
جەلال دەباغ: بۆچی خەندان لەدژی بیری مارکسیستیە؟
نوچەنێت: ئەم بابەتەی بەڕێز جەلال دەباغ وەڵامی تەوەرێکە کەپێشتر نوچەنێت سازی کردبوو، وەلامەکەی بەڕێزیان زۆر درەنگ بە ئێمەگەشتووە، دیارە بەڕێزیان نوسینەکەی لەگەڵ تەوەرە کۆنەکەی نوچەنێت، تێکەڵ بە کۆمەڵێک پرسی نوێ کردووە، بۆیە نوچەنێت بەداوای لێبوردن لە دواکەوتن لەبڵاوکردنەوەی بابەتەکە بڵاو دەکاتەوە.
……
بۆچی خەندان لەدژی مارکسیستیە
جەلال دەباغ
دەزگای خەندان لە سەروتارەکەيدا بۆ بەرپەرچيی کەناڵی(کەی ئێن ئێن) لە دژی تێئوريی مارکسيزم پێی لێهەڵبڕيوەو لە خۆڕايی دەڵێ” کهی ئێن ئێن، کهناڵێکی ئایدۆلۆژیی مارکسیستییه، تهنانهت نهک بۆ ئهو کاراکتهرانهی که وهک ئهو بیر ناکهنهوه و رکابهرن، بهڵکو بۆ هاوپهیمانهکانی و تهنانهت ناوخۆی خۆیشی” کە ئەم بۆچوونەش بەڕای من هيچ راست نيەو پەلاماردانێکی ناڕەواشە بۆ سەر مارکسيزم. بە پياهەڵدانی گۆڕانيش دەشکێتەوە..
هەر لەو گۆشەنيگايەوە لەسەر هەڵەو هەڵسەنگاندنی ناڕەوای چەمکێکی مارکسيزم دەڕواو دەڵێ” میدیای مارکسیستی، گهر هێرشی لهسهر نهبێت ئهوا خۆ خۆریشه”!! لەمەشداو لە هەموو لافلێدانيدا دژی مارکسيزم تاقە يەک بەڵگەی بەدەستەوە نيەو بە هەڵەش زاراوەی “ميديای مارکسيستی” بەکاردێنێ، بە لۆجيکێکی بەتاڵ نووسەرەکەی”خەندان دەڵێ: “لۆجیکی میدیای ناو بازنەی بیری مارکسیزمی – مەبەستی بيری مارکسيستيە ج.د – ، پێمی دهڵێت مادام من نایکهم خراپه و گهر منیش بیکهم قهینا، گرنگ ئهوهیه تۆ نهبیت”!! کە ئەم بۆچوونەش بەرانبەر بەخۆيان راستە نەک لە ئاست مارکسيەکان و شيوعيەکان. هەروا دەڵێ” میدیای مارکسیستی، گهر هێرشی لهسهر نهبێت ئهوا خۆ خۆریشه”! جا ئەگەر ئەم لافلێدانە راستە بۆچی هێرش دەکەنە سەريان و لێناگەڕێن بە “خۆخۆری” خۆيان لەناوبەرن؟! کورديش دەڵێ: ” بۆ کوێر ناشێ لە رەنگ بدوێ”، پێدەچێ ئەم نووسەرەی سەر وتارەکەی خەندان،يان خۆی لە راستيەکانی مارکسيزم لادەدات، يان بيرۆکەکانی لە فەرهەنگی ئانتی کۆمونيستەکانەوە هەڵهێنجاوەو دەيەوێ بەتيرێک دوو نيشان بشکێنی: هەم مارکسيزم بەدناو بخاتە پێش چاوو هەم
گۆڕانيشی پێ بەرپەرچ بداتەوە کە هيچ کاميانی نەپێکاوە.
شتێکی ئاشکرايە کە کەسانێک لەوانەی لە دوای دەزگای خەندانەوەن دەيانەوێ سەرمايەداريەکی دواکەوتووی پاشکۆ لە کوردستاندا بێننە کايەوە، ئەمەش بە بەڵگە لەوەدا دەردەکەوێ کە دەيانەوێ لەسەر حيسابی کەرتی گشتی لە ئابوريدا کە بەکردەوەش تاڵانفرۆشيان کرد، کەرتی تايبەتی پشتگيری بکەن و چ کاريان هەيە بەسەر بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری کوردستانەوە؟!
