جەعفەر حامیدی
تێکۆشەری سیاسی کاک بەرھەم ساڵح، ماوەیەکە ھاوپەیمانەتێکی نوێی دامەزراندووە. ھاوپەیمانی حەوتووی رابردوو کۆنگرەی بە فەرمی دامەزراندنی خۆیان پێکھێنا! ئەم کۆنگرەیەش ھەر بەو جۆرە پێشتریش بووەتە نەریت وابگوترێ؛ وەک کۆنگرەی ھەموو حزبەکانی مێژووی خەباتی سیاسی کوردستان سەرکەوتوو بوو ھەموو ئامانجەکانی خۆی پێکا!
بەندە ناچمە سەر چەند و چۆنی سەرکەوتنی کۆنگرەکە و ھەڵسەنگاندی پەیامیان، تەنیا ئەوەی وەک تاکێکی دڵسۆزی کورد و وەک دێموکراتێکی خاوەن رابردوو بۆ خۆمی بە ئەرک دەزانم سەرەڕای پیرۆزبایی لە پێکھاتنی ھاوپەیمانی، ھێنانە گۆڕی بۆچوونمە لە چوار خاڵی خوارەوەدا:
دوورکەوتنەوەی دوکتۆر بەرھەم و ھاودیدەکانی م لە یەکێتی نیشتیمانی پێ درووست و ژیرانە نەبوو! کاتی خۆشی دژی جیابوونەوەی رەوانشاد کاک نەوشیروان مستەفا و ھەواڵانی بووم لە یەکێتی!
ھەرچی سەروبن و دەرزی ئاژنی، پەیامی کاک بەرھەم بۆ کۆنگرەی دامەزراندن دەکەم، بە قەناعەت ناگەم، کە ئەو رەوتە باوەڕی روونی بە سەربەخۆیی کوردستان ھەیە و ئەگەر باوەڕی پێیەتی بۆ پاراگرافێک لە سەر مافی چارەی خۆنووسین، بەو ھەمووە پاراگرافەوە زیاد نەکراوە، کە وەک شیکردنەوەی بۆ چوونەکانیان ھێناویانەتە گۆڕێ!
راپۆرتی کۆنگرەی دامەزراندن، کە لە لایەن بەڕێز کاک بەرھەمەوە خوێندرایەوە، باسی ھاوپەیمانییەکەی بۆ “ململانێ لەبەرانبەر ئەوانە دا دەکا، کە لە شەستەکانەوە، بە خوێن و ئیدارەکردنی “ناقیس” وڵاتەکەیان، دەبێ مەبەست کوردستان بێ، گەیاندۆتە نەھامەتی ئەمڕۆ” ھەر لە جێدا لە پێش شەستەکانەوە و تا ئێستا وڵاتانی دراوسێ و یەک لەوان ئێران و دەوڵەتە ئیسلامییەکەی لە ٣٨ ساڵی رابردوودا، یەکێک لە کاریگەرترین دەسەڵاتی دژی کوردستان بووە، بەڵام پەیامەکە باسی لێ ناکا! ناوەڕۆکی پەیامەکە ئەوە دەردەخا، کە لە سەدا سەدی خەتا و شکست و نەھامەتی، ھەر ھی ناوماڵی کورد خۆیەتی! تۆ بڵێی ئەوە لە سەدا سەد راست بێ؟
لە کۆتا پاڕاگڕافی راگەیەندراوەکە باس لە رستەیەک لە سروودی خوایە وەتەن ئاواکەی کراوە! ئەگەر ئەم نێو ھێنانە تەنیا بە مەبەستی ئارەزوی سەرکەوتن بۆ وەتەنە، ئەوە دەمخۆش و پیرۆزە. بەڵام ئەگەر مەبەست ئەوەیە، کە ئەو سروودە بکرێتە سروودی فەرمی ھاوپەیمانییەکە، ئەوە حەز دەکەم، کە کاک بەرھەم و ھاوپەیمانی و ھەموو حزبە سیاسییە تێکۆشەرەکان بزانن، کە ئەو سروودە ویردی زمانی سیاسەتمەدار و یەکێک لە رێبەرانی ھەڵکەوتووی گەلەکەمان، رەوانشاد دوکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملو بووە و دوکتۆر قاسملو، پرسی جێگرەوەی سروودی ئەی رەقیب-ی بەسروودی خوایەوەتەن ئاواکەی بە فەرمی لە یەکێک لە پلینۆمەکانی حدکا دا ھێناوەتە گۆڕێ! ئێستا، کە بەڕێزیان شەھید بووە و چەند رۆژ لە راگەیەندراوەکەش تێپەر بووە، کەس لە حزبی دیموکرات ئەم باسەی نەھێناوەتە گۆڕێ، بەندە بەدروستم زانی باسەکە بورووژێنم و جەخت بکەمەوە، کە ئەو سروودە دەکرێ وەک سروودی نەتەوەیی پەسەند بکرێ، بەڵام وەک حزب ھی دیموکراتە! نەک ھی حزبێکی تر!
جەعفەر حامیدی، بەرپرسی پێشووی سکرتاریەتی حدکا ٢٠١٨-٠١-١٤