
نه‌وشیروان مسته‌فا: نه هێزی چه‌كدار، نه حكومه‌تمان به ده‌سته‌وه‌یه تا ناوماڵی كورد تێكبده‌ین
نوچەنێت. سبه‌ی
دیمانه: وشیار عه‌بدوڵا
له نوێترین چاوپێكه‌وتنیدا له به‌رنامه‌ی (روبه‌ڕو)ی كه‌ناڵی (KNN)، نه‌وشیروان مسته‌فا، رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان تیشكی خسته سه‌ر چه‌ند پرس و كێشه‌یه‌كی كوردستانی و عێراقی و ناوچه‌یی.
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی گۆڕان له‌باره‌ی سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له مالیكی، كه وه‌ك تێكدانی ناوماڵی كورد له‌لایه‌ن نەیارەکانی گۆڕانەوە لێكدرایه‌وه، رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وتی: “ناو ماڵی كورد به‌وه رێكده‌خرێت كه تۆ كه‌موكوڕییه‌كانی خۆت بزانیت، هه‌ڵوێستی ئێمه بزانیت، ئێمه رونكردنه‌وه بده‌ین له‌سه‌ر ئه‌و روداوانه‌ی له كوردستان و عێراقدا روده‌ده‌ن… ئێمه نه هێزی چه‌كدار و نه حكومه‌تمان به ده‌سته‌وه‌یه تا ناوماڵی كورد تێكبده‌ین”.
سه‌باره‌ت به سروشتی كێشه‌كانی هه‌رێمیش له‌گه‌ڵ به‌غدا، باس له‌وه ده‌كات، له ئێستا‌و رابوردودا گه‌لی كورد له‌گه‌ڵ به‌غدا ناكۆكی هه‌بوه و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندی كورددا نییه ئه‌و ناكۆكییه به تائیفی بكرێت و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه: “به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له قازانجی كورد نییه له كوردستانی عێراق، له هیچ قۆناغێكدا رێگه بدات ناكۆكی گه‌لی كوردستان و به‌غدا ببێت به ناكۆكی تائیفی و مه‌زهه‌بی”.
KNN: ئه‌م قسه‌كردنانه‌ی تۆ له به‌رنامه‌ی (روبه‌ڕو)دا، زۆركه‌س ده‌ڵێن بارگرژی دروستده‌كات له بارودۆخی سیاسی ئێستای كوردستان و یه‌كڕیزی ناوماڵی كورد په‌رت ده‌كات، سه‌رنجی ئێوه له‌وباره‌یه‌وه چییه؟
نه‌وشیروا مسه‌فا: من پێموایه ئه‌وه قسه‌یه‌كی راست نییه، ناو ماڵی كورد به‌وه رێكده‌خرێت كه تۆ كه‌موكوڕییه‌كانی خۆت بزانیت، هه‌ڵوێستی ئێمه بزانیت، ئێمه رونكردنه‌وه بده‌ین له‌سه‌ر ئه‌و روداوانه‌ی كه له كوردستانی عێراق و عێراقدا روده‌ده‌ن، پێشنیاری باش پێشكه‌ش بكه‌ین ره‌خنه بگرین له‌و كه‌موكوڕیانه‌ی كه هه‌یه. یاخود تێكدانی ماڵی كورد به‌وه ده‌بێت لایه‌نێك به ته‌نیا، یان كه‌سێك به ته‌نیا بڕیاری چاره‌نوسساز بدات. كامیان ناو ماڵی كورد تێكده‌دات؟ ئه‌وه‌ی تێكی ده‌دات كه ئێمه ره‌ئی خۆمان ده‌ڵێین؟ ئێمه نه‌هێزی چه‌كدار و نه‌حكومه‌تمان به ده‌سته‌وه‌یه تا ناوماڵی كورد تێكبده‌ین. ئێمه به‌س قسه‌مان هه‌یه‌و ره‌ئی خۆمان و بیروبۆچونه‌كانی خۆمان ده‌ڵێین. پێشمانوایه ئه‌مه یارمه‌تی ئه‌وه ده‌دات یه‌كڕیزی ناوماڵی كورد به‌رهه‌مبهێندرێت.