ئەمان دەيانەوێ کوردستان بکەنە بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەی کاڵای وڵاتانی سەرمايەداری هەرێمەکەو، سەرمايەدارانی پەرەسەندووی دنيا، وەک کردوشيانە. زۆرجاريش کاڵای کات بەسەرچووی وڵاتان لە کوردستان ساغدەکرێنەوە.
خەندان زۆر چاک دەزانێ کە سياسەتی گۆڕان لەزۆر رووەوە لە سياسەتی کۆمونيست و مارکسی و چەپەکان بەگشتی جياوازە، ئەگەرچی دەشێ لە هەندێ خاڵيشدا يەکبگرنەوە، بەڵام بۆيە بە مارکسيزم “تاوانباريان “دەکا، تا لەبەر رق وکينەی خۆيان دژی مارکسيزم وا دەزانن بەوە لە خەڵکيان دەڕوتێننەوە، لەلايەکیتريشەوە بەدەرەوەی سەرمايەداری دەڵێن”گۆڕان لە بازنەی بيری مارکسيستيدا دەخولێتەوە” و ئێمەش لە دژی مارکسيزمين”..
ئەمە يەکەمجار نيە کە هەندێ لايەن وادەکەن، بۆ خۆبردنە پێشەوەو بەمەبەستی ئاشکرايان هێرش دەکەنە سەر شيوعێتی و مارکسيزم، بێ ئەوەی کەمێک ئەتيکێتيان هەبێ کە ئەوە بەهەند وەربگرن کە لايەنێکی مارکسی واتە حزبی شيوعی کوردستان هاوپەيمانيانەو، دوو سەرکردەشيان گوايە راوێژکارو وتەبێژبوون بەناوی کاک بەرهەم ساڵحی سەرۆکوەزيرانی کابينەی شەشەمەوە.!! ئەگەر خەندان گوێي بدايەتە هاوپەيمانە ستراتيژيەکەيان ئەوەی رووندەکردەوە لەبەر چی هەر لە٢٠/١٠/٢٠١١ وە تا ئێستا ئەو بابەتەی لە سايتەکەيان هێشتۆتەوە کە دەڵێ(بە ڤیدیۆ…نێچیرڤان بارزانی لە ئەنقەرە چی وت؟)! ديارە مەبەستيان لەمە ئاشکرايە، خۆ ئەمە کاری “ميديايەکی مارکسيستی” نيە.!
لە راستيدا ئەگەر هەندێک وا بڕواننە هەندێ حزب کە هێشتا حزبی بۆرژوای بچووکن بەهەڵەداچوون. لە کوردستاندا لە راپەڕينە شکۆدارەکەی ئاداری ٩١ بە دواوە تا ئێستا هەندێ ئاڵوگۆڕی سەرنجڕاکێش لە بواری ئابوری و دارايی و بوارەکانیتردا روويانداوە. لە بواری چينە کۆمەڵايەتيەکانيشدا ئەو ئاڵوگۆڕانە بە روونی سەرنجدەدرێن.
بورژوای کۆمپڕادۆر( بازرگانی) بەخۆدا هاتووەو بەناوی “بازاڕی ئازادەوە” کە دەسەڵات بۆی رەخساندوون، دەستيان بەسەر بازاردا گرتووەو، بەشێکی زۆر لە سەرمايەدارانی تازە هەڵتۆقيوو گەندەڵ سەرمايەکانيان لە بوارەکانی خزمەتگوزاری و لەو بوارانەدا دەخەنەکار کە دەورەی سەرمايە خێراترو قازانجيان زۆرترە، لە کوردستاندا لەماوەيەکی دياريکراودا بەسەدان کۆمپانيای لق و پەل لەدەوری دوو کۆمپانيا سەرەکيەکە هەڵتۆقيون و قازانجی زۆر دەچننەوە. بۆرژوای مشەخۆر پێگەيشتووە، وێڕای بۆرژوای عيقاری(خانوبەرە)و بوارەکانیتر، تازە دەوڵەمەندەکان و کۆنەکانيش سەرمايەکانيان بۆ بواری پيشەسازی و کشتوکاڵ و پڕۆژەی بەرهەمهێنە گەورەکان تەرخان ناکەن. کۆمپانيەکانی بيانيش بە هەموو جۆرەکانيان لەم کوردستانەدا تەراتێن دەکەن و کارتێکردنی خۆيان لەسەر باری چينايەتی جێدەهێڵن، ئيتر چۆن دەشێ بگوترێ باری چينايەتی ئەم کوردستانە هەر بارەکەی جارانەو ئاڵوگۆڕ پێکنەهاتووەو بۆرژوای بچوک و حزبەکانيان هەر بۆرژواو حزبەکانی جارانن؟.
