسەندە. لادانی مالكی مانای دەستەویەخەبونەوەی ئەمریكایە.

دوەم: حكومەتەكەی مالكی لای ئێران پەسەندە و ھێشتنەوەی مالكی سەقامگیریە لە ناوچەكەدا.

سێیەم: بەردەوام بونی حكومەتی مالكی مانای پارێزگاریكردنە لە سوریا.

چوارەم: ھێشتنەوەی حكومەتی مالكی مانای وایە عێراق بە سەقامگیریی دەمێنێتەوە و ھەمو دامودەزگا و پۆستەكانی دەوڵەت گۆڕانكاریان تێدا ناكرێت.

موقتەدا بە گومانەوە دەڵێ: ھەندێك لەوانەی دژی سەندنەوەی متمانە بون لە ماڵكی لە دۆستایەتی ئێمەوە ھەڵیانگواست بۆ دژایەتی كردنمان بە بیانوی ئەوەی كە ئەوەی من داوای دەكەم تێكدانی ڕیزی شیعەیە.

ھەروەھا دەڵێ: ئەوەی كە زیاتر منی سەرسام كرد ئەوەبو كە بۆچی سەرۆكی كۆمار ئیمزای لابردنی مالكی نەكرد. ھەروەھا دەڵێ: بە گشتی ھۆكاری ئەو گرژی و ئاڵۆزیە بریتی بو لە: شەڕی ڕاگەیاندن و، گرژی و ئاڵۆزی تایەفەگەری بەوەی كە سەندنەوەی متمانە لە مالكی مانای سەندنەوەی متمانەیە لە ھەمو شیعە، ھەروەھا سەرەنجامی ناكۆكی و ململانێی سیاسی نێوان لایەنە عێراقیەكانە. تەنانەت كار گەیشتە ئەوەی كە بڵێن سەندنەوەی متمانە لە مالكی پرۆژەی سعودیەیە. وتیشیان كە پرۆژەكان زیادیان كردوە، لە لایەكەوە پرۆژەی ئێرانی ھەیە و لە لایەكی تریشەوە پرۆژەی ئەمریكای و قەتەر ھەیە.

ئەوەی كە موقتەدا لەم یاداوەریانەدا جەختی لەسەر دەكاتەوە ئەو شەڕی تایەفەگەرییەیە كە وەك خۆی دەڵێ خەریكە ھەمو ناوچەكە بگرێتەوە.

كۆمێنتاری ئێمە:

لەم یاداوەریەدا موقتەدا سەدر گەلێك خاڵی ھەستیاری وروژاندوە، لەوانە:

یەكەم: موقتەدا ڕۆڵی ئێران لە عێراقدا ئاشكرا دەكات بەوەی ئەویش و مالكی و كوردەكانیشی بانگھێشتی تاران كردوە و كۆنترۆڵی ھەیە بە سەریاندا و زۆربەیان ناتوانن لە سیاسەتی ئێرانی دەرچن.

دوەم: بێ متمانەیی لایەنە عێراقیەكان بە یەكتر بە جۆرێك كە ھەمو پرۆژەكان بە فویەك دەڕوخێنەوە.

سێیەم: ناڕێكی ڕیزەكانی كورد بەوەی كە سەرۆكی ھەرێم كراوەتە نوێنەری لایەنە كوردیەكان و داوای سەندنەوەی متمانە لە مالكی دەكات، بەڵام ئەوەی كە پرۆژەكەی ھەڵوەشاندەوە مام جەلالی سەرۆك كۆمار بو. ئەوەش شپرزە بونی ڕیزەكانی كورد دەردەخات.

چوارەم: سەرچاوەڕونی نوری المالكی لەوەی مادام لایەنە عێراقیەكان یەكڕیز نین ناتوانن متمانەی لێ بسەننەوە و، ئەویش دەتوانێ زیاتر چنگ بگرێ بەسەر جومگەكانی دەسەڵاتی عێراقدا.

پێنجەم: تا ئێستاش ئەمریكا ڕۆڵی ھەیە و لایەنە عێراقیەكان لە قسەی دەرناچن. ھەروەھا ئەمریكا و ئێران ئاگایان لە جموجوڵی یەكترە لە عێراقدا.

شەشەم: جەخت كردنەوە لەسەر ئەوەی مالكی بەرەو دیكتاتۆیەت ھەنگاو ھەڵدێنێتەوە. ئەوەش سەلماندنی قسەكەی سەرۆكی ھەرێمە سەبارەت بە دیكتاتۆریەتی مالكی.

حەوتەم: خۆشی وەك شیعەیەك دودڵە لەوەی دەستی ھاوپەیمانی بە تەواوی بخاتە ناودەستی كوردەوە. لە لایەكی تریشەوە دیارە متمانەی بە سەرۆك كۆمار نەماوە.

ھەشتەم: ڕاستیەك ھەیە دەبێ سەرانی كورد باش بیزانن، ئەویش ئەوەیە چەند باڵەكانی شیعە لەناو خۆیاندا ناكۆك بن نایانەوێ لە گەڵ كوردا ھاوپەیمان بن بۆ خستنی یەكتر. ئەوەش پێچەوانەی لایەنە كوردیەكانە كە بۆ خستنی یەكتر پشت بە بێگانە دەبەستن.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com