KNN: زۆرجار له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئه‌م یه‌كڕیزی و زۆر شتی تریش، شتێك دێته پێشه‌وه كه (ئه‌وله‌ویه‌ت)ه. له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابوردوا سه‌ركردایه‌تی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وله‌ویه‌تی بۆچی بوه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: له دوای روخانی رژێمی به‌عس، له كوردستانی عێراقدا ده‌بو سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی كوردستان زنجیره‌یه‌ك ئه‌وله‌ویه‌تی بۆخۆی دابنایه، به تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی كه شه‌ریكایه‌تی كورد‌و عه‌ره‌ب له ده‌ستوری عێراقیدا جێگیركرا؛ 17%ی بودجه‌ی گشتی عێراق بۆ كوردستان ته‌رخانكرا، داهاتی هه‌رێم زیادیكرد. ده‌بو ئه‌وله‌ویه‌تی سیاسی، ئه‌وله‌ویه‌تی ئابوری، ئه‌وله‌ویه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌وله‌ویه‌تی فه‌رهه‌نگی، ئه‌وله‌ویه‌تی عه‌سكه‌ری ئێمه به بارێكی تردا بگۆڕایه.
ده‌بو ئه‌وله‌ویه‌تی سه‌ركردایه‌تی سیاسی هه‌رێمی كوردستان ببوایه به‌وه‌ی كه چۆن ده‌توانن ده‌ستكه‌وتی ده‌ستوری به ده‌ستبێنن، ده‌ستكه‌وتی سیاسی به ده‌ستبێنن، به تایبه‌تی له بواری گێڕانه‌وه‌ی ناوچه دابڕاوه‌كاندا. له بواری گێڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك و سنجار و خانه‌قین و مه‌خمور و دوزخوماتو بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌مه یه‌كێك بو له هه‌ره گرنگترینی ئه‌و كێشانه‌ی له‌نێوان گه‌لی كوردستان و حكومه‌تی عێراق هه‌بوه به درێژایی مێژو، ده‌بوایه ئه‌وله‌ویه‌تی سیاسی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه بوایه كه ئه‌و ناوچه دابڕاوانه بگه‌ڕایه‌ته‌وه بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. له هه‌رێمی كوردستانیش زیاتر فره‌یی سیاسی، حوكمێكی نمونه‌یی بكرایه ته‌نانه‌ت له‌و ناوچانه‌ش كه ده‌ستی سیاسی هه‌رێمی كوردستانی پێگه‌یشت، به‌تایبه‌تی له كه‌ركوك و خانه‌قین و سنجار، ده‌بوایه ئیداره‌یه‌كی نمونه‌ییی پێشكه‌ش بكرایه بۆ ئه‌وه‌ی غه‌یره كورده‌كانیش لایه‌نگری ئه‌وه بونایه ئه‌و ناوچانه بخرێنه‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. ده‌بوایه له بواری سیاسی‌دا ئه‌م كارانه بكرایه.
له بواری ئابوریشدا، به‌و پاره زۆره‌ی كه 17%ی بودجه‌ی گشتی عێراقه، له‌گه‌ڵ داهاتی هه‌رێمی كوردستان، سه‌ركرایه‌تی هه‌رێم ده‌یتوانی ژێرخانی ئابوری هه‌رێمی كوردستانی پێ پته‌و بكات؛ رێگاوبانه‌كانی پێ باش بكات، به ئه‌ندازه‌ی پێویست قوتابخانه بكه‌نه‌وه، بنكه‌ی ته‌ندروستی دروست بكه‌ن، كێشه‌ی نیشته‌جێبونی هاوڵاتیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، ده‌یانتوانی ژێرخانێكی ئابوری به‌هێز بۆ هه‌رێمی كوردستان بونیاد بنرێت.