ئەوان بە گۆڕانيشەوە ساڵانێک مارکسيستی و ماويستی “عەيار بيست وچوار”بوون، بەڵام ئێستا دنياکەی گۆڕدراوەو لای ئەوان باوی ئەو “بەنگوباوە” نەماوە، بەتايبەتی دوای شکستيەکەی ئەزموونی سۆسياليزم لە سۆڤيەت و هەندێ وڵاتیتردا. کە بەراست و چەپدا، دوای نەمانيان هێرشيان دەبەنە سەر وەک ريزە بۆچوونێکيان لە دژی مارکسيزم.
هاتنە کايەی گۆڕانيش ئەگەرچێ وەک ئۆپۆزيسيۆن کارێکی باش و پۆزەتيڤ بوو، چاوی هەندێ چين و توێژی کۆمەڵايەتی زياتر کردەوە، لە گەلێک لايەنی راستيەکان زياتر ئاگاداری کردن، بەڵام هەر لەبازنەی بۆرژواو حزبەکانيدا دەخولێتەوە، ديارە هەندێ لايەنی سياسەتيان لەلايەن مارکسيەکانەوە بە باشی هەڵدەسەنگێندرێ، بەڵام هەندێ لايەنيتريان شايانی رەخنەن و، ئەوەشيان پۆزەتيڤە کە رەخنەيان پێ باشەو زۆر لێی ناسڵەمنەوە، بۆنمونە:
– گوتيان “گۆڕان دەنگی بۆ باوەڕپێدانی ماليکی نەداوە کە ببێتە سەرۆکوەزيران، بۆيە دەنگيش نادا بۆ لابردنی”.
لەکاتێکدا بەپێی لۆجيک دەبۆ سياسەتەکەيان ئاوا بکەوێتەوە:
لەبەر ئەوەی گۆڕان دەنگی بۆ باوەڕپێدانی ماليکی نەداوە کە ببێتە سەرۆکوەزيران، بۆيە دەنگ بۆ لابردنی دەدەين.
– گوتيان” لەبەر ئەوەی بۆ ئێوە رەوايە بچنە سەردانی دەوڵەتانی هەرێمەکەو هیتريش، ئێمەش دەچينە سەردانيان، رەخنەکانی پێشوومان لەم بارەيەوە زياتر بڕناکات”.! جا کەواتە جياوازيتان لەم بوارەدا چی بەسەرهات؟.
– گوتيان کێشەی هەرێم و حکومەتی ماليکی کيشەی تايەفەگەری و شۆڤينی و خوليای ديکتاتۆری نيە لەگەڵ گەلی کوردستان، ئەوەندەی کێشەی نێوان دوو سەرۆکە! هەڵەکەش ئەوی خۆمان کردويەتی، بۆيە دەبێ لەبەردەمی پەڕلەماندا لێپرسينەوەی لەگەڵ بکرێت!..تاد.
راستە دەبوو لەم بوارە گرنگەدا پرس وڕای “هاوپەيمانە ستراتيژيەکان” وەربگيرێت، بەڵام ئەمە ناگاتە ئەوەی ئاوبەرن بۆ ئاشی بەرەی سەرۆکوەزيرانی بەغدا.
رەخنەی ديکەم زۆرە بەڵام با جارێ “مشتێکی نمونەی خەروارێکبێت”.
لەسای ئەم چەند ساڵەی سەرمايەداريی دواکەوتووی کوردستانياندا بە ئاشکرا جياوازيی چينايەتی زەق بۆتەوە،
لە لايەکەوە کەڵەکەبوونی سەرمايەو سامان لەناودەستی کەمايەتيداو لەلايەکێترەوە پەرەسەندنی هەژاری و کەمدەرامەتی و بێکاری و نەبوونیی خەڵکێکی زۆر، ئەگەرچی تارادەيەک ئاستی گوزەرانی هەندێ توێژی کۆمەڵايەتی بەرزبۆتەوەو، هەندێ دەستکەوت هێنراونەدی بە ناکرێ فەرامۆش بکرێن.
هەندێ کۆڕو کۆمەڵی سەرمايەداری هەردەبێ لە دژی مارکسيزم هەڵوێست بگرن، چونکە باش دەزانن ئەو تێئۆريە ئامرازێکی کاريگەرە بەدەست چينی کرێکارو زەحمەتکێشانەوە، بەدەست چينە چەوساوەکانەوە لە دژی چەوسێنەران و بۆ هێنانەديی کۆمەڵگايەکی بەختيارو گەشاوە.