له بواری كۆمه‌ڵایه‌تیشدا، ده‌كرا به‌و بڕه پاره زۆره‌ی ته‌رخانكراوه بۆ هه‌رێمی كوردستان، جۆرێك له دادی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌نێوان چینه هه‌ژاره‌كان و چینه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كاندا، له‌نێوان یه‌كه‌م موچه‌و كۆتا موچه‌دا، جۆرێك له عه‌داله‌ت هه‌بوایه بۆ ئه‌وه‌ی جیاوازی چینایه‌تی له نێوان هه‌ژارو ده‌وڵه‌مه‌نددا كه‌م بكرایه‌ته‌وه.
له بواری فه‌رهه‌نگیشدا، ده‌توانرا باشترین مامۆستاكانی جیهان ده‌عوه‌ت بكه‌ن بۆ زانكۆكانی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی زانكۆ و په‌یمانگاكان ئاستی زانستیان زۆر بۆ سه‌ره‌وه بڕوات. له هه‌مان كاتدا بایه‌خێكی تایبه‌ت بدرایه به بواری هونه‌ر و فه‌رهه‌نگی گه‌له‌كه‌مان.
له بواری عه‌سكه‌ریشدا، ده‌كرا پێشمه‌رگه له هێزێكی نانیزامی حیزبیه‌وه بگۆڕن بۆ هێزێكی نیزامی سه‌رده‌میانه‌ی رێكخراو، هێزێكی نیشتمانی كه بیروباوه‌ڕێكی عه‌سكه‌ری نیشتمانی هه‌بێت له روی چه‌ك و ته‌دریب و ژیانه‌وه، بكرانایه به هێزێكی نیشتمانی ئه‌وتۆ كه بیتوانایه به‌شداری بكات له پاراستنی سنوری هه‌رێمی كوردستان له هه‌مو مه‌ترسییه‌ك كه دواڕۆژ بۆ هه‌رێمی كوردستان دروست ببێت، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌شی كردبێت، به ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر كه‌م كردویه‌تی؛ له‌به‌رئه‌وه كردویه‌تی یارمه‌تی بدات پایه‌كانی حكوكڕانی خۆی جێگیربكات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌تاهه‌تایه حوكمی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن. ئه‌وله‌ویه‌تی ئه‌وه بوه چۆن بتوانێت حوكمی هه‌رێمی كورد تا هه‌تاهه‌تایه بگرێته ده‌ست خۆی، هه‌ر ئه‌وه‌ش ئه‌وله‌ویه‌تی یه‌كه‌می بوه.
KNN: خۆشتان و هه‌ڵسوڕاوه‌كانیشتان باس له نه‌بونی دامه‌زراوه‌ی نیشتمانی ده‌كه‌ن، سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش له راگه‌یاندنه‌كانیاندا باس له‌وه ده‌كه‌ن كه كۆمه‌ڵێ دامه‌زراوه‌ی نیشتمانی له هه‌رێم هه‌یه. نه‌بونی ئه‌و دامه‌زراوه نیشتمانیانه چین كه ئه‌وله‌ویه‌تی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد نه‌بوه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: دامه‌زراوه‌ی نیشتمانی به‌و مانایه دێت كه هیچ وه‌زاره‌تێك یان هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی ئه‌م وڵاته پاوان نه‌كرێت بۆ حیزبێكی دیاریكراو، له هه‌رێمی كوردستان یه‌كێك له هه‌ره كه‌موكوڕییه‌كان كه مه‌سئولیه‌تێكی گه‌وره‌ی ده‌كه‌وێته سه‌رشان و ره‌نگه به‌شداری بكات له چاكسازی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌یه كه كوردستانی عێراق غیابی ده‌ستوری هه‌یه.
ئێمه تائێستا ده‌ستورێكمان نییه، ره‌شنوشی ده‌ستور هه‌یه، به‌ڵام پڕیه‌تی له كه‌موكوڕی. ئه‌گه‌ر ئێمه بتوانین ئه‌و فه‌راغه ده‌ستورییه‌ی كه له كوردستانی عێراقدا دروستبوه له ئه‌نجامی نه‌بونی ده‌ستورێكدا كه دایكی هه‌مو قانونه‌كانه، ره‌نگه تا ئه‌ندازه‌یه‌ك یارمه‌تی ئه‌وه بدات كه ئه‌م داموده‌زگایانه بكرێن به نیشتمانی.
ئێمه باسی ئه‌وه ده‌كه‌ین، ئه‌م دامه‌زراوانه نه‌كراون به نیشتمانی، بۆ نمونه تائێستا داموده‌زگای ئاسایش، له سلێمانی سه‌ر به یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه، له هه‌ولێریش سه‌ر به پارتیه. واز له پێشمه‌رگه‌و ئاسایش بێنه، بڕۆ بۆ په‌روه‌رده؛ سه‌یر ده‌كه‌یت وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، داموده‌زگاكانی په‌روه‌رده، له هه‌ولێر و دهۆك بۆ لایه‌نێك پاوان كراوه، له سلێمانیش بۆ لایه‌كی دیكه پاوان كراوه. بڕۆ بۆ هه‌مو وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه هه‌ر به‌م شێوازه‌یه.
له دوای روخانی رژێمی به‌عس له كوردستانی عێراق، له‌و ئه‌وله‌ویه‌تانه‌ی كه باسمكرد، ده‌كرا نه‌ك هه‌ر كۆمه‌ڵێك داموده‌زگای نیشتمانیمان هه‌بوایه، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك بابه‌تیش هه‌بوایه كه به نیشتمانیمان بكردنایه، بۆ نمونه؛ تائێستا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌یتوانیوه زمانێكی حكومی (گه‌ر ستانداریش نه‌بێت) دروستبكات له هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانی و كه‌ركوك له قوتابخانه‌كاندا بخوێندرایه‌و قانونه‌كه به یه‌ك زمان ده‌رچوایه.
ده‌كرا له كوردستانی عێراق له بری ئه‌وه هه‌ر حیزبه راگه‌یاندنی خۆی هه‌یه، راگه‌یاندنێكی نیشتمانی هه‌بوایه، با حیزبه‌كانیش راگه‌یاندنی خۆیان هه‌بوایه، به‌ڵام با له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاندنێكی نیشتمانیمان هه‌بوایه.
ده‌كرا له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان، زانكۆیه‌كی نیشتمانیمان هه‌بوایه نه‌ك زانكۆی ناوچه‌یی؛ ئه‌مه هی فڵان شار و ئه‌مه هی فڵان قه‌زاو فڵان ناحیەیه.
ده‌كرا بازاڕێكی نیشتمانیمان هه‌بێت؛ ئه‌و خاوه‌نكارانه‌ی له دهۆكن له سه‌رانسه‌ری كوردستاندا كاریان بكردایه، ئه‌وانه‌ش له سلێمانین له سه‌رانسه‌ری كوردستان ئیش بكه‌ن، بازاڕێكی هاوبه‌ش، ئابورییه‌كی هاوبه‌ش، بازاڕێكی نیشتمانیمان هه‌بوایه.
ده‌مانتوانی له‌بواری جیاجیا ئه‌م مه‌سه‌له نیشتمانیانه‌مان بهێنایه‌ته پێشه‌وه، به‌ڵام ئه‌و فه‌راغه ده‌ستوریه، دابه‌شبونی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌ر دو ئیداره‌دا، كارێكی وایكردوه له هه‌مو ئه‌و بوارانه‌دا شتی حیزبیمان هه‌یه، تائێستا شتی نیشتمانیمان نیه. كه ئه‌ڵێم شتی نیشتمانی، به مانای نیشمانپه‌روه‌ری نا، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان و هه‌مو بگرێته‌وه.
KNN: تائێستا ناكۆكییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق باس و خواسی گرنگن، خوێندنه‌وه‌ی ئێوه بۆ ئه‌م ناكۆكیانه چیه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ناكۆكی نێوان كورد‌و حكومه‌تی به‌غدا ناكۆكیه‌كی كۆنه، ناكۆكیه‌كه له سه‌ر سنوری جوگرافی كوردستان، له‌سه‌ر به‌شی كورد له سامانی عێراقدا، له‌سه‌ر جۆری به‌شداری كورد له ده‌زگای سیاسی. به‌ڵام ئه‌م ناكۆكیانه هه‌رگیز سروشتێكی تائیفی، یان مه‌زهه‌بی نه‌بوه، به‌ڵكو هه‌میشه سروشتێكی نیشتمانی، سروشتێكی نه‌ته‌وه‌یی هه‌بوه. واته ناكۆكی بوه له نێوان گه‌لی كورد‌و حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراقدا. ناكۆكیه‌كه له‌سه‌ر ئه‌وانه بوه كه من باسمكرد.
ئێستا كه هه‌لومه‌رجی ناوچه‌كه خه‌ریكه ده‌گۆڕێت، خه‌ریكه له‌سه‌ر ئاستی ئیقلیمی، له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌یی له عێراق، ناكۆكی نێوان سوننه‌و شیعه دێته پێشه‌وه، به هیچ جۆرێك له قازانجی كورد نییه له كوردستانی عێراق، كه رێگه بدات له هیچ قۆناغێكدا ناكۆكی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی به‌غدا بچێته قاڵبی ناكۆكی تائیفی یان مه‌زهه‌بییه‌وه.
شوناسی كورد، شوناسی هه‌رێمی كوردستان، شوناسێكی نیشتمانییه، نه‌ته‌وه‌ییه. ده‌توانین بڵێین له كوردستانی عێراقدا سوننه‌ی لێیه، شیعه‌ی لێیه، ئێزدی لێیه، كاكه‌یی لێیه، شه‌به‌كی لێیه، مه‌سیحی لێیه، هه‌ندێك له‌مانه ئه‌سڵه‌ن مسوڵمان نین، ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی بچه‌سپێنین، بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری ناو ریزه‌كانی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین، به هیچ جۆرێك قازانجی كورد له‌وه‌دا نیه به‌رگێكی تائیفی یان مه‌زهه‌بی بكات به به‌ری ئه‌و ناكۆكیه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه‌تی.
KNN: له‌و ململانێیه‌ی له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه هه‌یه، جۆرێك له دابه‌شكاری ده‌بینرێت؛ توركیا بێلایه‌ن نییه، به تایبه‌تی له‌و بارودۆخه‌ی سوریای گرتوه‌ته‌وه، عێراق و ئێرانیش بێلایه‌ن نین. قسه‌یه‌ك هه‌یه كه ئێوه به‌لای ئێران‌دا كه‌وتون و به‌هۆی ئێرانه‌وه ده‌نگتان نه‌داوه بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له مالیكی، وه‌ڵامتان چییه له‌وباره‌یه‌وه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه ئه‌گه‌ر به‌لای ئێران‌دا یان به‌لای توركیادا بكه‌وین، له هیچ حاڵه‌تێكدا نه هێزی چه‌كدارمان هه‌یه شه‌ڕ بۆ ئێران بكه‌ین دژی كورده‌كانی ئێران، نه‌هێزی چه‌كدارمان هه‌یه شه‌ڕ بۆ توركیا بكه‌ین دژ كورده‌كانی توركیا، نه داموده‌زگای موخابه‌راتیشمان هه‌یه جاسوسیان بۆ بكه‌ین، له‌به‌رئه‌وه، ئه‌وه قسه‌یه‌كی راست نییه.
ئێمه پێمانوایه له‌م قۆناغه‌ی ئێستاداو پێشتریش، حكومه‌تی ئێران ستراتیژی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، ده‌وڵه‌تی توركیا ستراتیژی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، عێراقیش وه‌كو ده‌وڵه‌ت ستراتیژی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. هه‌ریه‌كه له‌م سێ ده‌وڵه‌ته ئامانجی نه‌ته‌وه‌یی، یان ئامانجی نیشتمانیان هه‌یه، قازانجی نیشتمانی یان ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت (به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی)ان هه‌یه، ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یشیان هه‌یه ئه‌وه‌ی كه پێی ده‌وترێت (ئه‌منی قه‌ومی). به مانایه‌كی تر، ئامانجی نه‌ته‌وه‌ییان هه‌یه، به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ییان هه‌یه.
له به‌رامبه‌ردا كوردیش ده‌بێت ئه‌مانه هه‌بێت. ئایا كورد چ قازانجێك له‌وه‌دا ده‌كاته ببێته به به‌شێك له ستراتیژی ئێرانی، یان ببێت به به‌شێك له ستراتیژی عێراقی، یان ببێت به به‌شێك له ستراتیژی توركی؟
هه‌مو روداوه‌كانی رابوردو، ئه‌زمونی مێژوی كورد ده‌ریخستوه كه كاتێك كورد خۆی ساغ ده‌كاته‌وه به لایه‌كداو ده‌بێت به به‌شێك له ستراتیژی یه‌كێك له‌م ده‌وڵه‌تانه، عاده‌ته‌ن به دۆڕاوی دێته ده‌ره‌وه. بۆچی ئه‌مجاره كورد، سه‌ركردایه‌تی كورد له هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵنه‌دا ئیراده‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێت، له بڕیاری سیاسی‌دا سه‌ربه‌خۆ بێت، ستراتیژێكی تایبه‌تی خۆی هه‌بێت، به ستراتیژی سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ستراتیژی توركی و عێراقی و ئێرانی‌دا بكات؟
ئێمه پێمانوایه كه سه‌ركردایه‌تی كورد ده‌بێت وا بكات. ئێمه پێمان باش نییه ببین به به‌شێك له ستراتیژی ئێرانی یان ستراتیژی به‌غدا یان ستراتیژی توركی. به‌ڵكو پێمان باشه كه سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ربه‌خۆیی ستراتیژی هه‌رێمی كوردستان بپارێزێت. ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی ئامانجی نه‌ته‌وه‌یی و ئامانجی نیشتمانی كورد، ره‌نگدانه‌وه‌ی قازانجی نه‌ته‌وه‌یی كورد، ره‌نگدانه‌وه‌ی ئاسایشی نیشتمانی كورده.
KNN: له‌م ستراتیژه‌ی كه باست كرد، باس له‌وه ده‌كرێت كه ئامانجی مه‌ترسیدار هه‌یه، قه‌یرانه‌كه له ئێستادا به رای ئێوه به‌ره‌و كوێی ده‌ڕوات؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی جێگه‌ی په‌ژاره‌یه، جێگه‌ی نیگه‌رانییه، له ئێستادا بارگرژییه‌كی سیاسی هه‌یه له نێوان سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئێران‌دا، بارگرژیه‌كی سیاسی هه‌یه له نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا، بارگرژی سیاسی هه‌یه له‌گه‌ڵ به‌شێك له كورده‌كانی توركیا، له‌گه‌ڵ به‌شێك له كورده‌كانی سوریا. ئه‌م بارگرژیه ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌كرێت به رێگه‌یه‌كی گونجاو، مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه كه بگۆڕدرێت بۆ بارگرژیه‌كی چه‌كداری.
ده‌بێت له هه‌مو حاڵه‌تێكدا سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێگه‌ی ئه‌وه نه‌دات كه ئه‌م بارگرژیه سیاسیه بچێته قۆناغی چه‌كدارییه‌وه، چونكه بێجگه له زه‌ره‌رو زیان كه به كوردی ده‌گه‌یه‌نێت، هیچ قازانجێك به كورد ناگه‌یه‌نێت. پێویسته چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌مه بدۆزرێته‌وه.
KNN: له زۆربه‌ی قه‌یران و ته‌نگژه‌كاندا، له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه، ئێوه وه‌كو بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی باس له كۆمه‌ڵێك وانه‌و په‌ند ده‌كه‌ن كه له قه‌یرانه‌كاندا چی رویداوه. له‌م قه‌یرانه‌ی ئێستای كوردستان و حكومه‌تی عێراق، ئه‌و په‌ندو وانانه‌ی كه لای ئێوه باری سه‌رنجن، چین؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌مه پرسیارێكی به‌جێیه، یه‌كه‌مین په‌ند ئه‌وه‌یه كه نابێت سه‌ركردایه‌تی هه‌رێم خۆی به تاقی ته‌نیا بڕیاری چاره‌نوسساز بدات. پێویسته بۆ پرسه چاره‌نوسسازه‌كانی نیشتمان و وڵاته‌كه‌مان، جۆرێك له كۆده‌نگی به ده‌ستبێنێت، ئه‌مه‌ش پێویستی به دامه‌زراوه‌ی نیشتمانی هه‌یه.
له هه‌موشی گرنگتر ئه‌وه‌یه ئێمه كاتێك ره‌فتاری سیاسی له‌گه‌ڵ میله‌ته‌كه‌ی خۆماندا ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت (ئیزدواجیه‌تی مه‌عاییر) به‌كاربێنین. له زمانی كوردیدا گه‌لێك وشه هه‌یه، وه‌كو دوڕویی، دوزمانی، دودڵی، دوسه‌ری، به‌ڵام بۆ ئیزدواجیه‌تی مه‌عایر وشه‌یه‌كی دیاریكراو نییه، به‌ڵام چه‌ند په‌ندێكی جوان هه‌یه؛ مه‌سه‌له‌ن یه‌كێك له‌و په‌ندانه ئه‌وه‌یه ده‌ڵێت “به ربه‌یه‌ك ده‌كڕێ و به ربه‌یه‌ك ده‌فرۆشێت”؛ ئێمه نابێت به ربه‌یه‌ك بكڕیه‌ن و به ربه‌یه‌ك بفرۆشین، له‌به‌رئه‌وه‌ی پێشنیارده‌كه‌م كه (دو پێوانه‌یی) بۆ ئه‌مه دابنێین…
KNN: بانێكه‌و دو هه‌وا بۆ ئه‌مه راست نییه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌ڵێ، به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه‌دا ده‌كرێت له بانێكدا دو هه‌وا هه‌بێت به‌هۆی ته‌كنه‌لۆژیای تازه‌وه (به پێكه‌نینه‌وه)، به‌ڵام ناكرێت دو كێشانه‌ی جیاواز به‌كاربێنین، په‌نده‌كه ده‌ڵێت: به ربه‌یه‌ك ده‌كڕێت، كه ره‌نگه ئه‌و ربه‌یه قورس بێت، به ربه‌یه‌كیش ده‌فرۆشێت كه ره‌نگه سوكتر بێت له‌وانی تر.
مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ناكرێت له‌گه‌ڵ میلـله‌ته‌كه‌ی خۆیدا په‌یڕه‌وه‌ی سه‌ره‌تای دو پێوانه‌یی بكات، بۆ نمونه، سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی كوردستان به به‌غدا ده‌ڵێت نابێت تاكڕه‌وی بكات له بڕیاری سیاسی‌دا، ده‌بێت شه‌ریكایه‌تی كورد له‌وێ ره‌نگبداته‌وه، ئێمه‌ش داوای ئه‌وه ده‌كه‌ین له هه‌رێمی كوردستان نابێت تاكڕه‌وی له بڕیاردانی سیاسی‌دا بكرێت، داوای ئه‌وه ده‌كات هێزه ئه‌منییه‌كان له ململانێی سیاسی‌دا به‌كاربهێنرێن، ئێمه‌ش هه‌مان داوامان هه‌یه له سه‌ركردایه‌تی سیاسی هه‌رێم، ئه‌و، ئه‌و داوایه له به‌غدا ده‌كات و بۆی ره‌وایه، به‌ڵام بۆچی ئه‌و داوایه بۆ ئێمه ره‌وا نییه‌و ده‌ڵێن ئه‌مه یه‌كڕیزی ناوماڵی كورد تێكده‌دات.
مه‌سه‌له‌ن ئه‌وان داوا ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن نابێت دادگاكانی عێراقی و سوڵته‌ی قه‌زایی به سیاسی بكرێت و به مه‌به‌ستی سیاسی به‌كاربهێنرێت، ئه‌مه هه‌مان داوایه كه ئێمه له سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی ده‌یكه‌ین كه ده‌ڵێین: با دادگاكان سه‌ربه‌خۆ بن، سوڵته‌ی قه‌زایی با سه‌ربه‌خۆ بێت، با پرۆفیشناڵ بێت، ته‌سیس نه‌كرێت و بۆ مه‌رامی سیاسی به‌كارنه‌هێنرێت.
ئه‌وان داوا ده‌كه‌ن نابێت ده‌زگا ئه‌منی و عه‌سكه‌رییه‌كان ئیحتیكار بكرێن بۆ یه‌ك لا، ئه‌مه‌ش رێك ئه‌وه‌یه كه ئێمه داوای ده‌كه‌ین كه نابێت یه‌كێتی و پارتی به ته‌نیا ئیحیتیكاری پێشمه‌رگه‌و ئاسایش و پۆلیس بكه‌ن.
مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه؛ ئه‌و داوایانه‌ی كه سه‌ركردایه‌تی هه‌رێم هه‌یه‌تی له به‌غدا، پێویسته خۆی له هه‌رێمی كوردستان و له پێشدا خۆی جێبه‌جێی بكات، ئه‌وكات داوا له خه‌ڵكی تر بكات كه جێبه‌جێی بكه‌ن. ناكرێت له‌مه‌دا دو پێوانه‌یی، یان دو ئیزدواجیه‌تی مه‌عایر به‌كاربهێنرێت.
KNN: تۆ پێتوانییه ئه‌مانه هه‌موی له غیابی ده‌ستورێكدا روده‌ده‌ن كه هه‌مو لایه‌نه‌كان كۆبكاته‌وه، پێتوایه بونی ده‌ستور خزمه‌ت به‌م بۆچونانه‌ی ئێوه ده‌كات؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه پێمانوایه كه چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وپێش ده‌كرا هه‌رێمی كوردستان ده‌ستوری هه‌بێت، ده‌كرا له پێش نوسینی ده‌ستوری عێراقیدا، هه‌رێمی كوردستان ده‌ستوری تایبه‌تی خۆی هه‌بێت، دوای ئه‌وه‌ش ده‌كرا ده‌ستورێكی باشی هه‌بێت.
حاڵی حازر، ره‌شنوسی ده‌ستور هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و ره‌شنوسه كۆمه‌ڵێك كه‌موكوڕی بنه‌ڕه‌تی تێدایه كه په‌یوه‌ندی به سیتسته‌می سیاسی وڵاته‌وه هه‌یه. به‌شێك له‌وه‌ی كه من باسمكرد، به‌شێك له‌و كه‌موكوڕیانه‌ی كه ئێستا له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه، فه‌راغی ده‌ستوریه، كه پێویسته ئه‌و فه‌راغه پڕ بكرێته‌وه، تا ئه‌و فه‌راغه‌ش پڕ نه‌كرێته‌وه، هه‌ر ده‌زگایه‌كی تر دروست بكه‌ن، وه‌ك ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێم و ده‌سته‌ی باڵای گفتوگۆكان، كاری خۆیان ناكه‌ن، چونكه له ئێستادا جۆرێك له تێكه‌ڵاوی هه‌یه له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتی ته‌شریعی و قه‌زایی و ته‌نفیزی؛ له سه‌روی هه‌مویانه‌وه به‌شێك له ده‌سه‌ڵاتی ته‌نفیزی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانی تردا زاڵ بوه به‌تایبه‌تی كه ده‌سه‌ڵاتی حیزبی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته به‌ڕێوه‌ده‌بات.
ئه‌گه‌ر ئێمه ده‌ستورێكی باشمان هه‌بێت، به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر له هه‌رێمی كوردستاندا سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی بكرێت به سیسته‌می په‌رله‌مانی، پێموایه به‌شێك له‌و كه‌موكوڕیان چاره‌سه‌ر ده‌كات، ئه‌و فه‌راغانه پڕ ده‌بێته‌وه، ئه‌و چاكسازییه كه له سیسته‌می سیاسی‌دا ده‌كرێت، ده‌بێت به سه‌ره‌تایه‌ك بۆ گه‌لێك چاكسازی تر له هه‌رێمی كوردستاندا.